“ئیدوارد سەعید” و “ژان‌پۆل سارتر” لە ئاپارتمانی “میشێل فۆکۆ”دا | ئیدوارد سەعید

ئیدوارد سەعید

وەرگێڕانی: یوونس رەزایی

 

“ژان‌پۆل سارتر” كە‌ سە‌ردە‌مێك ناسراوترین رووناكبیر بوو، تا ماوە‌یە‌ك لە‌وە‌پێش، لە‌بە‌رچاو كە‌وتبوو و ئاوڕێ وێ نە‌دە‌درا. ماوە‌یە‌ك پاش مردنی لە‌ ساڵی ١٩٨٠ بە‌و ھۆیە‌ی چاوی بە‌ رووی “گوولاگ”ـە‌كانی شووڕە‌وی دا نووقاندووە، كە‌وتبووە‌ بە‌ر ھێرش ‌و تە‌نانە‌ت ئێگزیستانسیالیسمه مرۆڤ‌خوازە‌كە‌شی بە‌ ھۆی خۆش‌بینی و داوتە‌ڵە‌ب‌تە‌وە‌ری و پانتا پڕ لە‌ كە‌ف‌وكوڵە‌كە‌ی گاڵتە‌ی پێ دە‌كرا. دوو تاقم تێكڕای چالاكیی سارتریان بە‌ سووكایە‌تی دە‌زانی: یە‌كیان بە‌ناو فیلسووفانی نوێ(١) بوون كە‌ دە‌ستكەو‌تە‌ كە‌م و كورتە‌باڵاكە‌یان بە‌ ھۆی قسە‌ی توند و تیژ و دژە‌كۆمۆنیستی‌یە‌وە،‌ سە‌رنجی خە‌ڵكی رادە‌كێشا، دووە‌م “پاش‌پێکھاتە‌خواز” و “پۆست‌مودێڕنە‌كان” كە‌ جگە‌ لە‌ چە‌ند كە‌سی ھە‌ڵوارتە‌یان، تووشی خۆبە‌زل‌زانی‌یە‌كی سە‌یری پسپۆڕانە‌ ببوون، کە لەگەڵ پۆپۆلیسمی سارتر و سیاسەت‌کاریی قارەمانانە و خەڵکینەی ئەو دژ دەوەستان.

بەربڵاوی کاری سارتر وەک رۆمان‌نووس، گۆشەنووس، شانۆنامەنووس، ژیان‌نامەنووس، فیلسووف، رووناکبیری سیاسی و چالاکی بە کردەوە، بە جێی ئەوەی زۆر کەس بەرەو خۆی راکێشێ دەیپرنگاندنەوە. لە ناو پێشەنگ و رابەرە(٢) فەڕانسەوی‌یەکان زیاترین گەڕانەوە بۆ سەر گوتە و نووسینەکانی ئەو بوو، بەڵام لە ماوەی بیست ساڵ‌دا، وای لێهات کەم‌تر لە هەموو کەس دەخوێندراوە و شی‌دەکراوە. هەڵوێستی بوێرانەی لەمەڕ ئەلجەزایر و وییه‌تنام لە بیر چوونەوە، هەروەها ئەو بەرهەمانەش کە له لایەن ژێر دەستەکانەوە نووسیبووی، لە بیر کران. ئامادەیی بە کەف‌وکوڵی وەک رادیکاڵێکی مائۆئیست لە خۆپێشاندانەکانی خوێندکاری ساڵی ١٩٦٨ـی پاریس و هەروەها زاڵ‌بوونی سەرسوڕهێنەری بە سەر ئەدەبیات‌دا، بردنەوەی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات کە وەریشی نەگرت(هەموو پشت گوێ خران). ئەو بوو بە سێلێبریتی و کەسایەتی‌یەکی ماوەبەسەرچووی ناو زڕاو. هەڵبەت جگە لە هەرێمی ئینگلیسی زمانان‌دا، کە قەت فەلسەفەکەیان بە هەند وەرنەگرت و بە خۆبەزل‌زانییەوە ئەویان بە رۆمان‌نووس و بیرەوەری‌نووس دەناسی و جار جاریش بە سەرنج راکێشیان دەزانی و پێیان وابوو ئەوەندی پێویستە دژە کۆمۆنیسم نەبووە و (لەسەر ئەو بڕوایەش بوون) لە سەرنج‌ڕاکێشی وکارتێکەری‌دا بە کامۆ ناگاتەوە و لە توانایی و داهێنانیش‌دا هەر زۆر لەو لەپاشە.

پاشان وەک هەر دیاردەیەکی دیکەی فەڕانسەوی، مۆد دیسان گۆڕا بۆوە. دەوران گەڕاوە و بەلای ویدا بای داوە. یان لانی‌کەم دەتوانین دوورادوور بڵێین زەمان وا گۆڕا. چەند کتێبێکیان لە سەر نووسی. ئەو سەرلەنوێ (بە شێوەیەکی کاتی) بۆوە بە سووژەی قسە و باسەکان، ئەگەرچی پێم‌وایە خوێندنەوەیەکی ورد و باش بۆ بەرهەمەکانی نەکرا. لای بەرەی ئێمە ئەو هەمیشە بە یەکێک لە قارەمانانی گەورەی رۆشنبیری سەدەی بیست هاتووەتە ئەژمار. پیاوێک بوو کە تێگەیشتن و توانایی بیری، لە بەرژەوەندی هەموو ئاواتە مەزن و پێشکەوتن‌خوازەکانی سەردەمی ئێمەدا بووە. بەڵام نە سەر بە رەچەڵەکی پاکان بوو و نە لە تیرەی پێغەمبەرەکان. بەڵکوو ئەوەی لە سارتردا پەسنمان دەدا، تەقەللاکانی بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخە جیاوازەکان و بە پێی پێویست هاودڵی و یەک‌گرتوویی لەگەڵ ئاڕمانجە سیاسی‌یەکان بوو. خۆبەزل‌زانی و بە لاڕێداچوون لە مەڕامی‌دا نەبوو، تەنانەت ئەگەر تووشی هەڵە و زێدەڕۆییش بایە. دەتوانم بڵێم ئەوەی نووسیوێتی بە هۆی بوێری لە رادەبەدەری، ئازاد بوونی، تەنانەت ئازاد بوون لە درێژنووسینیش‌دا و بە هۆی بەخشار بوونی رووحی‌یەوە جێگای سەرنجە.

جگە لە هەڵوارتەیەکی ئاشکرا، کە پێم‌خۆشە لێرەدا شی بکەمەوە. دوو باسی سەرنج‌ڕاکێش و دڵ‌ساردکەرەوە لە مەڕ سەفەری بۆ میسر لە ساڵی ١٩٦٧‌ـدا، کە مانگی پێشوو لە حەوتەنامەی ئەلئەهڕام‌دا بڵاو کرایەوە، بووە هۆی ئەوەی دەست بەو نووسینە بکەم. یەکیان چاو خشاندنە بە سەر کتێبی ماوەیەک لەمەوبەری “هێنری لێوی” لەمەڕ سارتر و ئەوی دیکەیان چاو گێڕانێکە بەسەر گێڕانەوەی کۆچ‌کردوو “لوتفی ئەلخەوالی” لەو چاوپێکەوتن و دانیشتنە. (ئەلخەوالی رووناکبیرێکی لێهاتوو بوو کە لەو دانیشتنەدا یەکێک لە خانەخوێیەکان بوو). ئەزموونی تاکەکەسی و تاڵی من لە سارتر رووداوێکی زۆر بچووک بووە لەو ژیانە مەزنەدا، بەڵام بە هۆی تانەهەڵگر و تاڵ‌بوونی، جێی خۆیەتی قسەکە بورووژێندرێ.

سەرەتای ژانوییەی ١٩٧٩ بوو. من لە ماڵەکەی خۆم لە نیۆیۆرک، خۆم بۆ یەکێک لە پۆلەکانم تەیار دەکرد. دەنگی زەنگ وەخۆی هێنامەوە. هەواڵی گەیشتنی تێلگڕافێکی پێدام. کاتێک کردمەوە بە دڵ‌خۆشی‌یەوە دیتم لە پاریسەوە هاتووە. “سەردەمە نوێیەکان”(٣)  بۆ کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناوین بانگێشتنت دەکا بۆ پاریس، رۆژانی سێزدە و چاردەی ماڕس لێرە بن. تکایە وڵاممان بدەنەوە. سیموون دۆبوار و ژان‌پۆل سارتر”. سەرەتا پێم‌وابوو گاڵتەیە.(چون ئەوە) جیاوازی‌یەکی نەبوو لەگەڵ ئەوەی “کازیما” و “ریشارد واگنێر” بانگێشتنی “بایرۆیت”یان کردبم یان “تی‌ئێس ئیلیووت” و “ویرجینیا ڤۆلف” بانگێشتنیان کردبێم کە پاش نیوەڕۆیەک لە ئۆفیسی گۆڤاری “دایال” بیانبینم. دوو رۆژ رابرد تا بە پرس‌وجۆ لە چەند هاوڕێیەک لە راستیی بانگێشتنەکە دڵنیا بم و ماوەیەک دواتر وڵامی چوونی بێ ئەملاوئەولام دانەوە. واتە دوای ئەوەی زانیم چۆنەتی ئامادە بوون و باسی تێچووی سەفەرەکە، لەلایەن فەڕانسەوی‌یەکانەوە لەئەستۆی سەردەمە نوێیەکانە، هەمان گۆڤاری مانگانەی کە سارتر پاش شەڕ دایمەزراندبوو. چەند حەتوو دواتر بەرەو پاریس وەڕێکەوتم.

سەردەمە نوێیەکان رۆڵێکی بێ وێنەی لە ژیانی رووناکبیری فەڕانسە و دواتر ئەورووپا و تەنانەت جیهانی سێهەمیش‌دا گێڕابوو. سارتر کۆمەڵێک لە بلیمەت و زەین درەوشاوەکانی لە دەوری خۆی کۆ کردبۆوە. هەمووشیان هاوڕای نەبوون: ئاسایی‌یە کە یەکیان “دۆبوار” بوو. دژبەری گەورەی “ریمۆن ئارۆن” فیلسووفی هەڵکەوتە و هاوپۆلی خۆی لە قوتابخانەی موریس مێرلۆپۆنتی(کە چەند ساڵ دواتر ئەو گۆڤارەی بەجێ‌هێشت)، یەکیان “میشێل لیریس” کە گەل‌ناس و ئافریقاناس و تیۆری‌داڕێژێکی لە زەبر بوو. هیچ بابەتێکی گرینگ نەبوو سارتر و بازنەی دەوری سەنگ‌وسووژنی نەدەن. بۆ وێنە شەڕی عەڕەب و ئیسڕائیل؛ لە ساڵی ١٩٦٧دا کە ژمارەیەکی قەبەی سەردەمە نوێیەکانیان بۆ تەرخان کردبوو. ئەو ژمارەیەش بوو بە هەوێنی توێژینەوەیەکی بە پێز بە پێنووسی “ئای ئێف ئیستۆن”. ئەو ماجەرایە بۆخۆی بوو بە هانەیەکی گرینگ بۆ سەفەری پاریس.

کاتێک گەیشتمێ نامەیەکی کورت و رازاوی لە لایەن سارتر و دۆبوار لە هوتێلێک کە لە گەڕەکی لاتینی‌یەکان گرتبووم چاوەڕوانم بوو. پەیامی نامەکە ئاوا بوو: “بە هۆکاری ئەمنی، کۆبوونەوەکان لە ماڵی “میشێل فۆکۆ” بەڕێوەدەچێ”. وەکی دەبوو ناونیشانێکیان بۆ نووسیبووم. بەیانی سبەی گەیشتمە ئاپاڕتومانەکەی فۆکۆ. دیتم لەوێ چەند کەسێک -هەڵبەت بە بێ سارتر- خەریکی پیاسەن. کەس بۆی روون نەکردینەوە ئەو هۆکارە ئەمنی‌یە شاراوەیە چ بوو کە شوێنی کۆبوونەوەکانی گۆڕی، بەڵام هەر لە رێوە کەش‌وهەوای بیری پیلان باڵی وەسەر بەرنامەکان کێشا. دۆبوار بە سەروێنە ناسراوەکەیەوە لەوێ بوو، قسەی بۆ تامەزرۆکانی دەوربەری دەکرد و دەیگوت: بڕیارە لەگەڵ “کیت میلت” سەفەرێکی تاران بکا. مەبەستی ئەوەیە لەوێ بە دژی چارشێو رێ‌پێوان وەڕێ بخا.(٤) تێکڕای ئەو بیر و بۆچوونەم بەلاوە خۆ بەزل‌زانانە و گەمژانە بوو.

نازانم سارتر چەندە لە باسەکان تێگەیشت، بەڵام من و بەشداربووانی دیکەش زۆرمان پێ سەیر بوو؛ ئەو رۆژی یەکەم متەقی لە خۆی بڕی و هیچی نەکوت. ئەگەرچی زۆر تامەزرۆبووم قسەکانی دۆبوار ببیستم، بەڵام کە بەرزەدەماخی‌یەکەیم دیت، زانیم ئەوێ جێگای باس و را گۆڕینەوە لەگەڵ ئەو نییە. جگە لەوەش سەعاتێک دواتر، راست بەر لە هاتنی سارتر رۆیشت و ئیتر نەماندیتەوە.

فۆکۆ بێ سێ‌ و دوو، بۆی روون کردمەوە ئەو قورسایی‌یەک ناخاتە سەر باسەکانی ئەو سیمینارە و هەر لەوێوە یەک‌ڕاست دەچێ بۆ کتێب‌خانەی نەتەوەیی، تا به بەشە توێژینەوەی رۆژانەی خۆی رابگا. دڵخۆش بووم کتێبەکەم واتە “سەرەتاکان”م(٥) لە تاقەی کتێب‌خانەکەی‌دا دیت؛ کە دارماڵ بوو لە وتار و ژۆرنال و … رێک‌وپێک و جوان لای یەک ریز کرابوون. ئەگەرچی قسە و باسێکی میهرەبانانە و خۆشمان بوو، بەڵام ماوەیەکی دوور و درێژی بەسەردا تێپەری، واتە دەیەیەک پاش مەرگی بوو تێگەیشتم کە بۆچی ئەوەندە لە باسی رۆژهەڵاتی ناوین خۆی دەدزییەوە. “دیدیە ئیریبۆن” و “جیمز میلێر” لەو ژیان‌نامانەدا کە لەمەڕ فۆکۆوە نووسیویانە، گوتوویانە: ساڵی ١٩٦٧ لە توونێس وانەی گوتووەتەوە و ماوەیەک دوای شەڕی ژووئەن، بە پەلە لەوێ بارگە و بنەی دەپێچێتەوە و دەڕوا. فۆکۆ ئەوکات گوتبووی بە هۆی ترسانی لە فیتنەی دژە جوولەکە و دژە ئیسڕائیلی ئەو سەردەم، کە دوای تێک‌شکانی گەورەی عەڕەبەکان لە هەموو شارە عەڕەبی‌یەکان رمێنی گرتبوو، لە توونێس رۆیشتووە. هاوکارێکی توونیسیشی لە زانکۆی فەلسەفەی زانستگای توونێس، لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٠، بە زمانێکی دی بۆ منی گێڕاوە؛ بە گوتەی ئەو خاتوونە، فۆکۆ بە هۆی پێوەندیی هاوڕەگەزخوازانەی لەگەڵ خوێندکارە لاوەکانی، لەو وڵاتە دەرکراوە. ئێستاش کە ئێستایە نازانم کام یەک لەو دوو هاوڕێیە راستیان دەکرد. لە کاتی سیمینارەکەی پاریس‌دا، فۆکۆ پێی گوتم تازە لە ئێران گەڕاوەتەوە و وەک نێردراوی رۆژنامەی “کرێیەرە دێلا سێرا” لەوێ بووە. لە بیرمە لە باسی ئەو رۆژانەی شۆڕشی ئیسلامی‌دا گوتی:”زۆر پڕ لە هەڵپە و سەیر و شێتانەیه”. ئەوەندەی لەبیرم بێ(رەنگە بەهەڵەش چووبم) دەیکوت لە تاران بە مووچاچ واتە پرچی بەدەڵ رواڵەتی خۆی گۆڕیوە، ئەگەرچی ماوەیەکی کورت پاش بڵاوبوونەوەی وتارەکانی، هەر زوو خۆی لەوەی باسی ئێرانە دوورخستەوە. لە پاشان و لە کۆتایی دەیەی ١٩٨٠دا بوو، کە “ژیل دلۆز” پێی گوتم، باسی فەلەستین ئەو و فۆکۆ کە رۆژگارێک نزیک‌ترین هاوڕێ بوون لێک هەڵدەبڕێ. فۆکۆ لایەنگری ئیسڕائیل بوو و دلۆز لایەنگری فەلەستین.

ئاپاڕتومانەکەی فۆکۆ ئەگەرچی زۆر گەورە بوو و زۆریش خۆش بوو، رەنگێکی سپی زۆر سەیری بوو و وە ماڵە زاهیدان دەچوو. واتە بابەتی فیلسووفێکی گۆشەنشین و بیرمەندێکی مووقڵیش، کە دەتکوت بە تەنیا لەوێ‌دا دەژی. چەند فەلەستینی و جوولەکەی ئیسڕائیلی لەوێ بوون. لە نێویان‌دا “ئیبڕاهیم دەقاق”م ناسییەوە و لەو کاتەوە بوو بە هاوڕێی خۆشەویستم لە بەیتولموقەددەس؛ “نافیز نەزال” مامۆستایەک لە “بیرزیت”، کە لە ئامریکا هەر وا وردە ناسیاوێکمان هەبوو، “یەهووشووفات هاکاربی”، کارناسی هەڵکەوتەی ئیسڕائیلی لەمەڕ زەینی عەڕەبی‌یەوە، سەرۆکی پێشووی دام‌ودەزگای هەواڵگریی چەکداریی ئیسڕائیل بووە و “گۆلدا مەئیر” دەریکردووە، چون بە هەڵە فەرمانی ئامادەباشی بە سوپا داوە. سێ ساڵ لەمەوبەر لە ناوەندی پێشکەوتووی زانستە ئاکارییەکانی زانستگای ئیستەنفۆرد، پێکەوە بووین و پێوەندییەکی وامان نەبوو. پێوەندییەکەمان بەئەدەبانە بوو، بەڵام هیچ گەرم‌وگوڕ نەبوو. کە لە پاریس چاوم پێی‌کەوت رەوتی گۆڕانی بیروڕای دەستی پێکردبوو: ئەو دەیویست هەڵکەوتەترین کۆتری ئاشتی دامەزاروەی حکوومەتی ئیسڕائیل بێ. باقی بەشداربوان زۆرتر جوولەکەی ئیسڕائیلی یان فەڕانسەوی بوون. لە دینداری زۆر ویشكەوە بگرە تا سێکۆلاری زۆر توند و تیژ. دواتر زانیمان ئەو رێ‌نیشاندەر و چاوساغی دوا سەفەری سارتر لە ئیسرائیل بووە.

لە کاتی دیاریکراو زۆر رابردبوو کە پیاوە گەورەکە وەدیار کەوت. بە دیتنی روخساری پیر و پەک‌کەوتە و لاوازی واقم وڕ ما. لە بیرمە فۆکۆم پێ ناساند، کە هیچ پێویست بەو کارە گاڵتەجاڕانەیە نەبوو. لە بیریشمە تاقمێکی بچووک لە دەست‌وپێوەندەکانی کە گۆچانی دەستی بوون، بەردەوام لە دەوری بوون. یارمەتی‌یان دەدا و کارەکانیان بۆ رادەپەڕاند. ئەو ببووە کاروباری سەرەکی ژیانیان. یەکیان زڕ کچەکەی بوو. دواتر زانیم بەرپرس و بەڕێوەبەری بەرهەمەکانێتی. پێیان گوتم ئەو بە رەچەڵەک ئەلجەزایرییە. یەکی دیکەیان “پیەر ویکتۆر”بوو. مائۆئیستی پێشوو و هاوڕێی سارتر و ناشری گۆڤاری حیزبی چەپی پڕۆلتاریا(٦) کە ئیستا دەرناچێ. ئەوە پیاوێکی تا سەر ئێسقان دیندار بوو. پێم وابێ بووەتە جوولەکەیەکی توندئاژۆ. دواتر زۆرم پێ سەیر بوو لە یەکێک لە هاوکارانی ئەو بلاڤۆکەم بیست؛ ویکتۆر لە راستی‌دا جوولەکەیەکی میسرییه بەناوی “بێنی لێوی”، برای عادڵ رەفعەت(نێ لێوی)یە. ئەویش یەکێک لەو دووکەسی ناسراو بە “جووتەی مەحموود حوسێن” بوو. کەسی دووهەمی ئەو جووتە، موسوڵمانێکی میسری بوو. ئەو دووانە لە یونێسکۆ کاریان دەکرد و بە ناوی “مەحموود حوسێن” توێژینەوەیەکی ناسراویان بە ناونیشانی “کێشەی چینایەتی لە میسر”دا(٧) نووسی و لە لایەن ماسپێرۆوە بڵاو کرایەوە. هیچ کوێی ویکتۆر لە میسرییان نەدەچوو؛ زیاتر لە رۆشنبیرێکی بەستێنی چەپ(٨) دەچوو. نیوە بیرمەند و نیوە فێڵباز. سێهەمیان “هێلفمەن بۆلۆ” بوو. ژنێکی سێ زمانە. کارمەندی ژۆرناڵ بوو. هەموو شتێکی بۆ سارتر وەردەگێڕا. ئەگەرچی سارتر ماوەیەک لە ئاڵمان بوو، نە تەنیا لەمەڕ “هایدگێر” بەڵکوو لەمەڕ “فاکنێر” و “داس پاسووس”یشەوە شتی نووسیبوو، بەڵام نە ئاڵمانی بوو و نە ئینگلیسی. ئەو خان‌ومان و بەئەدەب بوو. ئەو دوو رۆژە هەر لە تەنیشت سارتر دانیشت و بە شێوەی هاوکات، بابەتەکانی بۆ وەردەگێڕا و بە گوێی‌دا دەچرپاند. جگە لە فەلەستینی‌یەکی خەڵکی وییەن کە تەنیا عەڕەبی و ئاڵمانی دەزانی، باقی باسەکانمان بە ئینگلیسی بوو. نازانم و پێشم وانییە بزانم سارتر چەندە لە باسەکان تێگەیشت، بەڵام من و دانیشتوانی تری کۆڕەکە، زۆرمان پێ سەیر بوو ، رۆژی یەکەم هەر زمانی نەگەڕا و بێدەنگ دانیشت. “میشێل کێنتات”، سەرچاوەناسی سارتریش لەوێ بوو، بەڵام بەشداری باسەکان نەبوو، نەهار کە بە شێوەی ئاسایی کاتژمێرێک دەخایەنێ، لە رووداوێکی بە بڕوای من فەڕانسەوی‌دا، بەرنامەیەکی زۆر وەستایانە و تێروتەسەل لە رێستوورانێکی دوور لە ئاپاڕتومانەکەی فۆکۆ بەڕێوە چوو. جا چون بێ پسانەوە باران دەباری، بردنی ئەو عالەمە بە تاکسی و خواردنی خواردەمەنی‌یەکی چوار بەشی و دواتر گەڕانەوەی هەمووان، نزیکەی سێ کاتژمێر و نیوی خایاند. لە ئاکام‌دا باسەکانی رۆژی یەکەم لەمەڕ ئاشتی‌یەوە زۆر کورت بوو. ویکتۆر بابەتی باسەکانی بێ پرس‌وڕا لەگەڵ هیچ کەس(ئەوەندی من ئاگام لێ بێ) دیاری کردبوو. هەر لە رێوە زانیم ئەوە سەرەڕۆیە و بێ پرس کار دەکا. هۆکارەکەشی بێ‌گومان نزیکایەتی لەگەڵ سارتر بوو(جار جار شتێکیان بە گوێی یەک‌دا دەچرپاند) جگە لەوەش رەنگە متمانەبەخۆیی زۆر باشیشی هۆکارێک بووبێ بۆ ئەو سەرەڕۆییەی.

بڕیار بوو ئەو باسانە بێنێنە گۆڕێ: 1.بایەخی بەڵێن‌نامەی ئاشتیی نێوان میسر و ئیسڕائیل (بەرەبەری بەڕێوەچوونی کەمپ دەیوید بوو) ٢. بە گشتی ئاشتیی نێوان ئیسڕائیل و جیهان. هەر زوو دەرکەوت بابەتی کۆبوونەوەکە بردنە پێش و رانانی ئیسڕائیلە(ئەوەش) هەر ئەو باسەیە ئەوڕۆ بە ناوی “ئاسایی کردنەوە”ی دۆخ ناوی دێنن و بە کورتی باسەکە پێوەندی بە عەڕەب و فەلەستینی‌یە عەڕەبەکانەوە نییە. ٣. بابەتی بنەڕەتی‌تر؛ داهاتووی پێکەوه‌ژیانی نێوان ئیسڕائیل و دونیای عەڕەبی جیرانێتی. وێدەچوو هیچ کام لە عەڕەبەکانی ئەو کۆبوونەوەیە لەو باسە دڵ‌خۆش نەبن و بە کەیفێیان نەبێ. من هەستم کرد بە تەواوی باسی فەلەستینیان وەلاناوە. بە گشتی ئەو بابەتە بە دڵی دەقاق نەبوو و دوای رۆژی یەکەمی سیمینارەکە رۆیشت و نەگەڕاوە. رۆژ بەرەبەرە درەنگ دەبوو، وردە وردە تێگەیشتم بەر لەو قسەوباسانە بە دزییەوە زۆر باس کراوە تا ئەو سیمینارە رێکخراوە. جا ئەو سازان و باسانە بووەتە هۆی بەشداری ئەو کەسایەتی‌یانەی جیهانی عەڕەب. لە دڵم گران هات کە من لەو باسانە ئاگادار نەکراوم. رەنگە زۆر گەوج بووبم. زۆر تامەزرۆی هاتن بۆ پاریس بووبم، تا لەگەڵ سارتر چاومان پێک بکەوێ. باسی ئامادە بوونی “ئیمانۆئێل لیویناس”یش بوو. بەڵام هەر وەک رۆناکبیرانی میسری قەولیان دابوو بێن و نەهاتن، ئەویش نەهات. هەموو باسەکانمان تۆمار دەکرا و هەر زووش لە ژمارەیەکی تایبەتی سەردەمە نوێیەکان‌دا، لە سێپتامبری ١٩٧٩دا چاپ بوو. بە رای من هیچ رەزامەندی‌یەکی بە دواوە نەبوو، چون هەموومان باسی شتی ناسیاو و باومان بۆ یەکتر دەکرد و هیچ بەریەک‌کەوتنێکی فکری لە گۆڕێ دانەبوو.

بە تایبەت دۆبوار زۆری شێواندبووم. دوای کۆڵێک قسەی هیچەکە و پووچەکە و خۆبەزل‌زانانە لەمەڕ ئیسلام و حیجابی ژنان، لە هۆدەکە چووە دەرێ. لەو دەمەدا نەبوونی نەبووە هۆی ئەوەی داخی بۆ بخۆم. بەڵام دواتر بەو ئاکامە گەیشتم ئەگەر ئەو لێرە بایە گوڕوتینێکی بە باسەکان دەدا. ئامادەبوونی سارتر ئەگەر بکرێ بەو بوونەی بڵێین ئامادە بوون، زۆر سەیر پەسیڤ و ناکاریگەر و بێ‌هێز بوو. ئەو بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ تاقە یەک قسەشی بەسەر زاردا نەدەهات. کاتی نەهار رووبەڕووی من دادەنیشت. بەو رواڵەتە ئاڵۆزەیەوە، هەر ئیشتیای لە سازکردنی پردێکی پێوەندی نەبوو. پەڵەی هێلکە و سۆسی مایۆنێز بەسەر دم و چاوییەوە مابۆوە. ویستم سەری قسەی لەگەڵ بکەمەوە، بەڵام بێ‌ئاکام بوو. رەنگە کەڕ بووبێ. دڵنیاش نیم. تاپۆیەک لە سارترەکەی ساڵان رووبەڕووم دانیشتبوو. ئەو قەدوگیپاڵە شل‌وشەوێقەی باسی سەر زاران بوو، پیپ و جلە ئاساییەکانی دەتکوت کەرەسەی تەختەی شانۆیەکی کۆن و لەبیرکراون. ئەو کات من سەرقاڵی کێشەی سیاسی فەلەستین بووم. لە ساڵی ١٩٧٩دا ببوومە ئەندامی شووڕای نەتەوەیی. لە سەفەرە بەردەوامەکانم بۆ بەیرووت( کە هاوکات بوو لەگەڵ شەڕی ناوخۆی لوبنان) کە بەمەبەستی سەردانی دایکم بوو، بەردەوام عەڕەفات و زۆربەی رێبەرانی ئەو سەردەمم دەدیت. پێم‌وابوو لە هەلێکی وا هەستیار لە کێشە و رووبەڕووبوونەوەی مەرگاویمان لەگەڵ ئیسڕائیل، ئەگەر بە زمانی شیرین و نەرم بتوانم قسەیەک، بەیانییەیەک لەسارتر بۆ پشتیوانی لەفەلەستین وەدەست خەم، دەستکەوتێکی گەورەم بووە.

بە درێژایی نەهار و کۆبوونەوەی پاش نیوەڕۆش پییەر ویکتۆرم وەک دەرزیوانی ئەو سیمینارە دەهاتە بەرچاو کە هەموو شەمەندەفەرەکان و یەک لەوان سارتریش لێدەخوڕێ. جگە لەو چپە چپە رازاوییەی سەر میزەکە، سارتر و ویکتۆر هەر جار ناجارێک هەڵدەستان؛ ویکتۆر ئەو پیرەپیاوە نەحەجماوەی دەبردە سووچێک، بە پەلە پەل قسەی لەگەڵ دەکرد. سارتر یەک دووجار سەری بۆ دەلەقاند و دواتر دەهاتنەوە. لەو بەینەدا یەکە یەکەی ئەندامانی سیمینارەکە دەیانویست قسەی خۆیان بکەن، ئەوەش وای دەکرد شیکاری مەحاڵ بێ. بەڵام بە زوویی دەرکەوت بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە بردنە پێش و رانانی ئیسڕائیلە(ئەوەش) هەر ئەو شتەیە ئێستا بە “ئاسایی کردنەوە”ی دۆخ ناوی دەبەن و فڕی بە عەڕەب و فەلەستینی‌یەکانەوە نەبوو. بەر لە من چەند عەڕەب حەولیان دابوو تاقمیک لە رۆشنبیرانی پایەبەرز پێمل بکەن کە ویست و ئارمانجیان عادڵانەیە، بەو هیوایەی ببنە کەسێکی وەک “ئاڕنۆڵد توین بی” یان “شان مەک براید”. کەم کەس لەو پایەبەرزانە ئەو قسانەی بە هەند وەرگرتبوو. پێم وابوو بایەخی ئەوەی بوو ئەو قسەیە لەگەڵ سارتر بێنمە گۆڕێ. چون هەڵوێستیم لەمەڕ ئەلجەزایر لەبیر نەدەچۆوە. ئەو هەڵوێستە ئەویش بۆ پیاوێکی فەڕانسەوی، دژوارتر بوو لە گرتنی هەڵوێستێکی رەخنەگرانە دژ بە ئیسڕائیل. ئای کە هەڵەیەکی کەڵەم کرد.

لە درێژەی ئەو باس و قسە زل و بێ کەڵکانەدا، دیتم ئەوە بەردەوام وەبیر خۆم دێنمەوە هاتوومەتە پاریس هەتا گوێ بۆ قسەکانی سارتر رادێرم، نەک ئەو کەسانەی لەوە پێش بیر و رایەکانیانم دەزانی و پێشم گرینگ نەبوون. هەر بۆیە پەڕیمە نێو باسی نزیکە و خۆرنشینەوە و پێداگریم کرد کە هەر ئێستا دەبێ سارتر قسە بکا. دەست‌وپێوەندەکەی شڵەژابوون. سیمینارەکە راگیرا تا بەپەلە بیروڕا بگۆڕنەوە. ئەو ماجەرایە لە روانگەی منەوە هەم گاڵتەجاڕانە بوو هەم بەزەیی هێن، بە تایبەت کە سارتر هیچ رۆڵێکی لەو بیروڕا گۆڕینەوانەدا نەبوو. سەرەنجام پییەر ویکتۆر کە ناڕەزایەتی لە روخساری دەباری، بانگی کردینەوە بۆ سەر میزی دانیشتن و بە شکۆی سەناتۆڕێکی رۆمی‌یەوە گوتی: “سبەینێ سارتر قسە دەکا”. ئێمەش هەموو بە خۆشی بەرنامەی سبەی بەیانی‌یەوە کۆڕەکەمان بە جێ هێشت.

دەی هەڵبەت سارتریش قسەیەکی هەبوو بۆمانی بکا: دوو لاپەڕەیەکی تایپ‌کراوی ئامادەی پێبوو، ئەوەندی بیرەوەری بیست ساڵ لەمەوبەرم یارمەتیم بکا ئاوا بوو؛ بوێری ئەنوەر ساداتی بە قێزەون‌ترین شێوە ستایش دەکرد. لە بیرم نییە باسێکی وای لەمەڕ فەلەستین، یا هەرێمەکەیان یا رابردووی پڕ لە کارەساتیان هێنابێتە گۆڕێ. دڵنیام لە کوولەکەی تەڕیش‌دا باسی شارۆچکە کلۆنیالیستەکانی نەکرد کە لە زۆر بوارەوە هاوشێوەی رەوتی فەڕانسەوی‌یەکان لە ئەلجەزایر بوون. زانیاری بەخشیی ئەو دەقە بە قەت گوزارشێکی تەلەفوونیی رۆیتێڕز بوو، دیاریش بوو ویکتۆر نووسیوێتی تا سارتر کە لە ژێر دەستەڵاتی ئەو دابوو، لەو کێشەیە رزگار کا. تێک‌ڕووخام کە دیتم ئەو قارەمانەی رووناک‌بیری، لە ساڵانی کۆتایی تەمەنی‌دا بۆتە دارەدەستی موڕشیدێکی دواکەوتوو، ئەو دلاوەرەی پێشوو کە ئاڵاهەڵگری زوڵم‌لێکراوان بوو، باوترین پێداهه‌ڵگوتنی رۆژنامەنووسانە بۆ رێبەرێکی میسری کە پێشتریش ناسروای هەموو خەڵک بوو دەکار دەکا و بۆخۆی قسەی پێ نەماوە. باقی ماوەی رۆژ سارتر دەستی کردەوە بە بێدەنگی‌یەکه‌ی خۆی. من وەبیر چیرۆکێک کەوتمەوە، کارم بە راست و درۆکەی نییە. گۆیا سارتر بیست ساڵ لەمەوبەر دەچێتە دیدەنی “فانوون” کە بە هۆی شێرپەنجەوە لە رۆم  لە توێی نوێنی مەرگ دایە. شازدە کاتژمێر بێ‌وچان باسی ماجەرای دڵهەژێنی ئەلجەزایری بۆ دەکا. وای لێدێ سیموون پێملی دەکا تەواوی کا و کۆتایی بە قسەکانی بێنێ. ئەو سارترە تازە بۆ هەمیشەی ماڵاوایی لێکردووین.

چەند مانگ دواتر کە دەقی دابەزیوی قسەوباسەکانی سیمینارەکە بڵاو بۆوە، هەر ئەو کورتەباسەی سارتر کورت‌تر و بێ‌تانەتر کرابوو. نەمزانی بۆچی و حەولیشم نەدا بزانم بۆ. ئێستاش ئەو ژمارەی سەردەمە نوێیەکانم هەیە کە قسەی هەموومانی تێدایە. ئێستاش نەمتوانی خۆم پێمل کەم جگە لە پوختەی چەند بابەت، نووسراوەی هیچیان بخوێنمەوە. ئەو لاپەڕانە بە رای من زۆر بێ رووح و بێ کەڵکن. من هەر بەو هەستەوە بۆ بیستنی قسەکانی سارتر چووم بۆ پاریس کە سارتر بۆ میسر بانگێشتن کرابوو، واتە بۆ دیدار و قسەوباس لەگەڵ رووناک‌بیرانی عەڕەب، ئاکامی هەر دووکیشیان هەر شتێک بوون. جگە لەوەی کە لە دیداری من و سارتردا دەم‌ڕاستێکی خوێن‌تاڵیشمان لە نێوان دابوو. پییەر ویکتۆر کە وەکی شیاوێتی کەوتە گێژاوی لە بیر چوونەوەوە. ئەو کات پێم وابوو وەک “فەبریس”م(٩) لێهاتووە، کە ناسەرکەتوو و بێ هیوا بۆ شەڕی “واترلۆ” چوو.

(ئەگەر سارتر بە پیریش هەر وەک ساڵانی پێشووی بایە: دەبووە هۆی بێ هیوایی یەکە یەکەی ئەو عەڕەبانەی ستایشیان دەکرد)

خاڵیکی دیکەش کە دەبێ باسی بکەم ئەوەیە؛ چەند حەوتوو لەمەوبەر بەشێک لە بەرنامەی “چێشتی مجێۆری کولتووری”م(١٠) دەدیت، بەرنامەی وتوێژی حەوتانەی “بێرنارد پیو” کە لە تەلویزیۆنی فەڕانسەوە بڵاو دەبێتەوە و ماوەیەک دواتر لە ئامریکا دەچێتە سەر ئانتێن. بابەتی ئەو بەرنامەیە چ بوو؟ زیندوو کردنەوەی بەرە بەرەی سارتر پاش مردنی، لە جەنگەی دەوامەی ئەو رەخنانەی ئاراستەی تاوانە سیاسییەکانی دەکرێن. “بێرنارد هێنری لییەوی” کە لە باری چەشنی بیر و بوێری سیاسی‌یەوە، رەنگە باش‌ترین نموونە بۆ جەمسەری دژی سارتر بێ، دەیویست بەرهەمێکی توێژینەوەیی خۆی لەسەر ئەو فیلسووفە پیرە بناسێنێ.(لێتان ناشارمەوە نە خوێندوومەتەوە و نە بەو زووانەش خەیاڵی خوێندنەوەیم هەیە).

لییەوی بە راوێژێکی ئاغایانە و نۆکەر لاوێنانەوە گوتی: سارتر ئەوەندەی دەشڵێن خراپ نەبووە. چون شتی واشی بووە کە بۆ ستایش ببێ و لە چوارچێوەی بنەماکانی نەزاکەتی سیاسی‌دا بگونجێ. بە بڕاوی لییەوی رەخنەیەکی پوخت و باش لە سارتر ئەوەیە کە هەمیشە لەمەڕ کۆمۆنیسمەوە تووشی هەڵە بووە(هەر ئەو رەخنەیەی پۆل جانسۆن کردییه وێردی سەر زاران و ئێستا پیاو بێزی لێی هەڵدەستێ). جا لییەویش دەیویست بەو قسەیەی ئەو رەخنەیە قەرەبوو کاتەوە. لییەوی گوتی: “بۆ وێنە پێشینەی سارتر لە بابەت ئیسڕائیلەوە هیچ کەم‌وکووڕی‌یەکی نییە، ئەو قەت پێی خوار دانەنا و هەمیشەش پشتیوانی تەواوی دەوڵەتی جوولەکە بووە.”

بە زۆر هۆ کە قه‌تیش نازانین چن، سارتر بە راستی لە سەر لایەنگری لە سەهیونیسم پێداگر بوو. نازانم و ناشتوانم بزانم هۆکارەکەی چ بووە: دەترسا بە دژە جوولەکە بناسرێ، یان لەبەر هۆلۆکاست و هەست بە تاوان کردن بوو، یان دڵی رازی نەدەبوو فەلەستینی‌یەکان بە قوربانی بێ عەداڵەتی ئیسڕائیل و راپەڕیو بە دژی ئەوان بزانێ. تەنیا دەزانم لە سەردەمی پیری‌دا، دەتکوت ساڵانی پێشوویەتی: مایەی بێ هیوایی یەکە یەکەی ئەو عەڕەبانەی ستایشیان دەکرد، هەڵبەت جگە لە ئەلجەزایری‌یەکان. “بێرتڕاند راسێل” بێ‌گومان لە سارتر باش‌تر بوو، لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی‌دا هەڵوێستی رەخنەگرانەی بە دژی سیاسەتەکانی ئیسڕائیل لە بەرانبەر عەڕەبەکان نواند(ئەگەرچی “راڵف شوونمان”، هاوڕێێ پێشوو و هاوپۆلی کۆنی لە پرینستۆن ئەو رێیەی خستە بەر پێی، یان وەکی هێندێک کەس دەڵێن هەڵیفریواند). بە بۆچوونی من دەبێ بزانین بۆچی پیاوانی گەورە کاتێک پیر و زۆرهان دەبن، ئامادەن لە بەرانبەر دنەدانی لاوەکان یان دەستەڵاتی بڕوایەکی سیاسی داخراو و نەگۆڕ خۆ بەدەستەوە دەن. ئەگەرچی نازانم هۆکارەکەی تەنیا لایەنگری لە ئیسڕائیل بوو یان نەلوانی هاودڵی کولتووری و رەنگە ئایینی، لەو بارەوە ئەو راست دژ بە هاوڕێ و خۆشەویستی خۆی “ژان ژێنە” بوو، کە هۆگری زۆر و سەیر و سەمەرەی بۆ فەلەستینی‌یەکان وای کرد، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە نێویان دا بمێنێتەوە و دوو بەرهەمی سەرسوڕهێنەری “چوار کاتژمێر لە سەبرا و شەتیلا”(١١) و “بەندیی ئەوین”(١٢) بنووسێ.

ساڵێک پاش ئەو دیدارە کورت و پڕ لە بێ هیواییە لە شاری پاریس، سارتر مرد. چاکم لە بیرە زۆر تازیەباری مردنەکەی بووم.


 

پەراوێز:

*ئیداورد سەعید ئەو بابەتەی ١ی ژووئەنی ٢٠٠٠ نووسیوە و بە ناوی «My Encounter with Sartre» لە ماڵپەڕی لەندەن ریوەیو بووکس‌دا بڵاو کراوەتەوە.

*ئیداورد سەعید رۆژهەڵات‌ناس و بیرمەندی ناسراوی فەلەستینیی-ئامریکایی بوو. لە دامەزرێنەرانی بیرۆکەی پۆست کلۆنیالیسمە. ساڵی ٢٠٠٣ کۆچی دوایی کردووە.

*گرینگ ترین کتێبەکانی بریتین لە :

١- Nouveaux Philosophes
٢- maîtres penseurs
٣- Les Temps modernes
٤- بۆ زانیاری زیاتر لەمەڕ سەفەری دۆبوار و میلت بۆ تاران، بەشی چوارەمی کتێبی فۆکو لە ئێران‌دا، نووسراوەی بێهرووز قەمەری تەبریزی بخوێننەوە.

٥- Beginnings
٦- Gauche prolétarienne
٧- La Lutte des classes en Egypte
٨  Left Bank: قەراغی رۆژئاوای رووباری سین لە پاریس، خوازەیەکە بۆ پاریسی کۆن؛ واتە دونیای هونەرمەندان و نووسەران و فیلسووفان.

٩- Fabrice: کەسایەتی رۆمانی “دەیری پارم” نووسینی ستاندال کە بە هەڵکەوت دەکەوێتە ناو شەڕی واترلۆوە، بەڵام لە شانسی باشی بە بریندار بوونی لاقی رزگار دەبێ و پاشان خەڵک بە یەکێک لە بوێرترین فەرماندەکانی ناپلیۆنی دەزانن.

١٠- Bouillon de culture: بە واتای شۆرباو گۆشت دێ و لێرەدا کراوەتە چێشتی مجێور
١١- Quatre Heures à Sabra et Chatila
١٢-  Le Captif amoureux

 

سەرچاوە: ملاقات سعید و سارتر در ‌اپارتمان فوکو، نوشتە ادوارد سعید، ترجمە محمد معماریان، سایت ترجمان

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا