وتووێژ لەگەڵ داستان بەرزان | چاوپێکەوتن

داستان بەرزان
مەرجە هەموو بەرهەمێکی ئەدەبی، بە بیرێکی فەلسەفیانە تێر بکرێت.

 

 

 

 

 

 

ئامادەکردنی: بەسێ بەشیر

لەم وتووێژەدا هەوڵمانداوە لەبارەی هێزی “ئەدەب و هونەر” بدوێن، هاوکات هۆکارەکانی سانسۆرخستنە سەر نووسەران و هونەرمەندان. لەپاڵیشیدا تیشکمان خستۆتەسەر بایەخی شانۆ و پەیوەندی لەگەڵ هونەر و ژانرە ئەدەبییەکان، بەتایبەت شیعر. لە کۆتاییدا لەبارەی ئەزموونی خودی شاعیر و نووسەر داستان بەرزان دواین.

بەسێ بەشیر:
ئەو هێزەی “ئەدەب و هونەر” هەیەتی لەکوێ دایە، کە تەنانەت سیاسەت و دەسەڵاتیش لێی دەترسێت و بە مەترسی دایدەنێت؟ زۆربەی کات بوونەتە هۆی بەرهەڵستی و بە سانسۆرخستنە سەر نووسەران و هونەرمەندان؟

داستان بەرزان:
کایەکانی “ئەدەب و هونەر” هەر لە سەرهەڵدانیانەوە تاکو ئەمڕۆ مەترسی بوون بۆ سەر بابەتە چەقبەستووەکان لەناو (کۆمەڵگا، ئایین، ئایدۆلۆژیا…) دەتوانین بڵێین: بەگشتی هێزی ئەم دوو بوارە گرنگەی شارستانییەت کە مرۆڤ بە تێکۆشانێکی زۆر بەدەستی هێناوە، دژی هەر کەش و هەوا و ژیانێکی وەستاوە، مرۆڤ هەر لە بوونییەوە پەی پێبردوون و بۆ دەربڕین و گوزارشت لە زاتی خۆی هانای بۆ بردوون، کەم نین ئەو دەستکەوتە مەزنانەی کە لە هەناوی ئەم بوارانەوە هاتن و ژیانی مرۆڤایەتییان ڕووناک کردەوە.
لە کوێدا ژیان تووشی مەنگی و وەستان هات، لەوێدا “ئەدەب و هونەر” کار دەکەن بۆ بەزاندنی بەربەستەکان و ئاوەڵاکردنی دەرچەی پەی پێنەبراو، بۆ ئاوەژووکردنەوەی تێگەیشتنە باوەکان و ‌نۆژەنکردنەوەی کەشە کۆنەکان بە هەوا و خولیای تازە، لە پێناو هێنانەئارای شتی نوێ و ڕووانینی دیکەدا. کەسانی ناو ئەم کایانە بەرخودانی گەورەیان کردووە و ئازاری زۆریان چەشتووە، تەنیا بەو ویستەی بیری مرۆڤ لە ئاکامی وەستان و جێگیربوون بۆگەن نەبێت و ڕوو لە وێرانبوون نەکات.
هەڵبەت کۆی ئەم کارانەی ئەدەب و هونەر لەسەر ئاستی کردەیی ئەنجامی دەدەن، بە پشتبەستن بە بواری “فەلسەفە” دەکرێت، کە لە ناوەخنی هەر کامیاندا کارایە و وەک چۆن مرۆڤ بەبێ گیان ناژی، وەهاش ئەم بوارانە بەبێ یەکدی هەڵناکەن. هەر بەرهەمێکی ئەدەبی یان هونەری بە بیری فەلسەفی پاراونەکرابن و هێزی فیکر وەک گیان لە ناخیاندا نەجمێت، هەرگیز نابنە بەرهەمگەلێکی کارا و کاریگەر و زیندوو!
“ئەدەب و هونەر”ە ناهێڵن مرۆڤ لە “پووچی و بێمانایی ژیان”دا بخنکێت یان وشک و ڕەق هەڵبێت و بەدەم ئافاتی جەهلەوە لەناو بچێت، چونکە کاری ڕاستەقینە و ڕەسەنی ئەدەب و هونەر گۆڕینی مەودا زۆروزەوەندەکەی “پووچی و بێمانایی”ە بۆ توانای بەرگەگرتن و بەپێ وەستان و مانەوە. ئاخر “ئەدەب و هونەر” دەتوانن لە بۆشاییدا مانا دروست بکەن، هێزیان هەیە شتانێک لە نەبوو بهێننە بوون، تەنانەت لە جێیەکدا هەستی دروستکەر لە کەسی “ئەدیب یان هونەرمەند”دا دێتە گۆ، وەک ئەو ساتەوەختەی پەیکەسازی جیهانی “مایکڵ ئەنجلۆ” لە کاتی دروستکردنی پەیکەری “پێغەمبەر موسا”دا درک دەکات، بۆیە دەکێشێت بە پەیکەرەکەدا و دەڵێت: ئێستا قسە بکە!
کۆی ئەمانەی لەسەرەوە باسمان کردن وادەکەن زۆرینەی کەسانی نێو کایەکانی دیکەی ژیان بە سڵکردنەوە مامەڵە لەگەڵ “ئەدەب و هونەر”دا بکەن، خۆ ئەگەر بەر دیوە سامناکەکەی بکەون و هەست بەو مەترسییە بکەن کە لەسەریان دروست دەبێت، ئەوان هەوڵی دوورخستنەوە یان ڕێگریکردن لەو دوو بوارە دەدەن.
ئەم وەڵامە کورتە بۆ باسێک کە زۆر هەڵدەگرێت بەچەند پرسیارێک کۆتایی پێدەهێنم: ئایا بەدیهاتنی “گەردوون” چییە لە ساتەوەختێکی هونەری و ئەدەبی زیاتر؟ کە دواتر “ئەدیب و هونەرمەندەکان” بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات! مەگەر بەدیهاتنی “مرۆڤ” بە هەر دوو دیدی (ئایین/ زانست) چییە لە داهێنانێکی “ئەدەبی و هونەری” زیاتر؟ کە سەرەنجام “ئەدیب و هونەرمەندەکان” سەرمەست دەکات و وادەکات بۆ هەمیشە لە ڕێگای کار و بەرهەمەکانیانەوە درێژە بە کردەی بەدیهێنان لەمیانی داهێنانەوە بدەن!
ئیدی بۆچی شتێکی سەیر بێت کاتێک کەسانێک هەبن “ئەدەب و هونەر” بە مەترسی گەورە لەسەر خۆیان و بوارەکانیان دابنێن؟

 

بەسێ بەشیر:
پێتوایە شانۆ، هونەر و ژانرە ئەدەبییەکانی تر لە خۆی کۆدەکاتەوە، وەک ماڵۆچکەیەک بۆ هونەرەکانی دی بە شیعریشەوە؟

داستان بەرزان:
قسەیەکی باو هەیە کە شانۆ وەک دایکی هونەرەکان دەناسێنێت، ئەم دیدە لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە شانۆدا تەواوی هونەرەکان وەک ڕەگەزی پێکهێنەر ئامادەییان هەیە، بۆ وێنە “موزیک و گۆرانی” وەک دوو ڕەگەزی (بیستراو) لە کۆنەوە بەشێکی سەرەکی بوون لە هونەری شانۆدا، جگە لەوەی هەریەک لە بابەتەکانی “ڕیتم و تێمپۆ” کە بە واتای “ڕەزم و کات”دێن لە شانۆدا دوو کەرەستەی بنچینەیین.
پەیوەست بە هونەری شێوەکاریی “هێڵ و ڕەنگ و فیگەر و فۆڕم” وەک بەشێکی پێویست لەسەر ئاستی (بینراو) لە میانی ڕەگەزەکانی وەک “دیکۆر، جلوبەرگ، ئارایشت و ئێکسسوار”ی شانۆییدا بەشداری دەکەن، هاوکات چەمکەکانی “کەمپۆزەیشن و سپەیس” کە بە واتای (داڕشتن و بۆشایی) دێن ڕەگەزی بەرچاون لە هونەری شانۆدا.
ئەوەی بۆ هونەرمەندی شانۆکار یەکەمین هەنگاوە و دەکرێت بە قورسترین هەنگاویشی دابنێین، تێکستی شانۆیی یان شانۆنامە لە ئەدەبدا وەک ژانرێکی سەربەخۆ هەیە و لە شانۆشدا دەبێتە کلیلی کردنەوەی یەکەمین دەرگاکانی نمایش، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بوونی گرفت و ناڕێکی لە شانۆنامەدا دەگوێزرێتەوە بۆ ناو کۆی نمایشی شانۆیی و لە زیانی تەواوی لایەنەکانی دیکەی کارەکە دەگەڕێت. بە بۆچوونی زۆرینەی نووسەر و هونەرمەندانی شانۆ شانۆنامە قورسترین ژانری ئەدەبە کە ئەگەر بێت و وەک خۆی بیناسیت زەحمەتە بە ئاسانی بیر لە نووسینی بکەیتەوە.
لە شانۆنامەدا هاوکات بەر “شیعر، چیرۆک، ڕۆمان، بیرەوەریی و یادداشت تاکو دەگات بە کۆی کایەکانی دیکەی ئەدەب و هونەر و بگرە زانستەکانیش دەکەویت” بە تایبەت شیعر چ وەک زمان، چ وەک کەش، چ وەک دەربڕین و گوزارشت بە شێوەیەکی بەرچاو لە شانۆنامەکانی زۆرینەی نووسەرە گەورەکانی جیهاندا هەیە، لە تەک ئەوەدا زۆرجار لای هەندێک دەرهێنەر شیعرییەت لە سەرجەمی پڕۆسەی دەرهێناندا بەرجەستە دەبێت، واتە لە کۆی پێکهاتەکانی وەک: کەشی نمایش، دیمەنسازی، کۆمپۆزشن و دانانی سپەیس…
شیعرییەت لە دەنگی هەندێک ئاکتەردا دەردەکەوێت جا بە ویست یان بێویست بێت، دواجار پێویستی بڕیار لەو تایپە دەنگ دەدات، لە تەک ئەوەدا شیعرییەتی جەستەی ئاکتەر دەکرێت لە هەندێک شێوازی کاری شانۆییدا پێویستییەکی گرنگ بێت، زۆریش نین ئەو ئاکتەرانەی توانای بە گەڕخستنی شیعرییەتی جەستەیان هەیە و لە کاتی خۆییدا دەیخەنە خزمەتی زیاتر گەیاندنی ساتەوەختە شانۆییەکان.
لەگەڵ هاتنی هونەری سینەماشدا شانۆ هەر زوو ئامێر و پەردەی سینەمایی ئاوێتە بە خۆی دەکات.. هەریەک لە “پسکاتۆر و پرێخت” دووان لە دەرهێنەرە دیار و سەرکەوتووەکانی ئەو زیادکردنەی سینەمان بۆ ناو شانۆ.
لەم ڕۆژگارەی ئێستادا پێویستە جۆرێکی دیکە تەماشای شتەکان بکەین، لانی کەم بە دیدی من گوزارەی (شانۆ وەک دایکی هونەرەکان) ڕەنگە ڕوانینێکی ورد و زانستی و سەردەمیانە نەبێت، چونکە لە دنیادا هەر یەکێک لە سێ هونەرە جوانەکە بە ئەندازەیەکی یەکجار زۆر فراوانییان بە خۆیانەوە بینوە، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی هونەرە مۆدێرنەکانی وەک: کۆنسێپتئاڕت، دیژیتاڵئاڕت، فۆتۆئاڕت، ڤیدیۆئاڕت، ئەنیستلەیشن، پێرفۆرمانس… گۆڕانکارییەکان زیاتر دەبینرێن. ئێستا جیاواز و خێراتر لە هەر سەردەمێک هونەرەکان بە هونەری چوارمیشەوە کە سینەمایە لەسەر زۆر ئاست ئاوێتە دەبن، نەک هەر هونەرەکان بگرە لە چەشنە هاوچەرخەکانی هونەردا کۆی کایەکانی ئەدەب و فیکر و میدیا و کولتوور یەکانگیر دەبن و لە کۆنتێستێکی نوێدا و بە شوناسێکی نوێوە کە تایبەت نییە بە هیچیان و لە ڕاستیدا هی هەمووشیانە بە کەرەستەکانی سەردەم لە شێوە و ناوەڕۆکی جیاواز لە ڕابردوو جارێکی تر خۆیان بەیان دەکەنەوە.
لەو هەمەچەشنیەی هونەرە مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەکاندا کە ڕەگەزەکانی زمان و هێما و ئاماژەکان بە جۆری دیکە کە زادەی سەردەمەکانی خۆیانن بەکاردێن و بە جۆرێک ئەرک و شوناسی ڕابردوویان بزر دەکەن، تەنانەت ئاسان نییە پێناسەیەکی جێگیر و دیارییکراو بدەیتە پاڵ هەر کام لەو جۆرە هونەرانە، چونکە خۆیان لە بنەڕەتدا هونەرگەلێکن ناجێگیر و فرەشوناس و فرەڕەهەندن و بە ئەندازەیەکی زۆر خەریکن کۆی جوگرافیا و کولتوور و نەریتەکان پێکدا دەدەن بۆ شێوە و مانای دیکە.
ئێمە ئێستا لە سەردەمی “ژیری دەستکرد”ەوە قسە دەکەین، دەرکەوتەیەکی زانستی گەورە کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا تەواوی ژیانی ژیاری و فیکری و هونەری و ئەدەبی و کولتووریی مرۆڤایەتی بگۆڕێت، ئەگەرچی جارێ بە تەواوی کاریگەرییەکانی دەرنەکەتوون، بەڵام زۆرینە وەک مەترسییەک لەسەر داهاتووی مرۆڤ دەیبینن. ئەوەتا بیرمەندێکی دیاری وەک “یوڤال نوح هەراری” لە میانی بۆچوونەکانی سەبارەت بەم دەستکەوتە زانستییەدا وایدەبینێت کە لایەنی خراپی “ژیری دەستکرد” لە “چەکی ئەتۆم” مەترسیدارترە بۆ مرۆڤایەتی.
بەهەرحاڵ سەرباری ئەوانەی ئاماژەم بۆ کردن، شانۆ تاکو هەنووکە هونەرێکی زیندووە و لە وڵاتانی زیندووی خاوەن پێگەی بەرزی کولتوورییدا ڕۆڵی کاریگەریی خۆی دەگێڕێت، پێچەوانەی دونیای ئێمە کە شانۆ زۆر کات بەشێک نەبووە لە خواستی خەڵکی، ئەمەش هۆکاری ڕیشەیی و مێژوویی خۆی هەیە، کە پێویستی بە توێژینەوەی وردی زانستی هەیە.
لەم وڵاتەی ئێمەدا دەستەڵاتێک سەردارە کە بە سیاسەتێکی ڕێکخراو بەردەوام خەریکی کوشتنی هونەر و ئەدەب و کۆی کایە ڕۆشنبیریی و کولتوورییەکانە، لە بەرامبەردا هەر ئەم دەستەڵاتە بایەخی بەرچاو دەدات بە شتگەلێکی بێناوەڕۆک و کاتی. هەمان دەستەڵات خواستێتی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا بە بابەتگەلی هیچەوە سەرقاڵ بکات و هەمووان بخاتە سەر هەوای سەرگەرمییەکی بێئامانج، لە سەرمەستییەکی گێلانەی مەترسیداردا نوقمیان بکات، ئەوەش لە تایبەتمەندییەکانی هەر سیستمێکە کە بیەوێت هەرچی ڕەسەنایەتی مرۆڤ هەیە لە ناوی بەرێت، ئاخر تەنیا مرۆڤە ناڕەسەنەکانیش بە چێژە تێپەڕ و هەڕەمەکییەکان خەنی دەبن.
ئەم سیاسەتەی دەستەڵات بێگومان بە بە پاڵپشتی کەسانی دەستەڵاتدار و دەستڕۆیشووی ئەم وڵاتە کتومت دەیەوێت نمونەیەکی بەرچاوی ئەو دیدگایە بەرجەستە بکات کە “د. ئالان دۆنۆ”ی بیریار لە کتێبی (سەردەمی پڕوپووچیی)دا باسی لێوە دەکات، دۆنۆ لەو کتێبەیدا بە خستنەڕووی چەندین تایبەتمەندیی و دیارەدەی بەرچاو لە کۆی جومگە و سێکتەرەکانی ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤدا زۆر بە وردی و باوەڕپێکەرانە مەبەستێتی ئەم سەردەمە بە سەردەمی بێبەهاکردنی شتە ڕەسەن و باڵاکان و جێگرتنەوەیان بە شتانێکی هیچ و بێبایەخ بناسێنێت، پاشان لە کۆی کتێبەکەدا ئەم بیریارە بە ئاگایی و تێگەیشتنێکی فراوانەوە خەریکی سەلماندنی پڕوپووچی سەردەمەکەیە، دیدگای ئەم پیاوە لە ئێستادا کاریگەریی زۆری لەسەر تێگەیشتنی خەڵکی هەیە.
لە ئەنجامدا هێندەی تێگەیشتنم پڕ بکات پەیوەست بە کۆمەڵگای ئێمە و ژیانی نەتەوەیەک کە هێشتا لە قۆناغی خۆناساندندایە بە جیهان، ئەوەی دەکرێت لە هەمبەر “ئەدەب و هونەر” لە داهاتوودا بە زیانی گەورە بۆ تەواوی وڵات دەگەڕێت و ئەو بایەخەدانەش بۆ شتانێکی پڕوپووچ هیچ ناخەنە سەر سامانی کولتووریی و نەتەوەیی و نیشتیمانیمان.
دواجار لای من “شانۆ” هەر هونەرە هەرە نزیکەکەیە لە دڵمەوە، کە لە پاڵ “ئەدەب”دا هێزی ژیانی لێوەردەگرم و مەبەستمە بە ڕێگای جۆراوجۆری وەک خوێندنی زیاتری ئەکادیمی و ئەنجامدانی کاری تیۆریی و پراکتیکی تێیدا بەردەوام بم، ئەگەر وەک شانۆکاریش نەکەومەوە، هیوامە بینەرێکی باشی ئەم هونەرەبم…
هیچ سەردەم و سیستمێک ناتوانێت باری شانۆ لار بکات، بەو دۆخەشەوە کە ئێستا شانۆی تێدایە لە کوردستان، ئەوەی هەیە تەنیا لاوازکردنی ئەم هونەرەیە بۆ ماوەیەکی دیارییکراو، بەڵام لە ساتەوەختێکدا ئەوە شانۆیە کە کۆی ئەو دزێوییانەی لە هەمبەری دەکرێن دەگۆڕێت بۆ جوانی باڵا و مانای گەورە. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش بڕوانە مێژووی شانۆ لە سەردەمە جیاوازەکاندا، هەر لە یۆنان و ڕۆمای کۆنەوە بۆ شارستانییەتی فیرعەونی و ڕۆژهەڵات بە گشتی… بزانە ئەم هونەرە و هونەرمەندەکانی چەندە قۆناغی سەخت و نالەبار و ناهەموواریان تێپەڕاندووە تاکو بە ئەمڕۆ گەیشتوون، لەوێوە تێدەگەیت هیچ هێزێکی مرۆیی نییە لە هێزی هونەری شانۆ کاریگەرتر.

بەسێ بەشیر:
هەم ئەدەبیاتی گێڕانەوە (وەک: چیرۆک و ڕۆمان) هەم ژانری شیعر دەنووسی، ئەم ئاوێتەبوونە چۆنە؟ (بێگومان ئەمە لای نووسەرانی تریش بوونی هەیە، کەوا لە ژانرێک زێدەتر کاردەکەن) پێتوایە لە کامیان وەک نووسەرێک توانیوتە بە ڕەهایی ئەوە بڵێی کە دەتەوێت؟

داستان بەرزان:
لە بەشی کۆتایی پرسیارەکەتەوە دەست دەکەم بەوەڵامدانەوە، ئەویش ئەو ڕاستییەیە کە من هەتاکو هەنووکە هەستێکی وەهام نییە لە هیچ کام لەو کایانەی کاریان تێدادەکەم ئەوەم نەگوتووە کە دەمەوێت، هەڵبەت ئەمە هەم سوود هەم زیانی بۆ خۆم هەیە، سوودەکەی لەوەدایە کە مرۆڤ کاتێک هەست دەکات ئەوەی دەیەوێت وتوویەتی یانژی ئەنجامی داوە، ئیدی دەبێت بیر لە وەستان و دوورکەوتنەوە بکاتەوە و چیتر خۆی خەڵکیش ماندوو نەکات. ئەگەرچی من هەرگیز واینابینم خەڵکانێک چاوەڕێی من یان هەر نووسەرێکی دیکە بن تاکو شتیان بۆ بنووسێت، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت هیچ ڕێگا نەدەیت وەرگر یان خوێنەری کارەکانت تووشی دۆخێکی وەستاو بکەیت، بەوەی لە ئاکامی ئەو هەستەی کە دەڵێم ئەگەری هەیە ساڵانێکی زۆر تێپەڕن و تۆ هەر خەریکی خۆدووبارەکردنەوەی ئەو شتانە بیت کە لە ڕابردوودا کردووتن، هەڵبەت نموونەی ئەم جۆرە لە نووسەر و هونەرمەند لە دنیای خۆماندا زۆرن…
لەبەر ئەوە نەبوونی هەستێکی وەها ڕەنگە ڕۆڵی هەبێت لە بەردەوامیدان بە کارەکانت، دیارە وەک وتم ئەگەر لە باری خۆدووبارەکردنەوەدا نەبیت… ئەویدیکەی کە وەک لایەنی نەرێنی دەکەوێتەوە، لە ئاکامی نەبوونی ئەو هەستە ئەوەیە کە ڕەنگە کەسی نووسەر لە میانی نووسینەوە بیەوێت دید و ئایدیا و ڕونینی خۆی بەیان بکات، لێ لە وەها دۆخێکدا زەحمەتە چێژی گەیاندنی ئەوەی دەتەوێت بە خودی خۆت بگات. هەرچەندە جاروبار لێرە و لەوێ خوێنەرانێکی ورد و بە سەلیقە هەن کە لەمیانی بۆچوونیان سەبارەت بە بەرهەمێکت تێدەگەیت بڕێکی زۆری لەوەی هەیە و مەبەستت بووە نزیک وەک خۆی گەیشتووە، وەک چۆن خوێنەریش هەیە لە ئاکامی خوێندنەوەی کارەکان تووشی جۆرێک لە هەڵەتێگەیشتن دەبێت و لە جێی خۆیەوە لە پای ئەو هەڵەتێگەیشتنە هەڵوێست وەردەگرێت، بە تایبەت بۆخۆم لە ئەنجامی چەند کتێبێکی چاپکراوم ڕووبەڕووی ئەو جۆرە خوێنەرانەبووم، لە ناویاندا نووسەرێکی ئازیز بوو کە سەرلەبەری چیرۆک و بەسەرهات و ڕووداوەکانی هەردوو کتێبی ( ١٩٨٧ و بەرلین…)ی وەک ڕاستی وەرگرتبوو بە جۆرێک پێی وابوو چۆن دەبێت من دیدێکی وەهام هەبێت بۆ ژن؟ یان ئاخۆ هەر بەڕاستی چوویت بۆ بەرلین و لەوێ هاوسەرێکی وەهات هەبووە؟ ئەمە لە کاتێکدا ئەو دوو کتێبە چەندینجار قسەیان لەبارە کراوە بە تایبەت لە لایەنی ژانرەکانیان کە من بە یادداشتەڕۆمان ناوزەندم کردوون، مەبەستمە بڵێم ئەو پڕۆژەیە کە پێکهاتووە لە سێ کتێب و بەم نزیکانە دوا کتێبیان بڵاودەبێتەوە، هەوڵێکە بۆ تواندنەوە و شێواندنی ژیانی تایبەتی لەپێناو ئەوەی ببێتە کەرەستەیەکی ئەدەبی، نەک یادداشتێکی پەتی ڕۆژانە یان بیرەوەرییەک کە بە متمانەوە تۆمار کرابێت…
سەبارەت بە بەشی سەرەتای پرسیارەکەشت بۆ من هەریەک لەو ژانر و بوارانەی ئاماژەت پێداون جیاوازییەکی ڕیشەیی وەها لە نێوانیاندا نییە تاکو زەحمەت بێت لە یەک دەمدا کاریان تێدا بکەیت، ئەوەی هەیە و پێویستە لە بارەیەوە ئاگاداربیت ئەو تایبەتمەندییانەن کە لەنێو کایەی ئەدەبدا ژانرەکانی پێدەناسرێتەوە، کە من بۆخۆم بە وریاییەوە جیاوازییان دەکەم. وەک چۆن لە هەندێک باردا دیسان بە ئاگاییەوە خەریکم لە میانی تێکەڵکردن یان ئاوێتەکردنیانەوە یارییەکی بەچێژ بۆ خۆم دەسازێنم کە زۆرجار بە چێژ و جۆرێک لە جیاوازیش لای خوێنەر دەکەونەوە، بە تایبەت بۆ منێک کە دەرچووی شانۆم و ئەو هونەرە ساڵانێکە سەرچاوەی فیکریی و بوای خوێندن و خوێندنەوەمە، وایکردووە لەگەڵ ئەو ژانرانەی ئەدەب بڕێک جار ڕەگەزەکانی ژانری شانۆنامەش لە کارەکاندا شوێنی خۆیان بکەنەوە. ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی تەکنیک کەڵکێکی زۆر لە کۆی هونەرەکان و بە تایبەت شانۆ دەبینم لەنێو بەرهەمە ئەدەبییەکانمدا، بە ئەندازەیەک هەندێک لە خوێنەر پێیان وایە ئەوانەی وەک شیعر نووسیوومن بە جۆرێک لە هەناوی شانۆوە هاتوون دەکرێت بکرێنە کارێکی نمایشی، چەند هەوڵێکی لە شێوەیەش لە ڕابردوودا هەبوون بۆ بە شانۆکردنی هەندێک لە شیعرەکان، ئەگەرچی لای خۆم تێکستی شیعریی زۆر بە زەحمەت دەکرێتە تێکستی نمایشی، بەڵام دواجار توانای ئەو کەسەی بەو کارە هەڵدەستێت ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت. لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم: بۆ منێک کە هونەر و نووسین دوو کایەی سەرەکین لە ژیانمدا دیمەنێکی شانۆیی نادەم بە هەرچی هەیە لە خەونی سەرمایەی زۆر و ژیانی لوکس و پۆز و لافلێدان بە پێگە و پلە و پایەوە، ئەوەی خەڵکی ئامادەن باجی گەورەی بۆ بدەن لە دەستکەوتی ماددی و دەستەڵات قسر و قەمەرەی گرانبەها لای من هیچ نین و بۆ یەک چرکەش لە بیرمدا نین، بەمەرجێک کتێب و موزیک و شیعر و تابلۆ و فیلم هەبن… وشە و خەون و بەردەوامی هەبن، بە مەرجێک ئەو ئازادییە هەبێت کە هونەر دەیبەخشێت بەو کەسانەی بە گیانێکی هونەرمەندای بێگەردەوە کاری هونەری دەکەن…

کورتەیەک لە ژیان و کار و چالاکییەکانی نووسەر و شاعیر: داستان بەرزان
– لە دایکبووی گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانییە.
– دەرچووی پەیمانگا و کۆلێژی هونەرەجوانەکان/ بەشی شانۆ/ لقی دەرهێنان.
– ئێستا خوێندکاری ماستەرە لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدین.
– کاری دەرهێنانی بۆ چەند نمایشێکی شانۆیی کردووە.
– سەرپەرشتیاری “گروپی شانۆی گۆدۆ”یە.
– خاوەنی ١٥ کتێبی چاپکراوە لە بوارەکانی: شیعر، چیرۆک، ڕۆمان، یادداشتەڕۆمان، تیۆری شانۆیی و ڕۆژنامەوانی…
– بەشداری چەندین فێستیڤاڵی ئەدەبی کردووە و “خەڵاتی یەکەمی چیرۆک”ی لە فێستیڤاڵی ئەدەبی لاوان و “خەڵاتی دووەمی شیعر”ی لە فێستیڤاڵی گەڵاوێژدا وەرگرتووە.
– مامۆستای هونەرە لە “ئامادەیی شێخ مەحمودی نەمری کوڕان” لە شاری هەولێر.
– نوێترین بەرهەمی یادداشتەڕۆمانێکە بە ناوی “سەرهەڵگرتن” لەلایەن “ناوەندی یاسەمین”ەوە بەمزووانە چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا