کورتە سەرنجێک لە بارەی کتێبەشیعری”پارانۆیا”ی “حەمەی کەریمی”

سوهەیب فاڕووق

.

زمان بهێڵێت، سەر سەلامەتە. (پەند)

ئەم پەنده کار لەسەر هێزی زمان دەکات، لە ئاستی ئاسۆییەکەیدا زمان وەک بوونە فیسیۆلۆجییەکە نوێنراوە، وەلێ لە پەند و ئیدیۆمدا، واتای فەرهەنگی مەبەست نییە، واتا هۆشەکی و بارکراوەکان مەبەستن، کە وابوو لێرەدا زمان لە پەندەکەدا واتا فیزیکییەکەی نییە، دەرهاویشتە زمانە فیزیکییەکەیە، واتە “گوتن”ەکە مەبەستە، ئەوەی دەبینرێت لێرە بۆ ئاستە کۆمەڵایەتییەکە و هەندێک جار ئاستی سیاسییش جێی خۆیەتی، چوون هەمیشە لە بەر زۆر دۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی.. تاد دەکەوین، ئاخێوەر هەمیشە سنوورێک بۆ زمانی دادەنێت، تا سەری، سەلامەت بێت، “سەر” لە پەندەکەدا واتا هۆشەکییەکەی کۆی “جەستە” یە، جەستەی ئاخێوەرەکە، دواجار خودی ئاخێوەرەکە.

ئەوەی جێی مەترسییە، ئەم سەرسەلامەتییە، ئەم ستۆپی زمانە، بپەڕێتەوە بۆ ناو دنیایەکی وەک شیعر، زمان لە شیعردا هیچ نەبێت جگە لە گێڕانەوەی سەتحیی دۆخێک، هیچ نەبێت جگە لە دووپاتەیی و چەند پاتەیی، زمان بێجووڵە و بێوەی بێت، زمان نە کاری تێدا کرابێت و نە کاری لەگەڵدا کرابێت، دەڵێی ئەم پەندە بۆ زۆرێک لە شیعری ئەمڕۆ گوتراوە، بەر دنیایەک لە شیعر دەکەوین، کە بە ناو شیعرن چوون زمان وەستاوە تیایاندا وەک ئەوەی ناسەلامەتییەک بۆ “سەر”ی شاعیر درووست بکات.

ئەم پەنده بۆ شاعیران دەبێت ئاوەژوو بکرێتەوە، زمانی شیعری دەبێ پڕ بێت خۆوتن، ناکرێت زمان وا ئیفلیج بێت لە شیعردا، ئەگەر سەلامەتی لە پەندەکەدا، وەک نموونەی باشیی ئاخێوەرەکە وەر بگرین، باشیی شاعیرێک ئەوەیە باش بنووسێت، باشنووسینی شیعریش، هەمیشە پێویستی بە  زمانێکە لە دەرەوەی ستۆپ، پێویستی بە زمانێکە خۆگۆ بێت، خۆی خۆی بڵێت، لەمپەر و فلتەری بۆ دانەنرابێت، لە خۆگوتندا گوتنی شیعری درووست دەبێت،  ئیدی هەست بە چەشە و جیاوازی دەکەین لە شیعردا، بڕێک شیعری ئێستا لە دەرەوەی هێزی زمان نووسراون، زمان تیایاندا لە گیانەڵادایە، وەلێ “پارانۆیا” لەو جۆرە تێکستانەیە، کە زمان خۆگۆیانە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، شاعیر له زۆرترین جێدا وازی لە زمان هێناوە، زمان خۆی خۆی دەبێژێت.

من گیرۆدەم به زۆر شت

مۆدەکانم، مۆبایلەکەم، حەبەکان و عادەتی ڕۆژانەم

کافەکان و پێڵاوی قاوەیی

سفتیی کەمەر و کەمەرگام

ئەی کە دەستت بە هەموو شوێنیەتیم ئەگا

بە مردنیشم

ئەی کە باڵانسێکی لەنێوان خۆت و منی تردا

زەحمەت نەبێ پەرانتزێکم بۆ باز کە

                               (                                )

