دیدار لەگەڵ وەرگێڕ؛ شوانە عەبدوڵا | چاوپێکەوتن

ئامادەکار: بابانی شەن

لەم دیمانەدا لەگەڵ کاک شوانە عەبدوڵا لەبارەی مەرجی سەرەکی وەرگێڕان جگە لە زمانزانی و زۆری بەرهەمی وەرگێڕاو بۆ زمانی کوردی و پرسی سەربەخۆیی وەرگێڕ و دروستکردن و پێگەیاندنی وەرگێڕ، و سەبارەت بە وەرگێڕان پیش و پاشی سەردەمی تەکنەلۆژیا پرسیارمان کردووە.

بابانی شەن:
ئەگەر لێت بپرسم مەرجی سەرەکی و گرنگ بۆ وەرگێڕ چییە فێری ببێت، جگە لە زانینی زمان، چی دەڵێی؟

شوانە عەبدوڵڵا:
وەک خۆت ئاماژەت پێ کرد یەکەمین مەرجی سەرەکی کە پێویستە لە وەرگێڕدا هەبێت بریتییە لە زانینی زمان، ئەوەش واتە زانینی هەر دوو زمانەکە: لێ وەرگێڕدراو و بۆ وەرگێڕدراو. لە دوای ئەوە، پاشخانی مەعریفی مەرجی سەرەکییە، پێویستە وەرگێڕ خوێنەرێکی جددی و قاڵبووەوە بێت، تەنانەت ئەگەر کرمی کتێبیشی هەبێت هەر نابێت بە زۆری بزانێت؛ چونکە ئەگەر وا بوو، ئەوە زمانەکەی لە کاتی وەرگێڕاندا دێت بە هانایەوە و وەک ئاوی ڕەوان دەتوانێ کتێبەکەی بەردەستی وەربگێڕێت، بەپێچەوانەیشەوە، ئەگەر وا نەبوو، ئەگەر پاشخانی مەعریفیی هەژار بوو و خوێنەرێکی ڕژد و برسی نەبوو؛ ئەوە ئیتر کول و کۆڵەوار لێی دەکەوێت و کتێب و وەرگێڕانەکەیشی بە ناکامی و نیوەچڵی دەخاتە کتێبخانە و بازاڕەکانەوە و بەو جۆرەش دەگە لە خوێنەر دەدات و هیچ مڵۆیەکیش ناخاتە سەر خەرمانی کتێبخانەی کوردییەوە. جا بەداخەوە نموونەی ئەمەش لای زۆرێک لە وەرگێڕەکانی ئێستادا دەبینین کە هەر بە ناڕەوا ئەو ناوەیان لە خۆیان ناوە و ناوی زل و دێی وێرانن.

بابانی شەن:
دیارە هەموو کایەیەک لە زۆری و بۆریدا، کەمایەسیی تێ دەکەوێت، ئایا پێت وایە وەرگێڕانی ئێمە هێشتا نەگەیشتووەتە زۆری و بۆری، تا کەمایەسییشی تێ بکەوێت، یاخود کاری خراپ و پڕ لە کەمایەسییشمان هەیە کە وەرگێڕدرابێت؟

شوانە عەبدوڵڵا:
ئەگەر دە ساڵ پێشتر ئەم پرسیارەت بکردایە، دەموت زۆری و بۆریمان نییە، بەڵام لە ڕاستیدا ئێستا هەمانە و زۆریشە. سەیری بازاڕی کتێب بکە دەبینیت چ فەوزا و گەڕەلاوژەیەکە و ئەمەش لە زۆری و بۆرییەکەوە سەرچاوەی گرتووە. خۆ ئەگەر چاوپۆشی لەم خاڵەیش بکەین، ئەوە بەدڵنیاییەوە کاری وەرگێڕدراوی خراپمان زۆر هەیە و خوێنەری وشیار خۆی دەتوانێت دەرک بەم خاڵ و حاڵەتە بکات. ئێمە ئێستا وەرگێڕی وامان هەیە، بۆ بیست ساڵ پێش ئێستا باش بوو کە وەرگێڕان لە خاڵێکی بەبرەودا نەبوو، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ ئێستا ئیتر دەست نادات، چونکە چەقی بەستووە و هیچ بەرەو پێش نەچووە و لە نیو بازنەدا هەر دەخولێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا ناویشی وەک وەرگێڕێکی زل بڵاوبووەتەوە و تەنیا خوێنەری جددی دەتوانێت بزانێت هەگبەکەی چەند لاسەنگ و بگرە بەتاڵیشە. ئەمە وێڕای ئەوەی لە تایپی تر وەرگێڕی وامان هەیە دەزگا و میدیایان لە پشتە و هەڵە و پەڵەکانیان بۆ پەردەپۆش دەکەن، ئەگینا ئەگەر لە جەوهەریان ورد ببیتەوە دەبینیت کارەکەیان هەر لە بنەڕەتەوە لاسەنگە، ئیتر یان خەریکی مشەخۆری و دزیی زیرەکانەن لەسەر کار و هەوڵ و ماندووبوونی کەسانی تر، یان زمانێکی هەژار و کەم مایەیان هەیە.

