موسافیر – عەتا میرەکی / چیرۆک

عەتا میرەکی

.

ئەمڕۆ کە هاتمە دەر، بایەکی سارد کەوتبووە کەوڵ و هەموو کون و قوژبنی لەشمەوە. وەکوو شتێکی تازە بوو لام، بەڵام هیچ پێم سەیر نەبو. هەرچەن بیری کۆخەکۆخی دوێشەوی خۆم ئەکەومەوە، بەڵام بەینێکە سەیر هۆگری ئەو هەوایەم. بارانی زستانیی ئاسمانی ڕەش داگیرساندووە. دەبێ قەدری هەوایەکی وا دەگمەن بزانرێ، لەوانەیە تا ساڵێکی دیکەش کەس ڕەنگی هوایەکی وا نەبینێتەوە. خۆم راستەوە ئەکەم و سەر هەڵئەبڕم. زوقمی سەردارەکەی لێواری شوستەکە ئەکەوێتە سەر چاوم. لە تەنیشتمەوە تا دێ شەپۆلی ماشێنەکان نزیکتر ئەبنەوە و خۆ بە کەنارەکانی شوستەکەدا دەکوتن. ئەڵێی موسافیرێکم و لە لێواری لەنگەرگایەکدا چاوەڕێی کەشتییەک ئەکەم. بەڵام لەوبەری شەقامەوە هەوا جۆرێکی دیکەیە، لەوێ وەک دەمەو ئێوارەی ڕۆژانی ناوەراست مانگی بەهار وایە. وەک خواردنەوەی بەکاوخۆی پەرداخێک ئاوی فێنک. وەک دیتنی ڕوخساری گەشی کچێکی تازەی سەرشەقام کە قژی ڕەنگی بەلەمێکی سوورهەلگڕاوی بەر هەتاوی گرتووە. لێرەوە گوێم لە دەنگی مەلەوانێکە. بە ئاستەم سەر هەڵئەبڕێ و چاو لە وەهمی دوورگەیەکی دوور ئەکا. کچی تازە خۆی دەخزێنێتە ناو دووکانێکەوە. مەلەوانی وەڕەز بەبێوازی سەرتەختەی کەشتی بۆ هەمیشە بەجێ دێڵێ و لە تیشکی کزی ئاسۆدا بەخۆی و کەشتییەوە لە چاو ون ئەبن.
هەر جارەو هەست ئەکەم لە کۆڵان و شەقام و شارێکی تازەدام.
بەخۆم ئەڵێم گوناهی من چیە کە لەو سەرمایەشدا دەبێ پەرۆشی ئەو دڵدارانەش بم کە لە سووچی بینایەکی نیوەکارەدا، لە تاریکایی کۆڵانێکی بنبەستی تەریکا، لە سەر کورسیی ماشێنێکی نیوەهەڵکراو، نیوەڕووت، نیوەترس و نیوەگیان تێک ئاڵاون. ئەوانەش کە لێرە وەک من تەنها ماونەتەوە تەنها سێبەری ڕەدووکەوتووی درەنگ وەختی ئەو ئێوارەیەن، هەریەکەو موسافیری گەیشتنەوەی سەرجێگایەکن. ئەوەی تەنها ئەژی…
بێواز تێئەپەڕم. ئێستا لە شەقامی دووەم دام کە هەیوانێکی شوڕەوەبووی بینایەکی کۆنی لێیە و هەرجار کە بە پەنایدا تێئەپەڕم بیر سینەکانی ئەوم ئەخاتەوە. چەن حاڵێکی خۆشی پێدام ئەو دیمەنە.
هەمیشە پێم وابووە خۆشترین بڕگە لە ژیاندا ئەو شوێنەیە کە تێبگەی ئیتر گەڕانەوە و شانسی پەشیمان بوونەوە لە گۆڕێدا نیە. تەنانەت ئەگەر دڵنیا بی دوا بڕگەیە و زەحمەتە لێی دەرباز بی.
چارەکێکی تر تەواو دوور کەوتوومەتەوە. وەکوو موسافیری ناو فیلمەکان کە پێشوەخت جێگای دانیشتنی بۆ گیراوەتە و بە دیتنی دووکەڵ یان دەنگی کەشتییەکە وەخۆ دێتەوە و لە کاتێکا بە دەستێک جانتاکەی هەڵگرتووە، بەو دەستەی دی بۆ ماوەیەکی کورت کڵاوەکەی دائەگرێ، ئەوەندەم پێ ئەکرێ دەستێک بە قەوزە و زوقمی سپی سەر سەر و دەموچاومدا بێنم و لە سەر سەکۆی لەنگەرگاکەوە دابەزێمە سەر قیرتاوی قوڕاوی شەقامەکەو بەرەو ئەو ماشێنە رێ ئەکەوم کە لەوانەی بۆ منی ڕاگرتبێ.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا