دیمانە لەگەڵ شاعیری گەنج ”ڕەوەند ساڵح” | ئارام حاجی
ئارام حاجی
”ڕەوەند ساڵح حسن”، شاعیری دانیشتووی شاری سلێمانی، دەرچووی کۆلێژی زمان بەشی کوردییە و لە ئێستادا خوێندکاری ماستەرە.
لە تەمەنی نەوجەوانییەوە نووسینی دەستپێکردووە و هەتا ئێستە کتێبێکی شێعری بە چاپ گەیاندووە. هەروەها چەندین وتار و بابەتی لەمەڕ ئەدەبیات و زمانەوانی لە گۆڤار و وێبسایتەکاندا لێ بڵاو بووەتەوە. لە درێژەی چالاکییەکانی هاوچەرخ بۆ ناساندن و پشتگیری شاعیران و نووسەرانی گەنج، هاوکارمان ئارام حاجی دیمانەیەکی کورتی لەگەڵ ڕەوەند پێکهێناوە کە لە درێژەی بابەتەکەدا دەتوانن بیخوێننەوە.
ئارام حاجی:
دەکرێ بڵێین شاعیر ئەبێ پێش هەر کەسێکی تر چاودێری ئاستی خۆی بێت. بەوپێیەیی بەڕێزت پێشتر کتێبێکی شیعریت بڵاوکردووەتەوە وەک یەکەم ئەزموونت، ئایا ئەو دەقانەی پاشی کتێبەکە نووسیوتە، پێتوایە ئەزموونی یەکەمی خۆتت تێپەڕاندبێ؟ پێتوایە خوێنەر هەست بە جیاوازیی دەکات؟
ڕەوەند ساڵح:
مرۆڤ ناتوانێ بۆ ماوەیەکی زۆر لە هەوایەکی قەتیسدا بمێنێتەوە، ئاوێکی پاک گەر بۆ ماوەیەکی زۆر قەتیس بمێنێ بۆگەن دەکات، بازنەی نووسینیش هەروا. هەرچەنە لە زۆر ڕووەوە دیدی مرۆڤی خۆرهەڵاتی چەقبەستووە، بەڵام شیعری چەقبەستوو و بازنەی نەگۆڕ ڕۆحێکی مردووە بێ جوڵە و هەناسە و بێ گۆڕان. ئەزموونی یەکەم کردنەوەی دەرگای سەرەکییە، بەڵام دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین قفڵی دەرگاکانی تر بکەینەوە. کتێبی یەکەمم ئاماژەیە بۆ ئەزموونی یەکەم، بۆ ناساندنی من، من هەوڵی گەیشتن بە قۆناغێکی دیاریکراو نادەم بەڵام هەوڵی بە پانتاییکردنی خەیاڵ و هزرم ئەدەم هەوڵی دەرچوون لەو بازنەیی پێشووم، ئەمە ڕەتکردنەوە نییە بەڵام دەبێتە پلیکانە بۆ گۆڕینی فکر و سەرکەوتن بۆ پڕۆژەی سەرمەشق.
هیچ کات سەرکۆنەی سەرەتام ناکەم، چوون ڕامانەکانم لەوێوە دەستیپێکرد.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت ئایا ئەزموونی یەکەمم تێپەڕاندووە؟ ڕۆژگار و ژیان وا دەخوازێ دید و فکرت بگۆڕێ، گۆڕانکارییەکان ناچارت ئەکەن ڕێڕەوت بگۆڕی. چوون شیعر هێزێکە بە لەجیاتی دانانی وشە، ئەو هێزەش کارتێکەری کۆمەڵێ هۆکارە بۆ گەیاندنی ئامانجێک تا شیعر بێنێتە ئەفراندن.
دەشێ لە ئەزموونی یەکەمدا ئەم هێزە لاواز بووبێ، فاکتەرەکانی پاڵپێوەنانی نووسین کەمتر و بێ بایەختر بووبێتن، هۆکارە ئازاراوییەکان تا گەورەتر بن هێزی شیعر بەتینتر دەبێ، شاعیر لێرەدا دەبێتە ئامێر تاچەند توانای هەیە بیرۆکەی بگۆڕێ، زمان بتوێنێتەوە و دایبڕێژێتەوە.
من دان بەوەدا دەنێم لە بازنەی ئەو کتێبە هاتوومەتە دەرەوە، ئەوکات بەخۆم دەگوت شاعیر چونکە کەسێتیم توانی قسەبکات، ئەو قسانەی نەمدەتوانی بە زمان دەریبڕم.
سوپاسی ئەو کاتی خۆم دەکەم چونکە بووە سیمبولی ئەوسام بۆ سەلماندنی ئێستام، شیعرەکان خۆیان سەلمێنەری گۆڕانی منن، وشەکان خۆیان دەدوێن، ڕابردوو منی زیندوو ڕاگرت بۆ ئێستا.بەڵام لە ئێستادا ئەو ڕابردووەم زیندوو نییە، چونکە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو واتە پیسبوونی ئێستام.
شیعر وەک مرۆڤ دەبێ قۆناغی هەرزەیی و ئۆینبازی تێپەڕێنێ، ئێستا دنیای مۆدێرنەیە بڕوام بە هەموو گۆڕانێکی ئێستا هەیە، هەر فاکتەرێک کاریگەری لەسەر دۆخی دەروونی مرۆڤ و مرۆڤایەتی هەبێ دەست بۆ نووسینی دەبەم، هەر دێڕێک و وشەیەک بەرگری بێ لەشیعر دەیکەمە دروشم.
ئارام حاجی:
بەوەی کە لەلایەکەوە بەڕێزتان پسپۆڕی زمان و ئەدەبی کوردیین، هەمیشە پسپۆڕی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تایبەتتر کوردستان کۆمەڵێ مەنهەجی کۆنکرێتی و تا ڕادەیەک جەبر ئاساییە و نەگۆڕە، هاوکات وەک بابەتیش کۆنە ئەو مەنهەجە. بەڵام ئەزموونی ئەدەبی لەمەڕ شیعر لە دەرەوەی مەنهەج شتانێکی هەم نۆێت پێ دەدات، هەم شیعریش لەلایەکیترەوە گەر پۆشاکی لەبەربێ پۆشاکی ئازادی لەبەرە.
مەبەستی من ئەوەیە لەلایەک کۆتی مەنهەج، لەلایەک ئازادی شیعر، ئەم باڵانسەت چۆن ڕاگرتووە؟
ڕەوەند ساڵح:
پێویست نییە بچینە سەر هەموو لایەن و مەرجەکانی مامۆستای سەرکەوتوو، ئەوەی لێرەدا پێویستە دەست بخەمە سەری پەیوەندیە پسپۆڕییەکەمە بە بەهرەی شیعریمەوە. هەر مامۆستایەکی سەرکەوتوو لەخاڵێکدا لێهاتوویی و سەرکەوتنی خۆی دەبینێتەوە کە لە بازنەی پڕۆگرامی خوێندنگە بچێتە دەرەوە، زۆرترین زانیاری و بابەتی فرە بهێنێتە ناو پۆل و وانەکەی. دەبێ خۆشویستنی خوێندکار بۆ بابەتەکە بگوازێتەوە بە کتێبەکانی ناو کتێبخانە و بابەتەکانی دەرەوەی پڕۆگرام و بەستنەوەی بە پڕۆگرامی خوێندنگەوە و وانەکە دەوڵەمەنتر بکات.
