چەلۆژەن – کامۆ ئاراز / چیرۆک
کامۆ ئاراز
.
دەنگی نمەنمەی باران تێکەڵی دەنگی گەڵا هەڵوەریوەکان و هاژە هاژەی بای پاییز بووە. هەر لەم سەروبەندەی نمایشی میوزیکی سرووشت، لە هۆڵەکەش دەنگی هیچ کەسێک نابیسترێت، لە هەناسەکانی ئەم زیاتر کە لەگەڵ دەنگی ئەو چەلۆیەی دەیژەنێت تێکەڵ بووە. میوزیکێکی پیانۆش وەک باکگراوندێک بۆ سۆڵۆی چەلۆکە لە سپیکەرێکەوە دەردەچێت. ئامیا بە شێوەیەک چەلۆکەی دەژەنی، دەتگوت چەلۆکە ئەندامێکی جەستەیەتی و شادەماری خوێنی لە دەستیەوە بە ناو قوڵایی چەلۆکەدا ڕۆچووە. هەر کاتێکیش وەچانێکی چەلۆکەیە و دەبێتە سۆڵۆی پیانۆکە، ئامیا بە ئاخە تۆن-ئاساکانی هەناسەی بەردەوامی بە ژەنینی خۆی دەدا.
هەرچەندە ئەو لە ڕاگرەکەی بەردەمی پەڕی میوزیکەکەی لەسەر پارچە میوزیکی ‘ئەگەر تۆ خۆشەویستی منیت’ داناوە، وەلێ ئەو بە چاونووقاویەوە خەریکی ژەنینە، ئاخر ئەو نۆتە بە نۆتە، ژان بە ژان، سەدا بە سەدا، دەنگ بە دەنگی ئەو پارچەیە شارەزایە. یەکێک لەو بیرەوەریانەی ئەم پارچەیە لە ئەندێشەی دەیوروژێنێت، ئەو کاتەیە کە شەش ساڵان بوو، بە غێمی دێتەوە ناو میشکی، لە جۆلانەکەی باخچەکەیان لە دایک و باوکی دەپرسی کە ناوەکەی مانای چییە. دایک و باوکی هەمیشە بە گەپ و خەندەوە پێیان دەگووت کە ئەو کەسێکی بە بەختە کە ناوەکەی هێندە سەرنجڕاکێش بێت. پێیان دەگووت کە بە گۆڕانی یەک پیتی ناوەکەی کە بە هەمان شێوە دەخوێندرێتەوە بەڵام واتای تەواو دەگۆڕێت. دایک و باوکی پێیان گوت بوو کە هەردووکیان ویستی خۆیان لە ناو ناوەکەی کۆ کردبۆوە، دایکی دەیویست ناوی شەوە بارانی لێ بنێت و باوکیشی هۆگری ئەوە بوو کچەکەی خۆشبوویسترێت بۆیە ناوێکی بۆ هەڵبژارد بوو کە مانای خۆشویستراو بدات.
لە دواجاردا ڕێککەوتن ناوی بنێن ئامیا، ئاخر ئامیا بە هەردوو مانای بارانی شەو و خۆشویستراوی دەدا، تەنها بە گۆڕانی پیتێک: amia و amya. هەروەکو چۆن لە پارچەیەکی مۆسیقادا نۆتەیەک بگۆڕێت بۆ نۆتەیەکی دیکە، تەواوی هارمۆنی ئاوازەکە تێکدەچێت، ئەلفابێتیش وەهایە، پیتێک بۆی هەیە ژانەسەر بهێنێتە کایەوە، هەندێک جاریش هەڵکەوتی دڵگیر و خەندەهێن درووست دەکەن بۆ ئامیا ناوەکان.
