گیانباز
دابان عەتار
.
گریمانه‌ی یه‌که‌م
ئه‌گه‌ر کاره‌که‌م سه‌ری گرتبا، خه‌ڵکه‌که به‌وشێوه‌یه قسه‌یان دەکرد:
” به‌خوای ئازا و لێهاتووه”
“پیاوێکی شاره‌زا و پۆڵایینه”
“دڵێکی هه‌یه له ڕه‌گه‌زی پۆڵا”
“ئه‌وه‌یه نمونه‌ی مرۆڤی باڵا”
ئه‌وانه‌ی له په‌ره‌پێدانی مرۆیی نووسه‌ر یان وتارخوێن بوون، ده‌یانگوت یان ده‌یاننووسی: باوه‌ڕبوون به‌تواناکانی خود مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و سه‌رکه‌وتن و ناوبانگە.
سینارستهکان شاگهشکهدهبوون، کە بابه‌تێکی باشیان ده‌ست ده‌که‌وت بۆ نووسینی فیلمێک. ڕۆژنامه‌نووسه‌کان ده‌رگای ئۆفیسه‌که‌یان به‌رنه‌ده‌دام، ده‌بووایه دوای ئه‌وه‌ی بێزار ده‌بم له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره بێسه‌روبه‌ره‌کانیان له‌هه‌وڵی ڕاکردن دابم لێیان و کارم ببێته خۆشاردنه‌وه. نووسه‌رانی شه‌یدای ناوبانگ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا ده‌بوون چۆن چیرۆکه‌که‌م بکه‌نه نووسینێکی وا بتوانن ناوبانگێکی باش به‌و هۆیه‌وه په‌یدا بکه‌ن
گریمانه‌ی دووه‌م
ئه‌گه‌ر کاره‌که‌م سه‌ری نەگرتبایە
قیژه‌قیژی ئافره‌تان ئه‌و ناوه‌ی به‌جۆش ده‌هێنا. کچێکی گه‌نجی شیکپۆک هاواری لێ بهرزدهبووهوە:
“ده‌بوو به‌ر له‌و کارهبگرن”
پیره‌پیاوێک سه‌ری له‌بناگوێی ئه‌وه‌ی ته‌نیشتی ده‌نا و به ده‌نگێکی تژی گاڵته‌وه ده‌یگوت:
“وهللـه له تڕێ سه‌ی چوو”
پیاوێکی خڕکهلانهی سه‌ر ڕووتاوه له کاتی بیستنی هه‌واڵه‌که‌دا دۆخی دانیشتنه‌که‌ی ده‌گۆڕی، به‌وپه‌ڕی متمانه‌بوون به ئاوه‌زی خۆیه‌وه ڕوو له ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی ده‌کرد و ئه‌م دێرانه‌ی ده‌گوت:
“وه‌ره به‌شه‌ر ئه‌وه‌نده که‌ر بی! ئاخر ئه‌وه که‌ی کاری کرده‌یه؟ قوڕعان به‌حه‌قت به ساحێبت له‌وه‌ته‌ی هه‌م له‌و که‌سه‌ی کهرترم نەدیوە”
پۆلیس ئه‌و هاوڕێیانه‌م کە ده‌ستیان هه‌بووه له‌و کاره‌دا دەستگیر دەکەن. ڕاگه‌یاندنه‌کان ئه‌مجاره‌یان نایه‌ن باس له پاڵهوانییەتى من بکه‌ن. ڕۆژنامه‌نووسان بێزارم ناکه‌ن، به‌ڵکو ئه‌مجاره نهیارانە ده‌دوێنن و فه‌یله‌سوفانی پشتی ڕووداوه‌کان بێزار ده‌که‌ن، بێزارکردن نا، به‌ڵکو ده‌رفه‌تی زۆربڵێیی زیاتریان بۆ ده‌ڕه‌خسینن. دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌کیش ناوی من له کوله‌که‌ی ته‌ڕیش دیار نامێنێت، یان بۆ هه‌تا هه‌تایی ناوبزدهبم، یان بۆ هه‌تاهه‌تایی وه‌ک هێمای که‌ریه‌تی مرۆڤ دهمێنمهوە.
گریمانه‌ی سێیه‌م
ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ی من فیلمێک بوایه، ئه‌و کاته دوو دید ده‌بوو بۆ بینینی ڕووداوه‌کە:
١- دیدی بینه‌ران ( دیدی دوای مۆنتاژ و فێڵه‌کانی چاوبه‌ستی سینه‌مایی)
کوڕێکی گه‌نجی باڵا ڕێک، به‌و په‌ڕی متمانه به خۆبوونه‌وه له‌سه‌ر تاوه‌رێک وه‌ستاوه، ده‌چێته سه‌ر لێواری تاوه‌ره‌که و سه‌یری خواره‌وه ده‌کات. چاوانی داده‌خات و هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵ هه‌ڵده‌کێشێت… دیمه‌نێکی تر ده‌رده‌که‌وێت، منداڵێکی هه‌شت ساڵی ده‌ستی دایکی گرتووه و به ژێر تاوه‌ری ههورکونکهر تێ ده‌په‌ڕن. منداڵه‌که ده‌وه‌ستێ، سه‌ری به‌رزده‌کاته‌وه و به په‌نجه‌ی ئاماژه بۆ چه‌ند خاڵێکی ڕه‌ش ده‌کات له‌سه‌ر لوتکه‌ی تاوه‌ره‌که ده‌ڵێت:
“دایکه ئه‌مانه چین؟”
دایکه‌که: “کوڕی خۆم ئه‌مانه کرێکارن.”
له‌و کاته‌دا یه‌کێک له‌و خاڵه ڕه‌شانه به‌رده‌بێته‌وه و تا دێت قه‌باره‌ی خاڵه ڕه‌شه‌که گه‌وره‌ترده‌بێت. چه‌ند مه‌ترێک له دووری ئه‌وان پیاوێک ده‌که‌ێته سه‌ر زه‌ویه‌که و خوێن ده‌پڕژێت. چه‌ند قه‌تره خوێنێک به‌ر ده‌موچاوی منداڵه‌که ده‌که‌وێت.
دایکه‌که ده‌قیژێنێت و ده‌ستی به‌چاوی منداڵه‌که‌وه ده‌گرێت. گه‌نجه‌که ڕاچڵه‌کی! سه‌یرێکی خواره‌وه‌ی کرد، له‌ژێر لێوه‌وه گوتی: “ده‌بێت سه‌رکه‌وم.”
بێته‌له‌که‌ی ده‌رهێنا و په‌یوه‌ندی به‌چه‌ند ژماره‌یه‌که‌وه کرد: “ده‌ست پێ بکه‌ن.”
له‌وکاته‌دا چه‌ند پۆلیسێک له ناو به‌رزکه‌ره‌وه‌که‌دا بوون و زۆریان نه‌مابوو بگه‌نه سه‌ره‌وه، ئه‌فسه‌ره‌که‌یان بێ ته‌له‌که‌ی له لێوی نزیک کردبووه‌وە: “به‌زووترین کات بگه‌نه شوێنی مه‌به‌ست. دوای چه‌ند خوله‌کێکی تر ئێمه ده‌گه‌ینه شوێنه‌که.”
کچێک و کوڕێکی گه‌نج له سه‌ر شه‌قامه‌که هاواریان ده‌کرد: “سه‌رنج بده‌ن، له‌سه‌ر تاوه‌ره‌که گه‌وره‌ترین سه‌رکێشی له مێژووی مرۆڤایه‌تی ئەنجام دەدرێت.”
کوڕێکی موو زه‌رده‌ی لاواز له شاشه‌ی چه‌ند که‌ناڵێکی پڕبینه‌ری جیهانی ده‌رکه‌وت:
“بینه‌رانی به‌ڕێز ببورن ئه‌گه‌ر له کاتێکی خراپ‌دا ده‌رکه‌وتووم، ته‌نیا ده‌مه‌وێ سه‌رکێشیه‌کی گه‌وره‌تان بۆ بگوازمه‌وه.”
له‌نێو ستۆدیۆی ته‌له‌فزیۆنه‌کان شڵه‌ژانێک ڕووی دا، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و که‌ناڵانه به‌توڕه‌ییه‌کی زۆره‌وه ده‌یگوڕاند: “ئه‌وه چیه؟! ئه‌وه چ مه‌هزه‌له‌یه‌که!”
جێبه‌جێکاران سه‌ریان له‌و ڕووداوه ده‌ر نه‌ده‌کرد. به‌ڕێوه‌به‌ری په‌خشی یه‌کێک له که‌ناڵه‌کان له‌پشتی کۆمپیوته‌ره‌که‌یه‌وه ئاگری لێ ده‌باری و خه‌ریکی جنێودان بوو. چووبووه ناو بایۆزی کۆمپیوته‌ره‌که‌یه‌وه ، تا ئه‌و ده‌سته نهێنیه ئاشکرا بکات، که دزه‌ی کردبووە ناو کۆمپیوته‌ره‌کانیانه‌وه و دۆخه‌که ئاسایی بکاته‌وه. خێزانێک به‌دیار یه‌کێک له‌و که‌ناڵانه‌وه حه‌په‌سابوون و سه‌رنجیان ده‌دا. خێزانێکی تریش به‌هه‌مان شێوه. تا ئێره به‌رنامه‌کان به‌پێی پلانه‌که به‌ڕێوه ده‌چوون، به‌وه‌ی له‌ڕێگای هاکه‌رێکی لێهاتوه‌وه ده‌ستیان گرت بوو به‌سه‌ر په‌خشی چه‌ند که‌ناڵێک و ئه‌و سهرکێشیهیان په‌خش ده‌کرد. له شاشه گه‌وره‌که‌ی ڕێکلامی ئه‌و به‌ری شه‌قامه‌که‌شه‌وه هه‌مان دیمه‌ن په‌خش ده‌کرا. یه‌کێک هاواری لێ به‌رزبووه‌وە:
“سه‌رنج بده‌ن! ئه‌وه هه‌مان ئه‌و پیاوه‌ی سه‌ر تاوه‌ره‌که‌یه”
خه‌ڵکه‌که پێکڕا ڕووی خۆیان سووڕاند و لە شاشه گه‌وره‌که‌ی ئه‌و به‌ری شه‌قامه‌که‌یان ڕوانی. کامیراکه گوازرایه‌وه سه‌ر کوڕه گه‌نجه‌که‌ی سه‌ر لێواری تاوه‌ره‌که، کوڕه‌که‌ش چارپایه‌کی هه‌ڵگرت و چووه گۆشه‌یه‌کی تاوه‌ره‌که، چارپایهکهی خسته سه‌ر یه‌ک پایه، به‌هێواشی له‌سه‌ری دانیشت و ده‌سته‌کانی لێک کردنه‌وه، تاکوو هاوسه‌نگی خۆی بپارێزێت. له‌و ده‌مه‌دا یه‌کێک له‌دیار ته‌له‌فزیۆنێک دانیشتبوو هۆڕه‌هۆڕ ده‌گریا، لەوەیە وایزانیبێت ئه‌وه بۆخۆیه‌تی ئه‌و سه‌رکێشییه ئەنجام دەدا و سه‌رکه‌وتوو بووه… له‌و ده‌مه‌دا چاوی چووه سه‌ر پۆلیسێک له ده‌رگایه‌کی تاوه‌ره‌که هاته ده‌ر و هاواری کرد:
“وریابه!”
مۆسیقایەکی خێرا ته‌ماشاکارانی فیلمه‌که‌ی ڕاچڵه‌کاند! ژنێکی گه‌نج له‌ڕیزی پێشه‌وه دانیشت بوو، له‌گه‌ڵ یه‌که‌م نۆته‌ی مۆسیقاکە خزیه ژێرباڵی ئه‌و پیاوه‌ی له‌ته‌نیشتی دانیشتبوو، پیاوه‌که‌ش تووند شانه‌کانی گوشی و گوتی: “ئارام به.”
مۆسیقاکە تاده‌هات خێراتر ده‌بوو… کوڕه گه‌نجه‌که بۆ ساتێک خه‌یاڵی ڕۆیشت، خەریک بوو هاوسه‌نگی له‌ده‌ست بدات، به‌ڵام توانی به‌سه‌ر ترسه‌که‌یدا زاڵ بێت. پۆلیسه‌کان به‌ره‌به‌ره نزیک ده‌بوونه‌وه و به‌ده‌نگێکی پڕ له‌ترس و هێواش ده‌یانگوت:
“وریابه! وه‌ره‌خواره‌وه”
به‌ڵام کوڕه‌که پێداگری له‌وه کرد له‌جێگاکه‌ی خۆی نەبزوێ… سه‌ری سووڕاند و ئیشاڕهتێکی هاوڕێکه‌ی دا، هاوڕێیه‌که‌ی مایکه‌که‌ی بۆ فڕێ دا، ئه‌ویش گرتیه‌وه و ده‌ستی به‌قسان کرد. له‌و به‌رزاییه‌وه قسه‌ی بۆ خه‌ڵکه‌که ده‌کرد. دوای سه‌رکه‌وتنی کاره‌که کوڕه‌که ناوبانگێکی باشی په‌یدا کرد. بینه‌رانی فیلمه‌که له کۆتاییه‌کانی فیلمه‌که به خرۆشاویهوه سه‌رنجیان ده‌دا و ترسی که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی ئه‌و کوڕه له‌سه‌ر ئه‌و تاوه‌ره به‌رزه‌وه به‌ری نه‌ده‌دان. فیلمه‌که به‌شێوه‌یه‌ک وێنه‌ی گیرابوو، بینه‌ر ئه‌وه‌ی لهبیردهچوو له فیلمێکی ئاوایی چاوه‌ڕوانی که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی کاراکته‌ره سه‌ره‌کیه‌که‌ی زۆر لاوازە.
٢- ڕاسته‌قینه‌کان
(ئەودیو فێڵە سینەماییەکان)
ده‌بوایه بچمه ناو ستۆدیۆ سه‌وزه‌که‌وه، شتێک نه‌بوو به‌ناوی سه‌رکێشی، به‌ڵکو هه‌ر به‌ته‌نیا ئه‌وه‌نده بوو بتوانم به جوانترین شێوه شێوه‌ی ڕووخسارم بگۆڕم بۆ دۆخهههستیهکان و ته‌واو. ده‌بوو بچمه گۆشه‌یه‌کی ژووره‌که و تەماشای ژێرپێی خۆم بکه‌م و چاوانم دابخه‌م، هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵ هه‌ڵمژم. دواتر چارپاکه هه‌ڵبگرم، له‌سه‌ری دابنیشم و وه‌کو باڵنده‌یه‌ک باڵه‌کانی خۆم لێک بکه‌مه‌وه. دواتر داوای مایکه‌که‌م دەکرد، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند قسه‌یه‌کم بە دەنگی بەرز دەگوتەوە، داوای چه‌ند دارێکی یاریکردنم دەکرد، ده‌که‌وتمه هه‌ڵدان و گرتنه‌وه‌ی داره‌کان و یاریکردن پێیان. ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌م له‌سه‌ر بوو بتوانم به‌باشی ئه‌و یاریه ئەنجام بدەم، ئه‌وه‌که‌ی تر کۆمپیوته‌ره‌که ڕێکی ده‌خست.
