ئەو چیرۆکەی کە دەبێ بخوێنرێتەوە – ٤
چەن خوێندنەوە بۆ چیرۆکی سییەکانم لە نووسینی رەسووڵ موحەمەدی – خوێندنەوەی چوارەم
ساڵح سووزەنی
.
“سییەکانم” لە “وڵاتی تابۆ”دا
دال یان رووحی باوک؟
هەر چەند ناوی باوک دەورێکی بنەرەتی هەیە لە “گفت”/گفتار/ دا بەڵام ئەو ناوە بەس لە پانتای خەیاڵدایە و وەک بێ بەشکردن لە دایک دێتە ئارا و لاکان گوتەنی؛
” خواستی مناڵ لە ئەوی دی/دایک/ ئەبێ بچێتە مەحکەمەیەکی باڵاترەوە”
واتە ئەو خواستە لێرەدا / و لەم چیرۆکەشدا/ یاسای “ئەویدیکەی ئەویدی”ە. یاسایەک کە لە هێز و لایەنی باوکەوە بەرهەم هاتووە .. یاسایەکە کە بۆ دایک ساز بووە و بریتییە لەوەی؛
” تۆ ئەو کەسە نابەیتەوە هەناوی خۆت کە لێت زاوە”
ئەوەش لای لاکان قۆناغێکی نەرێنییە. بەڵام گرینگیەکەی لەوەدایە کە دایک لە ویست و دڵخوازیی خۆی واتە منداڵ جوێ دەکاتەوە و بەسەر دووخاڵی سەرەکییەوە بەندە؛
یەکەم ئەوەی کە دایک ئەدرێتە دەست یاسایەک کە خۆی خاوەنی نیە/یاسای خۆی نیە/
دووهەم؛ ئەوەی کە واقیعی دەرەکی ئەوەی بەسەردا سەپاندووە کە خواستی ئەو ئەبێتە “ئەویدیکەی ئەوی دی” / باوک/
ئەم بڕگە کاتییە نەرێنییە بۆ ئەو /مناڵ/ مەرجی چونەدەرەوەیە لە گرێی ئودیپ و بەو مانایە کە ئەتوانێ “زەکەر”ی بداتێ(بۆ کوڕان).. هەڵبەت بەو مەرجەی بتوانێ ئەوە بنوێنێ کە “زەکەر” هەرچەند جارێ نابێتە شوناس بۆ ئەو، بەڵام ئیتر بۆتە خاوەنی.. ئەمئەویی بوونی منداڵی کوڕ لەگەڵ باوک بەو شێوە دێتە گۆڕێ کە ئایدیالی ئێگۆی منداڵ دوای کۆتایی هاتنی گرێی ئودیپ وەک کەسێکی داسکناو و دەرکراو ئەینوێنێ بەڵام وەک لاکان ئەڵێ:
” ئەو ئیتر ناو و نیشانی پێویستی خۆی دەست کەوتووە بۆ وەی خوازەی باوک وەک ناوێکی هەڵگری هۆکار، دێتەگەڕ و زۆر هۆکاری دیکەش هەنە کە دواتر منداڵ پێی ئەزانێ و بەر ئەبێتە بەرینتر کردنەوەیان و لەئاکامدا دەگا بەوەی کوڕان بەرە بەرە ئەچنە ریزی پیاوانەوە…”
“وڵاتی تابۆ”ش هەر شتێکی وا دەڵێ؛
لەو وڵاتانەی کە خەڵک هێشتا لە جیهانی دوانەیی دا ئەژین و هەڵبژاردنی یەک لەو دوانەی خێر و شەڕە پێویستە بۆ وەی ببیتە کوڕ.. پیاو.. باوک.. شواان تەنانەت تا سەرکردە..یان هەڵبژاردنی ئەوی دیکە کە ئەتکاتە؛ نامەرد.. خوێڕی.. شەیتان و خراپ..و تاد.
” ئێمە وا راهاتووین کە یەکێ لەو دوو بەرە بە پیرۆز و ئەوی دی بە نگریس بزانین. ئەم لا چاک و ئەولا خراپ. ئەمیان بە هێز و ئەویان بە لاواز. لایەک جوان و ئەولا دزێو .. ئەتوانم بڵێم نیزیک لە هەموو دیاردەکانی جیهان دەخرێنە نێو یەکێ لە دووتای ئەو تەرازووە زێهنییەوە کە خۆمان سازمان کردووە”
“وڵاتی تابۆ” – رەسووڵ محەمەدی – بەشی یەکەم
دیارە ئەمە هەمان باسی دوانە لێکدژەکانی دریدایە و وەک دەزانن لە ئەنجاما دەگاتە ئامادەبوون و دیار نەمان/ حضور و غیاب/ی نووسەر تا کێشەی نێوان گفت/ گفتار/ و نڤیستار/ نوشتار… کە جارێ پێویست بە شی کردنەوەی نیە.
