شەومان زەخمێکە لە برینی هیچ شێعرێکا ناڕۆژ-ێ
ئاکام کەوسەری
.
ژیان بوونبەستێکی ئاوەڵایە لە ئازار خانم
دونیا هینتە و
تۆ سەرخۆش بە لە ئارەقا
سەرخۆش
کە خۆشی/مانتان تۆران
ژیان تۆرانە و
من لە پەیکێکا مەست ئەچۆڕێم
تۆ لە هەناسەیەکا نایەیتەوە
ئازار خەریکە بتژێنێتە کۆڵانێکی تەنگەبەر و
ئەڵێم:
تۆ سەرخۆش بە
سەر بە سینە و
شان بە شانی
ئێوارانی مانگەشەو
شەومان زەخمێکە لە برینی هیچ شێعرێکا
نارۆژ-ێ
من مەست و
بسمیلمکە لە ئایەتی خۆشەویستیا
مەستر لەم مەستیە ئارەقان ئەپێوێ هەناسەم
تەلاوەتی رۆژانم بە
ئێوارانم لە گەرووتا
خەریکە “هەڵشێعری”بە سەر دێڕێکی خەمۆکا
هەڵمکێشە لە پەیکێکا
تا نەیـــــــــان/کێشـــــــاوین لە دار و نیگار و ئاسنا
ئەم ئێوارە لەعنەتیە وەنەوزی مانگەشەوی ڕنی
وەرە لە دار درەختم تیا بنووسە
بمنووسێنە لە سینەکانتا
خاچ بم
بمشێعرێنە لە مەستی لێوەکانتا
تەناف بم
ئازار و ترس لە خەڵوەتی تەنیایتا داوەرێنە
لە جەستەی یەک/دا نەخەمڵین
ژومارەکان ناگەن بە لەش
تامی سینەت گەر نەتامێم
بیری مەمکی دایکم ناکەومەوە
لە سینەتا بمتامێنە
با بە سەر ئازاری بێدەنگیدا
شۆڕ ببمەوە
نەتلاوانم بە تەلاوەتی ئایەتێ لە
دۆزەزەخیەکانی لاشەتدا
کە بێشەرمانە سەرانسەر باڵاتم پێوا
لە خەڵوەتا کە ون ئەبووم
دائەدڕام
دەگەڕامەوە وشەم تیا شل ئەبوو
لە درزی پەنجەرەی تەنیاییەوە کۆڵانێ پڕ لە هەناسەم
تۆ وەرە بەیانیم تیا بکەرەوە
ئەو ساتانە تەنیاییت پڕە لە گەڕان
لە سەر دیوااااار بە رەنگی تۆ
ئەنووسم من و
رەنگینتر لە ئێمە
“با”ی ئێوارانی تەنیاییە
تۆ سەرخۆش رەنگەکانت بنۆشە و
من دەمێکە زریانم رانەژەنیوە
کچە قەرەجی دراوسێ
باخچەی دڵت
بیابانێکی شەرمنۆکە
لە ئێوارەیەکی پاییزدا.