بەدناوترین قەرەج | موراد عەلی | شێعر | لاونووس

موراد عەلی

 

زستانێکی سەختبوو کە بە کەسێکت گوت: ”خۆشم دەوێیت”
من نەبووم!

کە دوکەڵێک چاوانمی دەتۆراند،
گوڵەکانی دایکم ئازاریان دەچەشت،
گۆڕێکی دەمکراوە
زەق زەق سەیری دەکردم کاتێ بەوت گوت: عاشقتم.

وام دەزانی تۆیت ناهێڵیت پیرببم؛
لێ بەرماڵە حەریرەکەی دایکم بوو.

ئەو بەهارەی تۆم لا نەبوویت:
گۆرانییەکی دوورەدەست، چاوەکانمی لە کۆشی خۆی
دەنا و بەیەکەوە هاوارمان بۆ تەنیایی دەبرد.
گومان دڵنیاییمی قوت دەدا،
کاتێ بۆ هاوارێك وێڵی تۆ بووم!

پەسنی کام زەمەنم بۆ دەکەی؟
ستایشی چ وەرزێک دەکەی کام بەروار؟
ئەو بەروارانەی لێیان ڕادەکەم؟
ئەو وەرزانەی خۆمیان لێ دەشارمەوە؟
ئەو ڕۆژانەم چۆن لەبیرچێ
خۆمم لە پەنای شەوان لێیان حەشارداوە!
ئەو وەرزەم چۆن لەبیربچێ
کە ملپێچ لێم بوو بە پەتی سێدارە؟
تۆ بوویت منت ون کرد
ونکردنێ هەرچەند دەمەوێ خۆم
بدۆزمەوە بێهودەیە!

لە کام شار بگەڕێم؟
ئەو شارەی تەمەنی غەدر لە تەمەنی قەڵاکەی زیاترە؟
یان ئەو شارەی شانۆی خوێنڕێژانە؟

***

پیاوێک،
دەستێک دەخاتە ملی یادەوەرییەکانی و
بەدوای وردەپێکەنینەکانی دەگەڕێت.

بیر لە تۆ دەکاتەوە و دەڵێ:
لۆکە خەون بە پەنجەتەوە دەبینێ
کاتێک ژەنینی نۆتەیەک ئازاری دەدات!

لەکۆڵانێکی تاریک، لە شەوێکی سارد:
تارماییەک، دەستی ڕادەتەکێنێ و یادەوەری دەوەرێ!

یەکێک لە زەردەخەنەکانی دەدۆزێتەوە،
زەمەنێ لەمەوپێش بۆ شۆخێکی کردبوو.

جێپەنجەی ئەو ژنە بەسەر ڕوومەتی پێکەنین دیارە هێشتا.
ئەو پیاوە دەناسمەوە
هەمان مێردمنداڵە، کە هەرزوو لە تریکی تێگەشت.
ئەو کەسەیە بەدوای ئاواتێکەوە وڵاتێکی تەی کرد؛ بێ ئاکام!
منداڵێک لە چەشنی فریشتە بوو
ئێستا پیاوێکە، لە ڕق زیاتر هیچ شتێ ناناسێت.
ئەو من بووم من!

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا