خاڵی توڕەهات

دابان عەتار

.

پەڕەکانی لەنێو چەند فایلێک خنی، هەمووانی خستە نێو جانتایەکی دەستی، لە چەکمەزە کۆنەکەی بەردەمی دانان و دەرگاکەی داخست. چاوێکی بە هۆڵەکەدا گێڕا، لە ژێر چاوەوە سەرنجی لەو فەرمانبەرانە دەدا، کە پێیوابوو هیچیان خۆیان لە باسکردنی نەبوواردووە. زۆرێکیان کاتێک دەگەیشتنە لای سڵاویان دەکرد، هەستی دەکرد دەنگیان تێکەڵەیەکە لە گاڵتە و سووکایەتی، بەتایبەت زۆربەی ژنەکان کاتێک دەگەیشتنە لای، یەکەم کاریان چاویان لە نێوقەدی گیردەبوو، بزەیەکی سەیر دەنیشتە سەر لێویان. چەندجارێک هەوڵیدا کەسانێک پەیدا بکات هەندێک پرسیاریان لێ بکات، تاوەکوو ئەو گومانانەی بڕەوێننەوە…

زۆرجار لەگەڵ خۆیدا دەکەوتە دوان و دەیەویست باوەڕ بەخۆی بهێنێت، ئەو بیرکردنەوانەی بەرانبەر مرۆڤەکانی دەوروبەری هەڵەیە و خۆی دروستی کردوون…

ڕۆژێک بەلای کۆمەڵێک گەنجدا تێپەڕی گوێی لە یەکێکیان بوو، بەلاقرتێوە دەیگوت” کاکە هەموویان وان، کاتێک بەلایاندا تێپەڕی یەکەم شت سەرنج لە نێولاقەکانت دەدەن، قاقای لێ دەدا و درێژەی پێ دەدا” ئەو دەعبایەی خوارەوە گرنگی خۆی هەیە” هەنگاوەکانی خێرادەکرد، تاوەکوو گوێی لە کەسێکی دیکە نەبێت ئەو قسەیە لە هزریدا بشێوێنێ، بەڵکو گومانەکانی وەک خۆیان بهێلێتەوە. دەترسا یەکێکی دیکە هەڵی بداتێ و بڵێ” کاکە وانییە نا، تۆیش هەر فیکرت لەلای دەعباکەتە، دەنا ئەوە پیاو هەر چاویان…” ئەو قسەیەی لە نێو بیرکردنەوەکانی دەشێواند، بەخۆی دەگوت” ئەوەتا کاکە ژنان بۆ پیاوەکانی دیکەش وان و سەرنج لەوێیان دەدەن!” ئەو باوەڕەی چەند خوولەکێکی نەدەخایاند و گومان نەیدەهێشت ئۆقرە بگرێت، لەخۆی دەپرسی” ئایا ژنان بە سەرنجدان لە نێو قاچەکانی پیاوانی دیکەش ئەو خەندە تەوساویە دەنیشێتە سەر لیویان؟”

ئەو پرسیارە دووبارە ژیانی لێ تاڵ دەکردەوە…

هەرکاتێک ئەو ڕەوتارانەی لە ژنەکانی دەوروبەری ببینیبا، لە ڕادەبەدەر تووڕەدەبوو، هەر کە دەگەیشتەوە کەلاوەکەی، خۆی بە گەرماوەکەدا دەکرد و دەیویست بە خەیاڵ ئەو ژنە بخاتە ژێرخۆیەوە، بە دەستیشی دەکەوتە وێزەی خۆی، هاواری دەکرد” ئەهه ئەهه منیش پیاوم، بەڵام پێش بگاتە لووتکەچێژ وێنەیەک دەهاتە پێش چاوی و قوڵپی گریانێکی شێتانە لە گەروویەوە دەهاتەدەرەوە، خاودەبووەوە و دەستی دەکردە گریان، هیچ جارێک نەیتوانیووە ئەو توڕەییەی لە خەیاڵی ئەو ژنانەدا خاڵی بکاتەوە، هەمووجارەکان وێنەی تەماشاکردنی سەرسامانەی ئەو کچە وەک گورزێک بەر تۆقی سەری دەکەوت و دەیخست…

دوای ئەوەی گریان بڕستی لێ دەبڕی، دەکەوتە دۆخێکی نێوان ئاگایی و نائاگاییەوە، دەنگی کچێک بە ئاگای دەهێنایەوە

“خۆۆۆۆشششممممددددەەەوێێی” 

ئەویش هەنسکی هەڵدەدا و بەشەرمەزاریەوە لەبەرخۆیەوە دووبارەی دەکردەوە”ببوورە ئازیزم… ئازیزم ببورە… ببببوووررر، ئااااه!”

ماوەیەکی زۆربوو ئەو خووەی گرتبوو، هەرچەندی دەکرد نەیدەتوانی وازی لێ بهێنێ… بە نزیکەیی پازدەساڵێک دەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕۆژێک یەکێک لەو قەیرە کچانەی دەراوسێیان دوای ئەوەی چەندینجار بە بیانووی جیاجیاوە خۆی لێ نزیککردبووەوە ئەو هیچ دەست پێشخەریەکی نەکردبوو، ڕۆژێک بەلای ئەو کچەدا تێپەریبوو کە لەگەڵ دەستەخووشکێکی لە پێش دەرگا وەستابوو، کاتێک گەیشتە ڕاستی ئەوان، گوێی لێبوو ئەو قەیرە کچە بە لاقرتێوە دەستەخوشکەکەی دەگوت” خلەیە خلە”

تێگەیشت مەبەستی ئەوەبووە بڵێ” خلە بێ کیرە” ئارەقەیەکی ساردی لە تەوێڵی سڕی و بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن. ئەو کچە یەکەم کەس بوو ئەو خووەی لەسەر تاقیکردەوە، تووند دەستەکانی لەدواوە جووت کرد و وبەرزیکردنەوە، نووشتاندیەوە و کەوتە ئازاردانی، بەڵام نەیتوانی درێژە بەو کارەی بدا، کچەکە هاتە پێش چاوی و کەوتە سەر زەوی…

بڕیاری دا جارێکی دیکە ئەو شتە دووبارە نەکاتەوە، بەڵام ئەو لۆمە و قسەوقسەڵۆکانەی لە پاشملە دەیبیستنەوە ئەو خووەیان تێیدا زەقتر کردەوە، بەرەبەرە زیاتر بەسەر دووکەسدا کەرت دەبوو، کەسێک لەدەرەوەدا شەرمێون و لە ماڵەوەدا ئازاردەر و تووند…

ئەو کچەش هەمووجارێک دوای ئەو خەیاڵە ئازاردەرانەی پەیدا دەبوو، سەرەتا بە تەماشاکردنە سەرزەنشتکەرەکەی خاوی دەکردەوە، دواتر بە وشەیەک هێمن دەبووە وە بەدەم گریانەوە چەندساتێک لەنێوان لەخۆچوون و بەئاگایی، ئۆقرەی دەگرت…

“کاکە واتەمەنت هەڵدەکشێ و تۆیش هیچت نەکردووە”

” بزانە! دەمی خەڵکی کونەدیوار نییە بە قوڕ بیگری”

“تەنیا ژنومنداڵ بۆت دەمێنەوە، ئەگەر ئاوا عینادبی لە کۆتاییدا دەکەویە قون دەرکان”

” کاکە ئەگەر کێشەی جەستەییت هەیە سەردانی دکتۆر بکە خۆ عەیب نییە”

 بە پێکەنینێکی سارد وەڵامی دەدانەوە، بەڵام لەناخەوە دەکوڵا. حەزی دەکرد بەسەریاندا هاوار بکات و بە بۆکس بکەوێتە گیانیان، بەڵام زەردەخەنەیەکی دەکرد و بێدەنگ دەبوو…

ماوەیەکی زۆربوو لەو فەرمانگەیە ببووە عەریزەنووس، رۆژانە سەتانجار هەمان شتی دەنووسیەوە و هەمان شت دووبارەدەبوونەوە، چێژی لە ژیانی نەدەبینی، بەڵام پێی ڕاهاتبوو…

سواری پاسێک دەبوو، هەمووجار کاتێک دەگەیشتە بەردەمی کۆلیژی ئەندازیاری هەناسەی قووڵی هەڵدەکێشا و تەماشای دەرگای کۆلیژی دەکرد، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەو کچەی هەمووجارێک دەکەوتەپێش چاوی دڵە خوورپەی دەگرت…

هەموو ڕۆژێ پاسەکە دەگەیشتە ڕاستی دەرگای کۆلیژ و دەوەستا. ئەو سەری بە جامەکەوە دەنا و سەرنجی لە دەرگای کۆلیژ دەدا، لەو کاتەدا خەیاڵی هاتنەدەرەوەی ئەوی دەکرد، بەڵام ئەو خەیاڵانەی چەند ساتێکی کەمی نەدەخایاند… ڕۆژێک لە دەرگاکەوە بینی، زۆر بە ئەو دەچوو، بەرەبەرە نزیکدەبووەوە، خۆی لەبەردەرگاکە بینییەوە. وەستاندی، چەندباسێکی خیرایان بەرباسدا. ئەو نوقڵێکی لە گیرفانی دەرهێنا، کچەکە لەدەستی وەرگرت، دەستی بەر دەستی کەوت، تەزوویەک بە دەستیدا ڕەتبوو، تا ناو سینگی نەوەستا، لەوێوە بەجەستەیدا بڵاوبووەوە…

” کتێبێکم بە دیاری بۆ هێناوی، پێشنیازدەکەم بیخوێنیتەوە”

“ئای دەستخۆش”

دڵنیابووی کاتی دەوێ تا لەگەڵ خوێندنەوە ڕای بێنی، بەڵام هیواداربوویت بتوانی ئەوە بکەیت…

ئێستا پیریت و لە پشتی جامی پاسەکەوە بەئاگا دێیت و لەو دیمەنەی گەنجیت دادەبڕێی، بەڵام ئەوە هەمان ئەو کچە گەنجەی ئەوکاتە بەرەو پاسەکە دێت. دڵت لە سینگتدا تەپەتەپ دەکات، چاوانت هەڵدەگڵۆفی تا دڵنیابیتەوە و لەو خەونە بەئاگابێیت، بەڵام خەون نییە. سەردەکەوێ، تەنیا کوشنەکەی تەنیشت تۆ چۆلە، بەبێ ئەوەی سڵاو بکات لەوێ دادەنیشێ، بۆنێکی دڵڕفێن لووتت کێش دەکا. بۆنەکە دەناسیتەوە، بەشەرمەوە لەژێر چاوەوە دەیخەیە ژێر چاودیری. خۆیەتی، بەبێ ئاگایی سەرت دەسووڕێنی و لێی رادەمێنی، ئەو سەری بەسەر کتێبەکەی بەردەمیدا شۆڕکردووەتەوە، خاڵێکی بچووکی سوور لە سەرووی لێوی دەبینیت، گومان دەبەی ئەو خاڵە دەستکرد بێت، خۆ ئەگەر خاڵەکە دەستکرد بێت ڕێک خۆیەتی. ملت دەسوورێنیت و لە جامەکەوە بە کاڵی وێنەی خۆت دەبینیت. پرچ و ریشت سپی سپی، ڕادەچڵەکێی! “ئەدی بۆچی ئەو لە هەمان تەمەنی خۆیدایە و هیچ پیر نەبووە؟” فرمێسک لە چاوانت دەزێ، دڵت پڕدەبێت و هەناسەت لە سینگتدا تەنگ دەبێت…

“ناتوانم تەنانەت بەخەیاڵیش وێنای بێ تۆیی بکەم”

جارجار فنگەفنگێکت لێوە دێ، کۆنتڕۆڵت پێ ناکرێ، زوو زوو دەستت بۆ ریشت دەبەی و تێیدا دەیگێڕی، هەست بە بچووکترین جوولەشی دەکەی، لەگەڵ دەنگی هەناسەیدا دڵت دەکەوێتە تەپەتەپ…

دێتەوە پێش چاوت چۆن لە نێو هەڵمی گەرماوەکەدا بە تەوسەوە سەرنجت لێ دەدا، دڵت دەگووشرێ و خاو دەبییەوە، جگە لەو خاڵە سوورەی هەمان ڕووخساری ئەو کچەی هەیە، کە لەتەنیشتدا دانیشتووە. هەست دەکەیت خەمێک ڕووخساری داگیرکردووە. دەتەوێ بە هەر بیانوویەک بووە قسەیەکی لەگەڵدا بکەیت، بەڵام چەندی هەوڵ دەدەیت ناتوانیت یەک وشەش بڵێیت، پاسەکە دەوەستێت. هەڵدەستێتەوە، تۆیش هەڵدەستیتەوە، لە پاسەکە دادەبەزێ، تۆیش دادەبەزی…

تا ئەو هەندێک دوور دەکەوێتەوە خۆت دەخافڵێنی، دوای دەکەویت، وادەزانیت هەمان دواکەوتنی یەکەمجارتە، بەڵام ئەو نزیکەی سی ساڵ بەر لە ئێستا بوو. ئەوکات تۆ گەنج بوویت و ئەویش گەنج بوو، بەڵام ئێستا ئەو هەر گەنجە و تۆیش پیرێکی بێسەروبەری…

ناتەوێ باوەڕ بەوە بهێنیت ئەو کچە ئەو نییە، هەرچەندە دڵنیای بە هیچ شێوەیەک مومکین نییە کەسێک دوای سی ساڵ لە هەمان تەمەن و هەمان قۆناغی ژیانیدا بێت، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕووداوە خەونیش بێت، تۆ پێت خۆشە بەئاگانەیەوە و ئەو خەونە درێژەی هەبێت…

دەست لەسەر شانی دادەنێیت، ئاوڕدەداتەوە، پەنجەت بۆ خاڵەکەی سەر لێوی دەبەیت، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی کاردانەوەی بیت، بەپەنجەت دەتەوێ خاڵەکە بڕووشێنیت، بەدەم پەنجە خشاندنتەوە دەڵێیت” هەرچەندە ئەو خاڵەت زۆر لێ جوانە، بەڵام من حەزم لێیە وەک ئەوکات بتبینم، ئەزیزم”

ئەو سەرسام نابێت، بەڵکو دەسڕێک لە جانتاکەی دەردەهێنێت و لە پەنجەی دۆشاومژەی دەهاڵێنێت، بە سەری زمانی تەڕی دەکات و لە خاڵەکەی دەخشێنێت. دەبێتەوە هەمان ڕووخساری بەر لە سی ساڵ. بە خەندەوە” ئاوا باشە گیانەکەم”

دیسان هۆڕنێک بەئاگات دەهێنێتەوە، گوێت لە کۆمەڵێک جوێنی پیس دەبێت، بەڵام تۆ بەردەوام دەبیت لە دواکەوتنی ئەو کچە. ئەو لە شەقامەکە پەڕیوەتەوە و تەواو لێت دوورکەوتۆتەوە. لەوبەرەوە خۆی بەباڵەخانەیەکدا دەکات، لەسەر دەرگاکەی نووسراوە بەشەناوخۆیی شەهید فڵانی کچان.

لە دەرگای باڵەخانەکە نزیک دەبیتەوە، دوو پاسەوان دەبینیت لێت دەڕوانن. ڕووی خۆت دەسووڕێنیت، تا لێیان ڕەت دەبیت خۆت بە تەماشاکردنی شتێکی دیکەوە دەخافڵێنیت.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا