پاڕالێل – ماریای ئازیز / لاونووس
ماریای ئازیز
.
بارانێکی بە خوڕ دەباری، هەورەکان دەیانگرماند و جارجاریش بروسکەکان درزیان دەخستە تاریکایی شەوەوە. بەناودارستانەکەدا تێدەپەڕی. دڵۆپەکانی باران بەرجەستەی دەکەوتن و پێیدا تێدەپەڕین و تەڕیان نەدەکرد، بۆنی خاکی تەڕیشی نەدەکرد. بەسەر دڕک و چقڵی دارەکاندا دەڕۆیشت، بەڵام هەستی بە ئازار نەدەکرد. نەیدەزانی کێیە، لەکوێوە هاتوە و چی ڕویداوە. هەستی بە تێپەڕبوونی کات نەدەکرد. بەدەم ڕۆیشتنەوە گۆرانییەکی دەوتەوە، کە نەیدەزانی لەکوێوە بیستویەتی و فێری بووە ” دۆ ڕێ می فا سۆ لا سی…” لەپڕ ڕوناکییەکی کز سەرنجی ڕاکێشا،کە لە پەنجەرەی کوخێکی بچوکەوە پەرش دەبوویەوە. بە هێواشی دەرگاکەی کردەوە، ژورێکی خنجیلانە و جوان بوو. دۆڵابێکی دارینە لەسوچێکییەوە دانرابوو، تەختە خەوێکی یەک نەفەری، ئاگردانێک، قەنەفەیەکیش کە پێدەچوو پیس بێت و چەن پەڵەیەکی گەورەی پێوەبوو لە لایەکی تری کوخەکەدا بوون. لەسەروو قەنەفەکەش پەنجەرەیەکی چکۆلانە هەبوو. لە لایەکی تری ژوورەکەدا فەرشێکی لولدراوی ناڕێک هەبوو. لەبەرامبەر قەنەفەکە ئاوێنەیەک دانرابوو. کوخەکە هەورەبانێکی بچووکیشی هەبوو.
کاتێک هەنگاوی یەکەمی تێپەڕاندە ژوورەوە قاچی بەر شتێک کەوت، سەری دانەواند، بینی گیتارێکە کە تەلەکانی پچڕاوە. دانیشت و دەستێکی بەگیتارەکەدا هێنا، بینی لەسەر گیتارەکە واژۆیەک هەڵکەندراوە پیتی (p.b) لەسەری نوسرابوو. دەنگێک هاتە بەرگوێیەکانی، وەکو دیمەنی فیلمێک لەمێشکیدا پەخش بوو.
قاقای کچێک تێکەڵ بە دەنگی گڕی پیاوێک کە بەدەنگێکی نەشاز گۆرانی “دۆۆۆۆۆ ڕێ می فا سۆ…” دەڵێنەوە و یەکێکیان بەویتریان دەبڕێت و دەڵێت “بەو دەنگە ناخۆشتەوە هێشتا خۆشمدەوێی” ئەویتر پێدەکەنێت و دەڵێ “بەو قژە لول و ناشیرینەتەوە هێشتا خۆشمدەوێی” گەرمایی لێوێک بەر لێوەکانی کەوت، هەستی بەدڕی ڕیشی ئەو لەسەر ڕومەت و گەردنی خۆی دەکرد، ئارەقەی لێ چۆڕا و سوور هەڵگەڕا، کشایەوە.
دەستی هێنا بەسەر تاڵەکانیدا، قژی کچەکە نا، بەڵکو بە تاڵەکانی گیتارەکە. کوڕەکە زایاتر هەڵچوو بەڕادەیەک تاڵەکانی پچڕاند و پێی گوت” هێشتاش متمانەت پێم نیە؟”
هەڵسایەوە سەر پێیەکانی و گیتارەکەی جێهێشت. بەرەو دۆڵابە دارینەکە ڕۆیشت و دەرگاکەی کردەوە. لەوێدا وێنەیەک هەبوو، فیلمێک لەوێنە. وێنەکە دەجوڵا، لەوێدا کچێک و کوڕێک سەمایان دەکرد، کچێک بە شەرمەوە سەری نابووە سەر سینەی کوڕێکی قژ لوولی ڕیشن. وێنەکەی خستەوە شوێنی خۆی و ویستی دۆڵابەکە دابخات، بەڵام کیسەیەکی بچووکی بینی، کاتێک کردیەوە دەسماڵێکی تێدا بوو بەپەڵەیەکی زۆرەوە، نەیدەتوانی بزانێ بەچ شتێک پیس بووە و چ ڕەنگێکە یان بۆنی چی لێ دێت، بەڵام هەر ئەوکاتەی دەسماڵەکەی کردەوە دەنگی کچەکەی بیست دەیگوت: “با بۆ هەمیشە لێرە بێت، نەبادا ڕۆژێک بیرت چێتەوە کە من بوومەتە هی تۆ”
لەرزی و دەسماڵەکەی لێ کەوت. خۆیشی نەیدەزانی بۆ، نەشی دەزانی ئەو قسەیە واتای چیە، بەڵام بەترسەوە دوورکەوتەوە و دۆڵابەکەی بەکراوەیی جێهێشت، بەرەو دواوە کشایەوە.
دەستێکی بەسەر تەختە خەوەکەدا هێنا. گفتوگۆیەک بیسترا.
دەنگی یەکەم:
“جێگای هەردووکمان نابێتەوە”
دەنگی دووەم نزیک بووەوە و چرپاندی:
“دەبین بەیەک، جێگامان دەبێتەوە”
هەڵسایەوە و ترسا، سەیرێکی دەوروبەری کرد، بەڵام هیچ کەسێکی نەبینی، بە ترسەوە گەڕایەوە لای تەختە خەوەکە و لێی ڕاکشا، بەبێ ئەوەی بزانێ بۆچی وادەکات.
سینگی کەوتە تەپەتەپ. ئازارێک لەخوار سکییەوە، هەست کردن بەترس، قوڕساییەک لەسەر لاشەی، دڕیەکی ئاشنا، ئااا ئەو دڕیە دەناسمەوە، ڕیشی پیاوە قژ لوولەکەیە. دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک لەچاوانییەوە دەتکا. لەپڕ چاوەکانی کردەوە، خەریکبوو ڕەنگەکان دەردەکەوتن، بۆنی ئارەقەیەک دەهات. کچەکەی بینی بە ڕەنگێکی پەڕیوەوە دەسماڵێکی خوێناوی دەخاتە ناو کیسەیەک و دەیداتە دەست پیاوە قژ لوولەکە و پێی دەڵێت: “خۆشمدەوێی، متمانەم پێتە، با بۆ هەمیشە لێرە بمێنێتەوە، نەبادا ڕۆژێک بیرت بچێتەوە کە من بومەتە هی تۆ”
تێنەدەگەیشت ئەو ڕووداوانە چین دەیان بینێت. بەرەو قەنەفەکە ڕۆیشت، ویستی دانیشێت و بیربکاتەوە، تا لەو ڕووداوانە تێ بگات کە دەیان بینێ و دەیان بیستێ، هەر کە دانەویەوە هەنسکێکی بیست.
(کچەکە لەژوورەكەدا دانیشتبوو بەكوڵ دەگریا. پیاوە قژ لوول و ڕیش درێژەکە نزیك دەبێتەوە و دەڵێت: گوڵی من تازە تۆ هی منی، تۆ دایكی منداڵمی ڕێگەنادەم بە هیچ شێوەیەك هیچ كەسێك ئازارت پێبگەیەنێت.)
هەست بە ئارامی دەکات و بەردەوام دەبێ لەسەیرکردنی ئەو دوو عاشقە.
( دەست بە قژەخاوەكەیدا دەهێنێت و درێژە بە قسەكانی دەدات: “دڵتەنگ مەبە! هەر ئەمشەو دەڕۆین. مادام بە هیچ كەسێکت نەگوتووە ئەو كارەت لە گەڵ مندا كردوە، كەس نازانێت لێرەی و ناماندۆزنەوە.)
هەڵدەستێتەوە و بەرەو لای ئاوێنەکە دەچێت، بەڵام لە ئاوێنەکەدا دیمەنێک بێدەنگییەکە دەشێوێنێت.
(كەللـــەی زل و قژە لوول و تێكچڕژاوەكەی نا، سێبەرەكەی كەوتبووە سەر دیوارەكە. سمێڵى گەورە و بابڕ و قەترانی نا، دەنگە نەرم و ترسناكەكەی بوو دەبیسترا. ڕیشە
درێژ و پڕەكەی نا، ئەو مقەستەی پێی قەڵەم كرابوو، نێوان كەزیەكانی نا، پەراسوە ناسكەكانی كون دەكرد. شەربەتی هەنار نا، خوێنی ساویلكەیی بوو دەڕژایە سەر زەویەكە.)
کچەکە گیانی دەدا، دیمەنی ژوورەکە سامناک بوو. قەنەفەکە، دیوارەکە، هەمووی ڕەنگەکانیان هێواش هێواش بەدەر دەکەوت. سوور تارای کیژۆڵەیەکی پاکیزەی خەنەبەندان ئاسا هەموو شوێنێکی پۆشی.
بۆ چەند ساتێک لەشوێنی خۆیدا وشک بوو. نەیدەزانی چۆن یارمەتی کچەکە بدات، دەیویست خوێنبەربوونەکەی بوەستێنێت، بەڵام هیچ شتێک سوودی نەبوو، ئەو خوێنە بەناودەستەکانیدا دەڕۆیشت. دوایین نەفەسی کێشا و دەنگی نەما. لەناکاو دەنگی خشەی پێ هات پیاوێک هاتە ژورەوە و فەڕشێکی بەدەستەوە بوو، قاچەکانی کچەکەی ڕاکێشا و لەناو فەڕشەکەدا لوولی دا. لەلایەکی فەڕشەکەوە قژی کچەکەی لێهاتبووە دەرەوە، جگەرەیەکی پێ کرد و بێشەرمانە دەستێکیشی بەقژی کچەکەدا دەهێنا. لێی نزیک بووەوە و چرپاندی: “یارمەتی بدە! لەوانەیە زیندوو بێت.” پیاوەکە ڕاچڵەکی! کەمێک فەرشەکەی کردەوە دەستی لەملی کچەکە دا بۆئەوەی لە مردنی دڵنیا بێتەوە.
دیسان نزیک بووەوە، پێی گوت: “ساویلکانە خۆشیدەویستیت!”
پیاوەکە ترسا! خێرا خۆی کۆکردەوە و بەپەلە ئەوێی بەجێهێشت.
لە فەرشەکە نزیک بووەوە تا دەموچاوی کچەکە ببینێت، هاواری کرد: “ئەوە منم لەوێدا! ئەوەی لەسەر تەختەکە هەناسە بڕکێی بوو، ئەوەی سەمای دەکرد و نەیدەزانی گۆرانی بڵێت، ئەوەی هێواش هێواش گیانی دەدا من بووم. ئەوەی قوڵپ قوڵپ خوێنی هەڵدەهێنایەوە، من بووم!
بەبێ ئەوەی پێی بزانێت چەندان ڕۆژ بەدیار لاشەکەی خۆیەوە دانیشت بوو، دانەبەدانە ئەو یادگاریانەی لەپێش چاویدا پەخش دەبوونەوە کە لەوشوێنەدا بەسەری بردبوون.
تەقە تەقێک هات، بەرەو هەورەبانەکە ڕۆیشت، بینی پیاوێک لەژێر ڕۆشنایی مۆمێک دانیشت بوو، لەسێبەرەکەیەوە قژە لوولەکەی دیاربوو، هەمان پیاوی یادگاریەکانی بوو. ئامێرێکی نووسینی لەپێش خۆی دانابوو، خەریکی نووسینەوە بوو. بەهێواشی لێی نزیک بووەوە. پیاوەکە دەستی لەرزی، هەستێکی نائارام و سەیری هەبوو، سەیری دەوروبەری خۆی کرد و لەپەنجەرەی هەورەبانەکە لەدەرەوەی ڕوانی. کچەکە نزیکتربووەوە و لێوی بردە بن گوێی پیاوەکە و گوتی: “بەڵام خۆشمدەویستی”
پیاوەکە ترسا! وایزانی گوێیەکانی زرینگاونەتەوە، سەرێکی ڕاوەشاند و نووزەیەکی لێ هات: “بەنەفرەت بیت! بۆچی وازم لێناهێنێت.”
کچەکە سەیرێکی پەڕاوەکانی کرد، بینی کە چیڕۆکی ئەوی نووسیوەتەوە.
ئەم جارەش هاتەوە، بەدەنگێکی سارد و ڕقاوی چرپاندیە بن گوێیەکانی: “دەزانی خۆشمدەویستی؟” پیاوەکە ترسا بەڕادەیەک ڕایکردە دەرەوە، نەوتی بەهەموو شوێنەکەدا کرد و گڕی تێ بەردا. پێی وابوو ئەگەر ئاوا بکات ویژدانی کپ دەبێتەوە. لەوێدا هەر ئەوکاتەی باران دەباری، ئەوکاتەی پیاوەکە بە خەیاڵێکی ئاسودەوە سەیری دیمەنی بوونە قەرەبرووتی کوخەکەی دەکرد و وایدەزانی لەو دەنگە ڕزگاری دەبێت، پەڕاوەکانیشی بەدەستەوە بوو، هەر ئەوکاتە لەوێدا لەبەرامبەری وەستابوو. چاوەکانی ئەبڵەق لەچاوانی پیاوەکە بڕی بوو، بەو چاو لێ بڕینە پێی دەگوت تۆ توشی نەفرەت بوویت، نەفرەت، نەفرەت…
پاشکۆ: ڕەهەندێکی تر لە چیڕۆکی تارماییەکەی دابان عەتار.