کەشتیی مەست | ئارتور ڕەمبۆ | دالیا ڕەئووف

ئارتور ڕەمبۆ

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: دالیا ڕەئووف

 

ئەو دەمەی بە ڕووبارە بێسۆزەکاندا (1) بەرەو خوارەوە دەڕۆیشتم،
هەستم کرد چیتر جڵەودارەکان ڕێبەریم ناکەن.
هاوار و بۆڕەی هیندەسورەکان ئەوانیان کردووەتە ئامانج و
بەڕووتی بە ئەستوونە ڕەنگاوڕەنگەکانەوە هەڵیانواسیون.

بێ خەیاڵی هەموو کارکەران بووم،
هەڵگری گەنمی فلاندری و پەمووی ئینگلیزی بووم
کاتێک لەگەڵ جڵەودارەکانمدا ئەم دەنگ و هەرایە کۆتایی (2) هات
ڕووبارەکان منیان ئازاد کرد ڕوو لەو شوێنە بکەم کە دەمەوێت.

لە زستانی ڕابردوودا، لەناو پێکدادانی تووڕە و توندی شەپۆلەکاندا
نادەربەستر لە ئاوەزی منداڵ (3)
ڕامرکرد! و بەندەرە دوورەدەستەکان (4)
هەرگیز لەوەپێش پشێویەکی سەرکەوتوانەتر لەوەی منیان بە خۆیانەوە نەدیتبوو.

زریانەکە شەونخوونییە دەریاییەکانمی پیرۆز کرد.
سووکتر لە چێوپەمەیەک سەمام کرد لە سەر ئەو شەپۆلانەی
کە بە گلێرەوەبووی تاهەتایی قوربانییەکان ناو نرابوون،
دە شەو، دوور لە چاوی مەنگی کەلووی ڕووناکییەکان (منارەکان)!

شیرینتر لە گۆشتی سێوە گەییوەکانی ناو دەمی منداڵان
ئاوی سەوز پەیکەری داریی بڕیم و
لە پەڵەکانی شەرابی شین و ڕشانەوە پاکی کردمەوە، و
سووکان و قولاپی لە یەک کرد

لەو کاتەوە بە هۆنراوەی دەریا خۆم شووشت،
تواوە لەگەڵ ئەستێران و شیرئاسا،
پارچە هەڵبەستە شینەکانی هەڵدەتەکاند؛
لەو شوێنەی کە وەک لەتە کەشتییەکی ڕەنگ بزرکاوی شاد،
پەیکەرێکی نقومبووی کێشکردوو (5) جار نا جارێک ژێر ئاو دەکەوێت؛

لەوێدا، کتوپڕ شینایی ڕەنگڕێژ دەکرێت،
وڕێنە و ڕیتمە شێنەییەکانی بەر ڕووناکایی بەرەبەیان،
بەهێزتر لە ئەلکهۆل، مەزنتر لە چنگەکەمان
سووریی تاڵی خۆشەویستی دەترشێت!

ئاسمانە بێ حەجمانەکان لە چەخماخە و گەردەلوولە دەریاییەکان و
قەڵبەزە و لێشاوی شەپۆلەکان دەناسم؛
ئێواران و گەردوگۆڵی سەربڵند وەک پۆلێک کۆتر و
بڕێک جاریش ئەو شتانەم دەبینی کە مرۆڤ وایدەزانی دیتوونی!

خۆری نەویم دیوە کە بە خاڵی موچڕکە پیرۆزەکان (6) کوتراوە،
بە تۆپەڵە وەنەوشەییەکان ڕووناککراوەتەوە،
هاوشێوەی ئەکتەرەکانی دراما زۆر کۆنەکان (7).
شەپۆلەکان زۆر دوور لەرینەوەی پەنجەرەکانیان دەتلێننەوە!

خەوم بە شەوی سەوز و بەفری درەوشاوەوە دیت
ماچێک بە شێنەیی بۆ چاوەکانی دەریا بەرز دەبێتەوە،
لێشاوێک لە ساپی نەناس، و
ئاگایی زەرد و شینی فۆسفۆرە ئاوازخوێنەکان! (8)

لەماوەی مانگە سەرڕێژەکاندا شوێن نەرمەشەپۆل کەوتم،
وەک مانگا هارەکان، لێشاویان بۆ بەردی کەناراوەکان دەبرد،
بێ خەونبینین بەوەی پێیە درەوشاوەکانی مریەمەکان (9)
بتوانن جڵەوی لمۆزی (10) ئۆقیانووسە سیخەسیخکەرەکان بکەن!

ئای ئەگەر دەزانن، من خۆم کێشاوە بە فلۆریدە (11) سەیرەکاندا
تێکەڵ لەگەڵ گوڵە چاوی پڵنگ و پێستی مرۆڤ!
پەلکەزێڕینەی درێژبووەوە وەک ڕەشمە
لەژێر ئاسۆی دەریاکانەوە بۆ ڕەوە سەوزکارەکان! (12)

من زۆنگاوە بەرینەکانم دیتووە کە ترشاون،
تەڵەی ماسییەکان کە لەوێدا هەموو لیڤیتان (13) بە پڕتاو لێکهەڵدەوەشاندەوە!
ڕنووی ئاو لە نێوەڕاستی هێمنی (14) دەریادا،
مەوداکان وەک تاڤگە دەڕژانە ناو گێژاوەوە!

سەهۆڵانەکان، خۆرە زیوییەکان، شەپۆلە سەدەف ئاساکان، ئاسمانە ژیلەمۆکان!
گوێئاوە ترسناکەکانی کۆتایی کەنداوە قاوەییەکانم دیون
کە تێیاندا مارە زەبەلاحەکان لەلایەن ئاخۆرەکانەوە هەڵدەتەکێنرێن
لە دارە پێچاوپێچەکان دەکەونە خوارەوە و بۆنێکی ڕەشیان (15) لێ دێت!

ئارەزووم دەکرد منداڵان ڕۆژماسی شەپۆلە شینەکان، ماسی ئاڵتوونی، ماسی ئاوازخوێن ببینن.
کەفی گوڵەکان ڕاماڵینەکانی ڕاژاندم و
هەندێک جاریش بایە پیرۆزەکان منیان هەڵدەفڕاند.

هەندێک جار شەهیدێکی (16) ماندوو لە جەمسەر و هەرێمەکان
لە دەریا، کە هەنسکە هەنسکی وەرسووڕانە هێمنەکانمی دەئافراند،
گوڵە پڕڕەنگە چەکەرە زەردەکانی بۆ دەهێنام و منیش
هەروا مامەوە، وەک ژنێکی کەوتوو لەسەر ئەژنۆکانی…

هاوشێوەی دوورگەیەک کە لە کەناراوەکانمدا باڵندە چاو زەردە دەنگ زلەکان قیڕەقیڕیان دەکرد،
بەردەوام بووم لە گەشت کردن،
کاتێک بەناو گوریسە ڕزیوەکانمدا (17)
پیاوە خنکاوەکان بە پشتدا نوقم دەبوون و دەنووستن.

ئێستا من، کەشتییەکی ونبوو لە ناو پژوباڵی ئەشکەوتەکاندا (18)،
با و بۆران منی هاویشتووەتە ناو بایەکی بێ باڵندە
من ئەو لاشە بە ئاو مەستەم
کە مۆنیتۆرەکان (19) و بەلەمە باگەڕدارەکانی هانسیاتیک (20) نەیاندەتوانی ڕزگارم بکەن؛

ئازاد، سەرتاپا بە دووکەڵ و ڕوو پۆشراو بە تەمومژی وەنەوشەیی،
من کە سووربوونی ئاسمان وەک دیوارێک دەسمم،
ڕەچەڵی بەتامم بۆ شاعیرە باشەکان پێ بوو
کڕێژەبەردی تیرۆژ و کێمی شینایی ئاسمانم (21)،

کە ڕام دەکرد، مانگە کارەباییە بچووکەکان پێمەوە گیرسانەوە،
وەک تەختە دارێکی وێڵ، کە ئەسپەماسییە ڕەشەکان یاوەری دەکەن،
کاتێک مانگی جولای بە لێدانی داردەستەکان دەخزێت
ئاسمانەکانی ئەوبەری دەریاش بە ڕەحەتییە گڕگرتووەکان (22)؛

من، کە دەلەرزیم،
هەستم بە ئاهوناڵەی ئەسپەکانی دەریا (23) لە دووری پەنجا فرسەخەوە کرد
لە گەرما و گێژاو توندەکاندا،
ڕێسەری هەمیشەیی چەقبەستووییە شینەکانم،
تاسەی ئەوروپا و دیواربەندە دێرینەکانی دەکەم (24)

کۆدوورگەی ئەستێرەییم دیون! ئەو دوورگانەم دیون
کە ئاسمانە بێ ئۆقرەکانیان کراوەن بۆ ئەوانەی هەڵوەدای دەریان:
– لە شەوە بێکۆتاییەکاندایە وەک ئەوەی خۆت بخەیتە تاراوگەوە، دەنوویت، ملیۆنێک باڵندەی زێڕین، تۆ ئەی زۆرداری داهاتوو؟ (25)

بەڵام ڕاستی ئەوەیە من زۆر گریام! بەرەبەیانەکان زۆر جەرگبڕن.
هەموو مانگێک دڕندە و هەموو خۆرێک تووڕەن.
ئەوینی تاڵ بە تاسانێکی مەستێنەر منی هەڵڵوشیوە
با بڕبڕەم (26) لێک هەڵبوەشێتەوە! با ڕۆبچمە ناو دەریاوە!

ئەگەر من ئاوی ئەورووپام بوێت، چاڵاوێکی ڕەش و ساردە کە لە نێو کازیوەی بۆن شیرینیدا
منداڵێکی کوشکەکردووی دڵپڕ
کەشتییەکی ناسکی چون پەپوولەی مایس ئازاد دەکات.

من کە ڕۆژانێک لە ژاکاوی تۆدا مەلەم دەکرد،
ئای شەپۆلەکان، چیتر ناتوانم نە شوێنەواری بەلەمە (27) پەموو هەڵگرەکان بسڕمەوە،
نە بەناو شانازی ئاڵا و مەشخەڵەکان (28) تێپەڕ ببم،
نە لە ژێر چاوە نەگریسەکانی زیندانەکەشتیەکاندا (29) مەلە بکەم.

 


 

 

(1) سیفەتی “بێسۆز impassibles” (بە واتای جێگیر و کارتێنەکراو و بێ هەست دێت) شاعیرە پارناسیەکانمان بیردێنێتەوە کە پێیان دەوتن “بێ سۆزەکان”، ئەمەشە لەبەر تایبەت نەبوونی شیعرەکانیان بەهەستی تاک هەروەک ستینمتز (لە بڵاوکراوەی ئالیا) دا ئاماژەی پێدەکات کە شیعرەکانیان وەک ئەوەیە لە مەڕمەڕ داتاشرابن.
(2) مەبەستی کاتێکە هیندە سوورەکان هەموو سەرنشیانی کەشتییەکە دەکوژن.
(3) مەبەستی کەلەڕەقتر لە منداڵ.
(4) ئەفسانەی دوورگە سەرئاوکەوتووەکەیە کە بویان دو لاکوست Bouillane de Lacoste (هەروەک برونیل ئاماژەی پێدەدات) لە وتارێکی Le Magasin pittoresqu ـدا دۆزیویەتەوە و رەمبۆ زۆر سەرسام بووە پێی.
(5) کێشکردوو بەو واتایەی ئاو ڕایدەکێشێت و دەیبات یان ڕۆحی دەبات واتە تێی ڕادەمێنێت و سەرسامە پێی.
(6) ئەم دەربڕینە”horreurs mystiques” بەواتا ئەسلیەکەی لە لاتینییەوە وەگێڕدراوە.
(7) ئەکتەرە کۆنەکانی گریک لەسەر تەختەی شانۆ بێ جوڵە دەوەستان لێکچواندنەکە لێرەدا ئەوەیە شەپۆلەکان چەند جێگیر دەردەکەون کەچی کاریگەریان زۆر دوور دەڕوات هەروەک کاریگەری ئەکتەرە تراژیدیەکان.
(8) ئەم فۆسفۆرە ئاوازخوێنان (هەروەک برونیل ئاماژەی پێدەکات) جۆرە گیانەوەرێکی ئاوین کە ڕەنگێکی فۆسفۆری بە ئاوەکە دەبەخشن، لێرە و لە بەیتەکانی تریشدا کاریگەری خوێندنەوەی زانست بەسەر ڕەمبۆوە دەبینێرت.
(9) بە گۆێرەی برونیل واتە بۆ ساتێکیش بێت بیری لەوە نەکردووەتەوە کە هێزێک لە دەرەوەی سروشت (لێرەدا مریەمی پاکیزە و هاوشێوەکانی کردووە بە هێما بۆی کە سەرنشینان و کەشتیوانان نزایان بۆ دەکەن تا بیانپرێزن و ئاڕاستەی بایان بۆ ڕێکبخەن) دەکرێت لە بەهێز و توندی شەپۆلەکان کەمبکەنەوە.
(10) شەپۆلەکانی بە گای هار لێکچوواندووە کە هێرش دەبەن و مریەمەکان بەرهەڵست و جڵەویان دەکەن.
(11) برونیل دەڵێت ناوی یەکێک لە دوورگە ئەفسانەییەکانە، پێشتریش ئاماژەمان پێدا.
(12) سیفەتی سەوزکار یان سەوزی شینباو لە لاتینیدا Galucus، لە میتۆلۆژیای گریکیدا ماسیگرێک بووە و دواتر بووە بە خواوەند، لەم پارچەدا دژیەکەکان کۆدەکاتەوە وەک گوڵ و چاوی پڵنگ، پەلکەزێڕینە و ڕەوەکان.
(13) ئەو بەدگۆڕانە دەریاییەیە لە “سفری ئەیوبدا” ناوی هاتووە. ڕەنگە رەمبۆ ئاماژە بە کەشتیەک بکات کە هەمان ناوی هەیە و لە بریتانیا دروستکراوە، هوگۆش لە شیعرەکەیدا بە ناوی “لە ناو پانتایی دەریادا” ئاماژەی پێدەکات.
(14) بای هێمنی دەریا زۆر جار وا لێکدراوەتەوە کە پێشبینی ڕوودانی ڕووداوێکی ناخۆش.
(15) ئەنتوان ئادەم ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک مار هەن بۆنی مسکیان لێ دێت، بەتایبەت ئەوانەی دەبنە نێچیر مێشوولەکان، برونیل لە ئیزامبارەوە دەگێڕێتەوە کە لت گوایانا و ناوچە پشتێنەییەکانی گەورەترین مێروو کە هێرش دەکەنە سەر خشۆکە گەورەکان و لەناو پێستی ماردا دەژین.
(16) ئەنتوان ئادەم سیفەتی شەهید دەگەڕێنێتەوە بۆ کەشتی باسکراو لە شیعرەکەدا، بەڵام برونیل دەیگەڕێنێتەوە بۆ دەریا، کە دووەمیان مەنتقیتر و گونجاوترە.
(17) برونیل ئاماژە بەوە دەکات کە لەم دێڕەدا مەبەستەکە گوریسەکان نین بەڵکو ڕووەکە دەریاییەکانن کە پێشتریش لە دێڕێکدا ئاماژەی پێداوە (گوڵە پڕڕەنگە چەکەرە زەردەکان…) کە پێوەی دەلکێن و ڕێگرن لە جوڵەی.
(18) پروژوباڵی ئەشکەوتەکان بە ڕووەکە لێکئاڵاوەکان دەچوێنێت.
(19) ئەو منارانەی کە پاسەوانی کەناراوەکان دەکەن.
(20) هانس: کۆمەڵەی شارە ئەڵمانییە بازرگانییەکانە کە کەشتیەکان دەپارێزن لە چەتەکانی بەڵتیک. لێرەدا شاعیر بەکاریهێناوە بۆ ئاماژەدان بە ڕزگارکەرەکانی.
(21) ڕەمبۆ بەمەبەست دەربڕینە جوان و ناشرینەکان تێکەڵ دەکات، لێرەدا شیانیی ئاسمانی بە کێم چواندووە (وشەی morves ی بەکارهێناوە کە بەمانای چڵم دێت)، تا گاڵتە بەو شاعیرانە بکات کە زمانیێکی سادە بەکاردەهێنن.
(22) برونیل ئاماژە بەوە دەدات کە ئەمە وەرگیراوە ل چیرۆکێکی ئێدگار ئالان پۆ کە بودلێر وەریگێراوەتە سەر فەڕەنسی. لە چیرۆکەکەدا زریانی مایلستۆرم وەک ڕەحەتیەکی گەورەی سامناک وەسفکراوە.
(23) ئەسپی دەریا کە بوونەوەرێکی ئەفسانەییە و لە سفری ئەییوبدا و زۆر نوسینی تر دەربارەی بوونەوەرە ئەفسانەییەکان باسکراوە. ڕەمبۆ لەهەمان بەیتدا وشەی “مایلستۆرم”ی بەکارهێناوە، کە لە بنچینەدا ناوی بایەکە لە کەناراوەکانی نەرویچ دەدات دواتر ئەم وشەیە بەکارهێنراوە بۆ زریان یان گێژەڵوکەی دەریایی.
(24) ئەم تاسەیە بۆ ئەوروپای کۆن ڕاگەیاندنی لێک هەڵوەشانەوی کەشتەیەکەیە بەرامبەر دەریای بەرین.
(25) ئەم دوو بەیتە سەرەکین. تێیاندا ڕەمبۆ خۆی لە جیهانی ڕەمزی کەشتی مەستدا دەبینێتەوە، لێرەدا دیسان ئەو پرسیارە دووبارە دەکاتەوە کە لە شیعرە سیاسیەکانی پێشووتریدا کردووین، کە لە ” پاژێک لە جەهەنەمـ”ـدا قوڵتر دەبێتەوە.
(26) خۆزگەی نقوم بوون لە دەریادا دەخوازێت و پێی باشترە تا بگاتە یەقین لە مەحاڵبوونی ئەزموونەکەی. ڕەنگە لێرەدا ئەزموونی داهاتووی ڕەمبۆ بێ. ژان ژینیە “Jean Genet” لە ساڵی ۱۹٨۲ لە گفتوگۆیەکیدا دەڵێت کە وشەی “quille” کە بەمانای بڕبڕەی کەشتیەکە دێت لە زمانی ڕۆژانەی فەڕەنسیدا بەمانای “لاق” دێت. وەک ئەوەی پێشبینی بڕینەوەی لاقی بکات کە دەبێتە هۆی کۆتایی هێنان بەژیانی پاش چەند ساڵێک.
(27) واتە ئەو شوێنەوارە بسڕێتەوە کە کەشتیەکان لەسەر ئاوەکە دروستیدەکەن و شوێنەواری تایبەت بەخۆی لەسەر ئاوەکە جێبهێڵێت.
(28) مەبەستی ئەو مەشخەڵانەیە کە کەشتیەکان هەڵیدەگرن، واتە چیتر ناتوانێ دوایان بکەوێت و لەگەڵیاندا پێشبڕکێ بکات.
(29) زیندانەکەشتیەکان پردی سەرئاوکەوتون لە کەشتی دورستکراون، هەمان وشە”ponton” مانای ئاو کەشتیە شێوە چوارلایانەیە کە وەک زیندان بەکاردەهێنرا. ڕەنگە ئەمە گونجاوترین لێکدانەوە بێت کە ئێرنیست دولائیە ئاماژەی پێکردووە بەتایبەت کە هەندێک لە زیندانیە سیاسیەکان بەهۆی داڕمانی کۆمۆنی پاریس لە کەشتیدا بەندکراون لە جێی زیندان.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا