مەحکەمەی ئازار | زانیار ڕەوا | لاونووس | شێعر
زانیار ڕەوا
.
لێرە لەم ئاژاوەی نێوان گەڵا و پێڵاو
ئازار خووساویی فرمێسکە و باسی لێ ناکرێ.
ئازار وشەی خنکاویی دەریای شیعرەو
لە کەناری هەر دەریایەکیشە پێنووسێک قیت بۆتەوە بۆ ڕزگاری
ئەم ئازارە پەلەقاژەی بیرە و کێبەرکێی هەست
نەریتی کۆنی زانینە و میراتی خۆشەویستی
ڕەنگە یەکەم خەباتی پاییز،
خەباتی ئازار و خەباتی شیعرێکی زەنجیرکراو
بەدەم هۆبە و گەردەلوولەوە بێت
لێرە چۆلەکەی غەریبی ڕیقنە بەسەر شانی شیعر دادەکا
لیکی مناڵی ڕووباری پەخشانێکی گەڵاڕێزان
سەر قۆڵی ئەم هەستە وەریوە تەڕ دەکا.
ڕاکشاوم بە ڕاشکاویی ئاوێنە سەیر دەکەم و
ڕەشی چاوانم دەڕژێنمەوە سەر سپێنەی ئەم چاوانە
ئەم شیعرەی وا هەر خەریکەو نابڕێتەوە تاوانە و
ئازاریش سزایەتی و منی لەخۆباییش بە نێو ئۆقرەم و
بە پیاسەش واتای چاوەڕوانی
ئەگەری کوژانەوەی ئەم دارستانە سووتاوەی پاییزم و
دەنگی مشارێکی کوول بووی دارستانێکم
کە قەڵەڕەشەی لێ دەخوێنی و بۆ مەرگی هەر گەڵایەکیش
دیسان قەڵەڕەشە دەقیڕێنێ.
من لێرەوە نامەیەکم لەسەر ئەم شەقامە پەککەوتوویە و
تۆیش کە هێشتا ڕوون نییە بە کام تەکسیە دەگەیتە لام
لەپڕ کادیلاکێکی ڕەشی کلاسیکی لەبەر دەمم دەوەستێتوو
چەترێک لە لقی گەڵای فێنکی بەرنسێ بەسەرتا دەکرێتەوە و
تۆم بۆ دێنێ.
لە یەکەم ڕۆژی ئۆکتۆبرەوە
چاوێکم داناوە بۆ بەلەمێکی پڕ لە هەناسەی بەندکراوو
چاوێکیشم بۆ شوێن پێیەکانت کە هەردەمەو سەرابێکن دەڕوێنەوە
ئـــــــــــاخ دەلال
ئەگەر بزانی ئەم بەلەمە هەناسەیەکی پەتی “ئافرودیتە”ی
بۆ هێناوم و تا سەر ئێسقان پڕی کردووم لە شاوەتی خۆشەویستی
هەرگیز ئەم دوڕگەیە جێ ناهێڵی
گەر بزانی هەر سەرابەی من بە شوێنیە دەخولێمەوە
چەندە پێی تۆی لێ دزیوم
ئەوا هەرگیز لە بەهارە ناڕوانیتوو لە پاییزدا
بەرەو ئەم شارەی وا هەنگی هەتاویی لێ دەتکایەوە دەهاتێوەی.
ئەم شارەی وا باسی دەکەم،،،دەلال
ناوەندی حوکمڕانی خەمە و
ئەم دوڕگەیەی منیش هەنگی مەرزی ئازار
لێرە نە شەقژنی کۆترێ ئەبیسی و
نە هەناسەی دارستان و زەریا
لێرە هەر دەنگێ کە هەستی پێبکەی گوێت داگیری کردووە و
هەر وشەیەک بیدرکێنی زمانت بەرەڵڵا….
لێرە کەس بەرپرسیاری هەستت نییە
تەنیا و تەنیا پاییز نەبێ
لێرە نە کەس دەنگی تۆیە و نە کەسیش زمانی هاواری تەنیاییت
تۆ هەر خۆتیت وەک گەڕناڵێک بۆ کەنیسە و
وەک قامکێک بۆ تایپی ئەم وشانەی وا دەیانبینی
وەک ماچێک بۆ بەرموودای قوڕگت
کە هەزاران هەنیسکی نوقم کرد،
وەک دایکم بۆ چاوەڕوانی و وەک باوکم بۆ ئامێز و
وەک براکانم بۆ پەرۆشی و وەک هاوڕێکانم بۆ دڵ پڕ بوون و
وەک “حەمە”ی ئامۆزام بۆ بێدەنگی و
وەک گریانی کچۆڵەیەک بۆ کـــــــــــۆچ و
وەک گۆڕانێکی بێ ناسنامە، هارتر لە سەگێکی بێ پەساپۆرت
بۆ ئەم شارە.
ئازار ئێستا لەبەر ڕەهێڵەی باران هاتۆتەوە ژوور و
خاولێیەکی لە ڕەنگی پڕتەقاڵی بە لا شانیەوەیە و
مێزەرەکی ڕەنگاوڕەنگی بە سەریەوە و
یەکەم جاریشە دەیبینم کە ئازار ئەوەندە جوان و
خوێن شیرن بێت
پاڕادۆکسێکی گەلێک سەیرە ئەم شیعرە شاعیر،
نە چی دە باڵ دایە بۆ ناوەڕۆک
نە چ هەواڵێکی گەورەی پێیە بۆ دوا وشەی چەرمەسەری.
لە نێوانی گەمەی ڕووبار و گەڵا
ملپێچ و با….هەور و هەوا
مرۆڤ و خوا
من تەنیا پاییزێ شک دەبەم بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ ڕوحت
من تەنیا کۆڵانێ پێ دەزانم بۆ گوناه و
تەنیا و تەنیا، تەنیاییەک شک دەبەم بۆ ناسینت
ئەویش هەر ئامێزە شپرزەکەی تۆیە
کە گەواڵەیەک لە تەمی چاوانت بەسەریا دەبارێ
ئێوارەیەو شەو فتوای تاریکی لە ئاسمان دەنووسێ و
مانگیش ئیمزایەکی لێدەدا و
ئەستێرەکانیش شایەتی ئەوە دەدەن کە ئەم ئێوارەیە
ڕۆژ بە تیشکی ڕۆژئاوا قوڕگی هەڵدڕا
بەڵام ئێوارە ئێستا ڕایکردووە و
شۆڵەستێرەکان بەدوای دا کەوتوونە
وا بیستوویانە لە وڵاتی غەریبی خۆی حەشار داوە
بەڵام ئەم وڵاتە کەسێ ئاشنا بەرەو خۆی ئیزن نادا.
هەناسەیەک تەواوە بۆ ئەوەی قەرزی خۆت
بدەیتەوە با،
نوێژێک تەواوە بۆ ئەوەی کفری خۆت پاک کەیەوە لەبەر دەم خوا،
مردنێک لە وەرینی پێکەنینەکان تەواوە
بۆ ئەوەی بە پاییز بڵەی هەر ئەو ناتوانێ بمرێ
لە کۆتایی دوایین شەوە
بەڵام ئامێزێک فکر ناکەم تەواو بێت
بۆ ئەوەی یەکەم سەرمای شاژنی سەهۆڵ تاقەت بێنی
شەوێکیان ئەم شاژنی سەهۆڵە کە نە سەر بە خوا بوو نە شەیتان
دەستێکی بەسەر وشەکانم داخشاندن و
هەمووی ڕەق هەڵێنان
ناژزانم سەر بە کام حوکمەتەوە بوو کە ئەوا دڵ ڕەق
وشەکانمی لەگەڵ خۆیە برد و
هەرگیز ئەو وشانەی حەزم لێبوو نەگەڕانەوە:
دایکم
باوەگەورەم
پێکەنینەکانم
گێژی و نەزانینەکانم
و…..
لێرە لەم وڵاتە پاتاڵەدا کە ناویی بێدەنگیە
شەڕ هەر شەڕی خوداکانە
هەر خوداکانیشن یەکتر دەکوژن بەڵام زۆر نالەبار
هەر مرۆڤەکانن تاوانبار
لێرە نە خودا، خودا دەناسێت و
نە پێغەمبەرێ ئەویتری قەبووڵە
لێرە تەنیا و تەنیا پارە خودایە و
بورژوا پێغەمبەر.
دەبووایە یەکەم خودا دیتراباوە و لەبەر چاویی هەموو مرۆڤەکان
دادگایی بکرێ و لە دواییشە لەبەر دەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
لە دار بدرێ و شەیتانیش ببووردرێت و
بێتەوە ڕێزی مەلایکەکان و
دۆزەخیش ئاگرەکانی بکوژێنێتەوە و ئەهورا مەزدا و
نەوەکانی ئاگریش مەحکەمە بکرێن و
لەبەر دەم بەهەشتەوە لە دار درێن
ئیتر ئەو کات کفر، کفر نییە
ئاساییە لەم ئایینی خۆشەویستیەدا.
بەیانیەک بەر لەوەیکە هەتاو خۆی پیشانی دارهەناری حەوشەکەدا،
باوێشکی تۆ یەکەم هاواری بێدەنگی بۆ گێڕامەوە
زانیم ئەمڕۆ ڕۆژ دەگیرێ و
پاییز یەکەم ڕۆژی شوومی خۆی دەبینێ
ئــــــاخ دەلال… ماچم کە
شەوێکی تر دووپات بۆوە و لە خەوم کە
بەس ئەمجارە باوێشک مەهێنە خۆت، هاوار بکە
چیتر حەز ناکەم پاییز ئازار ببینێ
لەم کۆڕی شیعر و خشپەی هەور بۆ ئاسمان
هاوتاییەک بە نێو پیاسە هەیە
تۆ لە پاییزی ئاسمان پیاسە دەکەی و
منیش بەسەر وشەی شیعرە
تۆ لەبەر دەم کۆشکێکی سێ قاتی پەمەیی دا
قاوەیەکی سپی دەخۆیتەوە و
منیش لە کافتریایەکی پڕ لە نەوار کاسێت
گوێم داوەتە “خالقی” و چەن کۆپڵەیەک دەڵێمەوە:
”نەسیمەکەی ساردی پاییزی
چ بێ ڕەحمی، چ دڵ بەردی
سووریی گوڵ و سەوزیی گوڵزاران
ئەبەی تۆ ڕوو بە ڕەنگ زەردی”