ئێرە مرۆخۆرستانە | هاودەنگ بێبەش | شێعر | لاونووس

هاودەنگ بێبەش

 

بچووک وەک تۆوی درێژترین درەخت بووم

ڕۆژ نەبوو فرمێسکی نێوچاوانی نەڕژێنێت، نەمڕوێنێت

بەسەر شانیەوە، لە هەرچی خەمە باڵاتربووم

بەسەر پشتیەوە شاسوارێک بووم

ناسۆر تۆزی ترسی تێوەردەهات

بەر لە ژیان، سوراوی لێوی پەنجەکانی

لەسەر ڕوومەتم دەڕوا

ماچترین زللـە

وەڵامخانەی پرسیارە وەڕسکەرەکانم بوو

تەنها یەک وەڵامی نەپشکوتوواند

“خاک نەتێر دەبێت، نە تینووێتی دەشکێت

باوکم بۆ خۆی کردە (بابۆڵە)؟”

هێزخوازی میراتی ئێمە بوو

بە خۆشحاڵیەوە براکانم زەوتیان کرد.

وا شەقام قۆڕەی دێت لە ڕێبوار

خاشاکەکان بە کۆڵانێک پیاسە دەکەن،

پاکە لە مرۆڤ

بەسەر تەلارە کلۆرەکان دووکەڵ سەما دەکات.

باڵندە حاشا لە نیشتنەوە دەکات لێرە

لێرە کەمانچە، برسی نای لاوێنێ

لەسەر سنوورە سوورەکانیش

ئۆرکێسترای خوێنە و

براکانم، چەکژەن.

چەپکە گوللـە پێشکەشی براکانی ئەوبەرم دەکەن

براکانی ئەو بەریشم

شەق لە تۆپی بارووت دەدەن و

لەو بەرەوە گۆڵێکی ئاگرین تۆمار دەکەن

 

براکانم، حەزیان لە ژنی یەکترە

حەزیان لە ماڵی یەکترە

حەزیان لە ئەرز، ئاسمان، ئاو، و ئاوات، ئاین،

هەتا ئایندەی یەکتریشە

حەزیان لە یەکتر نییە

 

برایەکی ترم ئاشتیخوازە

ئەو کاتەی براکانی ترم دەچنە خوازبێنی شەڕ

ئەو شیرینی چەکیان بۆ دابین دەکات

تانکیان بۆ دەکاتە ئۆتۆمبێلی بوک و زاوا

مەیدان دابین دەکات بۆ ئاهەنگی خوێناوخواردنەوە

لەوسەرەوە کە براکانیشم لە مانگی هەنگوینی

بە یەک دەست یان بە یەک قاچ یاخود

بە چوار قاچی کەسانی ترەوە و

بەسەر تەختەخەوە هەتاییەکەیانەوە دەهێنرێنەوە

برا ئاشتیخوازەکەم

بە دۆلارێک فرمێسکی دەسڕێت و دەڵێت:

“لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەو هاوسەرگیریە نەبووم”

 

براکانم بێخەون، خەونیانە:

خاک زۆر بێت مرۆڤ کەم

ئارامی زۆر بێت ئارام کەم

کەم دەرامەت زۆر بێت زۆردار کەم

 

براکانم هونەر دۆستن

دڵخوازترین تابلۆیان

شەونمی سووری بە ڕاندا تکاوە

تاسەمەندی زرمە و (زیلە) و زایەڵەن

سەد (مۆزارت) دەکەنە قوربانیی

فیکەی فڕۆکە جیقنەکەرەکانیان

 

براکانم هێند شەیدای شارستانین

دەیانەوێت میدالیای مرۆڤین

بە بەرۆکی هەموو ستوونەکانی شار هەڵواسن

نزا دەکەن شەڕ دابکات،

لە لێزمەی گوللـە باراندا

ئەوان بەژێر چەترەکانیانەوە خەریکی نۆشین بن

 

براکانم

دیلی ئازایەتین

شەڕپەرستن

دەمەوێت براکانم 

برابن

        یان

          برایان نەبم


 


 

فەرهەنگۆک:

بابۆڵە: پارووە نانی پێچراوەی درێژی ئەستوور(ف.خاڵ)

زیلە: دەنگێکە لە زیکە گەورەترە(ف.خاڵ)

مۆزارت: Wolfgang Amadeus Mozart میوزیکژەنی بەناوبانگ نەمسایی

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا