قه‌ره‌چی و با
فێدریکۆ گارسیا لۆرکا
وەرگێڕان له ئینگلیزییه‌وه: عەلی حسەینی
.
به ده‌م ژه‌ندنی سازه بایینهکهیهوه
پریسۆزا له زۆنگه تووڵهڕێی
لای دره‌خته غار و کریستاڵه‌کان ده‌رده‌که‌وێ.
بێده‌نگییه‌کی بێ ئه‌ستێره،ڕادهچهڵهکێ
له ده‌نگی ته‌پڵه گه‌وره ئاههنگدارهکهی،
دائه‌کشێ به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی که ده‌ریا به گرمه‌گرم ئاواز ده‌ڵێ،
ئه‌و جێگایه‌ی که به‌شه‌ودا پڕه له پووره‌ی زیوینی ئاو.
له لووتکه‌ی قنجی کێوه‌کان
چاوه‌دێره‌کان خه‌وتوون؛
ئه‌وان چاودێری ده‌که‌ن له برجی سپیی
باڵوێزخانه‌ی بریتانیا.
قه‌ره‌چییه‌کانی ده‌ریاش
هه‌ر بۆ خۆشی به‌رزیان کردۆته‌وه
کۆشکی گچکه و خڕ له‌چه‌شنی شه‌یتانۆکه و
چڵێ سنه‌وبه‌ری سه‌وز.
*
به ده‌م ژه‌ندنی سازه بایینهوه
پریسۆزا دێت به‌ڕێوه.
باکه ده‌یبینێ و هێز ده‌گرێ،
بایه‌ک که هه‌رگیز نانوێ.
باوه کریستۆفێری ڕووتیش ئاگر ده‌که‌وێته گیانی،
سه‌یری کچه‌که ده‌کا،وه‌کوو بڵێی به زمانی
زه‌نگێ ئاسمانی بتووڕێنێته
جووزهلهیهکی نادیار.
ڕۆڵه، لێمگه‌ڕێ کراسه‌که‌ت هه‌ڵده‌مه‌وه و
سه‌یرێکت که‌م.
به‌م په‌نجه دنیا دیدانهم
گوڵی دره‌وشاوه‌ی به‌ر ناوکت بکه‌مه‌وه.
پڕیسۆزا ته‌پڵ حه‌وا ده‌دا و
له ترسا پای پێوه‌ده‌نێ.
هه‌ناسه‌یه‌کی شه‌هوه‌تی دوای ده‌که‌وێ
به شمشێره سوورۆ بووهکهیهوه.
ده‌ریا ڕه‌ش داده‌گیرسێ و ده‌نه‌ڕێنێ،
له‌حاڵێکدا دار زه‌یتوونه‌کان ڕه‌نگیان ده‌په‌ڕێ.
بلوێری تاریکی وه‌ده‌نگ دێت و
زه‌نگی به‌فر ده‌جریوێنێ.
پریسۆزا، ڕاکه، پریسۆزا
گه‌ر ڕانه‌که‌ی با سه‌وزه‌که ده‌تگرێته‌وه!
پریسۆزا، ڕاکه، پریسۆزا!
سه‌یرکه چه‌ند به خێرایی دێت!
داوێن پیسی و به‌د ڕه‌گه‌زی
به زمانی درێژ و خووساویهوه دیاره.
*
پریسۆزا پڕووکاوی ترسه،
ئێستاکه لار ده‌بێته‌وه به‌ره‌و ئه‌و خانووه‌ی
که له‌و لای سنه‌وبه‌ره سهوزهکانهوهیه و
باڵوێزی بریتانیای لێ نیشته‌جێیه.
گریانی شڵه‌ژاوی کچه ئاگاداریان ده‌کاته‌وه،
سێ پیاوی تفه‌نگ به ده‌س به په‌له دێن،
په‌سته‌کی ڕه‌شیان توند و تۆڵ پۆشیوه،
کڵاوه‌کانیان تا سه‌ر برۆیان هێناوه.
پیاوێکیان په‌رداخێ شیری شیتین و
قومێ ئاره‌قی هۆڵه‌ندی
ده‌دا به کچه
کچه‌که نایانخواتهوه.
کاتێ به ده‌م هه‌نسکه‌وه، به‌سه‌رهاته سه‌مه‌ره‌که‌ی،
ده‌گێڕێته‌وه بۆ ئه‌وان،
با به‌گرژی
تابلۆی کاشیی بان میچه‌که ده‌گه‌زێ.
شرۆڤەیەکی وەرگێڕ:
به پێی شێعره‌که‌ی لۆرکا خوا خۆی ڕوحم به پریسۆزای تازه پێگه‌یشتوو ده‌کا؛ ئه‌و کیژه‌ی که باوه کریستۆفێر به ده‌ستی به ده‌سنوێژه‌وه ته‌مای تێکردووه.