بابانی شەن:
لە هەموو کایەیەکدا دروستکردن و پێگەیاندنی مرۆڤ هەیە لەو بوارەدا، ئایا وەرگێڕ دروست دەکرێت؟ یان زیاتر کایەیەکی سەربەخۆ و خودیە و دەبێت کەسەکە خۆی، خۆی دروست بکات؟

شوانە عەبدوڵڵا:
بەدڵنیاییەوە «وەرگێڕ و وەڕگێڕان» کایەیەکی تەواو سەربەخۆ و خودییە و کەسەکە دەبێت خۆی، خۆی دروست بکات. ئێمە ڕەنگە بتوانین نووسەر و شاعیر و شانۆکار و هونەرمەند و ئەوانە دروست بکەین، بەڵام وەرگێڕ نا، چونکە وەرگێڕان پتر کایەیەکی ئەوتۆیە کە پشت بە بەهرە نابەستێت و بەهرە ڕۆڵی نزیکە لە سفرەوە تێیدا و سەرلەبەری پرۆسەکە بریتییە لە تێکۆشان و هەوڵ و ماندووبوون و فێربوون. یەکەمین کار و هەنگاوێکیش کە وەرگێڕ بیگرێتە بەر بۆ خۆ دروستکردن، بریتییە لە: فێربوونی زمان. دوای ئەوەش ـ وەک لە وەڵامی پرسیارەکەی پێشوودا بە جۆرێکی تر ئاماژەمان پێ کرد ـ دەبێت خۆی پڕچەک بکات بە ئامراز و کەرەستەکانی زمان و مەعریفە بۆ ئەوەی بتوانێت بە واتای وشە بە خۆی بڵێت وەرگێڕ و خزمەت بە زمان و کۆمەڵگە و خوێنەر بکات.

بابانی شەن:
زمانی کوردیی ئەو وەرگێڕانەی کە پێگەیشتن و یادەوەرییان هیی سەردەمی تەکنەلۆژیایە بە باشتر دەزانیت، یاخود ئەوانەی کە یادەوەری و پێگەیشتنیان هیی پێش تەکنەلۆژیاییە؟

شوانە عەبدوڵڵا:
هەردووکیان خاڵی ئەرێنی و نەرێنییان هەیەر با سەرەتا باسی یەکەمیان بکەین کە زمانی سەردەمی تەکنەلۆژیایە؛ خاڵی ئەرێنیی ئەم زمانە ئەوەیە کە ئێستا زمانی کوردی لەچاو ٢٠ – ٣٠ ساڵ لەوەوپێش گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونێکی باشی بە خۆیەوە دیوە، بەتایبەت لە ڕووی ڕێنووسەوە کە ئەمەش لایەنێکی گرنگی زمانە و ڕەونەقێکی تایبەتی پێ دەبەخشێت، بەڵام خاڵی نەرێنیی ئەم زمانە ئەوەیە کە ڕەوتەنییە، واتە دەمەوێت بڵێم خەریکە بەتاڵ دەبێت لە ڕۆح و گەرمایی، هەر وەک گووگڵ ترانسلەیتد کە کەم نین ئەو وەرگێڕانەی سوودی زۆر لەو فەرهەنگە ئەلیکترۆنییە وەردەگرن! سەبارەت بە زمانی پێش تەکنەلۆژیاش، ئەگەرچی کەموکوڕیی زۆر بوو، بەڵام پاراوی و گەرموگوڕی و ڕۆحی زمانەکەی زۆرتر تێدا بوو. بەگشتی من لەگەڵ زمانی پێش تەکنەلۆژیا ئاسوودەترم و بە باشتری دەزانم، وەلێ تازە ئەو قۆناغە تێپەڕی و بوو بە ڕابردوو، دەبێت خۆمان لەگەڵ قۆناغی نوێدا بگونجێنین و هەموو هەوڵێک بدەین بۆ خزمەتکردن و بەرەوپێشچوونی زمانەکەمان.

بابانی شەن:
گوند و ژیانی گوند، لە کوێدا یاوەریی تۆی کرد بۆ کاری وەرگێڕان؟

شوانە عەبدوڵڵا:
ڕەنگە هەموو وەرگێڕێک ئەو بەخت و ئیقباڵەی نەبێت کە لە گوند و شاردا ژیابێت و بژی. من خۆشبەختانە هەر دوو ژیانەکەم ئەزموون کردووە، کوڕی گوند و شاریشم، ئەمەش پێکەوە دەستبار و یارمەتیدەرمن لە وەرگێڕاندا. من باوەڕم وایە دەبێت دەست و پەنجەت لەگەڵ هەر دوو لا نەرم کردبێت، تا بتوانیت ئەوەی دەتەوێت بیکەیت و دەری ببڕیت. سەبارەت بە گوندیش ئەوە کۆمەڵێک وشە و دەستەواژە و ئیدیۆم هەن، ئەگەر ئەزموونی ژیانی گوندت نەبێت، زەحمەتە بیانزانیت و زمانت پێیان بپژێت.
قانعی شاعیر لە شیعرێکیدا کە هەموومان بە منداڵی لە قوتابخانە خوێندوومانە و ئەزبەرمان کردووە، دەڵێت:
ژینی لادێ سەیرانە گەرچی تۆزێ گرانە
من لە ژیانی گونددا کوێرەوەری و ناڕەحەتیی زۆرم چەشتووە، ژینی لادێ نەک هەر سەیران نەبوو، بگرە قوڕپێوان بوو؛ نەک هەر تۆزێ گران نەبوو، بگرە گیانکەنشت بوو… بەڵام ئێستا کە دەبینم لە سەروەختی وەرگێڕاندا یادەوەریی ژیان و زمانی گوند هاوکاریم دەکات و دێت بە فریامەوە، سوپاسگوزاری ئەو ڕۆژە سەخت و ناخۆش و پڕ لە نائومێدی و پووچگەراییەی ئەوسای ژیانی گوندم و بە دڵ، شادم بەوەی ساڵانێکی تەمەن و ژیانمم لە گونددا بەسەر بردووە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا