زایەڵەی گوڵی قەیتەران… برووقەی ژنانی تاریکنێژ / شێعر
تاهیر مەهابادی
.
ئەی ژنانی رووناکبێژ
پیاوێک خەریکە
دەخرێتە خەریتەی تاریکی
کە لە تایفەی بەفرە و
لە خرمەی توانەوە دەترسێ
تکایە بریقە هەڵقولێنن
لە گەوزی حەزی دا
پیاوێک لە پیتاندنی پەیمان دا … لووتکەیە
چاوی لە چریکەی هەوران دا باران
لە مەرەدی ئەبەدی ڕا
گەرووی سپی دەبەخشێ
بە چڕۆی بەردان
پیاوێک لە مێژە لە مێژووی دا
چۆڕ چۆڕ چەواشە دەفرۆشێ … بە خۆی
وەک گەرای بێ دەنگی… گەرم
ئەی ژنانی تاریکنێژ
مەڕواننن لەو شێعرە ڕا
کە ئاگری تاریکم
کە سۆمای بیستنم سڕە … تەریکم
مەڕوانن کە ڕەوەزی هاوارم
وەڕەزی دەچنێ
لە زەنوێری هەستەکان
پیاوێک تەریک تەریک
لە تاریکایی تەنیایی ڕا
هەر دەتوێتەوە … بەرەو تنووک
… بەرەو کلووووو
درەنگ درەنگ
{لاس}ێکی سوواوم
لە سەڕافەتی ئەوین
ئەدرەسم قورتمی ڕقێک… لە گەرووی {یەمەن} دا
گوڵی قەیتەرانم
بۆ ژنانی رووناکبێژە
پیاوێک خەریکە
لە غوڕڕابی غەیببوونەوە
لە ناو پێڵاوەکانی دا… غەریبی
لە بەربینگی … خۆی گرێ دا
پیاوێک خەریکە
دەبێتە برێشکەی سەر سێل
هەڵم ئاسا
دەسووڕێتەوە سەر سێڵاوی … سەفەررررر
درەنگم درەنگ
مردنم دڕدۆنگە لە جەنگەی
جاڕزبوونی هەڵفڕین
بفڕە رۆۆۆۆحی بەفرینم
ئێستا
هەڵەمووتێکی فراوان… لە پێستم دا مەستە
ئێستا جەستەم
کێلێکی گەڕۆکە ووو
لە گۆڕێکی غەریب دەگەڕێ
ئێستا جەستەم … لە سەر هەستە وووو
شیوەنی خۆم لە چاوی خۆم دا هەڵدەگرم
ئێستا
مەیتی خۆم لە سەر دەستە و
بۆ گۆڕستانی یادەکان هەڵدەفڕم