لە نازمانییەوە بۆ زمان سەنتەریی | نەبەز محەمەد | ڕەخنە و وتار
چەند پەیڤێک دەربارەی ئەلیمێنتەکانی ڕوونبێژیی یان شیعری سادە
نەبەز محەمەد
.
لە خوێندنەوەی هەر شیعرێکی پێگەیودا ئێمە بەر چەشنێک لە نازمانی دەکەوین، لە کاتێکدا بەرکەوتنی ئێمە لەگەڵ دەق و زماندایە، چوونکە شیعر خۆی زمان و کایەیەکی زمانییە، بەڵام لەوێوە بۆ ئێمە نازمانییە کە شیعر دەستی لە بابەتێک کوتاوە کە دەرە زمانە، واتە لەو پانتایی و ڕووبەرەدا نیە کە دەکەوێتە ڕکێفی زمان و گوتنەوە. بە واتایەکی تر شیعر ئەو شتانە دەهێنێتە ژێر باری گوتن کە ناگوترێن و لە گوتن بەدەرن بەڵام شیعر وەکو یاخییەکی زمان پەل دەهاوێت و ئەو دەرە گوتنانە دەهێنێتە ناو گوتنەوە، بۆ ئەمەش هەم زمان دەشکێنێت و هەم زمان دادەهێنیت، لێرەوە ئێمە بەر نازمان دەکەوین لە زماندا، زمانێک کە هی شیعرە.
لە بنەڕەتدا ئەم بۆچوونە سەبارەت بە شیعری ئاڵۆز یان شیعری هێماگەریی و سمبولیکی ڕاستە، مەبەستیشمان لە سمبوولیک ئەوەیە کە بنەما و کارکردی ئەم جۆرە شیعرە لەسەر هێما و ئاماژە وەستاوە. بەڵام شیعری ڕوون و سادە لەم دۆخە بەدەرە وەکو لە گوتاری پێشتردا ڕوونمان کردەوە شیعری سادە بەهۆی کۆمەڵێک ڕەگەز و ئەلیمێنیتی جیاوازەوە وای کردووە ئاراستەی کارکردنی جیاواز بێت تا ئەو ڕادەیەی پێچەوانە و ئاراستەی دژی هەبێت. چوونکە شیعری سادە بە پێچەوانەی شیعری ئاڵۆز لەگەڵ ئەو بابەتە ڕۆژانەییەدا مامەڵە دەکات و مەیلی گووتنی هەیە کە سواو و لەبیرکراون، ئەم دەیانهێنێتەوە بەرباس و شتی نوێیان لێ هەڵدەهێنجێ و بە جۆرێک نوێیان دەکاتەوە وەک ئەوەی کۆمەڵگە بەهۆی نابیناییەوە لەدەستیدابن.
بۆ ئەمەش شیعری سادە یان ڕوون، زمان بە چەق دەگرێ بێ ئەوەی مەیلی شکاندنی زمان یان لادانی زمانی هەبێت بەهیچ ئاراستەیەکی نامۆدا یان وێران کردندا وەک ئەوەی لە شیعری ئاڵۆز دەکەوێتەوە.
بەڵام شیعری ڕوون لەوەدا زمان بەچەق یان سەنتەر دەگرێت کە دەست بە وشەوە دەگرێت و تەقەشوف دەکات، هەروەها ئەو وشانە وەبار دەهێنێتەوە کە لە بەکارهێنان کەوتوون یان پشتگوێخراون و خەریکە لەدەست دەچن، ئەم جۆرە شیعرە نە وشەی لێ زیادە و نە وشە بە فیڕۆ دەدات، لەوەش گرنگتر تەنانەت گیان وەبەر وشەدا دەکاتەوە بەوەی کە مانای نوێی تێدەئاخنێت، یان لە لایەکی ترەوە زمان سەنتەریی، یان چەق زمانی لەم ڕەوتە شیعرەدا ئەوەیە کە بێ ئەوەی زمان شکێنی بکات یان بئاڵۆزێنێت و ڕەمز و هێماخوازی بکات، زمان پێشدەخات و دەوڵەمەند دەکات تەنها لەسەر حسابی گوتن، گوتن بەواتای ناوەرۆک نەک بە بیانووی جوانی و ستاتیکاوە هیچ نەگوتن و زمان ئارایی.
بەم پێیە شیعری ڕوون چەند سادەش بێت دەکرێت خۆ بەدەستەوەنەدەریش بێت بەو هۆیەی زمان ئەندێشی دەکات، بۆیە وەک دەگوترێت (سهل ممتنع)ە، بەڵام ئەم خۆ بەدەستەوە نەدانەی بەهۆی سەنتەرزمانییەوەیە، نەک زمان دەریی، یان نازمانی.
ئەوەش کە ئەم چەشنە شیعرە بە سەرکەوتوویی دەهێڵێتەوە ئەو تایبەتمەندییانەیە کە ئەلیمێنتەکانی وەکو خەسڵەتێکی هەمیشەیی هەیەتی، لێرەدا هەندێ لە گرنگترین ئەلیمێنتەکانیشی دەستنیشان دەکەین و بە کورتی لێیان دەدوێین.
١- ڕوونبێژیی و سادەیی لە دەربڕیندا:
ئەم چەشنە شیعرە بە تەواوی لە لێڵی و تەمتوومانی وتن دوور دەکەوێتەوە، زمان نائاڵۆزێنێت و بڕوای بەخۆی هەیە کە هەر سادە و ئاسان ئەوەی هەیەتی بیڵێت و شیعرییەتیش دەستەبەربکات. ڕاستەوخۆ لە نێوەرۆکی بابەتەکە دەدات و پێچە بەدەورە ناکات و کورت و پوخت و سادە و ڕەوان ئەوەی هەیەتی دەیڵێت و خۆ دەپارێزێت لە زیادەڕەویی و هەربارگرانییەک.
٢- واقعیبوون:
واقعیبوون خەسڵەتێکی گرنگی ئەم جۆرە شیعرەیە و مامەڵەی ئەو گرێ و ڕوداو و کیشانە دەکات کە خەڵک لەگەڵیان بەرەوڕووە، یان دەشێت ئێمە ڕۆژانە لەگەڵیدا بژین. واتە ئەم چەشنە شیعرانە بابەتەکانیان لە خۆیاندا حەیی و زیندوون و تاموچێژی تەڕوتازەییان هەیە و بەردڵان دەکەون. گوزارشت لە کێشە و ئازارەکانی ڕۆژ و سەردەمەکە دەکەن و بە دەربڕینی نوێ و سادە خۆ لە مەیل و ئازاری ئێستای مرۆڤەکان هەڵدەپێکن و وەڵامی هەستەکانیان دەدەنەوە و خەمیان هەڵدەگرن.
٣- دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزی دەربڕین و هێما و سمبولگەریی:
ئەم خەسڵەتە بۆ شیعری ڕوون و ڕاستەقینە، شیعرەکە بەهێز دەکات نەک لەباری ببات، یان لە ئاستی بهێنێتە خوار، چوونکە ئەو بابەتانەی ئەم شیعرە مامەڵەی دەکات پێویست بەسمبول و هێماگەریی و ئاڵۆزاندن ناکات. ئەمەش بەهۆی واقعیبوونیانەوە.
٤- دوورکەوتنەوە لە زیادەڕەیی و درێژدادڕی:
خەسڵەتێکی گرنگی ئەم شیعرە ئەوەیە ڕێز لە خوێنەر دەگرێت و دەست بە وشەوە دەگرێت نرخی وشە دەزانێت و بە ناوی گەمەی زمانییەوە وتن بێ بەها ناکات و چەق و قورسایی وشە دەپارێزێت و نرخی خۆیان پێدەدات. واتە لەجیاتی درێژدادڕی پشت بە قورسایی و هەیبەتی دەربڕین دەبەستێت.
٥- وێنەی ڕۆژانەیی و بەردەست:
وێنەی ڕۆژانەیی ئەلیمێنتێکی گرنگی ئەم چەشنە شیعرەیە و بەردەوام لە رێگەی ئەو وێنانەوە کە دەیانخولقێنێت ئێمە لەو گرفت و هەنگاوانەی ڕۆژ ئاگادار دەکاتەوە، بە جۆرێک وەک بڵێی کۆمەڵگە دەرزی ئاژن دەکات.
بەهۆی ئەم خەسڵەتە گرنگانەوە کە ئەلیمێنتەکانی شیعری ڕوون هەیەتی، شیعری ڕوون و سادە لە (نازماندا) بەو واتایەی کە پێشتر باسمان کرد ئیش ناکات، بەڵکو زمان و ئەوەی لە زمان دەکەوێتەوە بە گرنگ و ئامانج دەگرێت، واتە لە نازمانییەوە دادەکشێت بۆ سەنتەرزمانی ئەمەش وادەکات ئەم چەشنە شیعرە زۆر گرنگی بە سەنگینی زمان و قورسایی واتا و ئەو بابەتانە بدات کە ڕۆژانەیین و واقعین و بۆ ئێمە گرنگن.
کەواتە ئەگەر نازمانی لە سمبول و هێما و مانای داتاشراو و مەجازییەکاندا پەنهانە ئەوا، زمان سەنتەریی خۆی چەقی مانا و هەڵگوێزان و گەشەیە لە ڕێی تەقاندنەوەی ئەو بابەتانەی دەشێت دنیا جارێکی تر و بە جۆرێکی تر و لە فۆڕمێکی تردا نیشان بدەنەوە و ناچارمان بکەن بەبیرکردنەوە لێیان. هەروەها دەتوانین بڵێین لە سەنتەر زمانیدا وشە نامرێت و نابێت بە بابەتی قاموس و ژێرخۆڵی ڕەفە و لاپەڕە ناکەوێت، بەڵکو لە ڕێی بەکارهێنانەوە و بەردەستخستنەوەوە مانای جیاواز بە پێی ئەو زەپۆش و دۆخەی تێیدا و ئەو کارکرد و ئەرکەی لە ڕستەدا هەیەتی هەم نوێ دەبێتەوە هەم مانای جودا دەسازێنێ.
بەڵام نازمانی بە تەواوی لە شیعری ڕووندا سەرنگوم ناکرێت، بەڵکو دەشێت بوونی تا ڕادەیەک هەبێت بەڵام بە هەقی خۆی و بە کەرەستەی جیاواز و لە ڕێوشوێنی خۆیدا، چونکە هەم شیعر لە خۆیدا هەوڵی کەشف و خولقاندنی هەیە و بەشێکی ئەمەش دەشێت لە نازمان و جیهانی هێما و وێناکردنەوە بەدەست بێت، زمانیش بۆ ئەمە دەچێتە پێش و سەردەکەوێت، هەم وشە لە خۆیدا چەند مانایی هەڵدەگرێت. بۆیە شیعری ڕوون و بێ گرێ ئەم ڕەهەندە نادیدە ناگرێت، بەڵام ڕێوشوێنی تایبەتی خۆی بۆ ئەم بابەتە هەیە، وەک ئەو وێنە بچوکە ڕۆژانەییانەی بەردەوام دەیانئافرێنێ بەبێ ڕیکلام و بانگەشەکردن ئەو بەردەوام بە خولقاندنی وێنە ئەم کارە دەکات. ئەمەش لەو وێناکردنەدا کە دەشێت لای خوێنەرە جیاوازەکان و لەسەردەمی جیاوازدا دروستی بکات.
هاوکات دەبێت بە جەختکردنەوە ئەوەش بڵێین لە شیعری ڕووندا نازمانی لە پێناوی شیعردایە، واتە وەکو شیعری ئاڵۆز نییە، کە زۆرجار شیعر لە پێناوی نازمانیدا لێڵ و تار دەکرێت. نازمانی ئەوکاتە لە پێناوی شیعردایە کە وێنە شیعرییەکە لە هزر و خەیاڵی خوێنەردا بیئافرێنێت، واتە خودی توانا شیعرییەکە دەستی لە نازمانیی گیرکردووە، نەک نازمانی شیعرەکەی خنکاندبێت، یان سەرەنجام وەکو تەرمێک شیعرەکە داپۆشێت، ئەمەش ناوبنرێت وشەکاری و سەنعەت و سمبولیکی. نازمانی ئەگەر لە شیعری ڕووندا هەشبێت لەو وێناکردنانەدا دەڕسکێت کە خودی شیعرەکە لە ڕێی وێنە و دەربڕینە سادەکانییەوە لە زەینی خوێنەردا دەیانئافرێنێت.
واتە نازمانی تەسەورێکی دروستکراو نییە لە ڕێی ڕیزکردنی وشەی لێکدژ و ئاڵۆز و گوزارشتی سەیروسەمەرەوە، بەڵکو لەو وێناکردنەدا پەنهانە کە بەهۆی ئەو وێنە بەرز و دەربڕینە نوێیانەوە دەشێت لای خوێنەر و لە زەین و وێناکردنی ئەودا بڕسکێ.