چەن کورتەشێعر | ئیدریس بەردنووس
ئیدریس بەردنووس
١.
شەوشارێکە شەوارەی نیشتمان پڕ بە چۆڵی وێڵی ڕستەیەک بێخاڵ.
ئاواز بە هەراوە جمەی دێ لە گوێی، لە گوێی گادا پرخە، تا ئەوپەڕی پاکوتانی دەسڕەی شایی لە بێ سنووری بێ بۆیی…
خەیاڵ بە خاڵ و بە ڕەشی چارەی شەماڵەکانی نیشتمان و سوار سوار مانوو لە بوون.
گەر شەماڵ بە ڕووما سەوز بشەکێنێ و من سوور لە هەرای شاخ و یار گەردنی زەردە و بەرز لە من هەڵ دێ…
٢.
باران
باران
باران
بمخەرە پانتایی پەنجەکانتەوە.
من ئەتخۆمێنم بە مەدلوولە نەهێنییەکانی مێشکمەوە. تۆ لە بەڕووە کۆنێکی گیرساوە بە ئەوینی نیشتمانەوە دەچی. تۆ ئەو شەماڵە پیرۆزەی خۆ ئاڵاندوو بە ئاڵاوەی…
باران
باران
برژێیە تەنیایمەوە…
٣.
ئەی خۆم لە خۆم بێزار و هەرا هەرا باران بە خەڵوەتی کۆڵانا لاڵ چوون…
خۆزیا خۆزگەیەک دەبووم بە چوونتدا، بە چۆنییەتی چوونتدا و خرمەی خەیاڵت کاڵ بوو لەوپەڕی جارانەکانمدا…
باران خوڕەی لە بێدەنگیما ئەپێوێت و من پیاسەیەکم شۆڕش ئاسا بەلەشی بێ ئۆقرەی خۆما و تۆ ئەی منی بێقەرار مان مەگرە لە پەنجەی پڕ تاسەم بۆ بۆنی پەلکەی پڕژاو بە ڕوانینمدا…
٤.
مردن وچانێکە لەسەر لەڕی ژیان وەک، وەکترینی تاڵە قژێک بە پەنجەی بێ تاقەتی کچێکەوە. ئاڵۆزی زریکەی کۆڵان نسرمێکە بە بەرچاوی هاوینمەوە و هەر نەچوونەوەی بەفرە کۆنێکی سپی بە با ئەکەم لەسەر خەرمانەی خاڵە نەزۆر گرینگەکانی وڵات…!