دوو شێعری فەوزیە سوڵتانبەگی | شێعر
فەوزیە سوڵتانبەگی
زەمەن
.
نامناسی؟آ
منم سیندرێلا
پیر بوون پێڵاوەکانم
لە قسەوباسی نێو کتێبەکاندا یارێ!
ڕۆژنامەکانیش باس و خواسم ناخوێننەوە
ئەگینا زۆرن ئێستاش ئەو شازادانەی
لە پشت میلەکانی ئەوینەوە
بریقەی پێڵاوێکی بلووری دەچڕن
پیر…
لە فیراقی تۆ، لە فیراقی خۆم
لە فیراقی هەموو ئەو ڕۆژانەی
ئەسپێکی سپی
نەحیلایە باڵی فرینیانەوە
بەم هەموو ئالزایمری ڕۆژنامە و
ئەم هەموو ئینتحاری زەینەوە ئەشق تەنیا نەخۆشخانەیەکە
بۆ برینی وشەکان
وشەکانم بونی خوێن دەدەن یارێ!
نامناسی؟!
منم باران
لەبیرتە ئەو دەمانەی دەبویتە قرمەی ئەی ڕەقیب
بە لێزمە بەشانتا دەهاتمە خوارێ
بە پێکەنینەوە دەتکوت
لەم کۆڵانە تەنگەبەرە
شان مەدە لەشانم کچەکە…
نامناسی؟!
منم لەیلی…
منم حەوا…
منم شیرین…
منم…
منم…
م
نامناسێ، خودایە نامناسێ
چ زەمەنێکی بەسەرچووم ئەمن.
جوغڕافیایەکی شێواو
.
بەر لەوەی دابەش کرێم
نیشتمانێک بووم سەربەخۆ
نە کانییەک تێمدا دەگریا
نە جادەیەک بە تەنیشتمەوە دوو دڵ
لە فینجانی قەرەجێکدا
جانتایەکم پڕ لە گومان
نە سەبرم پێوە دێت نە چاک
پێڵاوەکانیشم، چەند لاسارانە سوارن
هەر روو لە وڵاتی بێ نیشانی”با”
بەرلەوەی بە باکوور کرێم
بەرلەوەی بە باشوور کرێم
بەرلەوەی خۆر تێمدا هەڵبێ و نێوم بنێن “خۆرهەڵات”
بەرلەوەی شۆڕشێک دژی خۆم بەرپا بکەم و تاریک دابێم
جوغڕافیایەک بووم
حەزم لە چەتر بوو
چەترێک بۆنی گڵ و بۆنی داییکم
وەرگێڕێتە سەر زمانی باران
حەزم لە پاییزێک بوو
بە بیرەوەری سێوێکی مێخەکڕێژەوە دڵنەواییم دات و بڵێت
هەمووی هەواڵەکە گوللـەیەکی وێڵ بوو وێڵ
بە ئەسپایی نیشتە سەر دڵی وشەیەک و
ڕێنووسی هەورەکان شێوا
ڕقم لە هەرچی ڕێنووسە جگە لە “بریل”
ئەوەتا لە تاریکی ئەم شێعرەشدا دەتناسێتەوە
بێ ئەوەی ناونیشانت
تەنانەت بە سەر بەردێکیشمەوە جێ مابێت
بەر لەوەی چۆڵ بم لە سەنگەر
لە درووشم لە پێشمەرگە
حەزم لە تاریکی و لوورەی گورگ بوو
کە توند توند دەینووساندم بە سینگی تۆوە
تۆیەک کە ئێستا
لەو دیو سنووری منەوە دانیشتووی
سەربوردەی ئاشبەتاڵی سوورترین شۆڕشی ئاشەوانێک
بۆ مێژوویەکی درۆزن بەبا دەکەی!
بە بادا چوو!
هەموو ئەو وەرزانەی “من” جۆغڕافیایەک بووم
مەیلەو باران
“تۆش” گەندەڵترین حوکمڕان!