لەو وتارەدا ئەو چەشنە هەڵبژاردنە کە بە پێی هێژموونی باوک دەسەپێ، بە نەخۆشین دائەنرێ؛
و کەسایەتی چیرۆکی سییەکانیش تووشی هەمان نەخۆشین بووە و و قەڵایەکی وا پتەوی لە زێهنی ئێمەی خوێنەردا رۆ ناوە کە پێدەچێ تا هەتایە نەڕمێ..
” ئەمەوێ بڵێم کۆمەڵگای کوردەواری نەخۆشە.. دیکتاتۆریەت و کۆنە پەرەستی و پێششێل بوونی مافی مرۆڤ و جەماوەر پەرەستی و نکوولی کردن لە مافی تاکە کەس و ژن بە ئینسان نەزانین، ئەو ئازارە کوشەندانەن کە وەک مۆتەکە و دواڵپا بەربینگی نەخۆشەکەیان گرتووە و لە هزر و لەشی ئاڵاون.. بە کورتی زێهنی ئێمە دوو جەمسەرییە”… هەمان سەرچاوە
لەم دوانەی خێر و شەڕەدا ئاشکرایە کە هەڵبژاردنی دایک ئەتخاتە لایەنی نەرێنییەکە و هەڵبژاردنی باوکیش بە ئەرێنی دائەنرێ.. بۆیە کەسایەتی چیرۆکی سییەکانم بەو ئازارەوە دەگلێ کە کاتی خۆی باوکی هەڵبژاردووە و ئیستە لەکاتی خواردنەوە یان با بڵێین بە نەست تێدەگا کە سییەکانی لە راستیدا هی دایکیەتی ..
“وڵاتی تابۆ” بە هێنانەوەی ئەفسانەکەی فرۆید/ تەوتەم و تابۆ/ لای وایە ؛
” کورد نەیتوانیوە و نەیویستووە باوکەکە بکوژێ. باوکی کورد وەک لەش مردوو و وەک رووح زیندووە و بڕستی لە نەوەکانی بڕیوە..”
ئەم بڕست لێ بڕانە لە چیرۆکی سییەکانم دا تەواو خۆ دەنوێنێ.. سووژە باوەکوو ئەزانێ سییەکانی لە دایکیەوە وەرگرتووە و باوکیشی مردووە .. بەو حاڵە نایەوێ باوەڕ بەو راستییە بکا و هێشتا هەر ئامادە نیە و قەبووڵی ناکات کە دایکی پێویستی بە ژیانێکی دیکە هەیە. بەردەوام سەر کۆنەی دەکا .. ئامادەیە لەداخاندا بچێ و سییەکانی لە شاییەکەیدا ئەنجن ئەنجن بکا و فڕێی بداتە بەردەمی بۆ وەی جەرگی بسووتێنێ..
کەوایە “سییەکانم” لەراستیدا چیرۆکی دایکە لە وڵاتی تابۆدا بە دەست ئەو باوکانەی خۆیان لە دەروونی کوڕەکانیاندا ژیاندۆتەوە و یاساکانی تابۆی پێ بەڕێوە دەبەن .. من پێشتر ئەمویست خوێندنەوەی پێنجەمی سییەکانم تەرخان بکەم بۆ خوێندنەوەیەکی سەمبولیستی و رەمزەکانی ئەو چیرۆکە شی بکەمەوە بەڵام لە خوێندنەوە بە پێی “ولاتی تابۆ” دا بتهەوێ و نەتهەوێ هەموو رەمز و نهێنیەکانی ئەم چیرۆکە کراونەتەوە و دال ە سرکەکانی دایک .. باوک.. سییەکان.. و نەخۆش بوونی سووژە .. و دژایەتیکردنی تەنانەت لەنەستدا لەگەڵ دایک و یاسای باوک تا ئاستی سەرکردە و شوانی گەل بە روونی شی کراوەتەوە..
بۆیە خوێندنەوەی پێنجەمم ئیتر نە خوێندنەوەیەکی سەمبولیستی بەڵکوو سوورێئالیستی دەبێ..
ماویەتی…
تکایە دوای خوێندنەوەی ئەم بەشە “وڵاتی تابۆ” لە گزینگی ژمارە ٢٧ یان حەوتوونامەی “راسان” لەم لینکەی خوارەوەدا بخوێننەوە بۆ وەی هەموو لایەنەکانی چیرۆکی “سییەکانمتان بۆ ئاشکرا بێ؛
لینکی پی دی ئێفی وڵاتی تابۆ
هەروەها دەتوانن لەم لینکەدا: @Suzenisaleh واتە لە کەناڵی تێلگرامی نووسەری ئەم وتارەدا بیخوێننەوە.