ئامیا هەرگیز نەیدەزانی کە بیرەوەریەکەی ڕاستە و بەو شێوەیە ڕوویداوە یان نە، ئاخر زۆرجار ئەندێشە و بیرگەمان فێڵمان لێدەکەن، ڕێک وەکو ئەوەی چۆن جادووگەر بە تەڕدەستی ئەفسوونێک نمایش دەکات، نواندنێکی ئەفسووناویمان پێشان دەدات، وەلێ تەنها خودی خۆی دەزانێت چی لە پشتی پەردەی نمایشەکەوە دەگوزەرێت. بۆ ئامیاش، بیرەوەرییەکانی منداڵی لە کۆمەڵە نمایشێکی ئەفسووناوی زیاتر نەبوون، هەمیشە تەم و مژ شریتی یادەوەرییەکانی داگیر کردبوو، ئەوە نەبێ هەندێك دیمەن بە دیاردەکەوتن، ئەمانەش لای نەدەکرا بە تەواوەتی جێی بڕوا بوونایە، ئاخر مێشکی هەموومان چیڕۆکنووسی چاکن، خودی خۆیان لەو چەند دیمەنە چیڕۆکێکیان دەخوڵقاند.
ئامیا لە ژەنین بەردەوام بوو، لە ناکاو دەنگی میلۆدی لە پیانۆکەی بەردەمی هاتە دەرەوە و شەپۆلی دەنگەکە کەوتە سەما لەگەل دەنگی پیانۆی باکگراوندەکە و شەپۆلی پەژارەی چەلۆی ئامیا. لە هەنگاو بەهەنگاوی ئەو سەمایەدا، نۆتەکان باڵیان گرت و هەڵفڕین. لەگەڵ هەر هەنگاوێک؛ لەگەڵ هەڵتەکاندی باڵێک، ئەفسوونێک لە ئەندێشە چرۆی دەکرد. زۆری نەخایاند هەر بە گوێیەکانی، ئامیا پەی بەوەبرد دەبێت کەسێکی دیکە پیانۆکە بژەنێت، ئاخر ناکرێت لە خۆڕا، یان بە ڕێکەوت کلیلە سپی و ڕەشەکانی لەسەر هەمان ڕێڕەوی پارچەکەی ئەم خۆیان بژەنن.
پێڵوەکانی ئامیا وردە وردە بەرەو سەرەوە دەکرانەوە، سەرەتا وەکو بیرەوەرییەکانی غێمییەک هەبوو، وەلێ جیا لە بیرەوەریییەکانی لێرە تەمەکان دوای چەند چرکەیەک بزر دەبوون، هەرچی بیرەوەرییەکانیشە هیچ ڕێگەیەک بوونی نییە بۆ هێنانەوە بوونیان، یاخود پۆڵش کردنیان تاوەکو جوان بێنە خەیاڵ. لەگەڵ کرانەوەی چاوەکانی بینی کوڕێک لە هاوتەمەنی خۆی لەسەر پیانۆکە دانیشتووە و ئیمپرۆڤایز* دەکات.
هەردووکیان بێ وەستان، بێ وەچان، بێ دڵەڕاوکێ بەردەوامیان بە میوزیکەکە دەدا. پەنجەرەکان ڕێگەیان لە هەڵفڕینە سەمای نۆتەکان گرتبوو، دەنا بۆی هەبوو باران و گەڵاکانی پایزییشیان پەلکێشی سەماکە بکردایە. هیچ کەنارێکی ژوورەکە نەما بوو شەپۆلی میوزیکەکەیانی پێنەگات.
****
لەوانەیە زێدەڕۆیی بێ بوترێت ئەمە باخچەیەکە بە ئەندازەی باخچەی عەدەن، وەلێ گەر لێرە دەبوویت و چاوەکانت دەنووقاند ئینجا هەوای بەهارەیت هەڵدەمژی، مەحاڵ بوو جیا لە عەدەن بیرت بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بچووایە. بە ئادەم و حەوا تێکەڵیان مەکە، تەنها دوو هاوسەرن لەسەر جۆلانێیەک دانیشتوون، ژنەکە کتێبێک لە دەستەکانی دایە و سەرقاڵی خوێندنەوەیە. پیاوەکەش سەرقاڵی پاککردنەوەی هاوێنەی چاویلکەکەیەتی، کەمێ بلەزە، بۆی هەیە بیەوێت زوو پاکی بکاتەوە تا لە شتێک بڕوانێت و بیخزێنێتە ناو کۆگای ئەندێشەی.