سەبارەت بە کۆنکرێتکردنی پڕۆگرامی خوێندنگە، ئەمە بەستراوە بە توانا و لێهاتوویی مامۆستاکە نەک تەنها بۆ بابەتی زمان و ئەدەبی کوردی بەڵکو بۆ هەموو بابەت و وانەکانی خوێندنگە دەست دەدات، لە هەموو جیهاندا مامۆستا ڕێبەری پەروەردە و فێرکردنە،کەواتە مامۆستا ئەرکی گەورەی لەسەر شانە.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت، بەڕای من پڕۆگرامی جێگیری خوێندنگە دەرگایەکی ئاوەڵایە بۆ چوونە ناو شیعر و ئەدەب، ئەگەر ئەو جێگرییە گۆمێکی مەنگ بێ تواناو زانیارییەکانی من دەیشڵەقێنێ،
ڕاستە بابەتەکانی ئەدەبی کوردی لە کلاسیزم و ڕۆمانسیزم و ڕیالیزم تێناپەڕێ، بەڵام من دەتوانم بە بابەتی تر بەرگێکی ئیستاتیکا و سەرنج ڕاکێش بکەمە بەر وانەکە، دوورتر سەرنجی خوێندکاران دەبەم، کە بابەتی خوێندنگە نەژادی ئەدەبی ئێمەیە حورمەتی ئەدەب و شیعر و شاعیرانە، هەروەها پاشخانێکی مەعریفی ئەدەبی گەورەیە بۆ کەسانێ کە سەروکاریان لەگەڵ شیعر و ئەدەبدا هەیه لێرەوە ئاگاداری سەرەتای شیعر و شاعیرانی پێش خۆیان دەبن، جەوهەری ڕابردوو تێگەیشتنە لەئێستا، ڕابردوو لەئەدەبدا سەنتەرێکە هەمیشە ئامادەیە، من وەک ماموستایەکی زمان و ئەدەبی کوردی پرۆگرامی جێگیری خوێندنگە چێژێکی زۆرم پێ دەبەخشێ منیش لەوێوە چێژ بەخوێندکارەکان دەبەخشم کە دەتوانم زیاتر پەل بهاوم بۆ ناو ئەدەبی جیهانی و ئەدەبی کوردی و بابەت و تیۆر و شاعیری زیاتریان پێ ئاشنا بکەم.
یەکگرتن و هاوبەشی لەنێوان پڕۆگرام و بابەتی دەرەوەی پڕۆگرام دەبێتە سەرمایە بۆ من و بۆ خوێندکارەکانیش.
ئارام حاجی:
پێتان وانییە شیعری کوردی شیعرێکی ماندووە، ماندوو بەو واتایەی کە کۆمەڵێ ئەرکی خراوەتە ئەستۆ کە هی شیعر نییە؟
ڕەوەند ساڵح:
شیعری ڕەسەن مرۆڤێکە و ڕوحی بە بەردا کراوە، وەک مرۆڤی کامڵ و تەواو کۆمەڵێ ئەرکی لەسەر شانە، شیعری ڕەسەنیش کە هەموو ئەندامەکانی جەستەی تەواو بێ لە فۆرم و زمان و بابەت، ئەرکی لەسەرە.
بە پێی زەمەن و قۆناغ و بارو دۆخ ئەرکی شیعر دەگۆڕێ. ئەفلاتون بۆچی شاعیرانی لە کۆمارەکەی کردە دەرەوە؟ چونکە شیعری بە شتێکی بێسوود و لاساییکەرەوە دەزانی. دەیگوت: شیعر هیچ ئەرکێکی نییە بۆ گواستنەوەی چاکە یان زانست یان ئامۆژگاری.
دوای پێوەرە ڕەخنەییەکانی ئەفڵاتون، ئەرەستۆ ئەدەب و هونەری تراژیدی بە ئەرکێکی باش وەسفکرد کە دەروونی مرۆڤ لە ترس و بەزەیی پاک دەکاتەوە.
گەر ئێمە بگەڕێینەوە جوگرافیای شیعر لە هەر زەمەن و قۆناغێکدا دەرخستەی جیاوازی ئەرکی شیعرمان بۆ دەردەکەوێ، شیعر گەر تاکڕەهەند بووبێ یان فرەڕەهەند ئەرکی خۆی دیار خستووە.
دید و تێڕوانینی شیعر جیاوازبووە، زمانیش دەورێکی گرنگ و بایەخی هەبووە لەهەر قۆناغێکدا.
گەر لە کلاسیکەوە ئەرکی شیعر باسبکەین، خزمەتکردن بووە بە هونەر و زانستی ڕەوانبێژی و لەژێر پەیڕەوی کۆمەڵێ یاسا و دەستووردا گۆڕەپانێکیان بۆ جوانکاری دروستکردووە. شیعری پێشوو هەناسەی کورتە لە ڕووی ئەرکەوە چوون نەیتوانیوە بچێتە ناو خەمە وردەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە، تەنها لەبازنەی جوانکاری و وشە ڕازاندنەوەدا خولاونەتەوە.
شاعیرانی کلاسیک ڕۆحێکی سەرکێشیان نەبووە هێندەی لە خەمی پەیڕەکردنی یاسا و دەستوورەکانی جوانکاری و ڕوونبێژی و ڕەوانبێژیدا بوون هێندە لە خەمی خەمەکانی مرۆڤدا نەبوون. بەدەر لەوە مەبەستە شیعرەکانیش ئەرکی خۆیان پیشان دەدا، شیعرێکی سۆفیگەری خزمەت بووە بە ڕێڕەوی دین و خواناسی، شیعرێکی نەتەوایەتی خزمەت بووە بە خاک و نەتەوە و نیشتمان.
شیعری فۆلکلۆری کوردی ئەرکی پاراستنی کەلتور و فەرهەنگی کوردی لە ئەستۆ بووە، بەهای کەلتوری پاراستووە لە پەند و وتە و ئامۆژگاری. پاش ئەو شۆڕشەی گۆران و شێخ نوری و رشید نەجیب کردیان لە شیعری کلاسیکدا لە ڕووی کێش و سەروا و فۆڕم و زمان و یەکێتی بابەت وەڵامی کۆمەڵێ پرسیار و وەهم بوو کە لە کلاسیکدا لێکدانەوەیان زەحمەت بوو.
ئەو ئەرکەی ڕۆمانتیسیزم خستیە ئەستۆی خۆی بە پلەی یەکەم ئازادی بوو.
خزمەتکردن بوو بە زمانی کوردی، کێشی بڕگەیی، سادەیی و ڕەوانی، زووتر گەیاندنی پەیام، ڕۆمانتیکییەکان باوەڕیان بە یاسا و دەستوور نەبوو، لەهەموو لایەکەوە هەوڵی ئازادبوونی بیر و فکر و شیعریان دەدا لە زنجیری کلاسیک.
قۆناغی ڕیالیزم هەڵوێستێکی جوامێرانەی بە شیعر بەخشی، شیعری خستە پێناو چاککردن و بەرەو پێشبردنی ژیانی کۆمەڵگە و کێشەی ئافرەت و لایەنی ڕۆشنبیری. کاری دەکرد بۆ خستنە ڕووی ئەو کێشە و گرفتانەی کە دەبوونە کۆسپ و ڕێگر لەبەردەم گۆڕانکاری و بەرەوپێشبردنی گوزەرانی کۆمەڵگەی کوردی.
ئەگەر شیعرەکانی پێش ڕوخانی کۆماری کوردستان و پێش شۆڕشەکانی گەلاوێژ و یانزەی ئازاری ١٩٧٠ تەژی بووبێتن لە باسی جوانی سروشت و ژن و بزواندنی هەستی ئەویندارانە، بەڵام لەدوای ئەم نسکۆیانە ڕاستەوخۆ ئەرکی شیعرگۆڕا بۆ بەرەنگاری، ئومێد بەخشینە، نەتەوایەتی، ئاشتی، یەکگرتوویی، پاراستنی خاکی نیشتمان.
لەئێستاشدا لێشاوێکی ئازار ڕووی لە مرۆڤایەتی کردووە بەتایبەت خەمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگرە و شیعر خۆشدەکات. شیعری هاوچەرخ شیعرێکی بزێوە خۆی دەهاوێتە هەموو کون و قوژبنێکی بوونەوە، پەلاماری هەموو جوانی و ناشریینییەکان ئەدات. فەروغی فەروخزاد دەڵێ: شیعر دەتوانێ هەموو شتێک بێ.
ئارام حاجی:
وای دەبینم، شیعری پاش دووهەزار شیعرێکی عەبەسییە بەگشتی، ئەمە شیعر خۆی وادەخوازێ، یان هەلومەرج دەی سەپێنێ بەسەریدا کە بەو چەشنەبێ؟
ڕەوەند ساڵح:
ئارام دەزانیت شیعری ئێستا سروشتێکی هەیە، لەبری چێژی ئێستاتیکا و ڕۆمانسیەت چێژێکت پێ دەبەخشێ بێ ئەوەی هەست بکەیت دەتخاتە نێو کێشمەکێش و گیروگرفتەکانی سەردەم کە مرۆڤی هاوچەرخ ناتوانێ لێی دەربازبێ.
لە وەڵامی پرسیارەکەی پێشوو باسی ئەوەم کرد لێشاوێکی بەئازاری دەروونی ڕووی کردۆتە مرۆڤ و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ناتوانین لە بیرلێکردنەوەشی هەڵبێین نەک لە کێشەکان خۆی، سەرەڕای ئەمەش شیعری ئێستا مۆدێلێکی وەرگرتووە لە نائومێدی. شاعیر ناچاربووە ئێستاتیکا لە نائومێدیدا دروستبکا، شیعرییەت لە گیرو گرفت و تەنگ و چەڵەمەکاندا بئافرێنێ. ئێستا لە زەمەن و دنیایەکدا دەژین، شیعر ناتوانێ چەمکێکی سادە پیشان بدات، یان دەستکەوتێکی ئەوین، یان پەند و ئامۆژگاری بگەیەنێ. ئاگایی شاعیر لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە بە تەواوی لە گەورەیی و پانتایی گرفتەکانی مرۆڤ و دنیا بێزارکەرەکەی مرۆڤدا بێت و بچێت، خۆی بکا بە داڵان و تونێلەکانی هاواری مرۆڤدا، شاعیر دەبێ دیوە تاریکەکان ببینێ. شاعیر چەند ئاگایانە خۆی بکات بەناو نائومێدی و نامۆیی مرۆڤدا تێدەگات چارەیەکی پێنییە، ئیتر سەراپای شیعرەکەی پووچی هەڵدەگرێ لەدیدی شاعیرانی ئێستەوە ژیان پووچییەکی تەواوە. هەرچەن بمانەوێ نەشئەبەخش بین، شیعر دەمانباتەوە سەر عەبەسییەت و نامۆیی و نائومێدی و داڕمان.
شیعری دوای ڕاپەڕین بە شێوەیەکی گشتی داهێنان لە نائومێدبووندا ئەدۆزێتەوە، پێش کارکردن لە فۆرم و زمان و ئێستاتیکا بیر لە سەرگەردانی و تاریکییەکانی مرۆڤ دەکاتەوە، ئەم ڕێڕەوە شیعرە تا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە و بە شێوەیەکی تۆختریشەوە. زمانی شیعری ئێستا بەر لە هونەری جوانی و ناسکی دەچێ بەلای مۆدێلگەری خۆکوشتن و ترس و داڕمان و جوداییو نامۆیی. عەبەسییەت پێش ئێمە دەکەوێت لە نووسیندا، نووسینەکان خۆیان قسەدەکەن لەسەر تاریکی، جودایی، ناتەبایی، ئێمە عەبەسییەت نانووسینەوە، عەبەسییەت ئێمە دەنووسێتەوە.
ئەدەبی ئێستا ئەدەبێکی کافکاییە، تایبەت نییە بەتەنها بە خودی شاعیر بەڵکو بڕیار لەسەر گشت ئەدات. کە بەدنیای ئەدەب و شیعری ئێستادا دەڕوانین عەبەسییەت بۆتە مەرج و پڕۆسەی نووسین.
هەرچەنە ئەم تێکشان و شێوازی نووسینە زیانی بەشیعر نەگەیاندووە، بەڵکو زمانێکی تازەشی لە داڕمان و ترس و شکان داتاشیوە، عەبەسییەت لە شیعری ئەمڕۆ جیانابێتەوە، بەڵکو بۆتە بەشێکی گرنگ لە ئەدەب.تەنانەت لای زۆرێک لە شاعیران شەیدایی بۆ عەبەسییەت دەبینین، عیشق بۆ نێهلیستی بەدیدەکەین، ئەمەش چێژ و ئێستاتیکایەکی تری شیعرە بە زمانێکی جیاواز. نێتچە لەگەڵ ئەو هەموو ڕەخنە توند و تیۆرە بەهێزانەی سەبارەت بەهەموو لایەنێکی ژیان هەیبووە، هەمیشە دژی ڕوانگەی نێهلیستی بووە، لەگەڵ پوچگەرایی و عەبەسییەتدا نەبووە. بەڵام من دەڵێم لەئێستادا کاتی ئەوەیە ئەدەبێک بەناوی ئەدەبی عەبەسییەت و پوچگەرایی بێتە بەرهەم. چونکە ئەمە شۆڕشێکە بەسەر ئەدەبدا تازەگەریو نوێخوازی و گۆڕانخوازییە بەسەر باڵای شیعردا. من لە کۆتایی ئەم بابەتە گەیشتمە یەقینێک شیعری هاوچەرخ بەگشتی بە بەرەنگاربوونەوەی پوچی دەستی پێکرد، بەڵام بەوێرانکردنی واقیع و لەبیرکردنی قودسییەتی ژیان کۆتایی پێ دێت.
ئارام حاجی:
هەمیشە ئەو شتانەی کە بوونێکی گەردونی و پاشان جیهانیان هەیە، ناتوانین بە یەک پێناسە “چی”یەتیان بناسێنین. وەکوو ویژدان، خودا، مردن، هەمیشە مروڤ لەبەردەم ئەم چەمکانەدا دەستەوستان دەبێت، بێگومان شیعریش یەکێکە لەو چەمکانە، زیادەڕۆیی ناکەم گەر بڵێم نیوەی شاعیرانی دونیا پێناسەیان بۆ شعر هەیە. قسەی من ئەوەیە: ئەوەی ئەم گەردوونیبوونەی بە شیعر بەخشیوە چییە؟
ڕەوەند ساڵح:
خودا، ویژدان، مردن ، ئەمانە ڕەهەندێکی ڕوحین لە ڕوحی مرۆڤدا دێن و دەچن، دەبێ باوەڕ بەوە بهێنین هەر شتێ ڕوحی بوو گەردوونییە، هەر شتێ گەردوونی بوو بوێرە. بوێری مرۆڤیش لەوەدایە بۆ باوەڕهێنان بەم ڕەهەندانە سەلماندنی هەبێ. مرۆڤ لە چوارچێوەی ئیرادەی خۆی بڕیاردەدات هەریەک لەم ڕەهەندانە هێزێکی بێشوماری سەرو میتافیریکە لە پشت گەردوونەوە. هێزی خودا و هێزی ویژدان هێندە گەورەن دەتوانن هێزی ناوەکی مرۆڤ بەهێزبکەن، یان لاوازی بکەن.
بێ چەندوچۆن دەڵێم شیعریش ڕەهەندێکی گەردوونییە، لەگەڵ دروستبوونی مرۆڤایەتی شیعر دروستبووە، شیعر لەگەڵ هەست و جوڵە و هەستەوەرەکاندایه، هەستی مرۆڤیش لەگەڵ بووندا دروستبووە. مەرج نییە هەموو مرۆڤێک بتوانێ بنووسێ، بەڵام هەمووان هەست و نەست و خەیاڵیان هەیە.
کەواتە شیعر لەمرۆڤ دانابڕێ و هیچ مرۆڤێکیش بەدەر نییە لەهەستی شاعیرانە.