دیدار لەگەڵ شاعیر و ڕەخنەگر “نەبەز محەمەد” | چاوپێکەوتن | ئارام حاجی

سازدان: ئارام حاجی

”بەو واتایەی لای پۆل دومان هەیە؛ ئێمە خوێنەرمان نییە”

نەبەز محەمەد، لەدایکبووی ١٩٧٥، لە ساڵی ٢٠٠٠ وە وەکوو شاعیر و نووسەر دەرکەوتووە و شیعر و نووسینی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو کردۆتەوە.
زیاتر لە دە ساڵ کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە نووسی کردووە. چەند ساڵێک لە ڕۆژنامەی چاودێر کاری کردووە و بەرپرسی لاپەڕە و دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەکە بووە. پاشان بووە بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری مەدەنیەت. هاوکات بۆ ماوەی زیاتر لە ٢ ساڵ ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی نەوەی نوێ بووە لە ڕادیۆی مەدەنیەت. ماوەیەکیش لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بەرنامەی هزر ـی پێشکەش کردووە. دوای نزیکەی بیست ساڵ چالاکی و نووسین، یەکەم کتێبی خۆی چاپ کردووە و ئەمەش وەک خۆی دەڵێت؛ لە سۆنگەی بەرپرسیاریێتییەوە بووە. لە ساڵی ٢٠١٨ دا یەکەم کتێبی ئەو بە ناوی دادگا، لە تراژیدیاوە بۆ ئینتیما لە لایەن دەزگای ئایدیاوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. هەر لەو ساڵەدا ڕۆمانێکی بە ناوی سکڵی ماسییەکان و کتێبێکی ڕەخنەیی کە خوێندنەوەی چەند ڕۆمانێکی جیهانییە، بە ناوی ئەشیلۆس و میتاچەمک چاپ کردووە و پاشان لە ساڵی ٢٠٢١ دا و لەسەر ئەرکی خۆی، کۆمەڵەشیعرێکی بە ناوی سەوڵی با چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
وەک خۆی دەڵێت خاوەنی زیاتر لە ٦ کتێبی چاپ نەکراوە کە لەوانە دەتوانین ئاماژە به دوو کۆمەڵەشیعر بە ناوەکانی ئێمە دەکەوین بۆ ئەوەی عەشق بە پێوەبێت  و لافاوێک لە سەراب ، بکەین.
هەروەها خاوەنی دوو کتێبی ترە لە بواری لێکۆڵینەوەی فکری و ئاینییدا بە ناوەکانی؛ پێشخەری بۆ ئاین یان نەتەوایەتی کە دوو لێکۆڵینەوە و چەند وتارێکە لە بواری فکری ئاینیدا و هەوەها کتێبێکی تر کە سێ لە کۆڵینەوە لە خۆ دەگرێت بە ناوی فۆتۆ، مەرگ، ئازادی. بێجگە لەمانە خاوەنی چەندین وتار و نووسینی دیکەشە. ئەم دیدارە لە بارەی کتێبی “سەوڵی با” و چەند پرسیارێکی ڕەخنەییە..
لەم دیدارەدا وێڕای کۆمەڵێک پرسیاریی ڕەخنەیی، زیاتر پەرژاوینەتە سەر کتێبی ”سەوڵی با”، کە وەک ئەماژەمان پێکرد دوایین بەرهەمی شێعری بەڕێزیانە.

ئارام حاجی:
لە سەوڵی با دا، ناونیشانی هێندەک لە شێعرەکانت تەنها لە یەک وشە پێکهاتوون، پێت وانییە ئەمە جۆرێك لە خەمساردیت بەرانبەر ئەو ڕەگەزە دەربخات؟ مەبەستم ڕەگەزی ناونیشانە کە ئێستاکە گرنگییەکی تایبەتی پەیدا کردووە. یاخود دوورخستنەوەی ناونیشان لە شێوازێکی هونەری و سەردەمیانەوە بۆ فۆڕمێکی کۆن لە هەڵبژاردنی تەنها وشەیەك لە کۆی تێکستەکە و دانانی لە ناونیشاندا، نیشان دەدا کە تەنها ئەوە لە لات گرنگبووە ئەو وشە پەیوەندی بە بابەتی نێو کتێبکەوە هەبێ؟

نەبەز محەمەد:
نا ئەزیزم ئەمە خەمساردی نییە، بەڵکو دەشێت بەرپرسیارێتیش بێت. چونکە هیچ کاتێ بەزۆر داتاشین و ئاڵۆزکاندن و قەبەیی نواندن، هونەریبوون ناسەلمێنێت و نابێتە مەرجێکی سەرکەوتنی هیچ تێکستێک. من ناونیشانم بینیوە چەند دێڕێک  بووە و بێجگە لە چەند دێڕێکیش ڕیکڵام کردن بۆ دەقەکە وەک; ئەمە فاکسێکی زێهنییە بۆ هایدگەر و نازانم کێ و ئەو شتانە، کەچی هەموو ئەوانە نەبوونەتە پایەیەک بۆ سەرکەوتنی تێکستەکە و باشی شیعرەکە مسۆگەر بکات. بەڵام بێگومان ناونیشان پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لەگەڵ تێکستدا هەیە و چەند لە قوڵایی دەقەکەوە هاتبێت گرنگە، هەڵبەتە بۆ شیعر چەند ناونیشانەکەش شیعری بێت گرنگە وەکو ڕەگەزێک، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین بۆ شیعری کورت یان پۆستەرە شیعر وەکو هەندێ دەڵێن هەناسە شیعر بابەتەکە تەواو جیاوازە ئەوکاتە گرنگی لەوەدایە کە ناونیشان یەک وشە زیاتر نەبێت یان ڕاستر بڵێم ناونیشان لە یەک وشەدا خۆی دەتەقێنێتەوە هەروەکو گرنگی شیعری کورت ئەوەیە کە یان ئەوەندە زمان چڕو بە هێزە لە چەند دێڕێکدا شیعر کایەی خۆی تەواو دەکات و خۆی دەسەلمێنێت، یان شاعیر ئەوەندە دەبێت بە توانابێت لە چەند دڕێێکدا زۆر بە سادەیی و ڕوونی بابەتێکی جەوهەری و بەیان کات و چارە بکات، لەم چەشنە شیعرانەدا  یان ناونیشان هەر نییە یان زۆر کورتە، ئەوەندە کورت کە ڕەنگە یەک وشە بێت لێرەوە کورتی ناونیشان پەیوەندی بە توانای شاعیری و بەهێزی شیعر و جیاوازی ڕۆڵبینینەوە هەیە لە دنیای شیعردا. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بڵێم هیچ کاتێ درێژدادڕی نە بۆ شیعرەکە نە لە ناونیشاندا نابێتە مەرجێکی سەرکەوتنی دەق بەڵكو بە پێچەوانەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان خەوش و نەنگییە با شیعرەکەش درێژ بێت. 

ئارام حاجی:
ئێستاکە به پێچەوانەی ڕابردوو، خوێنەر بووە بەجۆرێك لە سەنتەر بۆ بڕیاردان لەسەر دەق، ڕوونتر بڵێم: خوێنەر بەشدار دەبێ لە دەقدا و جەمسەری دووەمە. لێرەدا وەك خوێنەرێك من و چەند کەسێک لەوانەی دواندوومن  و کتێبی سەوڵی با یان خوێندوەتەوە؛ تێکستەکانی بەشی کۆتاییمان پێ باشتر بوو لەوانەی سەرەتا. لە کاتێکدا وەک ڕێکەوت، شێعرەکانی بەشی سەرەتا نوێترن. ئەمە تۆزێک بەلامەوە نائاسایی بوو. ئایا توانایی شێعریت ئاڵووگۆڕی بەسەردا هاتووە یان بابەتەکە بەشێوەیەکی دیکەیە؟

نەبەز محەمەد:
دەربارەی ئەوە کە ئێستا خوێنەر بووە بە سەنتەر بۆ بڕیاردان لەسەر دەق یان ڕۆڵی خوێنەر و بەشداریکردنی لە بەرهەمهێنانەوەی دەقدا مەسەلەکە هەر ئاوا سادە نیە بەڵکوو برێک ئاڵۆزە. ئەمە هەر لە باری تیۆریی و میتۆدییەوە، لە پەیوەندیشدا بە دنیای ئێمەوە ئەوە هەر زۆر جێی قسەیە. سەرەتا دەمەوێت بڵێم لە ڕووی هیرمۆنۆتیکی و زانستی ڕاڤەکارییەوە بەڵێ بیرمەندان و ڕەخنەگرانی ئەدەب بۆ چەند بەشێک دابەش بوون. هەندێکیان دانەرتەوەر ـن، وەکو دێلتای، ئیریک هرش و ئێمیلۆ بێتی. واتە زیاتر بڕوایان بە مەبەست و ئەو مانایەی نووسەر هەیە لە دەقدا کە پیشتر لەزەینی نووسەردا هەیە. ئەمان زیاتر بە دوای ئەوەوەن کە خودی نووسەر مەبەستی چی بووە و دەیەوێت چیبڵێت و بۆ هەموو شتێ شوێنپێی ئەو زانیارییانە هەڵدەگرن کە بەرەو کەشفی مەبەست و نهێنییەکانی نووسەریان دەبات. بەلای ئەمانەوە دەق پەیوەندییەک دەخولقێنێت لە نێوان نووسەر و خوێنەردا، ئەگەر خوێنەر مەبەست و پەیامی نووسەری دەرک نەکرد لە دەقدا، ئەوا لە تێکستەکە تێنەگەیشتووە.
هەندێکی تریان دەق‌تەوەر ـن وەکوو پۆل ڕیکۆر.  ئەمان زیاتر جەخت لە دەق دەکەنەوە و وەک دەڵێن مەرگی نووسەریان ڕاگەیاندووە و ئیتر لێکەوتە و بەرکەوتنی ئەمان لەگەڵ دەق جێی باس و هەڵکۆڵینە.
بەڵام بڕێکی تریان خوێنەر/ڕاڤەتەوەر ـن،  وەکوو وۆلفگانگ ئایزەر و رۆبەرت یاس لە چوارچێوەی فەلسەفەی هێرمۆنۆتیکی هایدگەر و گادامێردا. واتە ئەمان زیاتر بەلای خوێنەردا دایدەکیشن و بڕوایان وایە دەق دواجار لای خوێنەر مانا پەیدا دەکات و دەتوانێت زیندوویی خۆی بەدەست بهێنێت.

بەڵام وەک وترا بە لای یەکێکی وەکو پۆل ڕیکۆرـەوە دەق سەربەخۆیی خۆی هەیە لە هەر  دۆخ و زەمەنێکیشدا بێت. من زیاتر لەم ڕوانگەیەوە بیر دەکەمەوە و تازەترین وتاریشم لەم چوارچێوەیەدایە بە ناوی هەژموونی دەق کە هیشتا نە بڵاوم کردۆتەوە نە تەواویشم کردووە. بڕوام وایە دەق لە دۆخ و سەردەمە جیاوازەکاندا مانای دەگۆرێت و دەشێت لە باری هونەریی و ئیستاتیکییەوە ئاراستەی تر وەربگرێت. هەرچی خوێنەریشە بە بڕوای من ناکرێت ڕۆڵی فەرامۆش بکرێت و نادیدەی بگرین لە ڕۆڵبینینی ئەو لە بونیادنانی ئەدەب و تەنانەت چەسپاندنی ماناشدا. بەڵام لە پەیوەندی بە دنیای ئەدەبیاتی ئێمە و ئاستی خوێنەرەوە، ڕەنگە مەسەلەکە زۆر جیاواز بێت. چونکە لە دنیای ئێمەدا قەیرانی خوێنەر تەواو قوڵ و بەئازارە و هێشتا ئێمە شەڕی بە کەلتوورکردنی خوێندنەوە دەکەین. ڕەنگە من لێرە لەبارەی خوێنەریشەوە زیاتر لە پۆل دومان ـەوە نزیکبم کە بەو واتایەی لای دومان هەیە ئێمە خوێنەرمان نییە.

دەربارەی ئەوەی ئێوە شیعرە کۆنەکانتان پێ باشتر بووە و بە بۆچوونی ئێوە من لە شیعرە تازەکاندا هەنگاوی باشم نەناوە و… ، من ناتوانم بڵێم ئێوە نابێت وا بیر بکەنەوە. من تەنها دەتوانم بلێم لە نووسیندا ئیتر شیعر یان دەستبردن بۆ ڕۆمان و ڕەخنە و وتاری سیاسی و هەندێک لێکۆڵینەوە کە کارم تیاکردووە، من خەریکی خۆ ئەزموونکردنم. بەو پێیەش لە سەوڵی با ـدا هاتووە من لە ڕووی سەبک و کارکردنی شیعرەوە ویستوومە ئەزموونی خۆم سەرڕێخەم. بەڵام ڕەنگە ئەم سەبکە یان ئەزموونە نەمتوانیبێت لەوێدا بە تەواوی بەرجەستەی بکەم و بیگەینمە ئێوە و خوێنەرانی تریش.

ڕەنگە ئەوەی ئەو بۆچوونەی لای ئێوە درووست کردبێت ئەوە بێت کە لە هەندێک لە شیعرەکاندا سەروا و بڕگە هەیە. دەزانن من زۆر بڕوام بەوە هەیە کە دەڵێت؛ لێگەڕێ شیعر با لە چ قاڵب و شێوەیەکدا ئۆقرە دەگرێت، بیگرێت. واتە ئەمە لە خۆیدا ئازادکردنی شیعرە کە بە چ شێوەیەک دەیەوێت بای باڵی خۆی بدات، نەک من بە زۆر دروستی بکەم و دایتاشم. چوونکە لە دۆخێکی وادا شیعر زیاتر بوونێکی میکانیکی وەردەگرێت و ڕەهەندە ژیانی و ڕۆحییەکەی لەدەست دەدات. لای من مەسەلەکە ئەوەیە نەک من لە سەر بڕگە و کێش و سەروا بنووسم. دەشێت ئەمە لە شیعری مندا بەردەوام ڕەنگ بداتەوە، بەڵام نابێت ئەمە وا لێکبدرێتەوە کە من بەلای کۆندا گەڕاومەتەوە، بەڵکوو من دڵنیام ئەگەر تۆزێک وردتر بخوێنرێنەوە زۆر خاڵ و نیشانەی بەهێز هەن کە جیاوازی و تازەیی و سەبکی نوێی ئەم شیعرانە دەسەلمێنن.

من خۆم پێم وایە تۆزێک پەلەم کرد لە چاپکردنی ئەم کۆمەڵەشێعرەدا. سەبارەت بەم تەجرەبە تازەیەم چونکە من دەزانم ئەم شێوازە لە شیعری چەقۆی تابلۆکان ـدا کە بیست شیعری کورت و لە جێی خۆیاندا سەربەخۆ و بە  ناوی سەربەخۆی خۆیان و لە گشتیشدا یەک شیعرە بەو ناوە، هەروەها چەند شیعرێکی تری ئەم دوایانەم ئەم ئەزموونە بە تەواوی خۆی بەرجەستە دەکات.

هەرچەندە دەبێت ئەوەش بڵێم خەڵکیش هەبووە ئەم ئەزموونە نوێیەمی دەرک کردووە یان باشتر بڵێم پێی گەیشتووە و بە پیچەوانەیشەوە ئەوان پێیان وابووە من لەم شیعرە کورتانەدا دەستەڵات و هێزم زیاترە و دەرەقەت دێم بەو ڕوونی و سادەییە شتێک بڵێم. بەڵام بە گشتی من سەرنجی هەمووان لەبەرچاو دەگرم و دەزانم لای هەمووتان بەشێک لە ڕاستی هەیە بەڵام ئیتر ئەوە زەوق و سەلیقەی خوێنەریشە کە دواجار چەند دەتوانێت پەی بە ڕاز و نوێیەتی و پەنهانی و چێژ و ئیستاتیکای دەق ببات.

ئارام حاجی:
ئەوەی بووەتە جێی نیگەرانی قەڵەمە جدییەکان، ئەوەیە ڕەخنەگرتن ئەوەندەی لەسەر بنەمای یەکترناسین و داواکاری نووسەرە، ئەوەندە لەسەر بنەمای هەستی بەرپرسیارێتی ڕەخنەگر نییە بەرامبەر دەقی باش. دەمەوێ بپرسم بەڕای تۆ ئەم ڕەخنەکارییە لەسەر بنەمای یەکتر ناسین، هەم دەقی باش و هەم ڕۆڵی ڕەخنە بە چ ئاراستەیەکدا دەبات و لێکەوتەکانی چی دەبێت؟

بە داخەوە لە باشوور لانی کەم ئەم قسەیە ڕاستە. واتە زیاتر بە هۆی یەکتر ناسین و دەستە و تاقم و تەنانەت نەوەگەراییەوە دەست بۆ کارێکی وەکوو ڕەخنە دەبرێت نەک شارەزایی و ئیخلاس بۆ خودی ئەدەب.

بە بڕوای من بێجگە لەوەش هەندێ لەوانەیش کە شتێکی وەکو ڕەخنە دەنوووسن زیاتر دەربارەی دەقی ئەوانە دەنووسن کە بەناوبانگن و تەواو ناسروان و سەرمەشقی دنیا ڕۆشنبیرییەکەی ئێمەن. تەنها لە پێناوی ئەوەی ئەمانیش بە هۆی ناوبانگی ئەوانەوە ناوبانگ پەیدا بکەن. من دەزانم کەسانێک دەربارەی شێرکۆ دەیاننووسی بۆ ئەوەی ناوی ئەمیش لەگەڵ ناوبانگی ئەودا بڕواو و بڵاو بێتەوە. واتە هەر برادەرایەتی نەبوو، ئێستا زیاتر بە ئاقاری دەستە و جیل و برادەرایەتیدا ڕۆشتووە، لێکەوتەکانی ئەم دیاردەیەش بە بڕوای من ئەوەیە بە پلەی یەک ڕەخنەی لە ڕۆڵی خۆی دوورخستۆتەوە و ئیتر ڕەخنە ئەرکی خۆی بە جێناهێنێت و تەنانەت وەزیفەکەی خۆی پێشێل دەکات. واتە ڕەخنەی ئێمە کە ڕەنگە بە ئاسانی نەتوانین بڵێین ئێمە ڕەخنەمان هەیە. بەڵکوو لە کەوانەیەک دەتوانین بڵێین ئەوەی هەیە چەند هەوڵێکە و هیچی تر و ئەویش بەو حاڵەی کە باسمان کرد. هەڵبەتە ئەنجامی ئەمەش زۆر خراپ دەشکێتەوە چوونکە ئەمە وادەکات ئێمە نەبینە خاوەنی ئەزموونێکی باش لە کاری ڕەخنەدا و بنەماو بنچینەیەکی بەهێز و ئەزموونێکی بەهێزمان لەم بارەوە نەبێت و بنەمایەکی پتەو دانەڕێژین، بەڵکوو هەروا عەشوائی و بێ میتۆد و بێ هیچ تیۆرە و قوتابخانە و ڕێبازێکی بەهێزی ڕەخنەیی هەرخەریکی پیا هەڵدان و لاسایی بین لەم بارەیەوە. ئەمەش لە داهاتوودا لە دوو ڕووەوە قورستر لە ئێستا باجەکەی دەدەین: ١- نابینە خاوەن بنەماو پاشخانێکی ڕەخنەیی و هەروا بە لەرزۆکی ڕێدەکەین. ٢- لە غیابی ڕەخنەدا کەمتر دەق و تێکستی جوان و پاکژ دەڕسکێ. هەروەها ئەو کەمە دەقە باش و پاکەش ئەگەر هەبێت بە ئاسانی جیانابێتەوە و دەرناکەوێت و هەقی خۆی وەرناگرێت و ئەمش دۆخێکی نەرێنی قورس دەڕەخسێنێت.

ئارام حاجی:
بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی و تایبەتتر کورد بە هۆی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە نەیتوانیوە باز بەسەر هەندێک بڤە و دابوو نەریتیدا بدات، ناچاربووە (بە واتا فرۆیدییەکەی) بەشێك لە خولیا و ویستەکانی بچەپێنێت. ئایا ئەمە نەبووەتە هۆکارێك کە ڕەخنەگرەکانیشمان زۆربەی کات بە میتۆدی دەروونشیکاری کەشفی دەقەکان بکات؟

نەبەز محەمەد:
بۆ نا، بێ گومان ئەمە هۆکارێکی گرنگ بووە بۆ خوێندنەوەی سایکۆلۆژییانە بۆ ئەدەب. بەڵام ڕەنگە تەنها هۆکار نەبێت. چوونکە خوێنەواری ئێمە زیاتر تا ئەم دواییانەش هەر فرۆیدیان دەناسی و زیاتر بە زانستی دەروونشیکاری ئاشناببوون ئەویش بەهۆی بیستنی ناوی فرۆید و چەند کتێبێک لەوبارەوە.

من لە کتێبە ڕەخنەییەکەمدا واتە ئەشیلۆس و میتاچەمک، لە یەکێک لە کارەکاندا (مەرگ وەک دیسکۆرس…) هەوڵم داوە تێکستی حەسار… ـی شێرزاد لەو ڕاڤە و سەرنجە دەروونشیکارییە فرۆیدییە ڕزگار بکەم و هەوڵ بدەم لە دیدی ترەوە سەرنجی ئەو دەقە بدەم. واتە کوشتنی باوک لە گرێی دەروونیی فرۆیدییەوە بترازێنم بۆ خۆسەلماندن وەک ئەوەی لای ئایزایا بەرلین هەیە. وەک بەرلین دەڵێت: ”نەوەکان بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن دەبێت باوکیان بکوژن”. هەرچەندە ئەوکارەی من هی سەرەتای کارکردنمە لە بواری ڕەخنەدا.

لەوێدا شتێکم وتووە کە بۆ ئێستام جێی سەرنجە. من وتبووم شێرزاد هەمیشە پاڵەوانەکانی چیرۆکەکانی، کەسانی نەخۆش و ترسەنۆک و بێدەرەتانن و دواجار هیچیان لەدەست نایەت، چوونکە شێرزاد نایەوێت درۆمان لەگەڵ بکات و لە دیدی ئەودا کۆمەڵگەی ئێمە نەخۆش و پەکەکەوتەیە و هیچی لەدەست نایەت. کۆمەڵگەی نەخۆشیش پاڵەوانی نەخۆش و شەرمن بەرهەم دەهێنێت. پاڵەوانی نەخۆش و زەلیلیش هەمیشە دەبێت شکست بخوات.

دەتوانین بڵێین خاسییەتی کۆمەڵگەی نەخۆشیش ئەوەیە هەمیشە بە دوای دەرمانەوەیە نەک تەشخیس، واتە دیاریکردن و تێگەیشتن لەخۆی. بڕوانە ژمارەی دەرمانخانەکانمان چەند زۆرن و بەردەوامیش لە زیادبووندان. کەس بە دوای دیارییکردنی نەخۆشییەکەیەوە نییە یانی هەر لە بواری پزیشکیشدا کۆمەڵگەی ئێمە لە دەزگای تەشخیس کردندا هەژارە و نەوعی نییە. بۆیە زۆر جار دەبیستین نەخۆش هەیە دووساڵ دەرمانی بەهەڵە بەکارهێناوە و چاک نەبووەتەوە، کەچی کە چۆتە وڵاتێکی دەرەوە و دراوسێ، دوای پشکنین دەرکەوتووە نەخۆشییەکەی ئەو ئەوە نییە و چی دەرمانی بەکارهێناوە ئەو دووساڵە بە هەڵەبووە.

دەمەوێت بڵێم؛ کۆمەڵگەی نەخۆش ئازاری هەیە و هەموو هەوڵێکی لە سەرەتادا بۆ ئەوەیە ئازارارەکە نەمێنێت. ئیتر نایەوێت یان ڕاستر بڵێم بۆی گرنگ نییە ئەم ئازارە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە. بۆیە زۆر جار دوای ئازارشکێنێک، هەر تاکەکە خۆی کیشە و نەخۆشییەکەی بیردەچێتەوە و بەدواداچوونی نییە و هەوڵی بنەبڕکردنی نەخۆشیییەکەی نادات. بۆیە ئەم کێشە بەردەوامە سەرهەڵدەداتەوە. ڕەنگە بە شێوەی جیاواز و خراپتریش.

بەم پێیە کۆمەڵگەی ئێمە ڕوانگەی بۆ ئەدەبیش هەروایە. واتە لە ڕێگەی ئازار و نەخۆشییەکانی خۆیەوە سەیری ئەدەبیش دەکات. لەوێیش بە دوای دەرمانەوەیە نەک تەکنیک و خودی هونەر و ڕەهەندە ئیستاتیکی و هونەرییەکانی دەق. ئەو دەیەوێت لەناو دەقەکاندا دەرمانێکی بۆ زامەکانی دەستبکەوێت، هەربۆیە ئەو ئەدەب و دەقانەی دەقی مۆژیاری و وەعزن برەویان هەیە. لەکاتێکدا ئیشی ئەدەب لە دنیای مۆدێڕندا وەعز و چارەسازی نییە، بەڵکوو بێ چارەیی ئیستا خۆی بەشێکە لە ئەدەب. واتە ئەدەب خەریکی تیمارکردن نییە بەڵکو دەیەوێت نوقسانی و خراپەییەکانی دەرخات و خودی تیمار هەڵوەشێنێتەوە. ئەمەش ڕەشبینی نییە وەکوو دەڵێن بەڵکو ئەدەب دەیەوێت دنیا لەوە بە گرنگتر بگرێت کە هەیە و ئەو هەڵانەی وەکوو ڕاستی دەقیانگرتووە و جێکەوتوون هەڵبووەشێنێتەوە. بێ ئەوەی هیچ پێشنیارێک بکات.  دەمەوێت بڵێم کاری ڕەخنە تەشخیسە. واتە دیاریکردنی ڕەهەندە ئیستاتیکی و هونەرییەکان و بازدان و تایبەتمەندی خودی دەقەکە و تا ئەو جێیەش ئەگەر قسەی تازە هەبێت. ئیتر نەک پێداگوتن بە وەعز و گەڕان بۆ چارەسەریی.

لە ڕاستیدا شتێکیش کە نابێت لەمبارەوە لە بیری بکەین ئەوەیە کە بە پێی هەندێک رێباز و میتۆدی زانستی وەکو دەروونشیکاریش ئەدەب خۆی هەر بەرهەمی چەپاندن و دەستڕانەگەیشتنە بە خودی شتکان. تەنانەت سوریالستەکان پێیان وایە ئەدەب و هونەر بەرهەمی ناخودئاگاییە و ئەوکاتەی ئاگایی بەشداری تێدەکات بەشێک لە ڕەهەندە هونەرییەکانی ئەدەب ون دەبێت. واتە نووسینی لائیرادی بنەمایەکی گرنگی سوریالیزمە. بەم دیدە بێت، دەبێت ئێمە خۆبەخۆ بنووسین. به بێ هیچ قەید و ڕێسایەکی عەقڵی و ئەدەبی. واتە زەینمان لە کاتی نووسیندا بە تەواوی خۆی ڕزگار بکات لە عەقڵ و ئەوەی لە واقعدا هەیە و دەگوزەرێت.

ئارام حاجی:
ئایا مەرجە هەمیشە ڕەخنە پاش دەق لە دایک ببێت؟ مەبەستمە بڵێم: ئەشێ ڕەخنە پێش دەق بکەوێت؟ ئەگەر پێش بکەوێت، ئیشی ڕەخنە لە چیدا خۆی دەبینێتەوە؟

نەبەز محەمەد:
سەرەتا دەبێت ئەوە ڕوون بکینەوە ئێمە مەبەستمان لە دەق چییە یان مەبەستمان لە ڕەخنە چییە؟ هەروەکو ئێوە ڕوونتان کردۆتەوە با مەبەستمان لە پرسیارەکەش ڕوون بکەینەوە. ئەگەرنا، ئەو کاتە گفتووگۆکەمان وەکو جۆرێک لە مەتەڵبازی لیدێت. کە من لە گفتوگۆی وەها خۆ دەبوێرم و بڕوام وایە گفتوگۆ دەبێت بە دوای چەشنێک لە ئارگۆمێنتەوە بێت کە هەقیقەتی نوێ دەهێنێتە ئارا، نەک سەپاندنی هەقیقەتی کۆن یان جوینەوەی. لە بنچینەشدا ئەدەبیاتی ئێمە پێویستی بەو چەشنە لە گفتوگۆ هەیە کە ئامانج لێی بەرهەمهێنانی هەقیقەتی نوێ بێت. نەک سەرئێشاندن بە دوای شۆرەت و ناوبانگ یان شتیتر. بەهەرحاڵ وەکوو بەڕێزتان لە شێوازی پرسیارەکەتاندا مەبەستەکەتان ڕوونکردۆتەوە ئەگەر ڕەخنە پێش دەق بکەوێت ئیشی ڕەخنە لەچیدا خۆی دەبینێتەوە؟ بۆ وەڵامێکی دروستی ئەمە وەکو سەرەتاش وتم بە بڕوای من ئێمە دەبێت ئەوە ڕوونبکەینەوە کە مەبەستمان لە دەق چییە؟ بۆ ئەوەی مەبەستیشمان لە ڕەخنەیش ڕوونبێت.

بۆ نموونە ئەگەر پێناسەی دەق وەک ئەوەی لای هیلمسێلف هەیە وەربگرین کە پێیوایە ”هەر گۆکردنێک ئیتر زارەکی بێت یان نووسراو درێژبێت یاخود کورت بریتییە لە دەق”، ئەوا دەبێت وەڵامی جیاوازمان هەبێت وەک ئەوەی لای پۆل ڕیکۆر دەق پێناسەی بۆ دەکرێت، یان لای ڕۆڵان بارت. لای پۆل ڕیکۆر پێناسەی دەق پەیوەست دەبێت بە تۆمارکردنەوە و پێیوایە دەق ئەو گوتارەیە کە بە نووسین جێگیرکراوە. یان لای بارت دەق پێکهاتەیەکی ئالۆزی هەیە وەکو تەون چنین وایە و کۆمەڵێک ڕستە و وشەی بەدوایەکداهاتوون و بە هەموویان وێنەیەکی واتادار دروست دەکەن.

بە تێگەیشتنی من ئەگەر پێناسەکەی هیلمسلیف وەربگرین و هەر گۆکردنێک بە دەق بزانین ئەوا ئێمە لە بەردەم حەتمیەتی بوونی دەقداین بۆ بوونی ڕەخنە و کاری ڕەخنەیی. چونکە ئەوکاتە چارەیەک نییە بێجگە لە بوونی دەقێک بۆ هاتنە مەیدانی قسە و باسی ڕەخنەیی و ئەگەری هەر دروستبوونێکی ڕەخنە.

بەڵام لە حاڵەتی تردا وەک لای بارت و  پۆل ڕیکۆر دەق وێنا دەکرێت و مەرجدار دەکرێت بە نووسین و تۆمارکردن و بەسەریەکەوە دروستکردنی وێنە. ئەوا دەشێت ڕەخنە و کاری ڕەخنە پێش دەقیش بکەوێت لێرەدا کاری ڕەخنە و ئەرکی ڕەخنە بەو ئاراستەیەدایە کە لە ناو تیۆرە و ڕێگە و شێوازەکانی بەرهەمهێنانی دەق و قسەکردن لە بە هوونەریکردنی وتن و هێما و واتاسازی و کاری زمان و لایەنی ئیستاتیکی و میتۆدەکانی بەرهەمهێنانی دەقی زیندوو واتادار بێت، بە واتایەکی تر  ڕەخنەی ڕەخنە بێت، یان ڕەخنەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی هەم دەق و هەم ڕەخنە بێت لە سەربنەماکانی زمان یان کۆمەڵناسی یان دەروونناسی یان دەوڵەمەندکردنی پەلوپۆی میتۆدەکانی کاری ئەدەب و هونەر بە گشتی.  یان خودی ئەو کەش و ئاتمۆسفێرەی کە ڕەخنەی تیا قەتیسە یان گەشەی کردووە و دەشێت گەشە بکات یان لە پەلوپۆ بکەوێت. چوونکە هەرکام لە دەق و ڕەخنەش لە ڕوانگەی هەر میتۆد و کایەیەکی جیاوازەوە تێگەیشتن و ڕوانینی جیاوازی بۆ هەیە. بۆ نموونە کۆمەڵناسێک لە ڕوانگەی خۆیەوە سەیری دەق یان کاری هەڵسەنگاندن و ڕەخنە دەکات کە جیاوازە لە دەرونناسێک یان کەسێکی زمانەوان کە دەشێت زۆر جیاواز بۆ مەسەلەی ڕەخنە بڕوانێت و ئەرک و وەزیفەی ڕەخنە تەواو جیاواز و پێچەوانەی مێژوونووسێک یان هەر پسپۆڕییەکی تر بێت.