”تەنانەت وردەکاری یەکەمین نیگات لە یاد نەکردووە.”
پیاوەکەش ئێستا چاویلکەکە ئاسوودە نیشتووە لەسەر گوێچکەکانی، بە خەندەیەکەوە لە هاوسەرەکەی دەڕوانێت.
”جا گەر لە یادم نەبێت، خۆم لە یاد نابێت”
”هەرچەندە چیرۆکەکە تەواو جیاوازە، بەڵام زۆر بە ڕوونی یادگارییەکانی خۆمانی تێدا ئەبینم.”
”ئەبێ داوای لێبووردن لە کارەکتەرەکان بکەم کە هەندێک جار ناتوانم خۆم بگرم و یادگارییەکانی خۆمان تێکەڵیان نەکەم، ئۆلیڤیا.”
لەم گفتوگۆیانەدا بوون لە پڕ دەنگی سێهەم خۆی خزاندە ناو گفتوگۆکەوە. دەنگی منداڵێک کە تازە زمانی وەکو گەورەی لێهاتووە، تازەش کەم کەمە فام دەکاتەوە، بە واتایەکی تر لە سەرەتای هەنگاونانێتی بەرەو ئەو نەهامەتیانەی لە ژیاندا خۆیانیان بۆ مەڵاسداوە.
”باوکە ملوانەکەکم نادۆزمەوە.”
”چەلۆکە؟”
”بەڵێ.”
”قەیناکە کچم وەرە پێم بڵێ لە کوێ یاریت ئەکرد.”
دەستی کچە چکۆلەکەی دەگرێت و بەرەو ئەو شوێنە هەنگاو دەنێن کە کچە چکۆلەکە یاری تێدا دەکرد. ژنەش پەڕەیەک دەخاتە سەر ئەو لاپەڕەیەی لێی وەستا بوو و کتێبەکە دادەنێت لەسەر جۆلانێکە و بە ئەسپایی دوایان دەکەوێت. کتێبەکە لەسەری نووسراوە: ئەگەر تۆ خۆشەویستی منیت. لە نووسینی جەیمس میڵەرە.
دوای ئەوەی ملوانەکەکەی دەدۆزنەوە بڕیار دەدەن بە دارستانەکەدا پیاسەیەک بکەن و بچنە سەر پردەکە کە لەسەری ڕووبارێکی بچووک جێگیر کراوە و بەناو دارستانەکە خوڕڕەیەتی. ملوانکەکەی کچە چەلۆیەکی بچوکی پێوەیە بەشێوەیەکی جوان نەخشێنراوە، بە دەست درووستکراوە نەک ئەوەی ئامێرەکان دروستیان کردبێت. ئەمە بە ڕوونی دیارە ئەگەر لە پشتەکەی بڕوانیت پیتی سەرەتای ناو و ناوی خێزانی نەقاشەکەی لەسەرە.
وەچانێک لە ناوەندی پردەکە وەردەگرن و هەموویان لە جوڵەی ئاوەکە دەڕوانن. لە ناکاوێکدا کچە بچکۆلانەکە ملوانکە چکۆلەکەی لە دەستەکانی بەردەبێتە ناو ئاوەکەوە و گوم دەبێت. کچە بچکۆلانەکە بە نیگەرانییەوە لە دایک و باوکی ڕوانی، و پەنجەشی بۆ ڕووبارەکە درێژ کرد.
”باوکە ملوانکەکەم!”
”هیچ نییە کچەکەم بەڵام جارێکی تر ئاگادار بە.”
”بەس ئەمەوێتەوە.”
جا دایکی ئەمجارە خۆی خزاندە ناو قسەکانیانەوە.
”قەیناکە کچەکەم ئەگەر دەتەوێت بیگەڕێنیتەوە، لەگەڵما فێری چەلۆ بە، بەو شێوەیە دەگەڕێتەوە لات.”
”بەڵام دایە تۆ زیاتر حەزت بە وێنەکێشانە، منیش ئەمەوێت وەکو تۆ تابلۆ بکێشم.”
باوکی دەستی لە ناو قژەکانی کچەکەی گوم بوو، ڕێک وەکو چلۆن چەلۆکە لە ناو پرچی ڕووبارەکە نغرۆ بووبوو. دایکیشی خۆی دانەوان بۆ ئاستی کچەکەی و بە دەستەکانی شانەکانی کچەکەی بە هێمنی گرت و لە چاوەکانی ڕوانی.
”کچە جوانەکەم ئامیا، ئەو ناوەی بە تۆم داوە خۆی تابلۆیە.”
پیاوەکەش بە خەندەیەکەوە وتی ”ئۆلیڤیا، بێزار نەبوویت لە وێنەکێشانی شەوانی باراناوی پاییز، دەتەوێت کچەکەشمان ناو بنێیت بە بارانی شەو.”
”دەمەوێت چییە، جەیمس؟ خۆی ئامیا واتە شەوێکی باراناوی.”
”ئەی ئامیا مانای خۆشویستراویش دەگەیەنێت.”
ئەم گفتوگۆ ئاڵۆز و بە مەبەست چنراوانە زێدە قورس بوون وەک لەوەی منداڵێکی ئەو تەمەنە تێی بگەن، وەکو ئەوە وەهابوو هەزار و یەکشەوە بۆ باڵندەیەک بخوێنیتەوە. بۆیە پرسی ”دایە، بابە. ئێستا من کامەیانم؟ تابلۆیەکی شەوی باراناویی پاییزم یانیش کەسێکی خۆشویستراو.”
بێ وەستان جەیمس و ئۆلیڤیا پێکەوە بە هەمان ئاواز وەڵامەکەیان چڕی ”هەردووکیانیت.”
ئۆلیڤیا هەستایەوە سەر پێ و لەگەڵ جەیمس دەستەکانی ئامیایان لە دەستەکانی خۆیان ئاڵاند و بەرەو باخچەی عەدەن گەڕانەوە. ئامیای چکۆلە تێگەیشت کە هەردووکیانە، بەڵام چۆن هەردووکیانە؟ زانیشی بۆ دۆزینەوەی ملوانەکەی چەلۆکەی گەشتێکی دوورودرێژی لە پێشە، بەڵام کام ڕێگا و چۆن بیگرێتە بەر؟ تەپەی دەنگی پێیەکانیان کە لە پردە دارینەکەوە دەردەچوو، لەگەڵ ترپەی دڵەکانیان، هەردووکیش پێکەوە لەگەڵ خوڕڕەی ئاو و گۆرانی باڵندەکان سرووشتیان تەژی کردبوو لە هەراوهۆریایەکی ئەفسووناوی.
****
کافتریاکە ئارامە، سێ مێز نەبێت ئەوانی دیکە هەمووی بەتاڵن، ڕووناکییەکی زۆریشی لێ نییە. تنۆک تنۆک کەوتنی ئاوی بارانی سەر چەترە داخراوەکە، کە بە هەڵگرەکەی لای دەرگاکەوە هەڵواسراوە، لەگەڵ ڕتمی باران و هەڵوەرینی گەڵاکان خۆی گونجاندووە. هەردوو میوزیکژەنەکە لەسەر مێزیک دانیشتوون، چیتر نزیک نین لەو هۆڵەی پێکەوە ناپێشبینیکراوانە میوزیکیان تێدا دەژنی. هێشتا شوێنەواری ئامیرەکان بە پەنجەیانەوە ماوە، هەڵمیش لە کوپە قاوە گەرمەکانی بەردەمیان دێتە دەرەوە، هەڵمەکە بەسەر کۆمەڵێک پەڕەی میویزیکدا دەڕوانێت کە لەسەر یەکێکیان نووسراوە: گەڕان بەدوای چەلۆ ونبووەکە، بۆ خاوەنی پارچەکەش ناوی <ئامیا ویڵسن>ی پێوەیە، ناوی ئامیا بەم شێوەیە نووسراوە: Amiya. ئەو چرکەساتانەی ئامیا لە کوپ و هەڵمەکە دەڕوانێت، چۆنیەتی لە بیرهاتنەوەی بیرەوەرییەکانی بیر دێتەوە، نەک خودی بیرەوەرییەکان. چۆن ملوانکەیەک ون دەبێت لە ناو ڕووبارێک، ئا ئاوهاش سەرنجەکانی ئامیای نوقمی قاوەکە بووبوون.
”دەزانم هێشتا چاومان بە یەکتر نەکەوتووە. بەڵام من بەڕاستی سەرسامی ئەو پارچەیەت بووم کە ساڵی پار ژەنیت.”
”کامە پارچە؟”
”ئەو پارچەیەی ناوت نابوو گەڕان بەدوای چەلۆ ونبووەکە. هەمیشە حەزم کردووە بزانم کە بۆچی ناوێکی وەهات لەو پارچەیە ناوە؟”
”لە ڕاستیدا خۆشم وێڵی وەڵامی ئەو پرسیارەم، هێشتاکە خۆم هەڵم نەهێناوە، زۆر جار ئەو هزرە ئەندێشەم دادەپۆشێت کە چەلۆیەکم لێ ونە و دەبێت بیدۆزمەوە.”
”ئەو پارچەیە پارساڵ داتنابوو، لەو کاتەوە نەتدۆزیوەتەوە، هەڵبەتە دڵنیام کە چەلۆی تایتڵی پارچەکەت مێتافۆرە.”
”لەڕاستیدا نازانم چ ڕاستییە یان مێتافۆر. هێشتا هیچ هەستێکم نییە لەوەی دۆزیومەتەوە یان نا.”
کوڕەکە ویستی بە خاتوو وێڵسن بانگی بکات، وەلێ ئامیا پێی گووت کە ئاساییە تەنها بە ئامیا بانگی بکات، چونکە لای وایە دەیەوێت هاوڕێیانە مامەڵە لەگەڵ گوێگرانی بکات نەک مەودا درووست بکات، ئاخر ئەو هەمیشە هەستی بە مەودایەک و بۆشاییەک دەکرد لە ژیانیدا. کوڕەکەش پێی باش بوو کە ئامیا هەر بە براندن بانگی بکات.
”ئەو پارچەیەی کە ژەنیمان لە هۆڵەکە، پێی دەوترێت ئەگەر منت خۆشبوێت، دەزانم ئەمە میوزیکی ئەنیمێیە، بەڵام هەمیشە کە گوێم لێ دەبێت دەژەنرێت ناتوانم بیر لە ڕۆمانێک هەیە نەیکەمەوە.”
”کامە ڕۆمان؟”
”ڕۆمانەکە هەر بە هەمان ناوە ‘ئەگەر منت خۆش بووێت.’ نووسەرەکەیش ناوی جەیمس میڵەرە.”
”بڕواناکەم بیستبێتم بە باشی، لەوانەشە بیستبێتم کاتێک منداڵ بووم، بەڵام لەوە دڵنیام ئەو پارچەیە هەمیشە منی کێشکردووە.”
”لە ڕاستیدا زۆر هۆگری ڕۆمانەکانیم، ئەو هەموو ڕۆمانەکانی دەربارەی ئەڤینییە، بەڵام ئەڤینییەکی بێمانا نا، بەڵام بەداخەوە ساڵانێکی گەلێ زۆر لەگەڵ هاوسەرەکەی لە ڕووداوێکی ئۆتۆمبێلدا کۆچی دواییان کرد.”
”ئۆو، ناخۆشە، دەبێت چەند چیرۆک و ڕۆمانی دیکەی هەبووبێ تاوەکو بینووسێت، کەچی هەمووی لەگەڵ خۆی بردە ژێر گۆڕ. منیش هەمیشە ئەو بیرەم هەیە، چ دەبێت گەر بمرم و فریا نەکەوم کە ئەو هەموو ژاوە ژاوەی ناو مێشکم وەرگێڕمە سەر نۆتەکانی مۆسیقا”
”لە ڕاستیدا هاوسەرەکەشی وێنەکێشێکی باش بووە، ئەوەندەی زانیبێتم. هەندێک وێنەیم بینیوە زۆر هۆگری کێشانی بارانی شەوانی پاییز بووە، وە هەرگیزیش لە بەشی پێشەوەی ناوی خۆی واژۆ نەکردووە بەڵکو لە دواوەی کانڤاسەکە ناوی خۆی واژۆ دەکرد تاوەکو جوانی تابلۆکە نەشێوێنێت.”
”سەرنجڕاکێشە!”
ئێستا تەنها دوو مێز لە کافتریاکە گیراون کە یەکێکیان هی ئەمانە. بۆ ماوەیەک ئارامییەکی زێدەتر باڵی کشاند بەسەر تەواوی کەشی کافتریاکە، مێزەکەی دیکە قوتابیەکی زانکۆ بوو بەسەر کتێبی ‘خەندەکانی بارانی’ جەیمس میڵەرەوە خەوی لێکەوتبوو، ئامیا و براندنیش بێدەنگ بووبوون دوای گفتوگۆیەکی سەرنجڕاکێش. تاکە دەنگانێک لەم درەنگانە ببیسترایە دەنگی باران بوو، تاکە تابلۆیەکی سەرنجڕاکێشیش ببینرایە باران و هەڵوەرینی گەڵاکانی پاییز بوو لە شەڤدا، کێ هەبوو دییەکانی ئەڤینی نەکات لەگەڵ ئەم تابلۆ خودایانەیە.
****
باران بەخوڕ دەباری، نمە نمەی باران بە توندی دەکەوتنە سەر شووشەی ئۆتۆمبێلەکە، فڵچەکانیش خێرا خێرا دەیانوویست شووشەکە پاک بکەنەوە و فرمێسکەکانی بارانیان لەم شەوە خامۆشەدا دەسڕی. ئۆلیڤیا و جەیمس دەڕۆشتن بەرەو ماڵی هاوڕێیەکیان تاوەکو ئامیای لا جێبێڵن و خۆیان بڕۆن بۆ ئەو ئاهەنگەی لەلایەن چاپەمەنییەکەوە سازکراوە بۆ بڵاوکردنەوەی دوایین بەربەرهەمی جەیمس بەناوی خەندەکانی باران. لەو ڕۆمانەدا یەکێک لە کارەکتەرەکان ناوی ئامیایە، کە لە یەکێک لە چاپتەرەکان ملوانکەیەکی چەلۆ ون دەکات. لە ڕاستیدا جەیمس دەیوویست بەشی دووهەمیشی بنووسێت لە داهاتوودا، لەوێ یەکلایی دەکردەوە کە ئامیا چلۆن چەلۆکە دەدۆزێتەوە، یانیش بەتەواوی گومی دەکات، وەلێ ئەم پەرتووکە هەرگیز ڕۆژی ڕووناکی نەدی، لە گۆڕنرا.
”کچەکەم ئەچینە لای مامە.”
”مامە جاک؟”
”بەڵێ، دڵەکەم.”
”ئەی بابە، دایە. بۆچی هەرگیز نەچووینەتە ماڵی نەنە و باپیرە؟”
بۆ چەند چرکەیەک بێدەنگی دایکێشا بەسەر ئۆتۆمبێلەکە. ئۆلیڤیا و جەیمسی خێزانی لە چاوی یەکتریان ڕووانی، هەموو ئەو بیرەوەریانەی لە خانەی بێدایک و باوکان هەیان بوو هەمووی بە جارێ تەوژمی کردە ناو ئەندێشەیان. هەرچەندە ئەو کاتانە بە ژان بوون، وەلێ ئێستا ئامیا ئاوێزەیە بۆ پەژارەکانیان، ئەو تیشکەکانی ژان وەردەگرێت و پەیڤ بە باوکی دەبەخشێت و ڕەنگیش بە دایکی.
ئۆلیڤیا بە دووەم تاکە کەس لە دوای جەیمسی هاوسەریەوە گوت ”دڵەکەم، جارێ کاتی ئەوە نییە، لە داهاتوودا بۆ لای ئەوانیش دەچین.”
”باشە، دایە گیان.”
ئۆتۆمبێلەکە گەیشتە بەردەم ماڵی هاوڕیی جەیمس، و چەترەکانیان هەڵکردبوو و لە زنگی ماڵەکەیان دا و سڵاویان لە یەکتر کرد.
”جەیمس خۆشحاڵم کە کتێبەکەت بلاو دەکەیتەوە، دەبێت سبەینێ کۆمپیەکی واژۆکراویش بدەیتە من.”
”گومان لەوە نییە هاورێکەم.”
جەیمس و ئۆلیڤیا خوداحافیزیان لە جاک و ئەمیلیا کرد وئێمیلیاش بە دەستێک بووکەشووشەکەی گرتبوو و بە دەستێکیش ماڵئاوایی کۆتایی لە دایک و باوکی دەکرد و بە خەندەکانی بارانی سپاردن.
****
براندن و ئامیا لە بەردەمی باڵەخانەی هۆلەکە وەستاون، بارانەکە ئارمە، تەنانەت پێویست بە چەتر ناکات.
”تکایە براندن چاوەڕێم بە دەڕۆم پەڕە میوزیکەکانی دیکەم دەهێنم لە بیرم چوون لە هۆڵەکە.”
”تکا دەکەم. کاتی خۆت وەرگرە.”
ئەمیلیا دەڕواتە ناو هۆڵەکە و پەڕەکانی کۆ دەکاتەوە، دەزانێت سبەینێ نمایشکردنێکی گەورە چاوەڕوانێتی. لە هەموو نمایشێکی دڵەراوکەیەتی چونکە هەمێشە چاوەڕێی ئەوەیە ئەو بەشە بەتاڵەی لە بیرەوەری و ئەندێشەیدا هەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان بیدۆزنەوە.
ئەمیلیا وردە وردە لەسەر پێپلیکانەکان دەهاتە خوارەوە لە پشتەوەی تابلۆیەکی جوان هەیە کە نە زێدە گەورەیە و نە زێدە چکۆلە، تابلۆی کچێکە لە شەوێکی باراناوی پاییزدا چەلۆ دەژەنێت و خۆشەویستەکانی دەوروبەریشی سەما دەکەن. ئەوەی بهاتبایەتە ناو ئەو باڵەخانەیە دەبووایە دیدەی کەتبوایەتە سەر ئەو تابلۆیە، ئامیاش زۆرینەی ڕۆژەکان دیبینی. ئامیا وردە وردە لە دەرگاکە نزیک دەبووەوە، بەڵام نەیدەزانی کە کێ وێنەکەی کێشاوە، چونکە هیچ واژۆیەکی لەسەر نەبوو. لە ڕاستیدا لە پشتەوەی کانڤاسی تابلۆکە واژۆیەکی بە دەستوخەتی ئۆلیڤیا لەسەر بوو: ئۆلیڤیا میڵەر. لە خوار واژۆکەش زێدە بە چکۆلە نووسرا بوو پێشکەشە بە ئامیای کچم. وەلێ دڵۆپێک ئاو نووسینەکەی غێم کردبوو.