” حەمەی کەریمی” مەودای نێوان، جیهانە واقیعییە هەستپێکراوەکە و جیهانییە زمانییەکەی زۆر دوور خستووەتەوە، جۆرێک لە دیموکراسیی تایبەتی بەخشیوەتە وشە، گرێ، ڕستەکان، هەمیشه بەر مامەڵەی نوێ دەکەویت لەتەک زماندا و بەر درکی جیاواز دەکەویت، ئەو زمانی کۆت نەکردووە، فلتەری بۆ دانەناوە، سفتوسۆڵ بێت، نەیداوەتە بەر بێژنگی شیعری و ناشیعری، وشە لێرەدا وشەیە دراوسێی هەیه و جێنشینیش، وشەکان جۆرێ ڕەهاکراون، وەک بڵێی شوێنی خۆیان دۆزیبێتەوە، جا ترسی نەبووە سەری سەلامەت بێت یان نا، گرنگ شیعرە سەلامەت بێت، سەلامەت بوون، شیعربوون، شیعرییەت.

٭سوێند ئەخۆم نە بەم شاره

بەتۆیش کە شەوانی ترافیکیت خەڵوەتی لە خۆت و پیاوبوونت.

٭خودای بێباکی خاوەرمیانە،خودای باکداری ئەودیو خاوەرمیانە، خودای ئەو خەڵکانەی ناتوانن مردنت دانلەود کەن.

٭”خۆم و عوودەعەکەم شەو هەتا بەیان”

لێده بۆ هاوڕێکەت لێی دە، ها، هوو، هوو

توند لێی دە و ڕزگاری کە

لەو دەردانەی تاریخ و جوغرافیا پێیان دا.

ئەمانەو چەندین ڕستەگەلی لەم جۆرە، بەرەڵڵا کراون، لەو تایپە زمانییەی کە جاران هێزی زمانی شیعری نوێ بوون، هەموو خواستنانەی کە بە “بەشتکردن” و “بەکەسکردن” بەش لەبری گشت و گشت لەبری بەش دەکران و “خوازەی بەرەڵڵا” بابەت بوو تیایاندا، لە پارانۆیادا تا شیعر سەلامەت بێت، شیعر نەبێتە وڕێنە، دەست بە ڕووی زمانەوە نەنراوە، شاعیر پێچەوانەی پەندەکە هاتووەتە مەیدان، گەر سەرنجی هەندێک پاری جیاواز  لە پارانۆیا بدەین:

٭بە چۆن بارا ئەمنووسی بمنووسە

پاژێ لە پاژێکم

لە خەونێکما چاڵ ئەبم/ کاڵ ئەبم

٭ئەی پیاو ! تا پەراسووی چەپت خووساوی لە حەتتایەک موعەلەق

به سوورەتی هەشتاوهەشتی درۆ موقەددەسەکانت.

٭لەکوێی ئەم کاولییەدا بەدواتا بگەڕێم هاوڕێ!

لەوەتەی هەی

خەتەر ئەکەی، خەتەر

ئەی ناوی ناسەقام لەسەر نوقتەی زەمانا

ئەو دیموکراسییەتەی شاعیر لە نشینگە شیعری”پارانۆیا”دا بەرجەستەی دەکات، وا دەکات زۆرێک لە “ئەرەنیشتە” تاکەکانی ناو نشینگەکە خۆیان بن، هەموو خۆیەکان  بە کاری خۆیان هەڵدەستن، بێ ئەوەی گرنگ بێت، بەلایانەوە خۆیەکانی تری ناو نشینگە شیعرییەکە، چۆن و چ دەکەن، دواتر کۆی خۆیەکانی نێو ئەم نشینگە، کۆی وێنەی نشینگەشیعرییەکە وەک دەفتەرەشیعر  پێک دێنن، ئەم خۆگوتنە لە دەفتەرە شیعرییەکەدا دەبینرێت و لەنێو تێکستەکانیشدا، وەک پارێک لە پارەکانی پارانۆیادا، دەبینرێت.

