وتووێژ لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕ؛ فەرهاد چۆمانی | چاوپێکەوتن
ئامادەکار: بەسێ بەشیر
لەم وتووێژەدا هەوڵمانداوە لەبارەی “بایەخ و زمان”ی ئەدەبیاتی گێڕانەوە بدوێن. هاوکات وروژاندنی کۆمەڵێک پرس لەبارەی ڕۆمانی تەونی بریا، بەتایبەت تیشکمان خستۆتە سەر تێما، ناونیشان، کارەکتەرسازی، دەستپێک و کۆتایی ڕۆمانەکە.
بەسێ بەشیر:
پێتوایە ئەم درکپێکردنە چی بوو، وای کرد جگە لە شیعر مرۆڤ پێویستی بەوە بێت بابەت و کێشەکانی لە ئەدەبیاتی گێڕانەوە (وەک: ڕۆمان و چیرۆک) دەرببڕێت/ بنووسێت؟
فەرهاد چۆمانی:
دیارە بەر لە شیعر و بە گەڕانەوە بۆ سەرەتای هەبوونی مرۆڤ لەسەر زەوی و لەنێو ئەم گەردوونەدا بەردەوام لە هەموو سەردەمێکدا مرۆڤ پێویستی بەوە هەبووە هۆکارێک هەبێت بۆ دەربڕینی هەست و خواستەکانی خۆی، ئەگەر لە ڕووی فیزیکی و بایۆلۆژییەوە دەرفەتی ئەوەی پێ درابێت “بووێکی ئاخێوەر” و خاوەن توانایی زمانێک یاخود هەزاران زمانی گەشەسەندوو بێت بۆ خۆ دەربڕین، لە پاڵیشیدا پارا-زمان هەبووە بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی دەرببڕێت. دیارە هەر سەردەمێک خاوەن فۆرمی جیاواز جیاوازی پێدراوی تایبەت بە خۆی بووە. لە مرۆڤە بەراییەکاندا هێماکاری و زمانی ئاماژە و پارا-زمان تێری ئەوەی کردووە مرۆڤ لە چوارچێوەی ژیانە ساکارەکەیدا خۆی دەرببڕێت. بە گۆڕانی سەردەمەکان ئەو هێمایانە بوونەتە نیشانەی دەنگسازی، ئەو دەنگانە جێگیربوون و بوونە وشە، وشەکان بە پاڵ یەکەوە مانایەکیان دەدا. لەگەڵ گۆڕانی سەردەم خودی وشە و ڕستەکان مانای تریان لێ هەڵێنجرا و لەنێو ڕەمز و ئاماژەدا وەرپێچران، شیعر تا ئێستاش بە جۆرێک ئەو فۆرمەی خۆی پاراستووە، دیارە وەک گوتم هەر سەردەمێک پێدراوی خۆی هەبووە و لەگەڵیشدا هەمیشە مرۆڤ ڕۆحێکی دانەسەکناو و بزۆزی هەبووە بە کڵێشەیەکەوە نەگیرسێتەوە.
خودی ئەدەبیاتی گێڕانەوە ئەگەر ڕیشەیەکی قووڵیشی لەنێو ئەفسانە و داستان و میتۆلۆژیاکانیشدا هەبێت، لە سێرڤانستەوە هەمان ئەو تێڕوانینەی منی بەسەردا دەسەپێ کە سێرڤانست دێت و شەقێک لە میراتی نۆڤێلا و داستان و پاڵەوانبازیی پێش خۆی هەڵدەدات و فۆرمێکی تر دەداتە پێویستی مرۆڤ بۆ خۆ دەربڕین کە ڕۆمانە. ڕۆمان پانتایی گوزارشتکردنی مرۆڤ لە خۆی و خەون و ویست و یۆتۆپیاکانیشی فراوانتر کرد. سەردەمی سەرهەڵدانی ئەدەبیاتی گێڕانەوە ئاماژەی ئاڵۆزبوونی ژیار و شارستانیەتی مرۆڤیشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو. مرۆڤ پێویستی بەوە هەبوو بۆتەیەکی تر بدۆزێتەوە فروانتر لە شیعر و تاڕاددەیەکی زۆر بە زمانێکی ڕاستەوخۆتر و هەمەلایەنتر و لەبارتر، زمانێک کە هیچ پێوەر و کڵێشە و یاسایەکی دەربڕین ئەوەندە خۆی بەسەر دەربڕینی مەبەستدا زاڵ نەکات بئافرێنێت. ئەگەرچی لەگەڵ کەڵەکەبوونی خەرمانی نووسینی ئەدەبی داستانی (وەک خۆت دەڵێی ئەدەبیاتی گێڕانەوە) کۆمەڵێک پێودانگ دروست دەبن و تاڕاددەیەک کڵێشەسازییەک وادەکات ئەدەبیاتی داستانی بخرێنە چەند پۆلبەندییەکەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەدەبیاتی داستانی هەمەگیرتر توانیویەتی ناخی مرۆڤ و تەواوی ئەو ئەتمۆسفێرەی تێیدا دەژیت بەرجەستە بکاتەوە.
دیارە ئەم ڕەوتە، لەم ژیانە ئاڵۆزەی ئێستا تێیدا دەژین هەروا نامێنێتەوە و ئەم گۆڕانکارییە بەپێی پێدراوی سەردەمەکانی داهاتوو دیسان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
بەسێ بەشیر:
کاتێک دەڵێین: زمانی ئەدەبی گێڕانەوە جیاوازە، مەبەستمان لەو زمانە چییە؟ زمانێکی هونەری، چڕی زمان، کۆد و هێما، فرە پێکهاتە و شێوەزارەکان… یاخود چی؟ هاوکات بۆچی دەبێت جیاواز بێت؟
فەرهاد چۆمانی:
هەر دەقێک زمانی خۆی لەگەڵ خۆیدا دادەهێنێت. ئەگەر بە گشتی بیسەپێنین و بڵێین “زمانی ئەدەبی گێڕانەوە” تاڕاددەیەکی زۆر زەبر بەر “جیاوازیی”یە دەکەوێت کە پێویستە لەنێو زمانی ئەدەبی گێڕانەوەدا هەبێت. بەڵام کاتێک ئەو زمانی گێڕانەوەیە، جا بە هەر بارێکدا جیاواز بێت لە زمانی دەقەکانی تر، دەبێ لەوێدا تایبەتمەندی خۆی وەربگرێت کە لە زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانە و سنووربەندییەی بەکارهێنانی ڕۆژانە جودا بێت. ڕەگوڕیشەی درککردن بەمەش لای نووسەر ئەو کاتەیە کە دەزانێت نووسینی ئەدەبی لەبەرگرتنەوەی ژیانی ڕۆژانە نییە تا مەحکووم بین بەوەی دەبێ بە زمانی خەڵكی ئاسایی بێت. نووسەر کاتێک بەهای ئەدەب دەزانێت کە دڵنیایە خەریکە دنیایەک دەئافرێنێت، نەک لاسایی ئەو دنیایە دەکاتەوە تێیدا دەژیت. ئێمە بۆ ئەوە ئەدەب ناخوێنینەوە بە ڕێگەی شێوازی سادەی ئاخاوتن و تایبەتمەندییە ئاکاری و ڕەفتارییەکانی یەکتریمان نیشان بداتەوە. بۆ ئەوەیە ئەگەر باسی ئێمەش بێت جەوهەری ئێمە دەربخات، لە ئێمەدا کاراکتەرێک بسازێنێت شایان بەوە بێت سەرنجمان ببات. زمانی ئەدەبی گێڕانەوە شیعریەتە. فەرهەنگێکی باڵایە. چڕە، هێماییە، دەربڕینی و وەسف و گوزارشتی باڵایە کە لەبەردەم ئەو وێنانەی بەو زمانە دەسازێن ئێستێکمان پێ دەکات و دووچاری تێڕامانمان دەکات. لای ئێمە زۆر جار ستایشی زمانی سادە دەکرێت. ئەمە هێندەی خەوشە هێندە لایەنی باشی دەق نییە. زمان لەنێو ئەدەبدا ئەرکی لەوە زیاترە هەر تەنیا دەربڕین بێت. خودی زمان لەنێو دەقێکی ئەدەبیدا کاراکتەرێکە وجوودی خۆی نمایش دەکات. ناکرێ یاخیبوون لە زمانی تایبەت و چڕ و شیعری و باڵای ئەدەبی بە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانێکی هەژارانە و بازاڕی پێمان وابێ داهێنانمان کردووە. ئەگەر بەهانەی ئەمە جەبری سەردەمیش بێت، ئەم سەردەمەی تێیدا دەژین، ئەوا من دژی دەوەستمەوە. با نووسەر باکی بەوە نەبێت زۆربە، “لە هەموو چین و توێژەکان!” لە دەقەکەی ناگەن. نووسەر مارکێتێک نییە کە دەبێ وەڵامگۆی خواستەکانی هەموو موشتەرییەکانی بێت. ئەمە کەی؟ کاتێک ئەم لێ تێنەگەیشتنە لە ئەنجامی نەزانینی زمان نەبێت. بەهۆی ئەوە نەبێت نووسەر خۆیشی لەوە تێنەگات دەیەوێ چی بڵێت. بەڵکو ئەگەر ئەمە بەهۆی ئەوە بێت نووسەر فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی زمانی هەیە و بە ڕێگەی خوازە و وێنەسازی و ڕەوانبێژی و ڕوونبێژییەوە یارییەکی ژیرانە بە وشە و بگرە لێکەوتەی جیاوازی ماناییشی دەکات. بۆچی دەبێت جیاواز بێت؟ زۆر بە کورتی بۆ ئەوەی ئەو سەردەمەی تێیدا دەژین لاڵ نەبێت. بەبێ ئەدەب و زمانە باڵاکەی مرۆڤ لاڵ دەبێت. هیچ بوارێکی تر و داهێنراوێکی دیکەی مرۆڤ نییە هێندەی ئەدەب توانیبێتی و بتوانێت بەو قووڵییە دەربڕی ناخی مرۆڤ بێت. ئەمەش بەهۆکاری جیاوازی زمانی گێڕانەوەی ئەدەبییە. جیاوازی بەو مانایە زمانی ئەدەبی سروشت کیمیاییەکی پەی پێ بەرانەی هەیە بۆ هەموو کونجێکی ناخی مرۆڤ، سروشتی تێلێپاتی و ئیلتیماسی هەیە بۆ ناخی مرۆڤ، ئەو کەسەی دەقێکی ئەدەبی دەخوێنێتەوە نەک هەر تەنیا ئاستی ئاکار و گوفتاری شتێکی ترە، بگرە باشتر لە هەموومان خۆی دەناسێت و ژینگەکەی دەوروبەری درک دەکات. ئەو کەسەی ئەدەب دەخوێنێتەوە ئەگەر گوزارشتەکە بە جۆرێکی تر بخوازم “دووجار پێ ناخاتە نێو هەمان ئاوەوە” ڕۆحێکی ڕامنەبوو و تێرنەبووی دەبێت. ئەو گەلانەی ئەدەب تێیاندا ڕۆچووەتە نێو هەموو پنتەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان جوانتر گوزارشت لە خۆیان و هەست و خەونەکانیان دەکەن، بگرە ئاستی زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانەشیان سواو و سنووربەند نییە.
بەسێ بەشیر:
ئەو گۆڕانکارییانە چین کە نەوەی دوای دووهەزار لە تێمای ڕۆمانی کوردیدا کردوویانە؟
فەرهاد چۆمانی:
دیارە وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بە توێژینەوەیەکی ئەکادیمی ورد و هەمەلایەنە، ڕەنگە من لێرە لە وەڵامی تاکە پرسیارێکدا نەتوانم مافی تەواوەتی پێ بدەم و هەر وەڵامێکی سنووردار جۆرێک دەبێت لە ناهەقیکردن لەو “گۆڕانکاری”یانەی دەشێ کرابن. بەڵام بە گشتی دەتوانم تیشکۆ بهاوێمە سەر چەند لایەنێکی پەیوەندیدار بە گۆڕانکارییەکان لە ڕۆمانی کوردیدا کرابن، لە سەرووی هەموویانەوە سروشتی ئەدەب وایە هەر نەوەیەک، بە گوێرەی بەرکەوتەی خۆی بە جیهان و ئەدەبی گەلانی تر و ئەزموونی نووسەرانی تر گەڵاڵەیەکی دیکەی ئەدەبی لا دروست دەبێت کە پەیوەست دەبێتەوە بە ئەزموونی خودی و ئەمەش خۆکارانە تایبەتمەندیی سەردەم و ڕوانگەی نووسەرەکە خۆی وەردەگرێت. خاڵێکی تر هێنانەوەی ڕۆمانە بۆ نێو شار، بۆ زێد و وارگەی خۆی. ڕۆمان سروشتێکی پۆلیفۆنی هەیە لە ڕووی کاراکتەرسازی و تایبەتمەندی ئاکار و ڕەفتار و خووی کاراکتەرەکان، تا ڕۆمانی کوردی لە کەشی دێهاتیدا بوو هەموو کاراکتەرەکان لە یەک دەچوون و هەمیشە سنوور دار بووە. تا بە (ڕۆمانی شاری)ی حوسێن عارفیش دەکات ئەوە ڕۆمانەکەشی دێهاتی ڕادەکێشێتە نێو کەشی شار و دیسانەوە ئەو سنووربەندییەی پێ دەداتەوە. ڕۆمانی ئەم نەوەیە دەوڵەمەندە بە پاشخانێک لە وەرگێڕانی ئەدەبی گەلان. ئەزموونی نووسەرانی تر تێڕژاوەتە نێو دنیابینی نووسەری کورد -جا ئەمە ئەگەر زۆر لایەنی خراپیشی هەبن- ئەم نەوەیە ڕۆمان دەنووسێت بۆ ئەوەی بچێتە نێو کێبڕکێی جیاوازیسازییەوە، ئەزموونی تازە، زۆر تازە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەن، کە ڕۆمان لە دوای ڕۆمان بە تەکنیک و تێمەی جیاوازەوە دێتەوە لامان. زمان گۆڕانکارییەکی زۆر باشی تێدا کراوە. خاڵبەندی و ڕستەسازی لە خەوش و هەڵە و پەڵە پاککراونەوە. ئەگەر لە قۆناغەکانی زۆر زووتردا ڕۆماننووس تەنیا ویستبێتی بە ڕێگەی ڕۆمان ئامۆژگارییەک بکات، یاخود بۆ گەلێکی نەخوێندەواری ستەمدیدە بنووسێت و بیەوێت بەو ڕێگەیە لە سنووری توانای خۆیدا هۆشیاریان بکاتەوە، ئەوا ڕۆماننووسی ئێستا دەزانێت بۆ خوێنەرێک دەنووسێت دەشێ زۆر لە خۆی بەئاگاتر، هۆشیارتر و خوێندەوارتر بێت. بۆیە ڕۆمانی کوردی لەم قۆناغەدا جۆرێکە لە پەلهاویشتنێکی بەردەوام و جۆرێک ماجەرای ماجەلانانە بۆ دۆزینەوەی شێواز و تەکنینی نوێ لە نووسینی ڕۆمان و بە ڕۆمانکردن و بە تێمەکردنی هەموو ئەو کونجانەی نێو مێژووی ئێمە و ناخی تاکەکانی ئێمە کە تاوەکوو ئێستا دەستیان بۆ نەبرابوو.
بەسێ بەشیر:
تاکی کورد بەهۆی نەتەوەپەرستی وڵاتانی داگیرکار و ململانێی دەستەڵاتی نێوەخۆ و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، هەمیشە دەروونێکی شپرزە و ناجێگیری هەبووە. بە سەرنجدان بۆ ئەم بابەتەی باسم کرد دەپرسم: چۆن بتوانین ئەم وێنا دەروونییەی تاکی کورد لە ئەرزی واقیع بگوازینەوە بۆ نێو دنیای ئەدەبیاتی گێڕانەوە؟
فەرهاد چۆمانی:
ئەگەر هەر دەقێکی ئەدەبی ئەمە نەکات، نووسەرەکەی بیری چووە سەر بە چ کولتوور و کۆمەڵگە و شێوە ژیانێکە. ئەمە کڕۆکی ئەدەبە، مرۆڤ بۆیە زمانی داهێنا تا لە ڕێگەی ئەدەبەوە گوزارشت لە خۆی بکات. ئەدەبی داستانی ئێمە هەندێکجار زۆر لەم پرسە گرنگە لایداوە و ویستوویەتی پشت بەو تێگەیشتنە ببەستێت کە: بۆ ئەوەی دەقێکی جیهانی بنووسین لە لۆكاڵیەتی خۆمان دەربچین، دەرچوون لە لۆکاڵیەتی خۆمان بازدان نییە بەسەر ئەوەی لێرە دەگوزەرێت. زۆربەی تێکستە نەمرەکانی جیهان ئەوانەن کە گوزارشتێکی ڕاستگۆیانە و قووڵی سایکۆلۆژی و ژیانی کۆمەڵایەتی سەردەم و کەسانی دەوروبەر و کۆمەڵگەکەی خۆی کردووە. هاواری ئێمە بەم ڕێگەیەوە باشتر بە جیهان دەگات نەک بە نووسینەوەی ئەوانی تر هاوار بکەین بڵێین ئێمەش وەک ئەوانی تر دەنووسین. ئەوانی تر پێویستیان بە گێڕانەوەی ئێمە نییە ئەگەر وێنەی خۆمان تێدا نیشان نەدابێت. هەر لە پرسی وەرگێڕانیش وایە، ئێمە بۆیە کتێبی ئەوانی تر وەردەگێڕین تا جیاوازی ببینین، جیاوازییەک ئێمە نین، وێنەی ئەوانە، ئەوانیش پێویستیان بە ئێمەیە وەک خۆمان، دەشێ بە تەکنینی بەرزی ئەوان بنووسین، بەڵام خۆمان بین، بەرامەیەکی کوردانەمان پێویستیە تا شەقڵ و مۆرکی خۆمانی پێوە دیار بێت.
وردتر پەیوەستی بکەمەوە بە پرسیارەکەتان، بە دڵنیاییەوە مێژووی ژیانی کۆمەڵایەتی، سروشتی ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژین، پەروەردەی خێزان و سیستم هەموویان نەخش و وێنەی خۆیان لە کەسایەتی تاکدا هەیە. دەکرێ بە ڕێگەی هەڵسوکەوتی کەسەکان، خوو و ئەتوارەکانیانەوە بزانین لە چ هەلومەرجێکدا ژیاوە و بە چ مێژووێکدا گوزەراوە. ڕۆمان مەیدانی بیرکردنەوەیە، مەیدانی ئاشکراکردنی ئەو خوو و تایبەتمەندیانەی خۆمانە، لابووری کەشفکردنی دیوە شاراوەکانی تاکی ئێمەیە، نە دەتوانم بڵێم توانیومانە ئەمە بکەین، نە بشڵێم نەمانکردووە. ڕەنگە هەندێک هەوڵی تایبەت هەبن کاراکتەر هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی “کوردبوون”ی تێدا بارکراون.
بەڵام زۆر گرنگە ڕۆماننووس بتوانێت ئەم کارە بکات. دیارە ئەمە دەڵێم دیوێکی زەین و هۆشیاریشم لای ئەوەیە کە ناکرێ لەپێناو ئەوەی کاراکتەرەکەت کورد بێت و بارکراوبێت بە هەموو ئەو هەلومەرجە مێژوویی و بارە دەروونییە ئیدی سەرلەبەری پەیکەربەندی ڕۆمان و دەقەکەت بخەیتە خزمەتی ئەمە. چونکە کاتێک بڕی ئەمە زیاد لە پێویست دەبێت کارەکە خراپ دەبێت و چیتر ئەوە نابێت کە نووسەر دەیەوێت. سەختی نووسینی ڕۆمان لەوەدایە ناتوانیت بە تەنیا گرنگی بە لایەنێکی بدەیت لە پێناو زەقکردنەوەی ئەو دیوەی. ڕۆماننووس کۆمەڵێك پەتی بەدەستەوەن، دەبێ هاوکات هاوسەنگی لەنێوان هەموویاندا ڕابگرێت. زمانە، کاراکتەرسازییە، فەزاسازییە، تێمەیە، تەکنیکە، شیعریەتە، پەیامە، یارییەکانی نێو زمان و چەندین و چەندین وردەکاری دیکە. ناکرێ تەنیا بۆ ئەوەی ئەو تایبەتمەندییانەی تاکی کورد لەنێو ڕۆمانێکدا ڕەنگ بدەنەوە، بە زۆر تێی بخزێنینە نێو دەق، ئەگەر ئەمەش بکرێت بێگومان دەبێ خزمەت بە ڕەوتی گێڕانەوە بکات. نەک وەک شتێکی لەوێ دانراو و زەق و ناهەموار دەربکەوێت.
بەسێ بەشیر:
بە گەڕانەوە بۆ پرسیاری پێشوو دەپرسم: ئەگەر سەیری کارەکتەری “کەمال”ی نێو ڕۆمانی تەونی بریا بکەین، درک بەوە دەکەین بەردەوام گۆڕانکاری بەسەر بارودۆخی ژیانیدا دێت. دەمەوێت لەبارەی چۆنیەتی تەکنیکی ئافراندنی گۆڕانی بارودۆخی ژیان و دەروونی ئەم کارەکتەرە بۆم بدوێیت، کەوا چۆناهی بەم شێوەیە گۆڕانکاری ڕیشەی بەشێوەی زنجیرە یەک بەدوای یەک بەسەر ڕەفتار و باوەڕیدا دێت؟
فەرهاد چۆمانی:
کەمال کۆکراوەی خڵتە و گەردی ئاکاری تاکی کوردە، بەهەر هۆکارێک بووە؛ ڕەگ و ڕیشە، ئەو مێژووی تێیدا ژیانی گوزەراوە، جەنگەکان، نەهامەتی و بارەبار، ناسەقامگیری، نەبوونی پەروەردەیەکی دروست چ لەسەر ئاستی خوێندن بێت یان پەروەردەی نەتەوایەتی و تەواوی هۆکارەکانی تر کە بیری هەر کەسێک دابێت و بیخاتە سەر وایان کردووە کەسایەتی کەمال کەسایەتییەکی ناجێگیر و لەشکانهاتوو بێت. هەر بایەک هەڵبکات بەو ئاڕاستەیەدا لار بێتەوە و خودی خۆی هیچ ڕۆڵێکی نەبێت، ئەگەر ڕۆڵێکی بچووکیشی هەبێت بەرەنجامی بیرکردنەوەیەکی هەستەکی و سۆزدارانە بێت. کەمال بە پێچەوانەی ناوەکەی نەگەیشتووەتە کەماڵی جێگیربوونی کەسایەتی، نە دەتوانێت لەسەر بڕواکانی خۆی وەک کەسێک کە رۆحێکی یاخیگەرانە لەخۆی نیشان دەدات، بەردەوام بێت. نە لە پەیوەندی سۆزداریدا بەشی ئەوەی لە هەگبەدایە بتوانێت پەیوەندییەکی تەندروست بنیات بنێت، نە بەشی ئەوەش ئەو مێژووەی خوێندووەتەوە کە پێیدا گوزەراوە تا هێندە ئاسان نەکەوێتە داوی شێخ و لە مرۆڤێکی سادەوە نەبێتە ئەو تووندڕەوە دواجار شەڕی خۆی و نەتەوەکەی خۆی بکات. تاکی ئێمە زۆر بە ئاسانی لەخشتە دەبرێت، کەمال وێناندنەوەی ئەو لانەوازی و لاوازییەی تاکی کوردە. لە ماوەی نووسین و داتاشینی کەسایەتی کەمالدا بەردەوام شەڕی ئەو بەهەڵەداچوون و ساویلکەییەی کەمالم کردووە. بەڵام نووسەر لە کاتی ئافراندنی کاراکتەری سەربەخۆ، یان بە جۆرێکی تر بڵێم کاتێک نووسەرێک هەست بە کەسایەتی سەربەخۆی کاراکتەرەکانی دەکات و ئازادیان دەکات خۆیان بن، ناتوانێت ڕێگە لەوە بگرێت و دەستکاری کەسایەتییەکەی بکات. ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییانە لە وجوودی کەمالدا هەن، کەمالەکانی ئێمە نەگەیشتوونەتە کەماڵ، بۆیە هێندە ژێردەستەن.
کاراکتەری جێگیر کاراکتەرێک نابێت لای خوێنەر بمێنێتەوە. من زۆر گرنگی بەوە دەدەم، ئەویش بە پێی تایبەتمەندی کاراکتەرەکە نەک هەموویان، کاراکتەرێکی گۆڕاو بێت، لە دۆخێکەوە بچێتە دۆخێکی تر، دیو و توێی جیاواز جیاوازی ئەو ژیانە نیشانی خوێنەر بدات. کەمال بەو تایبەتمەندییەیەوە ئەو دەرفەتەی بە من و خوێنەرانی ڕۆمانەکەشم دا چەند توێیەک لە ژیانمان نیشان بدات. ئەمە جۆرێکە لە دەستکرانەوەش بۆ نووسەر، تا بتوانێت ئاسۆی ڕوانین و خەیاڵی بەرفراوانتر بکات.
بەسێ بەشیر:
لە ڕۆمانی تەونی بریادا کارەکتەرێکی شاراوەی وەک “مەردان” کە ڕێژەیەکی زۆری ڕۆمانەکەی پێیەوە بەندە و کەچی لە کەمترین شوێن وەدەردەکەوێت، تەنانەت یەک دیالۆگیشی نییە. بوونی کارەکتەرێکی لەم جۆرە لە ڕۆماندا چیمان پێدەڵێت و چی شتێکی بە گێڕانەوە دەبەخشێت؟
و تا چەند لە ڕۆمانی کوردیدا هەوڵداراوە ئەم جۆرە لە کارەکتەر بخوڵقێت و گرنگی پێ بدرێت؟
فەرهاد چۆمانی:
مەردان و بوونی کاراکتەرێکی وا لەنێو ڕۆماندا، ئەگەرچی هیچ ڕۆڵێکی ئاشکرا و لەسەر ئاستی دایەلۆگدا هیچ گفتوگۆیەکی وایشی نەبێت، بەڵام کاراکتەرێکی کۆڵەگەئاسایە، تارماییەکە ڕۆڵی ئەودیوی ڕووداوەکان دەبینێت. کەسایەتییەکی پڕ لە ڕازە کە چارەنووسی زۆر کەسی پێوە بەندە. لە ڕاستیدا ئەوە من نیم مەردانم خوڵقاندووە، بەڵكو تەنیا تیشکم خستووەتە سەر بوونی کاراکتەرێک کە تاوەکوو ئێستا لەنێو ڕۆمانی کوردیدا پەی پێ نەبراوە. ڕەنگە ئەگەر خوێنەر دوو خاڵ لە ژیانی مەردان پێک بگەیەنێت هەندێک لە ڕازی بوونی ئەو کەسایەتییە شاراوەیەی بۆ دەربکەوێت، پەیوەندی مەردان و هوما و دواجار کارکردنی لە ژوورە تاریک و ژێرزەمینەکانی لێپرسینەوە و کاری هەواڵگری. ئافراندنی کەسایەتی مەردان وەک هاوار و هۆشدارییەکە بۆ ئەو چینە ژێربەژێرەی جووڵێنەرانی ڕووداوەکان کە لەنێو هەر کۆمەڵگەیەکدا ئەگەرچی نادیارن، بەڵام هۆکاری سەرەکی زۆر ڕووداون. لە پشت هەموو ئەو یارییانەوەن کە بە چارەنووسی مرۆڤەکان دەکرێت. لە پرسی کاراکتەرسازیدا من دەبێ بەوە بگەم ئەو کاراکتەرە قابیلیەتی تایبەتمەندییەکەی خۆی دەگەیەنێتە کام ئاست تا شاییستەی ئەوە بێت شوێنپێی ژیانی هەڵبگیردرێت و بنووسرێتەوە. لەمەدا مەرج ئەوە نییە باشی و پێویستی کاراکتەر لەوەدا بێت زۆرترین قسە بکات و زۆرترین جار لەسەر سەکۆی ڕووداوەکان دەربکەوێت. لای من مەردان بەو تایبەتمەندییەیەوە گرنگ بوو کە ئەگەرچی هیچ ڕۆڵێکی بەرچاوی نییە، بەڵام بزوێنەری زۆر ڕووداوە.
بەسێ بەشیر:
ئەگەر سەرنج بدەینە ناونیشان ڕۆمانی تەونی بریا، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت ئەم ڕۆمانە پڕە لە ڕووداوی تێکئاڵا و پێشبینی نەکراو. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کەوا ناونیشانی ئێستا کوشراوی ڕۆحی دەقە… یاخود چی؟
فەرهاد چۆمانی:
بە دروستی وایە، ئەگەرچی لە دەستنیشانکردنی ناونیشانی ڕۆمانەکەم دووچاری ڕاڕایی زۆر بووم و ماوەیەکی زۆر لەنێو دایلەمای ئەوەدا بووم چی هەڵبژێرم. ئەوەندە نادڵنیابووم لە هەڵبژاردنی ناونیشانێکی گونجاو بۆ ڕۆمانی “تەونی بریا” هاوڕێیەکم دوای ماوەیەکی زۆر لەو هێنان و بردنە پێشنیازی ئەوەی کرد هەروایی لاپەڕەیەک لەخۆوە لە رۆمانەکە بکەینەوە و بۆ نموونە لە ڕستەی پێنجەمی ئەو لاپەڕەیەدا دوو وشە هەڵبژێرین. ئەمە دەڵێم بۆ ئەوەی دەری بخەم تا کوێ دووچاری نارەحەتی کردووم. بەڵام دواجار دوای پێداچوونەوەی چەندبارە بڕیارم دا باشترین ناونیشان تەونی بریایە. تەونە بۆمان چنراوە، پڕین لە بریا، زۆربەی کاراکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە لەسەر ڕایەڵەکانی ئەو تەونە کە ژیانە ئاڕاستەیەک وەردەگرن دواجار لێی پەشیمانن. بەمەش پڕی کردوون لە بریا، هەزاران بریا وانەبووایە و وا نەچوومایە و وا بوایە…
ناونیشان بۆ من هەمیشە گرنگ بووە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێت، چونکە کاتێک تەنیا بەو دیوەدا لە ناونیشان دەڕوانین، دەشێ زۆر دەق هەبن خوێنەر بە داوی ناونیشانەکەیەوە بووە و ناوەرۆکەکەی نائومێدی کردووە. بۆیە من لە هەڵبژاردنی ناونیشاندا چەند لایەنێک بەیەکەوە دەکەمە هاوسەنگی بۆ هەڵبژاردنی. ناونیشان لای من نابێ ڕاستەوخۆ گوزارشت بێت لە چەقی دەقەکە، بەو مانایەی بۆ نموونە دەقەکە باس لە شۆڕشێک بکات و ئیدی دەبێ ناوی شۆڕشەکە ناونیشانیش بێت. یان کاراکتەرێک ناوی فڵانە ڕۆمانەکە جۆرێکە لە نووسینەوەی ژیانی ئەو ئیدی دەبێ ناوی لە ناونیشانیشدا هەبێت. یان ئەوەی هەڵبژاردنی ڕستە یان گرێیەکی نێو ڕۆمانەکە بێت. بەڵکو وای بە گرنگ دەزانم ناونیشان جۆرێک بێت لە خوازە، خوازەیەک هەم لە دەرەوەی دەقەکە بێت هەم بتوانێت بە تەواوی گوزارشت لە هەمووی بکات. ئاسان نییە. بەڵام بە دروستی لە هەڵبژاردنی ناونیشاندا کارم لەسەر ئەمە کردووە. بۆ نموونە لە ڕۆمانی داهاتوومدا یەکێک لە ڕۆمانەکانم، کە دوانەی ڕۆمانن، “بۆگەنی خوێ”یە لەنێو ڕۆمانەکەدا گوزارشتێکی وای تێدا نییە، بەڵام پەیوەندیداریشە بە تەواوی ڕۆمانەکەوە. جارێک هاوڕێی نووسەرم سەنگەر زراری پێی گوتم، دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی قیژە (٢٠١٦) لە دڵی خۆمدا گوتم یەکەم شت ڕەخنەی لێ دەگرم ئەم ناونیشانە دەبێت، لە وتارێکیشیدا باسی کردووە، بەڵام “دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە تێگەیشتم جگە لەو ناونیشانە هیچ ناونیشانێکی دیکەی بۆ نابێت”
“تەونی بریا”ش بە هەمان سروشت و تایبەتمەندی خۆم لە هەڵبژاردنی ناونیشان کاری لەسەر کراوە.
بەسێ بەشیر:
لە ڕۆمانی تەونی بریادا دەستپێکی ڕۆمانکە بە کۆتایییەکی کراوەی ڕۆمانەکە و سەرەتای گێڕانەوەی ڕووداوەکانە دەست پێ دەکات، هاوکات بەشی کۆتایی ڕۆمانەکە بەستراوەتەوە بە سەرەتای دەستپێکی ڕۆمانەکە.
وەک تەونێک بەنێو یەکدا چوونە و بەشەکانی وەک پەزڵێک بەیەکەوە لکاون. ئەم پێکبەستنەوەیە چۆن شرۆڤە دەکەیت؟
فەرهاد چۆمانی:
دیارە هەر سەردەم و هەر قۆناغێک مۆرکی خۆی لە تەکنیکی گێڕانەوە دەدات. بەڵام من زۆر کەم دەچمەوە نێو ئەو کڵێشانەی کە دەڵێن دەبێ ڕۆمان وا بگێڕدرێتەوە و پێویستە وابێت. پێم وایە هەمیشە ئەوەی وادەکات نووسین ببێتە کردەیەکی میکانیکی و لە قالبدراو ئەوەیە زۆر پابەندی ئەو کڵێشانە بین. ئەم شێوازە ئەگەر لە دنیادا ناویشی گێڕانەوەیەکی بازنەییش بێت، بۆ من لە دەرەوەی ئەمە سروشتی ڕۆمانەکە و ڕووداو و کاراکتەرەکانی، ئەتمۆسفێری ڕۆمانەکەیە وای بەسەردا سەپاندنم بەو شێوەیە بێت. ڕەنگە کۆتاییەکی داخراو بۆ ئەم ڕۆمانە خۆی بووبایەتە پەیام و مانای ئەوەی ئیدی ئەوەی گوزەراوە لێرە کۆتایی هات، بەڵام بەڕاستی کۆتایی هاتووە؟ ڕۆمانی هەڕەمی وایە ڕووداوەکان هەڵدەچن تا گەیشتن بە ترۆپک و دواتر وردە وردە یان بە کۆتاییەکی تراژیدی یان کۆتاییەکی شاد و چوونەوە شوێن خۆی داشەکان کۆتایی پێ دێت، بەڵام ئەمە نەریتی نووسینی ڕۆمان بووە لە کۆندا، ڕەنگە بتوانم هەر ئەوە بڵێم ئەوە سەردەمە خۆی بەسەر شێواز و تەکنیکدا دەسەپێنێت.
بەسێ بەشیر:
بەڕێزت ڕۆمان و چیرۆک دەنووسی لە هەمان کاتدا وەرگێڕیشی، لێرەوە دەپرسم: کارکردنت لە وەرگێڕان وای کرد کار لەسەر ئەدەبیاتی گێڕانەوە بکەی، یاخوود بە پێچەوانەوە ئارەزووی نووسین وای کردووە دەست بۆ کاری وەرگێڕان ببەی؟ و ئایا مەرجی وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەمدا لای فەرهاد چۆمانی چییە؟
فەرهاد چۆمانی:
من بەر لەوەی وەرگێڕبم، نووسەرم، یەکەم کتێبیشم هەر بەرهەمی خۆم بووە. ئەوەی ڕاستی بێت وەرگێڕان بۆ من لەسەر دوو هێڵ گەشەی کرد، یەکەمیان ئەوەی هەر کتێبێک لەوانەی وەرمگێڕاون و هێشتا وەرمنەگێڕاون خوێندبێتمەوە حەزم کردووە هاوزمانانی منیش بەهرە لەو کتێبە بەرن و بیخوێننەوە، کە زمان ئاستەنگ بووە بۆیان، من ئەم ئاستەنگەم شکاندووە. دووەم بەرپرسیارێتی بووە بەرانبەر کتێبخانەی کوردی. پێم وایە هێشتا کتێبخانەکەمان هەژارانەیە. ئەگەر لە بایەخی وەرگێڕان گەیشتبین و ئەزموونی گەلانی تر و وەرگێڕان بخوێنینەوە، تێدەگەین بەتەنیا نووسەربوون بەس نییە. ئەگەر بەڕاستی توانای پێویستمان هەیە بۆ شان نانە بەر ئەو بەرپرسیارییەتیە گەورەیە، دەبێ وابکەین زمانی خۆمان بەرینە نێو ئەو گفتوگۆ ژیاری و فەرهەنگی و شارستانیەتە مەزنەی ناوی وەرگێرانە.
بۆ وەڵامی بەشی دووەمی پرسیارەکەشت. من جگە لە ڕۆمانی نووسەری مەزن گابریێل گارسیا مارکێز “گەلاوێژ وادەی دیدارمانە” هەموو کتێبەکانی دیکەم لە زمانی یەکەمەوە وەرگێڕاون. لای من ئەمە دروستترین کارە. پڕۆسەی وەرگێڕان ئەگەر خەوشێکی هەبێت ئەویش ئەوەیە جگە لە توانا و دەستپاکیی وەرگێڕ، تایبەتمەندیی زمانی بۆ وەرگێڕدراو خۆی زاڵ دەکات بەسەر دەقدا، کاتێک لە زمانی دووەم و سێیەمەوە وەردەگێڕدرێت سروشت و تایبەتمەندی چەند زمانێك کاریگەرییان بەسەر دەقەوە دەبێت. بۆیە لای من وا پەسەندە لە زمانی یەکەمەوە وەربگێڕدرێت.