چەن کورتە شێعر

پەرویز زەبیح غوڵامی

.

بەرازێ
پەنجەرەکەم دەلێسێتەوە
هێندە مەستم 
وازانم مانگە.
ـــ
سەگ ئاخرین نوخبەی جیهانە
لە سەگ نوخبەتر 
ئەو ژنەیە کە ناوی زەوینی ناوەتە 
ئێسقان…
ـــ
سیگارێ دادەگیرسێنم
دیکتاتۆر لە نێو تی ڤیدا 
دەکەوێتە کۆکین.
ـــ

بە زۆرەملێ شینم
سێبەری گیای ماندووم
لە چیمەنی چیمەنتۆدا.
ھەتاو لە سەرمدا بەرد دەشکێنێ.
ـــ

دایکت کاسەسەری سەربازێکی گرتە بەر مەمکی و نووست.
تۆ هەوای ئەودیو دیوارەکانت داکەند و نووستیت.
ئەی من؟
ـــ

تەنیایی باڵندەیەکە 
کە کلکی لە دەمی رابردوودا بە جێماوە!
ــ

گوتی:خێراکە خۆت بکوژە و بڕۆ .دەمهەوێ بنووم. گوتم: چیت هەیە؟ گوتی: ئەمشەو دێر هاتی بەس دەریام ماوە! گوتم: دەریا زۆر دووپاتەکیە تکا دەکەم ژارێک پەتێک دەمانچەیە ک… گوتی: دەریا بەس دەریا! کە خۆمم کوشت و هاتمە دەرێ دیسان زانیم کە مەلە نازانم!
ـــ

رادیۆ دەتوانێ 
بەرازێ بێت
کە لە ئاسانسۆری هەتاودا وەنەوز دەدات!
جلشۆر بۆی هەیە
سەربازێ بێت
کە لە خەونی دارکونکەرەدا پێدەکەنێ!
دەرگا پێدەکرێ
ژنێ بێت
کە لە گەدەی هەینیدا دەڕشێتەوە!
قاڵی لێدێ
گەشتیارێ بێت
کە لە باوێشکی هێشخاندا
وێنە دەگرێ!

چەن شەوێکە
هەموو شتێ بۆیان دەلوێ شتیتر بن
جگە لە من
کە شێعر ناهێڵێت بخەوم.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا