وتووێژ لەگەڵ نووسەر؛ لەیلا نوورانی | چاوپێکەوتن
ئامادەکردنی: بەسێ بەشیر
لەم وتووێژەدا هەوڵمانداوە لەبارەی زمان و فۆڕم، هونەر و ئیستاتیکا ـی ژانری چیرۆک بدوێن. هاوکات ورووژاندنی کۆمەڵێک پرس لەبارەی کۆمەڵە چیرۆکی پشتوێنی بەقوڵاپ بەتایبەت تیشکمان خستۆتە سەر بەکارهێنانی دیالێکتە جیاوازەکان و کەرستە و جلوبەرگی کوردی، ئافراندی وێنا و ڕەنگ و سازدانی سروشت. لە پاڵیشیدا لەبارەی بایەخی فەرهەنگ و کۆکردنەوی وشە و دەستەواژەی هەر ناوچەیەک و زارێک دواین.
بەسێ بەشیر:
لەم سەردەمی سەرمایەداری و تەونی تەکنەلۆژیایەدا، ڕەوتی چیرۆک و ئەدەبیات چۆن دەبینیت؟ هاوکات بایەخی چیرۆک بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە چییە؟
لەیلا نوورانی:
لە سەردەمی خێرابووندا کە شێوازی ژیانی مرۆڤ بووەتە هەڵات هەڵات، سووشیاڵ میدیاش مێشک و هەناوەکان بۆمبارانی زانیاری دڵخوازی خۆی دەکا، وایان دە هەڵمەت دەگرێ خۆیان و ژیانیان بە کەم دانێن و قیاسی هەموو شت بکەن و شووناسیان تووشی قەیران دەکا. ئەوەش وای کردووە بۆ خوێندنەوە کاتێکی کەم تەرخان بکەن و جاریش هەیە هەر نەخوێننەوە.
دیارە چیرۆک و ڕۆمان بەحری بێ بنی زانست و فێرگەی ڕاهێنانی ڕوح و هەناوە، هەر لە سەردەمانی زوو و لە گوێی ئاگردانەوە چیرۆک سیحری دەروونی ئینسان بووە.
لەو دنیایەدایە کە خۆت دەدۆزییەوە و لە پشت هەڵمەدووکی نەناسی دێیە دەر و تێرامانت لە دنیا و لە خۆت دەگۆڕێ. ئێستاکە تەنانەت بۆ ڕۆمانیش درێژدادڕی باوی نەماوە و نووسەری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە لە کورتترین ڕستەدا زیاترین مانا بگەیێنێ. چیرۆک و ڕۆمانی باش لە هەموو دەم و زەمانەکاندا دەتوانێ مرۆڤ بەرەو ژیانی باشتر هانبدا و ئاسۆی کۆمەڵگا ڕوونتر کاتەوە. پێکەوە ژیان و جوانتر ژیان فێری مرۆڤی سەردەم بکا و باوەڕە شیاوەکان جێگری باوەڕە هەڵەکان بکا. کێ حاشا لەوە دەکا کە ڕۆمانی دوکتور ژیواگۆ یا تەپڵی تەنەکە ـی گۆنتێرگراس ئەو کارەی بۆ باوەڕی گشتی خەڵکی دنیا نەکردبێ؟
بەسێ بەشیر:
چیرۆکنووس پێویستە چی بکات بۆ ئەوەی زمان و فۆڕمی تایبەت بەخۆی بدۆزێتەوە و ببێتە مۆرکی تایبەتی خۆی؟
لەیلا نوورانی:
چیرۆکنووس ئەگەر بۆچوونی تایبەت بە خۆی هەبێ و لە دەلاقەی بیر و هزری تایبەتی خۆێ بێ لاسایی کردنەوە، لە ژیان بڕوانێ و هەروەها شارەزای زمانی گێڕانەوەی خۆی بێ، شێوازی ڕیز کردنی وشەکان و دەربڕینی ڕا و بۆچوون و داڕشت و خوڵقاندنی کەسایەتییەکانی چیرۆک و ڕۆمانی تایبەت بە هزری خۆی دەبێ. هەروەها بزانێ بە چ ئامانجێک ئەو کارە دەکا و دەیهەوێ چ بە خوێنەر بڵێ و فامی چۆن بگۆڕێ و چی بکا بە هەوێنی ئاڵوگۆڕی کەسایەتی خوێنەرانی خۆی.
بە کورتی کەسێک کە بتوانێ بە زانست و خەیاڵی خۆی، بیچمی تایبەت بدا دەتوانێ چوارچێوەی فۆڕمی خۆی هەبێ و هەر بەو شێوازەش قەڵەمی دە دنیای خوێنەراندا بناسرێ. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە داڕشتی کەش و فەزای گێڕانەوەی چیرۆک پێوەندی ڕاستەوخۆی بە ڕادەی زانیاری نووسەر لە دنیای چیرۆک و گێڕانەوەشدا هەیە. نووسەری سەرکەوتوو بوون، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە خوێنەری حێرفەئی بوون هەیە، ناسینی شێوازگەلی جۆراوجۆری گێڕانەوە، بۆ بناغەدانانی کەسایەتی و کەش و فەزاری گێڕانەوە حاشاهەڵنەگرە. هەر بۆیە دەبێ نووسەرانی ئێمە ئاگاداری دەرکەوتنی چیرۆک و ڕۆمانە باش و نێوبەدەرەوەکانی دنیا بن بۆ ئەوەی لە کاروانی زانست و داڕشتە نوێیەکان بەجێ نەمێنن. دیارە لە کوردەواریدا، زمانی نووسین لە چیرۆک و ڕۆماندا بەهۆی نەبوونی زمانی ستاندارد خوێنەری تووشی گرفت کردووە بەڵام دەبێ لە بیریشمان بێ کە نووسین بە زاراوە جۆراوجۆرەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، هۆکاری مانەوەی ئەو شێوەزارانەیە و گرینگی و بایەخی خۆی هەیە.
بەسێ بەشیر:
چۆن بتوانین زمان بەشێوەیکی هونەری و ئیستاتیكی لەنێو ئەدەبیاتی گێڕانەوە بەکارببەین؟
لەیلا نوورانی:
زمان بۆ دنیای بەربڵاوی شیعر و چیرۆک و ڕۆمان کۆڵەکەیە، هیچ هۆنراوەیەکی سەرکەتوو نادۆزییەوە کە تێیدا زمان ڕۆڵی سەرەکی نەبێ، هیچ چیرۆک و ڕۆمانێکی بەنێوبانگیش ناناسین کە ناوەرۆکی لێوڕیژی وشە و دەستەواژە و پەند و ئیدیۆم و … نەبێ، شێوەزاری کەسایەتییەکانی چیرۆک، وەسف و گێڕانەوە تەنیا و تەنیا بە زمان دەتوانن بەهێز بن و بۆ خوێنەر ببنە ناسیاو. هەروەها باشترین هاندەر بۆ پەلکێش کردنی خوێنەرە بۆ ئەوەی تا دوایی چیرۆک هاوڕێت بن. هەر نووسەرێک دەبێ بە ئەرکی سەرشانی خۆی بزانێ کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی شارەزای زمانی نووسینی خۆی بێ و بەو کارە دوو ئەرکی بەجێ هێناوە. یەکیان ئەوە کە پارێزەری لە زمانی نەتەوەیی خۆی کردووە، بیرمان نەچێ کە بە پێی پێگەی ژێئۆپۆلیتیکی گەلی کورد و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ئامانجەکانی دەسەڵاتداران و حاکمان، مەترسی سڕینەوەی شووناس و زمانیان و تووانەوەیان لەنێو کلتووری سیستەمی زاڵدا هەیە و ئەو هەنگاوە تا ڕادەیەکی باش ئەو مەترسییە ناهێڵێ. دووهەم ئەوەیە کە نووسەر بە بەشی خۆی بە دەکار کردنی زمانی زگماکی خۆی، یا ئەو زمانەی شارەزایی لەسەری هەیە و بۆ نووسین هەڵیبژاردووە بۆ داهێنان و فۆڕمی گێڕانەوە لە چیرۆکدا، توانیویەتی جگە لەوە کە ئەدەبیاتی نەتەوەیی خۆی پێ دەوڵەمەندتر دەکا، زمانەکەی کە بە شێوازی دیالۆگ، وەسف، شێوەزاری کەسایەتی چیرۆک دەتوانێ بەشێک لە شووناسی ئەو کەسایەتییە بێ. بۆ وێنە لە ڕۆمانی جێماوی ڕۆژ دا کە نووسەر لەسەر کەسایەتی ئێستیوێن کە هەمان باتلێر یا بابنۆکەری کوردەواری خۆمانە، زووڵم دەکا، ئەوەندەی گێڕانەوەکە شازە دوو ئەوەندە زمانی گێڕانەوەکە جێی سرنجە.
بەسێ بەشیر:
لەیلا خان لە چیرۆکەکانتدا بەر جۆرە چێژ و جوانییەک دەکەوین کە بۆن و بەرامەیەکی لادێ و سروشتیی لێ دێت، کە تام و چێژێکی جیاوازی بە چیرۆکەکانت بەخشییەوە. ئایا ئەم شێوازە لە نووسینەت بە پێویست زانی لەنێو چیرۆکەکانتدا، یاخود ئەمە خۆرسکانە تایبەتە بە شێوازی نووسینی خۆت؟
لەیلا نوورانی:
بە ئاماژە بە کات و فەزای ڕووداوەکانی ئەو کۆمەڵە چیرۆکە، هەڵگری ئەوەیە کە فەزا و سرووشتێکی بۆ وێنا بکرێ کە خوێنەر بەسانایی بتوانێ پێوەندی زەینی و ڕوحی لەگەڵ کەسایەتی و ڕووداوەکان بگرێ، ئەوەش هەڵگری ئەو وەسف و وردبوونەوانەیە کە هێندێکجار خۆی پێناسەی چیرۆکەکانە، بۆ وێنە لە چیرۆکی حودود دا، شاخ، زەوی، تەپۆلکە و ماینەکە، تەنانەت ئەو خۆرەی خەریکە ئاوا دەبێ لە خزمەت گێڕانەوە دان و لە جیات گێڕەوە خەریکن بەبەشی خۆیان تابڵۆیەک لە زەینی خوێنەردا دەڕەنگێنن و دەستوپێوەنێکن کە چیرۆک دەگێڕنەوە. پێم وایە سروشت و کەرەسەکان و هەر وردەکارییەک لە چیرۆک و ڕۆماندا دەبێ کەڵک و ڕۆڵی خۆی هەبێ.
بەسێ بەشیر:
ئەگەر ورد ببینەوە لە چیرۆکەکانی بەڕێزت، جۆرێک لە تەمومژاوی و تێزانی ڕەنگی ڕەش پانتایی بەشێک لە دەقەکانتی داگیر کردووە، هاوکات سروشتێکی ڕەنگین لە دەشت و کەش و کێو و شاخ وەدەر دەکەوێت. ئەم پارادۆکسە چۆن شرۆڤە دەکەیت؟
لەیلا نوورانی:
گەر زەین بدەنێ تێمی چیرۆکەکان زاڵ بوونی شەڕ و نەهاتی بەسەر ژیانی خەڵکە، ڕەنگی ڕەش وەک هێمایەک دەکار کراوە بۆ ئەوەی دزێوی و ناحەزی شەڕ زەق بێتەوە، بەجۆرێک نوێنەرایەتی زوڵم و زۆر و بێ هیوایی و تێداچوونی مرۆڤ دەکا کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی هەڕەشەی لە ژیانمان کردووە. هەروەها زاڵ بوونیش دەگەیێنێ چون شەڕ ژیانی ئاسایی وەبەر تیغی دەبانی تێداچوون دەدا.
هاوکات ڕەنگاڵە بوونی جوانی سرووشت و دەشت و دەر و شاخ و کوێستانی کوردستان و ئەویتر دەست لە هیوا بەرنەدان و ململانێ و زاڵ بوون بەسەر تاریکەسەلاتی شەڕ بە دوو شێوازی بەربەرەکانی مەیدانی و دەروونی. کەسێک کە لە باردۆخە نالەبارەکانی ژیانیدا هیوادارە دەتوانی لە ڕەنگە گەشەکانی ژیان بە جوانی ورد بێتەوە و خۆی نەدۆڕێنێ و شەڕی زەینی و ڕووحی دەگەڵ دۆخی ناشیاوی دەرەکی ژیانی خۆی بکا. لێرەدا وتەکەی دوکتور فرانکێل پشتڕاست دەبێتەوە کە هیوا دەتوانێ لە خراپترین دۆخەکانیشدا وزەت بۆ مانەوە پێ ببەخشێ و تارمایی نەمانت لەسەر لابدا.
بەسێ بەشیر:
جگە لە بابەتی زمان، ئەوی لە دەقەکانی کۆمەڵە چیرۆکی پشتێندی بەقوڵاپ دا بەربینای خوێنەر دەکەوێت لە کاتی خوێندنەوەدا، وەسفی وێنای جلوبەرگ و کەرستەی ڕەسەنی کوردییە.
وەک لە چیرۆکی تارا دا دەڵێیت:
– بازنە بلوورەکانم هەڵکێشان و سۆرانییەکانم لە مەچەکم هەڵاند و خللەم لێ بڕین.
– بەو کراسە گوڵ گەزیزە و کەوای ئەتڵەس و پشتێندی تێکەڵی و بەو سەرودەسماڵەتەوە دەڵێی نۆبووکی و دەبێ ئەسپەندەرت بۆ بسووتێنن!
– گوارە؛ پێنچ گۆیە، لەسەری هەر گۆیەک پیرۆزییەکی شینم داکوتاوە و لە مەعبەینی هەر سووڕەتەی بەندەکەشی، یاقووتێکی هەنارییم داناوە؛ وەک گوارەی کەس ناچێ.
لە چیرۆکی نوشتوو و بازنی شووشە دا ئەم تایبەتمەندییە وەدەر دەکەوێت.
بە ڕوانینن بۆ ئەم بابەتەی باسم کرد دەپرسم: بەلای بەڕێزت بایەخدان بە کەرستە و جلوبەرگی کوردی هەم لە دەقی ئەدەبی و هەم لە ژیانی ئێمەدا، تاچەند پێویستە و مایەی گرنگی پێدانە؟
لەیلا نوورانی:
پێناسە و پەنجەمۆری هەر نەتەوەیەک، جگە لە زمان و جوگرافیا و نەریت و خواردن، جلوبەرگیەتی، سرنج دان بەشێوازی جلوبەرگی ژنان و خشڵ و خاڵیان جگە لەوەی کە شێوازێکە بۆ بەرچاو کردنی ناوچەی موکریان، نیشاندەری شێوە ڕوانینی ژنانە و وردبینی و تێمی ژنانەی چیرۆکەکانە. دیارە ڕوانگەی ژنانە لە نووسیندا وردبینی تایبەتی خۆی هەیە، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان شێوازی جیاواز بۆ جلوبەرگ هەیە، دیارە کاتی هەڵبژێردراو بۆ داڕشتی ئەو چیرۆکانە بەشێک لە مێژووی موکریانە، هەر بەوپێیە بە پێویستم زانی ڕوانگەیەکی وردبینانەشم بۆ جلوبەرگ هەبێ هەتا خوێنەر نوقمی دنیای ڕەنگاڵەی جوانی ئەو شێوازە لە جلوبەرگ و خشڵ و خاڵانە بێ. ئەوەش حاشاهەڵنەگرە کە لێکۆڵینەوەی خۆم بۆ فەرهەنگی جلوبەرگ و خشڵ و خاڵی موکریان یارمەتیدەرم بووە. لە چیرۆکی تارا دا یا لە کولێرە ناسکە دا وردبوونەوە لە جلوبەرگی کەسایەتییەکان بەشێک لە شووناس و خووخدەیانە و تەواو لە خزمەت گێڕانەوە دایە و یارمەتیدەری خوێنەرە بۆ ئەوەی ناسنامەی ئەو دوو ژنەی بکەوێتە بەردەست و بیانناسێ و بە ئاشنا و ڕۆشنای خۆیان بزانێ.
بەسێ بەشیر:
زۆربەی کات لە دەقی شیعری وێنای جیاواز بەربینای هزرمان دەکەوێت کە وردەکارییەکی سەرسوڕهێنەری تێداکراوە بەراورد بە ژانرەکانی تر، بەڵام لە چیرۆکەکانی بەڕێزت ئافراندی وێنای پڕ وردەکاری لە دەقەکانت ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە لە چیرۆکی سنوور وێنایەکی جیاوازی دارشاڵاوی و دەستڕۆکە و مافوور دەکەیت.
لێرەوە پێمان دەڵێیت: گرنگ نییە چی دەنووسی و چی ژانرێک بێت، بەڵکو گرنگ لێزانی نووسەر لە چۆنیەتی گێڕانەوە و ئافراندنی دەقەکەدا؟
لەیلا نوورانی:
ئافراندنی وێنا و وردەکارییەکان و ئاماژە بە کەرەسە کلتوورییەکانن کە چیرۆک و ڕۆمانی ئێمە لە گەلانی تر جیا دەکەنەوە و ئاڵاهەڵگری نەریتی خۆمان و شووناسی چیرۆکی کوردەوارین، بە جۆرێک هەر کام لەو کەرەسانەی نیشانەی باوەڕ یا ئایینێکە لە جێگە و پێگەی خۆیدا دەتوانێ لە بۆنەکان و خۆشی و ناخۆشی و ئازارەکانمان بدوێ و پەنجەمۆری کوردایەتی و بگرە نیشاندەری هەڵسوکەوتی تاکی کورد لە بەرانبەر هات و نەهاتیشمان دابێ، بە سرنجدان بەوە کە بزانین لە کوێ و چۆناوچۆن کەڵکی لێ وەرگرین. هەروەها لاپەڕەیەکی نوێ بەرەوڕووی خوێنەردا دەکاتەوە کە کەسایەتی چیرۆک، لە چ زەمانێکدا ژیاوە و چ جۆرە باوەڕ و نەریتێک بەسەر خەڵکدا زاڵ بووە و چۆناوچۆنیان کەڵک لێ وەرگرتووە. ئەو ئاماژانە بە شێوازی نهێنی پاژێک لە مێژووی هەر نەتەوەیەک دەگێڕێتەوە و لە ڕێگەی ئەدەبیاتدا خۆی بە دنیای خوێنەر دەناسێنێ. لە چیرۆکی سنوور دا کۆترەکانی سەر مافوورە ڕۆنیاسییەکە، یا شاڵەکانی دەوری کێلەکە، خەریکە ئاوات و خۆزگەکانی ژنانێک دەگێڕێنەوە کە نە تەنیا ماف یان پێشێل کراوە بەڵکوو ژیانیشیان لە پێناویدا تێدا چووە و ئازارەکەی بۆ بەرەی دوای خۆی ماوەتەوە. یا ئەو دارەی لە ناوەندی سنووری نێوان ئێران و عێراق هەڵکەوتووە و لقوپۆپی وەها بڵاوە کە سێبەری خستووەتە هەرتک لا و گاڵتە بە یاسا و ڕێساکانی مرۆڤەکان دەکا. لێرەدا خوێنەری زیت بە ڕەمزێکی نهێنیش دەگا و مێژووی خۆی شەنوکەو دەکا.
بەسێ بەشیر:
نەتەوی کورد لە ڕووی زمانەوە زۆر دەوڵەمەندە و فرە دیالێکتە، کۆمەڵێک زار و شێوەزاری جیا جیای هەیە. لە چیرۆکەکانی بەڕێزیشت بەر کۆمەڵێک لە وشەی ڕەسن و جوان و جیاوازی موکریانی دەکەوین. دەپرسم: شارەزای و کارکردنت لە فەرهەنگدا بووەتە هۆی بەکارهێنانی ئەو زمانە جیاوازە لە چیرۆکەکانت، واتا کاریگەری فەرهەنگت بەسەرەوەیە؟ یاخود چی؟
لەیلا نوورانی:
لە کۆمەڵە چیرۆکی پشتێندی بەقولاپ دا کەسایەتییەکان لە ناوچەی موکریانن و کاتی ڕووداوەکان سەردەمی چل پەنجا ساڵ پێشوویە، بۆیە گرینگ بوو کە شێوەزاری کەسایەتییەکان، کەش و فەزای گێڕانەوە، وەسف و باس و خواسی ڕووداوەکان بە شێوەزاری ئەو کات بنووسرێنەوە. پێویستە بگوترێ کە ئەگەر ئاوڕێک لە دەقە فۆلکلۆرییەکانی وەک بەیت، حەیران و حەقایەتەکان بدرێتەوە بەسووک و هاسانی ئەوەمان دەست دەکەوێ کە شێوەزاری موکریانی چەند دەوڵەمەندە و چۆن خەریکە گەوهەرە نایابەکانی مەسەل و ئیدیۆم و پەند و …. دەکەێتەوە بەحری لە یادچوونەوە و نووسەرانی بەرەی ئێستامان چەندە لێی بێ بەرین و بەداخەوە خۆیان پێوە ماندوو ناکەن و دەقە بەتاڵ و حەتاڵەکان لە جوانی زمانی خۆیان، دەخەنە بەر چاوی خوێنەران.
گومان لەوەدا نییە کە تێکەڵاوی من لە کاروباری کلتووری و فەرهەنگی زارەکی موکریان دا، حوکمی فێرگەیەکی بووە بۆ ئەوەی لەو خەزێنە بەنرخ و بایەخانە خەڵات و بەراتم پێ ببڕێ و بە بەشی خۆم شارەزاییم لە زمانی کوردی سەت ئەوەندەی جاران زیاتر بێ و دنیای نووسینی پێ بنەخشێنم و زانیاری خوێنەرانیشی لێ زیاد بێ.
بە ڕای من هەر نووسەرێک کە کەڵکەڵەی زەینی ئەوە بێ کە شارەزای ئەو زمانە بی کە پێی دەنووسێ سەرکەوتوویە، زمان ئەستووندەکی نووسراوەیە. گەر چیرۆک یا ڕۆمانێک داڕشتی، کەسایەتییەکانی بەجێ و تاقانەش بێ، ئەگەر ئەو زمانەی پێی نووسراوە دەوڵەمەند بە دەستەواژە و ئیدیۆم و پەند و تەنانەت جنێو و نێونیتکەی تایبەتی ئەو شێوەزارە نێوئاخن نەکرابێ، لە خانەی چیرۆک و ڕۆمانی سەرکەوتوودا جێ ناگرێ.
بۆیە بە ڕاشکاوی دەتوانم بڵێم هەر نووسراوەیەک یا بابەتێکی ئەدەبی گەر بە زمان و فۆڕمی بەهێز و بەپێز نەخش کرابێ پێش ئەوەی سەرکەوتوویی بۆ نووسەرەکەی بە خەڵات بهێنێ، خزمەتی بە ئەدەبیاتی نەتەوەی خۆی کردبێ و شانازی پێ بەخشیوە.
بەسێ بەشیر:
گرنگی فەرهەنگ و کۆکردنەوی وشە و دەستەواژەی هەر ناوچەیەک و زارێک، بایەخی چییە بۆ دەق و زمانی کوردی؟
لەیلا نوورانی:
دیارە بەداخەوە لە بەر نەبوونی سەربەخۆیی، هەمیشە زمان و کلتووری نەتەوی کورد لە ژێر کاریگەری دەوڵەتانی دیکە بووە و هەر لەو کاتەوە منداڵان پێ دەنێنە قوتابخانە ڕووبەڕووی زمانی بێگانە و ئەغیار دەبنەوە و تووشی کێشە دەبن. سوشیاڵ میدیاش خەریکە شوناسی نەتەوایەتی بە گشتی دەسڕێتەوە، سرنجدان بە کلتوور و ئەوەی ئەوڕۆ بە زمانی پەتی دەیناسێنن کە هەڵەیە و زمانی ڕەسەن ڕەنگ بێ پڕ بە پێستی بێ، کۆکردنەوەی ئەو بابەت و وشەگەل و دەستەواژە و…
کە بنەیان نایە و لە دەقە فۆلکلۆریەکاندا وەک بەیت و گۆرانی و بەشی هەرە زۆریشیان لە سەر زاری دایەپیرە و باوەپیرەکانمان پارێزراون و لە فەرهەنگدا نیشتەجێ کراون و بۆ هەتاهەتایە لە فەوتان ڕزگاریان بووە. هەروەها دەوڵەمەندی ئەدەبیاتی هەر گەلێک لە دنیادا بە ڕادەی فەرهەنگەکانیەوە بەستراوەتەوە. بەڵام فەرهەنگ کاتێک بایەخ و بڕەوی خۆی هەیە کە نووسەران لێی فێر بن و هەر بۆیە پێویستە نووسەران قۆڵی هیممەتی بۆ هەڵماڵن و بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی بزانن کە ئەو وشەڕەسەن و دەستەواژانە دەکار کەن و وەگەڕیان خەنەوە و سەر لە نوێ لە بەستێنی بەربڵاوی دنیای ئەدەبیدا بڕەویان پێ بدەنەوە و بە بەرەی داهاتووشی بناسێنن.