مەس/ دەردی ئازارێ بە ناوی ژیان – ئاکام کەوسەری
ئاکام کەوسەری
.
هێڤیدارین ئەجمەعین
وەرەحمەتوڵاهوو تەعالا قەسەم
بە خوێن کە کوژراوەتە گیانمانا
بە گەروو کە زیرەک شکاوەتە رۆحیا
بە هاوار کە خەفەین و
رۆژ لە ئێوارەمانا وەیلان
بە ئاگر کە بەربۆتە هەناسەمان و
جەحانممان ئەخەمڵێنێ
/هاوار/
ئەو کە رژاوەتە خەمەکانم
چی داوە لە سوور و رەنگ
کە تاریک بێ
وەک بە رۆحی ئیزاریل قەسەم
دەبوو ماشقەی ژەنیارێ قەرج بایەم
لەو نۆتانەی بە دیار هەناسەی ئەشقەوە
خاو ئەبوونەوە بگەوزایەم
کەئەیژەنی
نازانم چیم لە سەردایە و بۆ کوێ
وەسوەسەی شەوێ بێ رەنگم و
ئەشق
شەکەتی قژە تەڕەکانی
قەرجێ
لە منا کوا شتێ بۆ ژەنین
کە بکرێ
کوا نۆتێ حەیرانی چاوەکانی
بچریکێنە
قەسەم بە رەش کە ئاڵۆزە
بە چاوە سەوزەکانی کە خەمینە:
ئەم ئەشقە
بەشی سێ شەقام چرای تیا سوور بووە
هەر تاریکە
تاریکە ئەو ئێوارەیەی دەستەکانی تیا ون بوو
تاریکە ئەو دەنگەی تێیدا فاڵش و مەست
ئەباری پەنجەی
لە مەستی قژەکانیا ئارەقان ئەپێوێ
تاریکی
ئەشق مەودایەکە بۆ ژەنین
هەموومان سەگ ژیان لە گیانمانا درێژە
گەرووم زەخمیی ئازارێکی درەنگ و
تا هەناسەیە ئازاد
مشتێ ئارامیم ئەوێ
تیا بخەوم
کچێ بە دەم قاوەخواردنەوە بیر ئەکاتەوە
قژەکانی لە ژێر چەنەیا گرێی ژیانی تیا شکاوە و
گەمژانە لە خەیاڵی خۆیا
خەونی تیا دائەهێنا
بی ئاگا لە خۆم تۆ ئەو
لە شەوێ باوەشێکم تیا
حەجمی بێت
لە خۆم و سێبەری ئێوارەیەکا خەمین
هەرزان بە گیانتا گێج ئەخۆم و
لە خۆما کاول شۆڕئەبمەوە
بە ژنایەتی باران و
شارام وتەنی:
پیاوەتیم هیندە سانتە
نازانی!
دڵخەمین سەرت سەودای هەزار رەنگە و
گیانت دەرچووی هەناسەیەک
لە رۆحی هەلاهەلای منا
باران ئەشوا
خەمڕەوێن
بە حەیرانێکی خەمین و پڕ ئازارەوە
قاتین لە خەما و
مەرگ ژیاوین ئێمە
ئەویش چ شیتانە سینەکانی ئالوودەی دەستی با ئەکا و
من
سییەکانم ئیسترساوی خەفەبوونە و
ژیان وەک خۆی لەعنەتی و دەرد
کە چی جەنازە ئاو ئەخنکێنێ و
نیشتمانیش
بە سەر شانی شاعیرێکی خەمینەوە
هەرای خۆڵەکەی ناکەوێ
یا کرۆنازرایل
هەناسەکانی تێکەڵی گیانمکە
خەریکە لە گیانەڵای هەناسەیا بمرم
دایە هەموو گیانم ئەیشێ
چۆناوچۆنی وڵاتێ پڕ لە مریان
کارەسات
تێخ/ین
خۆڵ هەناسە تل ئەداتە گیانما
ئاو جەنازە مەوج ئەدا لە خۆیا
دایە
لە سییەکانما ئەبارێ دەرد
دونیا بەشی بێ تاقەتیم ناکات
ژیان عادەتێکی لەعنەتیە کە ئەژین و
ئەو
چ بێرەحمانە بەهاریە
/دەستەکانی/
خەریکە لە گیانما دەرچێت و
من لێوان/لێو ئیوارەم تیا روواوە
بەهار خەریکە ئێوارەم
دەستی ئەکا و
ئەو ئالوودەیی ها ئەکاتە
بێ تاقەتی تەنیایی خۆی
ئالوودەیی لە ئەوەوە سەری هەڵدا
لە سینەکانیا
لە تەماشا تەڕەکانی
کاتێ ئەیگوت
ژیان هەنارە بیگوشە.