ئەدەب لە مێژوو تێدەپەڕێ
ئامادەکردن: د.عەبدولخالق یەعقوبی
.
پرسیار: تۆ سەرەتا وەک شاعیر هاتیە نێو جیهانی ئەدەبەوە، بەڵام دواتر لە بواری رەخنەش دەستت بە کار کرد، چی تۆی هاندا لە پەنا شێعر ئاوڕ لە رەخنەش بدەیەوە؟
سووزەنی: نەک لای ئێمە، بەڵکوو زۆرێ لە رەخنەگران لە سەر ئەو باوەڕەن کە زمانی شیعر لە وڵاتانی جیهانی رۆژهەڵات لە مێژوویەکی درێژخایەندا زمانی زاڵی زارەکی و پانتای نڤیسانیش بووە، رەنگە هۆکارەکەشی ئەوە بووبێ کە رۆژهەڵات بە گشتی زێدی پێغەمبەران بووە و ئوستوورە زەدەیە، وەک دەزانین ئوستوورە و شیعریش هەر دووکیان بە پێی پێناسەیەکی گشتی زمانی ناخودئاگای کۆمەڵ بوونە و نزیکایەتی زۆریان لەگەڵ یەکدی هەیە کە من نامهەوێ بچمە ناو ئەو وێکچوویی و جیاوازیانەوەـ بەس دەڵێم ئاشنایی من لەگەڵ ئەو دوو بوارەی ئەدەب زێدەتر یەکەم بە هۆی خوێندنەوەی بەردەوامٍە بوو لە کاتی لاویمدا ، دووهەم هەست بە پێداویستی نوێگەری لەو دوو بوارەدا. چەند دۆستێک بووین کە «وەحشەتناک» دەمانخوێندەوە و وەک ئەزموونی نڤیسان من بۆ دەربڕینی ئەو تەوژمەی کە بەرەی ئەو خوێندنەوانە بوو، سەرەتا رووم لە شیعر کرد ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە زەمینەی عەینی ئەو کات (واتە سەرەتاکانی شۆرشی گەلانی ئێران دژی پاشایەتی و بزووتنەوەی چەند بارەی گەلی کورد بۆ داوا رەواکانی لە مێژینەی) بۆ شێعر و شوعار یان دروشم ئامادەتر بوو لای ئێمە کەسانێکیکەم دەیاننووسی و ئەو تاقمەش کە دەیاننووسی زۆربەیان شاعیر بوون و شێعر لە لایەن جەماوەریشەوە خوازیاری زێدەتری هەبوو… رەنگە شیعرەکانی ئەو سەردەمەی منیش زێدەتر وەڵامی ئەو داخوازییەی دابێتەوە تا رووکردێکی راستەقینەی زمان بەرەو شێعرییەت(بە بۆچوونی ئێستاکەم) ئەو شێعرانەش، بەس لەم لاولا دەخوێندرانەوە و هەوڵی بڵاوکردنەوەم بە شێوەی چاپ بۆ نەئەدان… ئەو کات لێرە گۆڤار و رۆژنامە و چاپەمەنی ئەوتۆش نەبوو… بۆ وەی بڵاویان بکەینەوە (لە بیرمە ساڵی 61(82) بە زەفتێکی شکاوی ئەو ساتەی ماڵ ئێمە لەگەڵ جەلال مەلەکشا شرێتێکمان تۆمار کرد…) ئەوە دواجار بوو کە گوڤاری سروە لە سەر دەستی مامۆستا هێمن بڵاو کرایەوە و زۆرێ لە شاعیران و نووسەرانی ئەوساکە کەوتنە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان بە پێچەوانەوە من وەک یەکەمین هەنگاو بۆ بڵاو کردنەوە، وتارێکی رەخنەییم لە سەر شێعرێکی جەڵال بۆ بەرێ کردن… کە من لام وابوو لە باری تەبایی وێنەگەلی دێڕی وئەستوونی(عموودی)یەوە یەکیان نەدەگرتەوە و سەیر ئەوە بوو کە جلال لە نامەیەکدا بۆی نووسیبووم کە باشی بۆ چوویتە بۆ ئەوەی ئەو شێعرە لە راستیدا دوو شیعر بووە و سەفحەئارای سروە لە خۆڕا کردوویەتی بە شێعرێک(!!) ئەو نامەی جەلال ئێستاش ماوە رەنگە کاتی خۆی بڵاویکەمەوە… بە دوای ئەوەدا دوای ماوەیەک یەکەم شیعری من لە گوڤاری سروەدا بڵاو کرایەوە؛
«پەپوولە: ئاگر هانی باڵەکانم پێی هەڵفرە…» دواجار بەشی یەکەمی وتاری رەخنەیی شاعیرانی لاو لە هەڵسەنگاندنێ ئەدەبیدا بڵاوکرایەوە.. هەر چەند بەشی دووهەمی ئەو وتارە بە گوتەی جوانەمەرگ مارف ئاغایی تا رۆژی هەناردن بۆ چاپ سەفحە ئاراییش کرابوو… بەڵام لە ناکاو بەرپرسانی سروە بەچەند هۆیەکەوە ( لایەن وابوو سیاسەتی تێکەڵ بووە(!!) بڵاوی ناکەنەوە… کەوایە ئەگەر بە ئەسێحی بمهەوێ وەڵامی پرسیارەکەی جەنابت بدەمەوە دەبێ بڵێم چ لە باری متالا و چ لە باری هەوڵدان بۆ بڵاو کردنەوەوە من شێعر و رەخنەم پێکەوە دەست پێکرد هەر چەند متالای رەخنەییم ئەو دەمیش زێدەتر بوو و ئاستی نووسینی رەخنەیشم /ئەو کات/ لە شێعرەکانم بەرزتر بوو.. هەر بۆیە رەحمەتی مارف بەردەوام لە نامەکانیدا و لە دانشیتنی دۆستانەدا جەختی لە سەر درێژەدان بە رەخنە بوو و داوای وتاری رەخنەیی لێدەکردم بۆ سروە کە ئەوکات لەوی بوو..وەک پێشتریش ئاماژەم پێکرد ـ خوێندنەوەی زۆر و جیدی لە رەخنەگرانی ئەوسای فارس کەسانی وەک بەراهەنی میرعەلایی و کەدکەنی تا حقووقی و تا.د… جورەهاندانێک بوو بۆ من کە رووبەرووی رەخنەی ئەدەبی (لە ئەدەبی کوردیدا) ببمەوە کە ئەوسات بە راستی رێبوارانێکی ئێجگار دەگمەنی هەبوو و بڵاوکردنەوەی «شاعیرانی لاو لە هەڵسانگاندنی ئەدەبیدا »کە ئەو ساڵانە بە شێوەیەکی زانستی ئاوڕی لە زمان و وێنە و کیش و بیچمی زێهنی دەقی شاعیرانی «ئەو کات لاو»دا بۆوە بەراستی دەستپێکی باش بوو بۆ رەخنەی ئەدەبی بە شێوەی جیدی. وەک دەزانن پێشتر رەخنەی لای ئێمە بەس شەڕە جنێو یان پیاهەڵگوتن بوو بە شاعیران یان نووسەرانێک کە دۆست یان دۆژمنی بە ناو رەخنەگر بوون… نەک خوێندنەوەی دەق بە پێی بووتیقا یان بابەتی و هێرمنۆتیکاینە. لە درێژەی کاری رەخنەییشدا هەوڵمدا بو یەکەمجار لە کوردستان رەخنە بەرەو خوێندنەوەی چەند لایەنە بەرم خوێندنەوەی گوڵی شۆران لە شەش گوشەنیگاوە هەوڵێکی جیدی بوو لەو بوارەدا کە ئیًستا لای زۆرێ لە رەخنەگران بۆتە باو و چەند خوێندنەوەیی جێگای خۆی کردۆتەوە..
پرسیار: وەک ئاماژەت کرد تۆ لەو شاعیرانە بووی کە شان بە شانی شاعیرانێکی وەک جەلال مەلکشا، رەحیم لۆقمانی، لە جەنگەی شۆرشی گەلانی ئێران لە سالی 78 شیعری بەرخودان و بەرەنگاریت دەنووسی ودواتریش هاوهەناسە لەگەڵ شاعیرانێکی گەنجتر وەک مارف ئاغایی و فەرەیدوون ئەرەشەدی و ئێنجا داکار وداتر بەرەی نوێخوازی وەک یونس رەزایی و شاعیرانی جیاواز لە نوێکردنەوەی شیعری هاوچەرخی کوردیدا هەوڵت داوە و هەنووکەش هەروا بەردەوامی پێوەندی نێوان ئەم شاعیرانە لەگەڵ خۆت وهەمووشتان لەگەڵ پێشەنگی شیعری نوێی کوردستان رۆژهەڵات واتە سوارە ئیلخانیزادە لە روانگەی دەقی شیعرییەوە چون دەبینیت؟
سووزەنی: راست ئەفەرموویت … لەمێژە شێعر و رەخنەی ئەدەبی دەپێوم و نەگەیشتوومەتە کۆتایی هیچیان… لەو ماوە درێژخایەنەشدا زۆر هاورێم پێ گەیشتووە زۆرم لێ وەکشاوە و زۆرێکیتر جێیان پڕ کردوونەتەوە بەڵام رێگا هەر ئەوەیە کە سەرەتا بڕیار بوو بیبڕین… تاقی کردنەوەی نوێ و خەڵقی رچەی نوێتر و هەموار کردنی بەردەکانی سەر رێ و سەر لە نوێ درێژە پێدان بە رێگایەکی نامۆی دیکە و … تاد.
وەک گوتم؛ لام وایە ساڵی (1982) بوو لەگەڵ جەلال مەلەکشا شریتە شیعرێکمان تۆمار کرد وهەنێ شێعر دورشممان تیایدا بڵاو کردەوە… دواجار لەگەڵ بەریزان مارف ئاغایی و فەرەیدون ئەرشەدی چەند هەوڵێکماندا بۆ وەی شیعری نوێ بێنینە فۆرمگەل نوێترەوە و دواجار بەیاننامەی داکار و بەرێزان ئازاد رۆستەمی و بێهزاد کوردستانی و براییمی ئەحمەدی نیا و دوستانی دیکە و هەوڵدانێکیتر لەگەڵ بەرەیەکی دیکەی شاعیران (کە بە ناوگەڵ جیاوازی وەک جیاواز خوازان و شیعری شێت . بەرەی سێ و چوار و نوێترخوازان، لە لایەن رەخنەگرانەوە ئاوڕیان لێدرایەوە) و ئێستاش ماوم و رێگە درێژەی هەیە…وەک هەموو بوارەکانی دیکە… بەڵام ئەگەر بمانهەوێ باسی پێوەندی بکەین دەبێ بڵێن شاعیرانی دوای سوارە لە کوردستانی رۆژهەڵات بە داخەوە جگە چەند هەولێک کە ئەویش زێدەتر لە ڵاسایی کردنەوە دەچووە، لەباری زمان و شێواز و مۆسیقای عەرووزییەوە رێچکەی سوارەیان نەپێوا. هۆکارەکانیش لە روانگەی منەوە رەنگە ئەمانەبێ کە؛ یەکەم شیعری سوارە ئەوکات بەس شار و خەوەبەردینەی ئەویش بە شێوەی دەست نووس بڵاو ببۆوە و کەم لە شاعیرانی لاو بە تۆخی لەگەڵ دەقەکانی ئاشنا بوون ئەو بۆچوونەش لە سەر ئەو دوو شێعرانە هەبوو ئەوە بوو کە سوارە ئەو کات لە ژێر شوێن پەنجەی شاعیرانی فارس و زمانی چریکی ئەو سەردەمەدا بووە و زێدەتر لاسایی کردۆتەوە و شار وەک شێعرێکی رۆمانسی دژ بە شاری مۆدێرن و گەرانەوە بۆ جوانی دێ دەهاتە خوێندنەوە … بڕواننە دەمەتەقێ ئەو سەردەمە لە گۆڤاری سروەدا لە لایەن جەلیل ئازادیخواز و کەسانی دییەوە… خەوە بەردینەش وەک ماسییە رەشە بچکۆلەکەی سەمەد بێهرەنگی دەخوێنرایەوە هەڵبەت بەزمانێکی شاعیرانەتر و دەوڵەمەندتر… هێشتا زۆری مابوو بۆ ئەوەی کەسێکی وەک رەهبەر مەحموودزادە ئەو دوو شیعرە بە شێوەی جیدی هەڵسەنگێنی وسوارە وەک قوتبێکی گرینگی بواری نوێخوازی گرێ بدات بە گۆرانەوە وشاری دەست دەسەڵات و شاری ئارمانی شۆرشگێران (دەریا) پێکەوە هەڵسەنگێنی… ئینجا ئێمە و مانان ئەو ساڵانە هەموو خوێندنەوەکانمان بە زمانی فارسی بوو ئەو شێعرانەی بە کوردی دەماندیتن زێدە شیعری پەشێو و هەڵمەت و شێرکۆ و… بوون کە بە هۆی تایبەتمەندی ناوچەیی و دەسەڵاتی زمانی سیاسییەوە زێدەتر دەوریان دەگێڕا و شوێن پەنجەیان لە سەر شاعیرانی ئەم دیو لە شیعری سوارەیی (کە من ئێستا لام وایە چ لە باری بووتیقا و چ خوێندنەوەی هێرمنوتیکیانە و بابەتی لەو شێعرە شوعارییانە دەوڵەمەندترە) جەلال ئەوساڵانە لە حاڵ و هەوای پەشێویدا قەڵەمی دەوشان و .. گەیشت بە ناو بانگێ … بۆ وی ئەگەر لەبیرتان بێ… جەلال ئەو کات لە «سروە» تاقە گوڤاری کوردستانی ئەم دیودا بوو و دەرفەتی بڵاوکرنەوەی لە ئێمە و مانان زێدەتر بوو… ئێمە باوەکوو دۆستایەتی زۆرمان هەبوو… بەڵام من بە هۆی هەنێ کێشەی سیاسی و گیروبەندەوە… باوەکوو لەو جۆرە شێعرانەم زۆرهەبوو… (دەفـتەرگەل سەمقۆنیا و دیاری و هەزار دیوانی کەلەگەت لە پرسەدا) بەڵام زور کەمیان لێبڵاو کرایەوە…دوای بڵاو بوونەوەی وتاری رەخنەیی شاعیرانی لاو لەهەڵسەنگاندنی ئەدەبیدا لەگەڵ مارف و فەرەیدوون زێدەتر پێکەوە دەکوڵاین مارف چەند شێعرێکی لە گوڤاری سروەدا بۆ بڵاو کردمەوە… بەڵام وەک ئاماژەم پێکرد مارف حەزی لەوە بوو کە من بەردەۆام وتاری رەخنەیئەدەبی بڵاوبکەمەوە هەر بۆیە چەندین وتاری رەخنەی ئەدەبیم لەو ساڵاندا بڵاو کردەوە و زێدەتر وەک رەخنەگر لە ناو دوستانی تازەدا دەناسرام تا شاعیر_ بەڵام شێعر خۆی بە هیچ ئەرێ و نەبێ یەکەوە نابەسێتەوە وەک گوتم من یەکجار زۆر دەمخوێندەوە و زۆریش تامەزرۆیی نوێگەری بووم… هەنێ هەوڵمدا بۆ وەی بتوانم زمانێکی تایبەت بە خۆمم هەبێ و لەگەڵ هەموو دۆستایەتی ئەو بەرێزانەدا هەرگیز نەچمەوە سەر شێوە بەکارهێنانی ئەوان لە باری زمانەوە وەک سەرەکیترین فۆرم… مارف جوانەمەرگ بوو و فەرەیدوونیش پەڕەوازەی هەندەران و من دەفتەری درۆ مۆقەددەسەکانم کوتایی هات دەستم کرد بە شێعرەساتەکان کە لام وایە گەورەترین شوێن پەنجەی بەجێ هێشت و بەرەی دواتر زێدەتر ئاوڕیان لێ دایەوە..و.. رچەگەلی نوێتر ساز بوو
پرسیار: «داکار»چی؟
سووزەنی: لێرەدا پێویستە ئاماژەیەکیش بە پرۆسەی شێعری داکار بکەم؛ وەک لە وتوێژیکی دیکەشدا(بۆگۆڤاری رامان) ئاماژەم پێکردوە هەوڵەکانی ئێمە لە رێگای فەرەیدوون ئەرشەدییەوە پێوەند دەبێ بە هەوڵدانی چەند دۆستێکی دیکەوە لە مەریوان و بەیاننامەی داکار سالی 1377ی ه لە چوارەمین پێشژمارەی سیروان بڵاو دەبێتەوە کە ناوی منیشی بەژێرەوە بوو بێ ئەوەی تا کاتی بڵاو کردنەوەکەی دیبێتم… ئەو بەیاننامەیە، هەرچەند لە بەیاننامەکە دەرنەچوو و دۆستان پەڕەوازە بوون، بەڵام گۆمی مەندی سەلەفیەتی ئەدەبیی شڵەقاند و دەروازەیەکی دیکە کرایەوە بو روانینی نوێتر و جیاوازتر و دەمەتەقێ وشەرەقەڵەمی باشی بەدواوە بوو کە هەمان ئەوشتە بوو کە داکار دەیویست.
پرسیار: تۆ پێت وایە ئەدەبیاتی کوردی تا چەندە توانیویەتی خۆ لە پێوانە گشتیەکانی ئەدەبێکی سەرکەوتووی جیهانی نیزیک بکاتەوە؟
(گەر ئاماژە بە هەنێ داهێنەر و دەقی ئەدەبەکەمان بکەی دەتوانین پتر لە وەڵامەکەت کەڵک وەرگرین)
سووزەنی: پێوانەکانی ئەدەبی جیهانی گشتی نین و قاڵبێکی دیاریکراویان نیە کە ئێمە ئەدەبیاتی خۆمان لەو قاڵبە بدەین بۆ وەی بزانین خۆمان لە ئەدەبی جیهانی نیزیک کردۆتەوە یان نا…
ئەدەبیات رۆحی زیندووی هەموو گەلانی جیهانە کە لە زماندا دێتە نواندن و دەنگدانەوە و گەشە ونەشە. دیارە زمانی هەر نەتەوەیە کیش جیاوازی سەرەکی و بنەڕەتی هەیە لەگەڵ زمانەکانی دیکە و جگە ئەوەش کەلتوور و چۆنیەتی ژیان وباری مێژوویی تەنانەت جوگرافیای و … تاد هەر نەتەوەیەک ناراستەوخۆ و لە کاناڵی زێهنی شاعیر یان ئەدەیبەوە دێتە پانتای ئڤیسان و دواتر بڵاوکردنەوە… هەرچەندە دواتر پێکهاتەخوازان هەوڵیاندا ئەو زێهنیەتانەش لە ئوستوورە ئەفسانەکانەوە.. تا چونیەتی جل و بەرگ و تەنانە خواردەمەنی لەهەموو جیهاندا پێکەوە ببەستنەوە… بۆئەوەی بیسەلمێنن زێهنی مرۆڤ بە گشتی بە پێی پێکهاتەیەکی وەک یەک یا نزیک لەیەک کاردانەوەی هەیە… بەڵام وەک دەزانین ئەوە تەنیا خوێندنەوەیەکی دیکەیە و بەس… ئینجا ئەدەبی جیهانی بە واتایەکی زۆر ساکار یانی ئەدەبی هەموو جیهان کە هەڵبەت ئێمەش بەشێکین لەو جیهانە کەوایە گرینگ ئەوەیە بزانین ئێمە چیمان کردوە یان چیمان بەو ئەدەبە جیهانی یە زیادکردوە… دیارە بە هەمان ئەندازەش لە ئەدەبی جیهانی نیزیک بووینەتەوە…
بە بڕوای من هۆی نەبوون یان لاواز بوونی رۆشنبیری لای ئێمە هەمان بە گشتی روانینە لە زۆربەی دیاردەکانی دەوروبەر… بۆ وێنە ئەدەبیات لە جیهاندا مێژووی درێژخایەنی هەیە و لە رەوتی بەردەوامدا بووە و لە زۆر رێباز و قوتابخانە و دژ قوتابخانەی تێپەڕاندوە و ژانرگەل جیاوازی پێکهێناوە کە ئەدەب لای ئێمە بەس لەم ساڵانەی دواییدا خوێندوویەتەوە… و هەوڵیداوە نموونەیان لێ سازکاتەوە و هەنگاوی باشیشی هەڵیناوە ژانرگەل چیرۆک _ رۆمان، شانۆنامە ـ سینەما رەخنەی ئەدەبی لای ئێمە خاوەنی مێژوویەکی ئەوتۆ نیە و زمانی کوردیش زمانێکی جیهانی نیە لە مێژوویەکی درێژخایەندا نەک هەر دەسەڵاتێک پشتی نەگرتووە، بەڵکوو دەیان دەسەڵات نوقمی زەوی کردوە… بە لەبەرچاوگرتنی رەوتی دەسەڵات ـ مەعریفە وسازکردنی یەکدی ئاسایییە ئەگەر زمانی ئەدەبی مەش لە جیهاندا هێند بەرچاو نەکەوتبێ… دڵنیام ئەگەر شاری مۆسیقارە سپییەکان بە زمانی ئاڵمانی ـ فەرەنسی یان ئینگلیسی و چووزانم ئێسپانێولی بنووسرابا ئیًستا رۆمانێکی ئەوپەڕجیهانیش بوو… بەڵگەش بو قسەکانم.. فیلمەکانی یلماز گونای و بەهمەن قوبادییە.. لە بەر ئەوەی زمانی وێنە زمانێکی جیهانییە… باوە کوو هیچ مێژوویەکی کاری سینەمایی لە پشت سینماکارانی کورد نیە… دەبینن چۆن بوونەتە بەرهەمی جیهانی و ناوبانگ دێننەوە…بەڵام ئەگەر هەر ئەم پرسیارەت لە مەڕ شێعری کوردی بکردایە.. وردتر ئەمانتوانی بەرئاوردیکی عەینیتر بکەین؛
شوێن پەنجەی نێوان دەقێتی شیعری فارس ـ تورک، عەرەب ـ دەقی شیعری کوردی دەوڵەمەند کردەوە و زمانی شیعری کلاسیکی کوردی بە هۆی کەڵک وەرگرتنی بە جێی لە زمانی دەولەمەندی ئەوان شوێنگە و پلەو پایەکی ئەوتوی بۆ خوی پێک هێناوە و گەمەیەکی بوێرانەی بەو زمانانە کردەوە. مەڵای جەزیری، نالی، مەحوی، مەولەوی تاوەگۆزی لەو شاعیرانەن کە خوێنەری چالاکی سەردەم بە خوێندنەوەی دووبارەی دەقەکانیان دەتوانێ بیانهێنێتە ریزی شاعیرانی جیهانیی. بۆوەی ئەوە خوێندنەوەی دووبارە و چەندبارەیە کە دەق زیندوو رادەگرێ و لە تەم ومژ و تێپەڕینی زەمەن ئەیپارێزێ و بە شێوەیەکی نوێ و نوێتر ئەینوێنێتەوە، ئەگینا بە بێ خوێندنەوەی جیهانی دەقی جیهانیشمان نابێ ئەدەبیش وەک هەموو مەعریفەیەکی دیکەی ژیانی مرۆڤ، ویتگنشتاین گوتەنی، جورە یاری وکایەکی زمانییە کە لە پێوەندی لەگەڵ دەقی پێش خۆی نێوان دەقێتی و خوێندنەوەی نوێدا.. درێژدەبێتەوە و بێ کوتایین. بە خۆشیەوە رەخنەگرانی سەردەم خۆیان لەو بوارەش دادە و ئەتوانن بڕواننە خوێندنەوەکانی خودی جەنابت لە سەر نالی و مەحوی و ئاوڕدانەوەی کەسانی دی لە گۆشە نیگای فورمالیستی و پێکهاتە خوازانە و دیاردەناسانە هێرمۆتیکیانەی هەر ئەو شاعیرانە… من کاتی خۆی لەم روانگەوە ناڵی و خوێندنەوەی نوێیەکانی سەردەم بڵاو کردەوە و هەوڵمدا دەقی نالی لە چەندین گۆشەنیگای رەخنەیی نوێ بێنمەوە ناو کایەکە… دیارە ئەم هەوڵانە چەند بەهێز بن ئەوەندەش ئەتوانی هیوادار بین کە دەقەمانمان زیندوون. لە بیرتان نەچی ئێستا رەخنەگر و خوێنەر دەورێکی ئەو تویان هەیە لە خۆڵقاندنی دەقی جیهانی و تەنانەت ناوچەیشدا شیعری نوێ کوردی (جیا لە رۆمان و چیرۆک…) ئەو دەوڵەمەندییەی ئەدەبی کلاسیکی لە پشت بوو هەر بۆیە لە فۆرمی نوێ و نوێتری خۆشیدا لە گۆران و سوارە و روانگە و کفری و ئەم دواییانه نوێترخوازاندا بە رای من لەگەڵ رەوەتی ئەدەبی جیهانی بوونە و لانی کەم لە ئەدەبی دراوسێکانی کە هەر کامەیان کەڵە شاعیرانی گەورەیان لە پشت بووە ـ دوانەکەوتوونە… بەلام وەک پێشتر ئاماژەم کرد زبانی کوردی زمانێکی جیهانی نیە و غەدری گەورەی لێکراوە … ئاشووری یەکێک لە رەخنەگران و رووناکبیرانی فارس دەپێ؛ مەپبەندی سەرەکی زمان لە هەموو پانتاکانی ژیانی مودێرندا زمانگەلی ئینگلیسی _ ئاپمانی _ فەرانسەیی بوونە و زمانگەلی دیکە یان لاسایی وانیان کردۆتەوە یان وەرگێڕی ئەو زمانانە بوونە بۆ ناو زمان و گوتاری مودێرنەی خۆیان، زمانی کوردی بەو پێیە رەنگە وەرگێڕی زمانی دەستە دووهەمی ئەو زمانانە بووبێ لە زمانگەلی دیکەوە و ئەمەش وای کردوە کە ئێمە تەنانەت لەبواری ئەدەبیش دا بەردەوام هەوڵی تاقی کردنەوەی ئەزموونەکانی و قوتابخانە سەرەکی و ناسەرەکی ئەوانمان دابێ بەڵام جیهان یەکجار بچووک بۆتەوە و من بەش بە حاڵی خۆم هەوڵی مرۆڤ بۆ گەشە و نەشە.لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە هەوڵگەلێکی جیهانی ئەبینم و ئاوەها دابەشیان ناکەم… من مافی خۆمە کە فرۆکەم هەبێ هەرچەند لە سەرەتادا من فرۆکەم ساز نەکردبێ من مافی خۆمە بە پێی «بووتیقا» دەق بخوێنمەوە هەرچەند ئەرەستوو لە هۆزی من نەبێ بۆ وەی مرۆڤ بە گشتی یەک هۆزە و ئەوە دەسەڵات و سیاسەت و ئایدولۆژییە لێکیان جوێ دەکاتەوە و شەڕی گەورە گەورەیان بۆ دەنێنێتەوە و ئەدەبیات رەنگە خاوێنترین و جوانترین ئەزموونی مرۆڤ بێ کە بۆ هەموو مرۆڤ دەنووسرێ نەک بۆ خێڵ و نەتەوە و وڵاتێکی تایبەت. بە قەولی شاملوو«ئێمە خاوەنی دەردی هاوبەشین» و ئەدەب رەنگە چێژ و خۆشی هاوبەشیشمان بێ! لە بواری ئەدەبی نویشدا وەک ئامارەم کرد ئەدەبی کوردی باش هاتۆتە پێش ئەگەر بمانهەوێ ئاماژە بە هەنێ داهێنەر ودەقی نوێخوازی دوای روانگە و کفری بکەین ئەتوانین لە بواری شیعریدا باسی ئەنوەر مەسیفی و فەرهاد پیربال و فورمخوازەکانی هەولێر بکەین لە سەرنج دان بە بیچمی زێهنی چەند بازنەیی و چۆن نووسین لە بری چی نووسین، هەروەها نوێترخوازان یان شاعیرانی جیاواز (بە بۆ چوونی فەرزاد میرئەحمەدی) لە بواری سەرنج دان بە سێڵاوی هۆش و چەند دەنگی بوونی دەق و دەستکاری کردن و گرینگی دان بە زمانی شیعری و بەگشتی نوێتر کردنەوەی فۆرم و بابەت و … کە بە راستی جێی باسن. لە بواری چیرۆک و رۆمانی نوێشدا چیرۆک و رۆمانەکانی عەتا نەهایی قادر هیدایەتی و بە ختیار عەلی و شێرزاد حەسەن و … جێی سەرنجن.. عەتا نەهایی لە بەر هەوڵدان بۆ تەبایی لە رادە بەدەری فۆرم و ناوەرۆک لە باڵندەکانی دەم بادا ـ سەید قادر لە بەر شێوە دەربرینی نوێ تر و زمانی جیاواز لە نوڤیلێتی دەنگی نوختەدا بەختیار عەلی بە هۆی کەڵک وەرگرتن بەجێ لە زانیاری و ئاگایی گوشراو نێوان دەقیتی هونەری لە ئوستوورە و فەلسەفە و زانستە کۆمەڵایەتییەکانەۆە تا ژیانی مێژوویی مرۆڤ و رەخنەکاری دەسەڵاتی کوردی… شیرزاد حەسەن بە هۆی بەرجەستە کردنی کومەڵگای دەست باوک و گرێ جنسییەکانی ئەو کۆمەڵگا و… دەق و کەسانی دیکەش هەنە کە رەنگە لەم دەرفەتەدا باسیان نەکرابێ…
لە بواری رەخنەی نویشدا حەتم دەبێ ئاماژە بکەینە گرووپی رەهەند لە باشووری کوردستان و نوێخوازان لە رۆژهەڵات..
پرسیار: تۆ گرینگایەتی بزاڤێکی بە گوڕ و بەهێزی وەرگێڕان بۆ ئەمڕۆی ئەدەبی کوردی لە چیدا دەبینی؟
سووزەنی: بە رای من وەرگێران پردێکی مێژووییە بۆ پێوەندی و هاوتەبایی و جیهانی کردنی فەلسەفە و زانست و هونەر و مێژوو بەگشتی.. بۆ نموونە لە باری مێژوویییەوە وەرگێڕانی بەرهەمی فەیلەسووفانی یوونانی کۆن لە سەدەی سێهەمی کۆچی بوو بە زمانی عەرەبی ئەم کارە ئەو دەستکەوتە گەورە جیهانییە لە چنگ فەوتان و شەوە زەنگی سەدەکانی ناوەراست لە ئوروپا پاراست و دواجار لەگەڵ زانستەکانی ئەوسای رۆژهەڵات گەڕایەوە بۆ ئورووپای سەدەی 12 و 13 و زەمینە و بەستێنێکی لە باریان رەخساند بۆ پێشکەوت و لە دایک بوونی سەدەکانی نوێتر ئەمەش بە راستی دەستکەوتێکی گەورە بوو کە حاشا هەڵنەگرە دووهەم وەرگێڕانی هونەری ئەفسانە نووسی کەسانی وەک هۆمێر و سوفوکل و ئاشیلۆس و سیسرۆ بوو بە زمانە ئەورووپییەکان و بووە هۆی ناسینی ناخودئاگای زێهنی جیهانی مرۆڤ و … یان وەرگێرانی کلیلەودەمنە لە سانسکریتەوە بۆ زمانگەل عەرەبی و فارسی .. و دەیان نموونەی تر کە بە راستی دەستکەوتگەلێکی جیهانین لە سەدەکانی نوێشدا زانست و فەلسەفەوتکنولۆژیا وهونەری خۆرئاوا گەشەیەکی سەرسوورهێنەری هەبووە و وڵاتانی دیکە تەنیا لە رێگەی زمان و وەرگێڕانەوە هەوڵیاندا لەو کاروانە نەخافڵن و وەدوا نەکەون. ئەم رەوتە بەردەوامە و زمانەکانی عاڵەم بە هوی وەرگێڕانەوە گوتارەکانی خۆیان وەشەپۆلان دەخەن و لە هەموو بابەتێک وەردەگرن و دەنێرنەدەرەوە… ئەم بزاڤە بە هەوڵ و هێمەتی دەیان کەسی وەک جەنابت لە کوردەواریدا ورێ کەوتووەو لە لایەکەوە دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی زمانەکەمان و لە لایەکی دیکەوە بەرەی ئێستا و داهاتوومان ئاشنای زۆر رێبازی نوێی دیکە دەکا لە پانتاگەل جوراوجۆری بەرینایەتی زماندا… بە داخەوە رەنگە لە بەر تازە دەستپێکردنمانەوە یان ئاشنانەبوونی باش لە سەر هەر دوو زمانی بنێر و وەرگر یان کەم دەسەڵاتی خۆمان و بە پەلە بوونمان هەنێ تێکستی وەرگێردرا و دەبینین کە مەبەستیان نەپێکاوە یان لە حاست تێکستی سەرەکی بەلارێدا چوونەو … تاد کە ئەمە ئاسایی نیە و حەتم دەبێ لە پاڵ ئەو بزاڤەدا ئاوڕ لە بزاڤی رەخنە لە سەر وەرگێرانیش بدەینەوە هەوڵی بەرئاورد کردنی تێکستەکان گۆڕوتینێکی تازەتر دەداتە بزاڤی وەرگێرانی کوردیش. بە داخەوە هەنێ لە قەلەم بەدەستان وەرگێرانیان لا ئاجووری ببانییە و بە چاوی سووکەوە لە وەرگیڕان دەڕوانن… کە کاتی خۆی وەڵامی ئەوانە دراوەتە و پێویست بە دووبارە کردنەوە ناکات بەس پێویستە ئەوە بڵێم … یەکێ لەخاڵە سەرەکییەکانی بەجیهانی بوون بزاڤی بە گۆڕ و هێزی وەرگێڕانە … لە هەموو زمانە زیندووەکانی جیهان و بە پێچەوانەوە…
پرسیار: وەک دەزانین ئەو ئەدەبیاتەی لە کوردستانی رۆژهەڵات سەری هەڵداوە خۆرسک و خۆبژیوە ئەدەبیاتێکە پشتیوانییەکی حکوومەتی و ناحکوومەتی نیە. بەڵام لە کوردستانی باشوور بارودۆخەکە بە پێچەوانەوەیە لە وێندەرێ دەیان دام و دەزگای حیزبی و حکوومی پشتیوانی لە بزاڤی رۆشنبیری دەکەن ئەم دوو دۆخە جیاوازە چ خەسار یان دەستکەوتێکی لەم دوو بەشەی کوردستان لێ کەوتۆتەوە؟
سووزەنی: هەوێنی سەرەکی بۆ وەڵام دانەوە بەم پرسیارەی جەنابت دەگەرێتەوە بو پێوەندی و ململانێ و یەکگرتن و لێکدابڕانی دوو گوتاری مێژوویی بە ناوی مەعریفە و دەسەڵات و چونیەتی خوێندنەوەی ئەو دوو گوتارە. هەنێ رووناکبیران ئەم دوو گوتارە لە هاودژایەتی یەکدیدا دەخوێننەوە و لایان وایە دەسەلات بەردەوام لە سەرکوتکردنی مەعریفەدا بووە و بەوپێیە مێژوو دەبێتە مێژووی دەسەڵاتی سەرکوتکەر و مەعریفەش بەردەوام بەرەنگاری کردوە و لەهەوڵی رووخاندن و تێکشکاندنی دەسەڵاتدا بووە … ئەمە بۆچوونێکی کلاسیکییە کە دەسەڵاتی بەس بە دەسەڵاتی سیاسی و حکوومەتی زانیوە و وەک ئەرکێکی شۆڕشگێڕانە هەوڵیانداوە هەموو مەعریفەیەک بۆ بەرەنگاری و دژایەتی ئەو جۆرە هێزە بەس لە حاڵەتی دژایەتیدا بخوێننەوە و جگە ئەوە بخەنە بەرەی دەسەڵات و دژایەتی بکەن.. فاکتی مێژوویش بۆ بەڵگەهێنانەوەی ئەم بۆچوونە سەدەکانی رەشی ناوەراستی ئۆرووپایە کە دەسەڵاتی زمانی ئایینی و سیاسی بە توندی دژی هەرچەشنە مەعریفەیەکی زەمینی دەوەستان و کوشت و بڕی رووناکبیران ئاساتی بوو.. ئەم بۆچوونە بەڵام ئەوەی لە بیرچووبوو کە دەسەڵاتی سەدەکانی ناوەراستی ئوروپا پشت ئەستوور بوو بە فەلسەفە و مەعریفەی ئەرەستوو و دەسەڵاتی زمانیی( مەعریفەی) ئایینی کلیسا و لە خۆڕا (واتە بە بێ مەعریفە) ساز نەببوو.. مێژوو بە گشتی نیشان دەدا کە دەسەڵات و مەعریفە لە هەوڵی سازکردنی یەکدیدان و بەردەوام یەکدی بەرهەم دەهێنەوە ئەمە بۆچوونی دووهەمە لە چۆنیەتی پێوەندی دەسەڵات ومەعریفە کە؛ هیچ دەسەڵاتێک بە بێ مەعریفە و هیچ مەعریفەیەکیش بە بێ دەسەڵات ناچەسپێ هەر بۆیە دەسەڵات لەم خوێندنەوەدا بەس دەسەڵاتی حکوومی و سیاسی نیە بەڵکو دەبێتە ئپیستمەیەکی زمانیی زاڵ کە رەنگە هەر لە زمانی باوکی یەکەمەوە ساز بووبێ و سەرەتا لە ناوبنەماڵەدا کاریگەری خۆی دەنوێنێ و ئێنجا لە رێگەی سازکردنی کلتوور و پەروەردەوە کۆمەڵگا دەتەنێتەوە.. لەم بۆچوونەدا گوتاری زال بەس گوـاری سیاسی ناگرێتەوە. لێرەدا دەسەڵات هێزێکی نادیارە کە تان پۆی لە دەروون و نەستی کەسایەتییەکانی کۆمەڵگادا تەنیوەتەوە و دەسەڵاتی سیاسی و حکوومی بەخواست و ئیرادەی ئەو دەسەڵاتە بەرەهەم دێ لێرەدا ئوستورەو ئایین (ناخودئاگای کومەڵ) و کولتوور و…تێکەل بە مەعریفەی سەردەم دەبن بەرەنگاری ئەو بەشەی دیکەی مەعریفە دەبنەوە کە مقاومەت و بەرەنگارییان دەکا.. ئەویش نەلە بەر ئەوهی بەگشتی چەمکی دەسەڵات رەفزبکاتەوە بەڵکوو بۆ ئەوەی بتوانی کاتی خۆی دەسەڵاتێکی دیکە سازبکا. کەوابوو ئاسایییە ئەگەر لە کۆمەڵگادا هەرچەشنە مەعریفە یەک لەگەڵ یا دژ و ناتەبا لەگەڵ هێز و دەسەڵاتێک هەبوونیان هەبێ دیارە گۆتارگەل بەسترا و هەوڵی مانەوە ئەدەن و مانەوەی خۆیان لە رەفزکردنەوە و دژایەتی گوتارگەل ئاوەڵاوکراوەدا دەبینن و بە پێچەوانەوە گوتارگەل کراوە گەشەو دەسەڵاتدارێتی خویان لە راکیش کردنی هەموو هونەر و مەعریفەی مرۆڤدا پێناسە دەکەن هونەر وئەدەبیش رەنگە لەم یاسایە بەدەر نەبێ؛ ئەگەر شاعیران لە مەعریفەی ئەفلاتوونی دەکرێنە دەرەوە بە مانای فەوتانی دەسەڵاتی هونەر و شیعر نیە و نەبوو… ئەدەب و هونە بەهۆی نواندنی خەون و خولیا و ئاواتەکانی مێژوویی مرۆڤ و ستاتیکیای دەق، دەسەڵاتێکی دیکەی زمانی ونیشانەیی ساز دەکا کە دواجار تەنانەت گوتارگەل ئایینیش هەوڵیاندا بیهێننە ژێر رکێفی خۆیان … بە تایبەت ئەم دۆخە لە کوردەواری خۆماندا بە هۆی نەبوونی دەرفەت و هێزە دەسەڵاتدارێتی زۆربەی گوتارە نائەدەبییەکانیش دەسەپێ بە سەر هونەر و بەتایبەت ئەدەبدا وئەدەبیات تەنانەت هەڵگری باری شورش و نیشتمانپەروەریش دەگرێتە ئەستۆ و دەبێتە کۆی مەعریفەکانی ئینسانی کورد و ئەمەش لەحالێکدایە کە لە رەوتی مێژووماندا (دوای شکستی یەکجارەکی مادەکان) ئێمە خاوەنی دەسەڵاتێکی ئەوتۆ نەبووینە کە پشتیوان و یارمەتی دەری ئەو بزاڤە ئەدەبییە بووبێ هەر بۆیە دەبینین لە چاو ئەو ساڵانە واتە لەوکاتەوە کوردایەتی بووژاوەتەوە و خاوەن دەسەڵاتێکی حکوومییە چ لە باری کەمایەسی و چ چەندایەتییەوە ئەدەبی کوردی گەشەی سەندوە…
لەم حاڵەدا گرینگ ئەوەیە دەسەڵاتی کوردی خۆی لە گۆتارێکی بەسراو یان کراوەدا پێناسە بکا ئەگەر دەسەڵاتی کورد خۆی لە رەوتی ژیانی شارستانی و ئازادیخوازی و دیموکراسیدا پێناسە بکا ئەرکی سەرشانیەتی پشتیوانی ئەدەب و رەخنە و هونەر و رۆشنبیری کوردی بکا تەنانەت ئەو کاتانەی دژ یان رەخنەکارانە لێی دەروانن.. دیارە لێرە کەمترین دەرفەت و لەوێ باشترین دەرفەت رەخساوە بۆوەی ئەدەب و رۆشنبیری کوردی بە گۆڕوتاوتر هەوڵی سەر بەخۆیی بدا و بۆ بەشێکی گرینگی سی کوچکەی دەسەڵات ـ رۆشنبیریی ـ خەڵک … ئەمارەت بنێتەوە و بەرەو ئاسمان هەڵکشی!
بە خوشیەوە ( بۆ وەڵام دانەوەی بەشی کۆتایی پرسیارەکەت) دەبێ بڵێم پردی پێوەندی و دەزگاکانی پێوەندی جەماوەر و دێی بچووکی جیهانی ئەم دیو و ئەو دیوی نەهێشتۆتەوە. ئەدەب و رۆشنبیری کوردیش هەمان ئەدەب و رۆشنبیری کوردییە و ئێستا دەیان پشتیوانی هەیە! خوا خۆشیان کا!
پرسیار: داهاتووی جیهانی ئەدەبی کوردی چۆن دەبینی؟ ئایا پێت وا نیە ئەدەبی کورد پێویستی بە پێدا چوونەوەیەک بە سەر بار ودۆخی شێواوی خویدا هەیە؟
سووزەنی: ئەدەبی کوردی تازە کەوتۆتە گڕوگاڵی تازەگەری و تاقی کردنەوەی رچەگەلی نوێ ونوێتر.. هێند نیە ژانرەکانی ئەدەبی هۆنەری خویان لە شیعر جوێ کردۆتەوە وهەوڵی سەربەخۆیی خۆیان وەک رەخنە، رۆمان، شانۆ، کورتە چیروک و سینەما و… ئەدەن و ئەمەش هەوڵێکی پیرۆزە و من بە گەش بینییەوە دەروانمە داهاتووی ئەدەب و هۆنەری گەلەکەمان. ئەوە تایبەتمەندی ئەدەبی هەر وڵاتێکە کە بەردەوام لە خۆی بکۆڵێتەوە و خۆی لە ژێر زەڕەبینی رەخنەدا ببینێتەوە و گومان لە هەموو دیاردەکانی دەوروبەر بکا و تەنانەت خۆشی هەڵۆەشێنێتەوە وهەوڵی کراژ خستن و نوێتر بوونەوە بدا و ئەو پێداچوونەوە تەنیا تایبەتی ئەدەبی کوردی نیە… بەڵام ئەگەر مەبەستت لەو پێداچوونەوە سازاندنی ئەدەبیاتێکە لە سەر یاسا و رێسایەکی تایبەت ئەۆە ناشێ و رێی تێناچێ بۆ وەی ئەدەب بە درێژایی مێژوو خۆی لە بازنەی ئەبێ و نەبێکان دەربازکردوە و لە چوارچێوەیەکی دیاری کراودا نابەسترێتەوە… بڵا هەموو رێگاکان بپێورێن و خوێندنەوە راڤەکاری بکرێن ـ دڵنیام ـ ئەوەی پێویستە دەمێنێتەوە بەرەومان دەڕوا… ئەوەش کە نەیپێکا دەتوێتەوە… ئینجا مەبەستت لە شێواو چیەـ ئەدەبی کوێ شێواو نیە کە ئەدەبی کوردیش وا لێ بکەین شێواوی ئەدەبیش رەنگە تعبیر لە شێوای و ئالۆزی ئەم جیهانە هەزار سیما و رەنگاڵە و فتۆشاپاوییە بێ … ئەگەر فەلسەفە و ژیانی مرۆڤ ئالۆز و شێواوە … ئەدەبیش حەتم دێقۆزێتەوە و پەل و پۆشی ئەداتێ … بۆی دامەچۆ!
پرسیار: پێوەندیی نێوان ئەدەبیات و کولتوور چۆن لێکدەدەیەوە؟ ئەدەبیاتی کوردی چی بە کولتووری نەتەوەییمان بەخشیوە و چی لێ وەرگرتووە؟
سووزەنی: کولتوور وەک بەشێکی گرینگی ئاگایی و پێشئاگایی لە فیکر و تەنانەت جەستەی نووسەر و شاعیردا تواوەتەوە و خودی ئەدەبیش لە درێژایی زەمەندا رەنگە ببێتەوە بە بەشێکی دیکەی کولتووری نەتەوەیی و بەردەوام وەک سەرچاوەیەک وایە کە ئەدەبی گەلان لێی هەڵگۆزیوە و لەفۆرم گەل جیاوازدا نواندوویەتەوە و بابەتگەل ئەدەبیاتیش زۆربەیان هەمان بابەتگەل کولتووری بوونە ئەشق ژیان مەرگ ـ شەڕوخەبات و شکست و تا دەگاتەحەکایەت و بەیت و باو زاراوە و …کە لە پرۆسەی بە دەق بوون و نێوان دقێتیدا دێنەوە پانتای ئەدەب ـ بەڵام ئەوەشمان لە بیر نەچێ ئەدەب ئەمانە وەک سەرچاوە و کەرەسە و مەتریالی خاو وەردەگرێ و تێکەڵ بە خەون و خەیاڵ و فانتازیا و رەوتی ژیانی سەردەم دەکا و رەنگە لەوەشی تێپەرێنێ…. سەیر کەن لە پێکەنینی گەداوە تا شاری مۆسیقارە سپیکان.و بیربا.. چەند لەگەڵ ئەو کەرەسە گەلە رووبەروو دەبینەوە…. باوەکوو هیچ کام لەو چیرۆک و رۆمانگەلە راستەوخۆ بەئامانجی کولتوور نووسینەوە نەنووسراون شیعریش هەروەتر … مەم و زینی خانی چەند لەگەڵ کولتووری نەتەوەیی ئێمە و دراوسێکان تێکەڵە … شیعری نالی ومەولەوی تا شێرکۆ و دواتر نوێ و نوێتر خوازان لە زور دەقی خۆیاندا لە کولتووری خۆماڵی نزیک بوونەتەوە…بە گشتی من کولتووری هەر نەتەوەیەک لە زمان دا دەخوێنمەوە ووەک دەزانن زمان وەک سێستەمێکی نیشانەیی لە نوێترین دۆخ و بەستێن و بە دەق کردندا سەرەکیترین کەرەسەی ئەدەبیاتە. کەوایە من لام وایە هەموو ئەدەبیاتی گەڵان وەک زمان بەشێکن لە فەرهەنگی نەتەوەییمان… بەو پێیە ئێمە لە هەر قۆناخێکی بە دەق کردندا وەرگر و پێدرەی کولتووری نەتەوەیی خۆمانین و ئەمەش دژایەتییەکی لەگەڵ نوێخوازیدا نیە شەهید مۆختاری گۆتەنی «ئێمە ناچارین نوێخواز بین و شایانی ئەو نوێخوازیەشین .
«دلنیا بووم «شەمێ» لای وابوو حەڵالی
یانی رووتی
شەرعیش لای ئەو یانی پرسیار…» بە ژمارەی تەلەفونەکانی عالەم
نوێخوازی بزاڤێکی بۆیڕانەیە بۆ تێپەڕین لە قوناخی فەرهەنگی نەریتی بەرە و خەلقی کولتووری شارستانی و نوێخوازان لەگەڵ ئەوەیدا کە رەخنەکاری کولتووری نەریتین بۆ سرینەوەی هەرچەشنە خورافە، وەهم، بتسازی و ئایینگەل سەیر و سەمەر وناتەبا لەگەڵ زانست و ژیانی نوێ… لە هەمان حاڵدا پردێکی پێوەندیشن لە نێوان ئەو دوو کولتوورەدا… ئاخر کولتوورش وەک هەموو دیاردەیەکی ژیانی کۆمەڵایەتی مەنگ و راوەستاو نیە و بەردەوام دەبێ لە رەوت و گەشە دابێ … ئەگینا … بەرەبەرە دەبێتە وردە فەرهەنگ و فەرهەنگی گەلانی دی دەیخۆن! من پێشتر لەسەرئەم بابەتەم نووسیوە و نامهەوێ درێژ دادری لە سەربکەم. دۆستان ئەتوانن فەرهەنگ زنجیرەی بێ کوتایی مەدلوول بخوێنینەوە و بە چاوی رەخنەوە لێی بروانن!
ــ سپاس بۆ دانیشتنەکەت!
ــ هەر بژیت و سەرکەوتوو بیت!
تێبینی:
ئەم وتووێژە پێشتر لە گۆڤاری ڕامان چاپ و بڵاو بووەتەوە.