ڕۆژگاری خوێناویی، یان مورەبای ترشاو!
هێمن حەمەجەزا
.
– لە کوێیە، تا لە چاڵاوی خۆیا بمبینێ؟!
دەمویست ئاسمانی بم
دەمویست هێلانەی باڵندەکانی بم
بەڵام ئەوم حەیف! کە ڕۆیشت، نەگەڕایەوە و ون بوو.
چوونکە بوو بە دووکەڵ و چوو بە-هەوا-دا
خۆش نەبوومەوە منیش ئیتر، تا نەچووم بە-با-دا.
من: ئەو پیاوە ماندووەی، کە لە سوچی وێنەکەدا ڕاوەستاوم و
بە دووچاوی تەڕەوە، دووبارە لە ئازار هەڵدێم و
لە تۆ دەڕوانم!
هێشتا ڕۆژانی تاریک و درێژی ژیان دەژیم،
بەڵام وەک ئەوەی پیاوێکی حەرامی جیهان بم، نیگەرانم.
گرینگ نییە چەند وەرزم!
چوونکە سبەی نا دووسبەی، پاییز دەڕوا
زستان دێ، بەهار و هاوینیش هەروەتر…
مەبەستمە بڵێم: تەنها بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژانەی ژیانم تەواوکەم،
خوێ بە برینە کۆنەکانمەوە دەکەم و گۆرانیی دەڵێم:
گۆرانیی خۆکوژی، لە ساڵگاری خوێن و بێ ئۆقرەیی
گۆرانیی هەڵاتن، لە شەوانی ژەنگاویی زیندان و
هەڵاتن، لە ڕۆژانێکی وەک مورەبا، ترشاو!
گۆرانیی تاریکبوونی ڕۆژە ڕەش و ڕووناکەکانی ئینسان:
– لە کوێی، تا بمبینی لە چاڵاوی خۆما؟!
شەو هیلاکە لە دووبارەبوونەوەی ئەم هەموو ڕۆژە گاڵتەجاڕانە و
منیش ماندوو، لە دووبارەبوونەوەی ئەم هەموو شەوە پڕ لە کابووسانە.
تەنانەت، ئەو ڕۆژانەشی کە براکان بە شەڕ هاتن و یەکتریان دەکوشت، چەشنی ئێستا ڕۆژەکانم بە ئازاردا تێنەدەپەڕین. ئێستاش بەم لێوارە لێڵەی ئێوارەوە، منی خوێناویی، بە برینی هەموو ئەو ڕۆژگارانەوە لە ڕیزی توولانیی ماگ/دۆناڵسا چاوەڕێم، وەک بڵێی: چارەنووسمە! کە دەشبێ بیر لە سوودی قیستی بانک و تووتنی زیادە، بۆ ڕۆژانی کەسیرە و تەزیویی ئەم شەوە ڕەش و نەبڕاوانەی ژیان، بکەمەوە.
بە ڕووی خۆمدا ناهێنم و دەڵێم:
شایەد ئازارەکەی کەمتر بێت!
دەنا نیسبەتی من بە ژیان:
هاوشێوەی برینێکە، لەسەر لاشەی دەردەدارێک.
هەر وەک چۆن نیسبەتی ژیان بە من:
مینا سرنجێکی ئالوودەیە، کە بە دەمارەکانما
دەگەڕێ و
دەگەڕێ و
دەگەڕێ…
کە پڕە لە ڤایرۆسی دڵتەنگیی و فۆبیای فەرامۆشیی.
لە چاتدا!
لە پشت مۆنیتۆرێکی ماندووەوە، کە باوەشت بۆ بێکەسی و تەنیاییم دەکردەوە و
بۆم دەنووسیت: “خۆزگا لە باوەشتا، ڕێیەکی هەڵاتن هەبا!”
ئەو دەمانە من: درەختێک بووم، کرمەکانی جەستەم تەنها دڵخۆشیم بوون!
بیابانێک بووم. خەونم دەبینی، کە باران خەریک بوو شەستەی دەکرد بەسەر لەشمدا:
– تۆ لە کوێ بووی، تا بتدیبام لە چاڵاوی خۆتا؟!
من نازانم ئێوە، چۆن ئازار وێنا دەکەن؟
تێناگەم، بە چ تریاکێ برینەکانتان سارێژ دەکەن؟
ناشزانم، کە چلۆن لە شەوە بێ پەنجەرەکانتان و
چلۆن لە ڕۆژانی تەڕیی دڵتان، دەدوێن؟
بەڵام من، کە نیگەرانیی وەک شێرپەنجە بە گیانمدا بڵاوبۆتەوە،
پشووم سوارە!
بە وێنەی نەخۆشی سەر تەختی نەخۆشخانەیەکیش،
لەشی بیمارم، بە نێو ڕەشایی و ڕاڕایی ڕاڕەویی ڕۆژەکاندا ڕادەکێشم
بە هەنگاوی سەنگین، دەبێ هەڵێم و
هەر هەڵدێم!
دەربارەی حیکایەتی ئەم ژیانەش:
چل ساڵی ڕەبەقە، وەک ئەوەی تێپەڕین بووبێت بە ناو کێڵگەی میندا
یان، مینا سیگارێکی هەمیشە ڕۆشنی نێو قامکی موعتادێک بووبم لە کارگەیەکی ئەتۆمدا،
دەبا هەر هەڵاتبام.
هەڵاتن: بەشی منە، کە وا هەمیشە هەر هەڵدێم!
سەریشم، لە دووکەڵ و دوودڵی و گوللە پڕە و
لە ناولەپی دەستی ڕاستیشما، با ترسێکیش هەبێ و هەر بە خەیاڵیش بووبێ،
بەڵام ساڵانێکی زۆرە، وێنەی دەمانچەیەکی دوولوولەی تیادا کێشراوە؛
هاکا چەکوشیک لە مێشکمدا چرکەی کرد و
لە لای چەپی سینگیشمەوە، ساتمەی کرد، فیشەکێ!
ئازار لە لەشما دادەگیرسێ،
تاک
و
تەنها
هەر بە برینە کۆنەکانمەوەم و گۆرانیی دەڵێم:
– لە کوێی، تا لە چاڵاوی خۆما بمبینی؟!
ئیتر ڕۆیشت!
نەگەڕایەوە و
ون بوو.
منیش ئیتر خۆش نەبوومەوە!
بەڵام،
نە بەسەرچووم و
نە بە با!
من: ئەو پیاوە هەڵاتووەی کە لە خۆمدا جێم نابێتەوە و
بە دووچاوی نیشتووی تەڕەوە، لە سوچی وێنەکەدا ڕاوەستاوم؛
ئێستاشی لەسەربێ، پاش کوژانەوەی هەر سیگارێ، تاریک دادێم!
هەفتە، چەند ڕۆژ بێت! گیانی شەکەتمی بە دوودا دەکێشم و
ڕۆژانی تاریک و درێژی ئەم ژیانە خوێناوییەم دەژیم:
– تۆ لە کوێی، تا بمبینی لە چاڵاوی خۆما؟!