ئارام حاجی:
جارێك بەڕێزتان بوون بە لیژنەی هەڵسەنگاندنی شیعر لە ڤیستیڤاڵی گەلاوێژ، ئایا ئەو دەقانەی کە بایەخیان پێ دەدرێ، لەسەر بنەمای سەلیقە و هاتنەوەی لەگەڵ چێژ و زەوقی لیژنەکەدا بۆیان ئەم بایەخەیان پێ دەدرێ یان بە پێی ئامادەگی زۆربەی ڕەگەزەکان لە نێو دەقدا هەڵدەسەنگێنرێن؟ دیارە ناوی گەلاوێژم بۆ نموونە هێناوەتەوە نەک مەبەستم ئەو ڤیستیڤاڵە بێ، بەڵکوو مەبەستم بۆچونتە لەبارەی کۆی ڤیستیڤاڵەکانەوە.

نەبەز محەمەد:
نەخێر لەسەر بنەمای سەلیقە و چێژی کەسیی نەبوو، بەڵکو پێوەر هەبوو بۆ هەڵسانگاندنی دەقەکان. بەڵام سەرەڕای ئەو چەند خاڵەی کە بۆمان دیاریکرابوو وەکوو پێوەر، ئێمە وەکوو ئەندامانی لیژنە بۆمان هەبوو خاڵی تر بۆ پێوەرەکە زیاد بکەین. لە یادمە بۆ لیژنەکەی ئێمە ٤ خاڵ هەبوو کە کرابووە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی دەقەکان. ئەگەر باش بیرم مابێت:

١- وێنەی شیعری
٢- ئاستی زمان
٣- ئیستاتیکا
٤- (وابزانم) لایەنی مۆسیقی شیعر.

وابزانم بە پێشنیاری من بوو که دوو خاڵی ترمان بۆ پێوەرەکە زیاد کرد ئەویش ناونیشان و تازەیی و جیاوازی دەق بوو لەو سەبکە باو و ناسراوانەی که هەیە.
بەڵام، بە بڕوای من پێویستە ئەو ڤیستیڤاڵانە کە دەکرێت، لەگەڵ ڕاگەیاندنی و دیاریکردنی ماوەی پێویست بۆ ناردنی دەقەکان و بەشداری کردن، پێوەرەکانیش ڕاگەیەنرێت. چوونکە  نووسەران دەتوانن ئەو پێوەرانە ڕەنگ پێبدەنەوە لە نووسین و دەقەکانیاندا. هەروەها پێوەری جیاواز هەیە بە پێی ڕێباز و میتۆدە ئەدەبییەکان، واتە زۆر ئاساییە من دەتوانم بە پێی ئەو پێوەرانە شیعر بنووسم کە ئەوان وەکوو قوتابخانەیەک پەسەندیانە و جەختی لێدەکەنەوە و کاری پێدەکەن. دەزانی چەندین دەقی جوان هەبوو کە بۆ ڤیستیڤاڵ نێردرابوون بەڵام بە پێی ئەو پێوەرانە دەرنەدەچوون. ئەگەرنا ڕەنگه ئەگەر بە پێوەری کلاسیک یان پۆست مۆدێڕن هەڵبسەنگێنرانایە ئەو دەقانەش بیانتوانیایە بەشداربن و تا ڕادەی خەڵاتیش بڕۆنە پێشێ. باشییەکی ڕاگەیاندنی پێوەر لە لایەن هەر ڤێستیڤاڵێکەوە لانی کەم ئەوەیە کە دەقەکان لە چوارچێوەی دیاریکراودا کە پێوەر داوای کردووە دەنێردرێن. بۆ نموونە دەکرێ لە فیستیڤاڵێکدا ئەوە دیاری بکرێت کە تەنها شیعری هایکۆ وەردەگیرێت بۆ پێشبڕکێ.  ئەوکاتە ڕەنگە گلەیی و گازەندەش لەسەر ڤیستیڤاڵ و ئەندامانی لیژنەش کەمتر بێت.


پیشاندانی زۆرتر
دکمه بازگشت به بالا