به‌رزه‌فڕی
ئاماده‌سازی ته‌واوم بۆ کاره‌که کردووه، ته‌نانه‌ت ژیاری هاوڕێم به‌ڵێنی پێ دام له‌و کاته‌دا وێنه‌کان بگوازێته‌وه بۆ چه‌ند که‌ناڵێکی په‌خشکاری جیهانی، به‌م ئاوهایه دوای سه‌رکێشییه‌که تواناکانی خۆم بۆ هه‌موو جیهان ده‌سه‌لمێنم و به‌ناوبانگ ده‌بم. ده‌بێت ترسی ئه‌و خه‌ڵکه له سه‌رکێشی که‌م بکه‌مه‌وه و په‌یامێکیان پێ بده‌م . با تێ‌یان بگه‌یه‌نم هیچ شتێک نه‌کرده نییه. بەڵکو بیسه‌لمێنم گه‌وره‌یی مرۆڤێک به‌پێی باوهڕبوونیهتی به‌خۆی و به‌پێی هه‌وڵدان و به‌ره‌نگاریه‌تی له‌پێناوی باوه‌ڕه‌کانیدا…
تا ئێره هه‌موو شته‌کان باش جێبه‌جێبوون. دوای دوو خووله‌کی تر ده‌چمه سه‌ر لێواری تاوه‌ره‌که و بینای هاوڕێم له‌به‌رده‌می کامیراکهدا ده‌رده‌که‌وێت، به‌پێی قسه‌کانی ژیاریش بێت توانیویه‌تی ده‌ست به‌سه‌ر ئای پی(IP) کۆمپیوته‌ری چه‌ند که‌ناڵێکی په‌خشی جیهانیدا بگرێت و له‌و کاته‌دا وێنه‌کان ده‌گوازێته‌وه بۆ په‌خشی ئه‌و که‌ناڵانه. به‌ڵێ دڵنیای کردمه‌وه له‌وه‌ی ده‌توانێت ئه‌و کاره بکات، ته‌نانه‌ت دڵنیاشی کردمه‌وه توانیویه‌تی ده‌ستبه‌سه‌ر شاشه گه‌وره‌که‌ی ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که‌شدا بگرێت و وێنه‌کان له‌وێشدا به‌ده‌رده‌که‌ون. له‌وکاته‌دا من به‌بێته‌ل هاوڕێیانی خواره‌وه‌ی تاوه‌ره‌که ئاگادارده‌که‌مه‌وه، ئاماده‌بن و خه‌ڵکه‌که ئاگادار بکه‌نه‌وه، بینا له‌به‌رده‌می کامێراکه‌دا ده‌ستی به‌قسان کردوه:
“بینه‌رانی به‌ڕێز ئێستا گه‌وره‌ترین سه‌رکێشیتان له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا بۆ دەگوازمەوە، سه‌رکێشی له‌سه‌ر به‌رزترین تاوه‌ری جیهان، تاوه‌ری هه‌وربڕی به‌ناوبانگ.”
نما ڕووی کامێراکه‌ی له‌من کرد، منیش چوومه سه‌ر لێواری تاوه‌ره‌که و پیێیهکی چارپاکهم له لێواره‌که گیرکرد، به‌هێواشی له‌سه‌ری دانیشتم و باڵه‌کانم لێک کردنه‌وه، تا هاوسه‌نگی خۆم بپارێزم. چه‌ند چرکه‌یه‌ک چاوه‌کانم لێک نا و هاوسه‌نگی خۆم ڕاگرت. هه‌موو بیرکردنه‌وه نه‌رێنییه‌کانم له‌خۆم دوور خستەوە، هاوارێک ڕایچڵه‌کاندم:
“وریابه!”
له‌گه‌ڵ ده‌نگی هاواره‌که هاوسه‌نگیم له‌ده‌ستدا و چه‌رپاکه که‌وته جووله‌جوول، پایه‌که‌ی له قه‌راغی تاوه‌ره‌که ترازا، ویستم خۆم فڕێ بده‌مه به‌ری تاوه‌ره‌که و به‌رنه‌بمه‌وه، به‌ڵام نه‌متوانی و به‌خێراییه‌کی زۆر به‌ره‌و شه‌قامه‌که به‌ربوومه‌وه… هاوار هاوار له‌ناو خه‌ڵکه‌که به‌رزبووه‌وە. تاده‌هات هه‌ناسه‌م ته‌نگتر دەبووەوە.
گریمانه‌ی دووه‌م وڕوکاسی کردم
حه‌زێکی له‌مێژیینه و وروژاندنی گێڕه‌ره‌وه:
ئه‌و ڕۆژه به شه‌قامی سهتوبیستیهکهدا تێ ده‌په‌ڕیم، به‌نیازبووم بچمه ماڕکێتهکهی به‌رانبه‌ر تاوه‌ری ههورکونکهر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک پێداویستی بکڕم. وه‌ک چه‌ند جاره شته‌کان زۆر ئاسایی ده‌هاتنه پێش چاو. به‌هۆی کۆنتڕۆڵه بچووکه‌که‌ی ده‌ستمه‌وه ئه‌و چارپایه ئه‌لکتڕۆنییه بزۆکه‌ی لەسەری دانیشتبووم ئاڕاسته ده‌کرد. به‌ژێر تاوه‌ره‌که‌دا ڕه‌ت بووم. ویستم له شه‌قامه‌که‌وه بپه‌ڕمه‌وه، له‌ناکاو گوێم له‌ده‌نگێک بوو، کوڕێکی ڕه‌شتاڵه‌ی باڵابه‌رز بوو، هاواری ده‌کرد:
“سه‌رنج بده‌ن! ئێستا سهرکێشیترین دیمه‌ن ده‌بینن.”
کاتێک گوێم له وشه‌ی سه‌رکێشی بوو، له‌جێی خۆم ڕه‌ق بووم، ئاڕاسته‌ی ڕۆیشتنه‌که‌م به‌ره‌و ڕووی کوڕه‌که گۆڕی. له‌ماوه‌ی چه‌ند خووله‌کێکدا ژماره‌یه‌کی زۆر خه‌ڵک کۆبوونه‌وه. ئاماژه‌ی بۆ لووتکه‌ی تاوه‌ره‌که ده‌کرد. سه‌رنجم دا، یه‌کێک له‌سه‌ر لێواری تاوه‌ره‌که وه‌ستا بوو، وه‌کو خاڵێكی بچووک دیار بوو. له‌شاشه گه‌وره‌که‌ی ئه‌و به‌ری شه‌قامه‌که‌وه وێنه‌ی کوڕێک بدهرکهوت، ده‌یگوت:
“بینه‌رانی به‌ڕێز ئێستا گه‌وره‌ترین سه‌رکێشیتان له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا بۆ دەگوازمەوە، سه‌رکێشی له‌سه‌ر به‌رزترین تاوه‌ری جیهان. تاوه‌ری هه‌وربڕی به‌ناوبانگ.”
کاتێک گوێم له وشه‌ی سه‌رکێشی بووه‌وە مچوڕکێک به موغه‌ره‌ی پشتمدا تێپەڕى. کامێراکه وێنه‌ی خاڵه ڕه‌شه‌که‌ی گواسته‌وه. کوڕێکی لاوازی موزه‌رد چارپایه‌کی له‌سه‌ر یه‌ک پایه له‌لێواری یه‌کێک له گۆشه‌کانی تاوه‌ره‌که گیر کرد بوو، خۆیشی له‌سه‌ری دانیشت بوو باڵه‌کانی له‌یەک کرد بوونه‌وە. گوێم له ده‌نگی چه‌پڵه و فیکه‌ی خه‌ڵکه‌که بوو. خۆمم بیرهاته‌وه ئه‌وکاتانه‌ی له‌ناو یاریگا به‌هۆی هاندانی ههوادارانمهوه دهخرۆشام، وه‌کو پڵینگێکی به‌هه‌ڵمه‌ت په‌لاماری به‌رانبه‌ره‌که‌مم ده‌دا و له‌ده‌ست و پێم ده‌خست. فیکه و چه‌پله کاسی ده‌کردی، گوێم له هاوارێک بو:
“وریابە”!
له‌وده‌مه‌دا سه‌رنجم دا، خه‌ڵکه‌که چه‌ند هه‌نگاوێک ده‌کشێنه‌وه و هاوار هاوار له‌ناویاندا به‌رزبووه‌وە. چه‌ند چرکه‌یه‌کی نه‌برد کوڕه‌که له سه‌ر تاوه‌ره‌که به‌ربووه‌وه، چه‌ند مه‌ترێک له دووری منه‌وه ده‌مه‌وڕوو به‌ر زه‌ویه‌که که‌وت و شه‌قی برد. خوێن فیچقه‌ی کرد. گوێم لێ بوو یه‌کێک هاواری ده‌کرد:
“ده‌بوایه کەسێک به‌ر به‌و کوڕه بگرێت.”
یه‌کێکی تر هه‌ڵیدایێ: “به‌ر به‌چی بگرین کاکه؟ تازه شته‌که له ده‌ستی که‌سدا نه‌مابوو.”