گەر پارانۆیا و هەر کتێبەشیعرێکی تری هاوفۆڕمیش، بەدەر لە خوێندنەوەی ئازادیی زمان و خۆگۆیی و دیمۆکراسییەتی زمان بخوێنینەوە، بەر هەڵەی زەق دەکەوین، چونکە ڕاستەوخۆ دژ دەوەستینەوە، لەگەڵ ئەو فۆڕمەی کە لە تێکستەکاندا هەیە، چوون مامەڵەکردن لەتەک ئەم تایپەشیعرییەدا، مامەڵەی فۆڕمە بەر لە هەرشتێک، ئەم فۆڕمەش ئەو جۆره له ئازادیی زمان درووستی کردووە، کە لە تێکستەکاندا نوێنراون، جگە  لەوەش بەرهەمی ئەو جۆره لە بیرکردنەوەی شیعرییە، کە کار لەتەک زماندا ئەکات و لە ئێستادا بەرەی چوار، هەرکەسەو بەپێی هۆشمەندیی شاعیرانەی خۆی، لەتەک ئەو ستایله لەکاردان، ئێستا پارانۆیا زمانی شیعری تیایدا بە جۆرێکە کە زمانی لە پیری و گیانەڵا ڕزگار کردووە، له ڕێگەی پێدانی زمان بە کەسەکان” پێرسۆنایەتی” و هێنانەپێشی چەند دەنگ و وێنەی جیا لە شیعر و گۆرانی و ئایەت … تاد، کە لە زمانی شیعری کلاسیکدا، بەپێی پەیڕەو و تایبەتمەندیی و ئەتەکێتی تایبەت دادەنران، بەر تەکنیکگەلی وەک”تیلنیشان” و ” تێهەڵکێش” و ” مولەمەع” و … تاد دەکەوتین، وەلێ لە فۆڕمی نوێدا، بە هەمان ئەتەکێت و تایبەتمەندییەوە دانانرێن، بەر هێزێکی هەڵوەشانەوەگەرا دەکەون، شاعیر وەک کایەیەک لە تەک زماندا، بەو سەبکەی دەقەنوێیەکە”پانتایی زمانە شیعرییەکە” داوای دەکات دەقێک”بەشێک لە دەقێک”هەڵدەوەشێنێتەوە و سەرلەنوێ دەیڕێسێتەوە بە زمانی خۆی، ئیدی فۆڕمێکی هونەری چێ دەبێت، کە تەونێکی چنراوی نوێی نەبینراوە، بەردەنگ بەر لەوەی بۆ واتاکەی بگەڕێت، تابلۆ زمانییەکە سەرنجی ڕا دەکێشێت، جاجمێک، بەرماڵێکە بەردەنگ چێژ له نوێژی چێژێک دەبینێت، لەسەری دایبەستێت، بۆ وێنە:

*غارەت بووم بە ئایەتەکانی ڕەجم و زیلزالەکانی رب العالمین

فوو ئەکەم بە تاریکیی مەحزا

بکێشم دەرد، بکێشی عەرد لە تاو حەرامزادەکانی ئادەم

من بە بادە سەری خۆم بە با نادەم

کۆپلەکە پڕە لە تەکنیکگەلی کلاسیکی وەک”ڕەگەزدۆزی، تیلنیشان، تێهەڵکێش” وەلێ چوون بنەمای دەقەکە سەربەستە، بەر هیچ جۆرە یەکیەتییەکی سەروا و کێش و بەیت و دێڕ نەکراوە، دەتوانین تەکنیکەکان وەک چەند دەنگی و پاروودی و … تاد وێنا بکەین، کە بەبێ تێگەشتن لەم تەکنیکگەلە نوێیە مەحاڵە لەم تایپە شیعرییە بگەین، گەر سەرنج بدەینە فرێزەکانی وەک:

(ئایەتەکانی  ڕەجم، زیلزالەکانی رب العالمین، حەرامزادەکانی ئادەم) ئەم جۆرە لە چنین کە هەر فرێزەو بۆ خۆی شتێکە و دواتر کۆی فرێزەکان شتێکمان دەدەنێ، ئەمە جگە لەو ترپە و ئیقاعەی کە لە کۆپلەکەدا وشەگەلی( بکێشم، بکێشی/ دەرد، عەرد/ ئادم، نادەم/ بە، با/ بەبادە، بە با) ئەگەر واتایەکی داخراوی وەک [یەک کۆ یەک یەکسانە بە دوومان نەدەنێ] کە ئەمە بابەتی زمانی شیعری نوێ نییە، پڕمان دەکەن لە جۆرێک لە وەستان و ڕاماندەگرن، وەک بڵێی بەر نەبیراوێک دەکەوین، ئەمە جگە لەوەی ئەم تەکنیکگەلە خودی خۆیان جۆرێک ڕێ بۆ بەردەنگ دەهێڵنەوە بەشداری لە پانتایی و قەوارەی تێکستەکەدا بکات، ئەویش گەر زیاتر لە دانەر”شاعیر” نەبێت وەک ئەو دەستی هەبێت، لە قەوارەی شیعرەکەدا.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا