دوو شێعر لە موحەمەد موەفەقی
موحەمەد موەفەقی
ئەو سەربازەی ڕۆژێ ویستی خۆی بکوژێ
لە بەرەکانی شەڕ گەڕایەوە
تا بوو بە پۆستچی و
هەمیشەوەخت نامەکانی تۆی بۆ دەهێنام
ئەو پۆستچیەی رۆژێ ویستی خۆی بکوژێ
هێندە بۆنی دەستەکانی تۆی گرتبوو
تا بوو بە شاعیرێکی ڕەنجەڕۆ و
بۆ یەکەمجار وشەی «تۆ»ی هێنایە ناو شیعرەوە
ئەو شاعیرەی ڕۆژێ ویستی خۆی بکوژێ
ئێستا منێکم بەختەوەر
کە ماڵەکەم پڕە لە نامەکانی تۆ و
بۆنی ئارەقی ئەو پۆستچیە و
دڵتەنگییەکانی سەربازێکی خەمۆک
بۆ گەرانەوەی تۆ لە نێو ئەم هەموو گۆڕەدا
تا هەواڵێکمان بۆ بێنێ
لەوانەی وا نە فیشەکانی شەڕ
نە ئەشکەنجەی سەختی ناو سلوولەکان
نە قورسێکی سیانۆر و
تەنانەت شێرپەنجەش نەیکوشتن
بەڵکوو لە چاوەڕوانی و
حەسرەتی نامەیەکدا مردن
تا ڕۆژێک لە ئازیزێک بگاتە دەستیان
*
پەشیمانم لەوەی بۆچی
بە هەموو زمانەکانی دونیا
تاسەی دەستەکانتم نەکرد
کە بۆچی لەبەردەم ئەو هەموو گریانەتدا
نەبوومە گۆرانییەک بە دەنگی «با»
یانێ دەسماڵێک بە تەوافی فرمێسکەکانت
پەشیمانم لەوەی کە بۆچی
هەموو نوختەچینێکم لە ژیاندا
بە شیعر و دڵتەنگیبەکانی تۆ پڕ نەکردەوە
یان بۆچی لە بیرم چوو
لە جێی باوەشی تۆ بڵێم:
نیشتمانێک لە حەریر و موعجیزە.