پیاوێک له لای چه‌پی منه‌وه‌بوو سه‌ری له‌بناگوێی که‌سه‌که‌ی ته‌نیشتی ناو به گاڵته پێکردنەوه گوتی: “وهللـه لهتڕێ سه‌ی چوو”
چه‌ند که‌سێک خۆیان گه‌یانده سه‌ر لاشه‌که‌ی. کچێک وه‌ک شێتی لێ هات بوو، هاواری ده‌کرد و له‌خۆی ده‌دا، به‌که‌س نه‌ده‌گیرا. پۆلیسه‌کان گه‌یشتنه شوێنی ڕووداوه‌که و چه‌ند که‌سێکیان قۆڵبه‌ست کرد، خه‌ڵکه‌که‌یان دوورخسته‌وه. چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک باس باسی ئه‌و ڕووداوه بوو، دواتر به‌ره‌به‌ره لهبیرچووهوە، له‌بیری که‌سدا نه‌ما. ئێستا من ئه‌و چیرۆکه ده‌نووسمه‌وه، هیچ که‌سێک باسی ئه‌و ڕووداوه‌ی له‌بیر نه‌ماوه، ته‌نیا کاتێک ئه‌گه‌ر ئه‌و چیرۆکه بخوێننه‌وه له‌بیریان بێته‌وه. منیش هه‌رچه‌ندی ده‌که‌م ناتوانم ئه‌و چیرۆکه‌م بیربچێته‌وه، نازانم هۆکاره‌که‌ی چییە! له‌وانه‌یه هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌بێت هیچ نه‌بێت ڕووداوێکی نزیک له‌و ڕووداوه به‌سه‌ر من هاتووە. من باشترین یاریزانی مشتهکۆڵهبووم. هیچ یاریزانێک نه‌بوو خۆی له‌به‌رم ڕابگرێت. ته‌نیا من ده‌زانم چه‌پڵه‌ی هه‌وادارانم چ وزه‌یه‌کیان پێ ده‌به‌خشیم. ئه‌وه‌ی حه‌زی په‌یداکردنی هێز و ناوبانگ لهکهللـهی نه‌دابێت ئه‌و کاره‌ی به خۆکوژی و که‌رایه‌تی لێکده‌داته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه بۆ من جیاوازبوو. منێک له‌نیوه‌ی ڕێگاکه له چێژی گه‌یشتن بێبه‌ش کرام. وامده‌زانی که‌س ناتوانێ خۆی له‌به‌رانبه‌رم ڕاگرێت و ده‌توانم به‌سه‌ر هه‌مووکه‌سێکدا زاڵ بم. وام لێ هات گوێم به‌سه‌رزه‌نشتی که‌س نه‌ده‌دا. له‌پێناوی ئامانجه‌که‌م به‌رده‌وام بووم له به‌ره‌نگاربوونه‌وه، تا ڕۆژێک پێش یاری کۆتایی پاڵاوتنه‌کانی ناوخۆیی بۆ یاریزانه باڵاکان، به‌ره‌و ڕووی که‌سێک بوومه‌وه. هه‌موو هه‌وڵێکی خۆم دا له‌پێناوی مانه‌وه و زاڵبوون، به‌ڵام چه‌ندی کردم نه‌متوانی و به‌سه‌ختی که‌وتم و دۆڕام، خۆم نه‌ده‌دا به‌ده‌سته‌وه تا ملی سوڕاندم و به جووله‌یه‌ک له‌هۆشخۆم چووم. کاتێک بەئاگا هاتمه‌وه خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌کی مردووبووم و چیتر پاڵه‌وان نه‌مابووم. کاتێک که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی ئه‌و کوڕه‌م بینی، ویستی نووسینی چیرۆکێک له ناخمدا چه‌که‌ره‌ی کرد، چیرۆکی شکسته‌کان. چیرۆکی به‌دی نه‌هاتنی هیوایه‌ته‌کان. ئیتر بێزاربووم له‌و هه‌مووه درۆیه‌ی له چیرۆکه‌کاندا هه‌یه و بۆ هه‌میشه پاڵه‌وانه‌کان دهبهنهوە.