ماڵە دۆمەکە | سەدر بەرزنجی | چیرۆک
سەدر بەرزنجی…
.
هەر لە دەرگا و سوڕە سوڕ و سواڵ کردن، دۆمم دیت بوو.
دۆمەی کەلەکەوێ، لە جەنگە و کەروێشکەی بەهارێ، بزگوڕگ و شڕو شیتاڵیان بە دوو باوەشان دابەزاند.
لە سەر خێ رو بێمزەڕەتان بوونە هاوسێی ڕووبەرووی دوڕ دەوم.
ساڵیان پڕ کردبوو نەکردبوو، خەریک بوو لاقمان هەڵبێنین زستانی بەجێبهێڵین، ماڵە دۆم، شەوێ درەنگی ماڵ نووستنان، دوو کەچە بەڕە و دوو سێ سەرین و قاپ و قاچاغی ڕەش و برشیان تێکنابوو و ڕۆیشت بوون.
سبەینێ کە ڕوانیم دونیا کڕو ماتە، گووتم: ڕەبی خوداتان لە گەڵ بێ، ئاو ئاو بچن و نێنەوە.
دیار بوو، دوعایەکەم لە دڵەوە هەستابوو؛ یەکاویەک ئیشی خۆی کرد.
پێکهاتە و ڕیزبەندیی خێزانی ماڵە دۆمەکە:
1- ”سەمیر” کوڕێکی خڕیلکەی بڕێک بە بەژن و وورگن بوو. سەرو سکوتی بڕێک جوان بوو. چاو برۆ گەورەی هەندێک سەرو پرچی گورواز بوو.
شڕە مازدەیەکی سووری بێ نمودی پێ بوو. زۆربەی ڕۆژان، لەو زۆرگانە دەیخواردەوە، ئێواران وەک بای دەهاتەوە، چوار دەوری مازدەی هەموو کردبووە گلۆپی ڕەنگاو ڕەنگ و چلچرا.
شەوان دەیگووت: ژووری دیسکۆخانە و باڕیە. زۆریش بێ چاووڕوو بوو؛ سەلامم لێ نەدەکرد، بەخۆی سەلامی لێ دەکردم.
2-”سەوسەن” ژنی گەورەی ”سەمیر”یە.
ژنێکی سپی پاتی دەم و چاو جوانکیلە و سمت و لەتەر گەورە. بڕێک دەلەنگی، زۆر شەلینەکەی پێوە دیار نەبوو.
لە قیامەتێش شاهیدی دەدەم، ژنێکی بەحەیا و بە شەرم بوو. دۆم نەبوو، لە سەمیری خەسار بوو.
تێبینیم کردبوو، زۆری حەز لە گوڵەبەڕۆژەی بوو. زۆربەی ئێواران لە پێش دەرگای، جۆڕکە گوڵەبەڕۆژەیەکی لە پێش بوو، دەیقرتاند.
3-”سەحەر”، ژنی دووەمی سەمیری.
ژنێکی ڕەق و تەقی قون و تەشگەر باریک بوو. ڕەزاگران و ترشڕوو.
زۆریش توندو تۆڵ بوو. دەتگووت بە تەشی بادراوە. گورجووگۆڵ بوو، بەڵام دەمدیت وەک ماری لە سەوسەنی هەوێ ـی دەکیفاند.
عارەبی موسڵاوی بوو، چاوی زۆر پان بوو. دیار بوو تازە بووک بوو،چەندان جار دەمبینی لەناو سەیارەی لە کۆڵانێ، لە گەڵ سەمیری خەریکی دەستبازیی و ماچ موچ بوونە.
دەشیان بینی کە دەیانبینین،هیچ تەریق نەدەبوونەوە و بەسەر خۆیان دا نەدەشکانەوە.
4-”حەسەن”، منداڵێکی سەر باڕوکانی ڕەقیاو. دەیگووت بەروحێ وەیە، هێندە جورج بوو، دەبنەساوە.
داک و بابی نەمابوو، دوو برا و سێ خوشک بوون.
تەنها ”کاڵێ”ـی خوشکی لەگەڵ بوو. برا و دوو خوشکەکەی تری، هەردەمێ لە وڵات و مەملەکەتێک بوون.
حەسەن و کاڵێ، تەمەنیان دە بۆ یازدە ساڵان دەبوو. چی باس و جەنگ و هۆسەی ئەو ماڵەم، لە زاری حەسەنی، لە نوک و بەدەوە وەر دەگرت. هەموو شتێکی پێ دەگووتم.
جارێک گووتی: ئەمە هەموومان لە یەک ژووری دەخەوین. سەمیر لە پاڵ سەحەر و سەوسەنی دەخەوێ، لە ناوەڕاستی هەر دووکیان.
گوفت و لوفتم لە گەڵ حەسەنی گەرم بوو، زیاتر ڕوو پێ دان و گەرم و گوڕیەکەشم، لە بەر ئەوەی بوو بێ داک و بابە. زۆر دیل و یەخسیر بوو،ئیش و کاری ئەو ماڵەیان بە چەقەی گەرما و سایەقە و زوقمی ساردی، بەو ڕادەپەڕاند.
جەمێ لە ماڵێ گۆشت گام بخواردبا، پشک و بەشی حەسەنیمان بەولاوە وە دەنا.
لە حەوشەی دەنگم هەڵدەبڕی:حەسەن! حەسەن هەندی دەمێ، لە پێشم حازر دەبوو. ”ها بڕۆ بیخۆ، بەشی کاڵێی خوشکیشت بدە.”
حەسەن بە سینی و قاپ و خواردن دەڕۆیشت، دەبووە جەنگی مەغلوبێ. هەموو تێی وەردەهاتن، تاقیان لێ دەبڕی.
گووتم: حەسەن،سەمیر چی تۆیە؟
گووتی: سەمیر مێردی پورمە.
بەڵام حەسەنیش، چونکە خوێنەکەی پیس بوو، درۆزن، نەفسیەت نزم و بێ چاوڕوویی لە تخووب دەرچبوو.
کاڵێی خووشکی، تەختە و دەماغی سوڕا بوو. هاوارو هۆلە هۆلی کاڵێ، ئێستاش لە بن گوێم دەزرینگێتەوە.
دوو سێ ڕۆژی یەکەم، منداڵی گەڕەک، بۆگە و نەبانیان لە حەسەن و کاڵێ دەکرد.
ڕۆژێک حەسەن هاوار و دادی بۆ هێنام، دختۆر؛ ئەو منداڵانە پێم دەڵێن دۆمێ.
تاوم دایە منداڵان: لەو جێی لێ دەرهاتوون، دەتانبەمەوە ئەو جێیە، جارێکی دیکە ناماقولی برێن.
حەسەن لە خۆشی ئەو پاس کردن و لە سەر کردنەوەی، وەک دارێکی بێ پەلک و سیس و ژاکاو، گەش بۆوە و نما و باڵا و سێبەری لە سەر داگەڕا.
بە بزە و کسپەی چاوە ڕەش و برشەکانی، سوپاسێکی پڕ میهری بۆ ناردم.
کە ئەو لە سەر کردنەوە دڕ و ڕژدەم کرد، ڕۆژی پاشی، منداڵ ووردە ووردە حەسەنیان پێک دەکرد و گوفت و لوفتان لە گەڵ کردەوە.
دوو ڕۆژ پاش لەو ڕووپێدان و بەنازیە، حەسەن خەریک بوو دەعبایەکەی لە ناو چاومان ڕا بکە.
قەت شتی وای بە خۆی نەدیتبوو،حەسەنی چەمبەری باغرو غەڕا بوو.
ئێوارەیەکیان دەمی خۆر ئاوا بوون، حەسەن لە سەر دارو دیوار، خەریکی تەنافبازی و جەڕباندنی هونەر و بەهرەی لە خۆ بایی بوون بوو.
حەسەن ئەفەندی شڵپ بەربۆوە. چوومە فریاد و زاری، خوێن لە بەری لاقی فڕکە و پلووسکەی دەکرد.
تفری سەر پاژنە پێ ی داماڵا بوو، خۆم و خێزانم کا حەسەنمان داودەرمان کرد. نە ئۆفێک نە ئاخێکی لە بەر نەدەهات، ڕۆستەمێکم لێ دیت، حەیف دۆمە.
توومەز پێڵاوی نەبوو، لەبەر بێ پێڵاوی و پێ خواسی خۆی بە ئەنجام گەیاند بوو.
هەندی دەمێ، پێڵاوی تازە و چاکی منداڵەکانم لە پێی کرد. بەو پێڵاوە کەشخەی، حەسەن بووە حەسەنێکی تر؛ بتدیتبا نەتدەناسیەوە.
ڕۆژێ خۆی بەو پێڵاوەی بادەدا، خۆی بە پادشای سەمەر قەند و بوخارای نە دەگۆڕیەوە.
با ئەوەش بگێڕمەوە، لە بەرایێ سەمیرم پێ زیخ بوو، دامنابوو پیاوی شەوی زینەریە.
دوو سێ جارم دەدیت، بە تفەنگ و ڕەخت و فیشەک دانی.
هەڵمدا کە بە جەرگ و تووشە، بە وەستایی خۆمی لە تەشقەڵە و گڕ و پەڵپی بەدوور بگرم.
کە تازە نۆهەوار بوو، هێشتان لە تڕو سڕی یەکتر کەسمان نەمان دەزانی چەند موومان پێوەیە، ڕەش و سپیمان بەدەر نە کەوتبوو.
گووتی: ئەمن دکتۆری گیاییم، ئەو منداڵەی تۆ نەخۆشە، دەستت لە ناو دەستم بنێ چاکی دەکەمەوە.
گووتم: خۆم دکتۆری نەفسیم، بەو قسەیەم تەزاندم و بردمەوە غەرێف و پارسەنگی خۆی.
لەوێڕا، دەنگم لێ بڕیی و سەفیرم لە گەڵی کێشاوە. لێم سوور بوو نە دکتۆرە و نە تەڕەماش، درۆزن و دۆمێکی پەڕپووتە.
کەوتمە سۆراغ و سەرەداوی دکتۆریەکەی. بە چەپ و ڕاست، هەر حەسەنم بە دەستەوەیە.
حەسەنم وەها چەشە کردبوو، هەموو شتێکی لە کۆشی دەکردم بە سوک و سەنگی.
-حەسەن؛ سەمیر دکتۆرە؟
-ناوەڵڵا دختۆر، سەمیر لە جادەی پردێ، عەسەلایەتی دەفرۆشی.
-دەست و قامکت خۆش، شێرە حەسەن.
بە بزەیەکی چاو داقلیشاوی تێ تلیزاند و گووم بوو.
ئێواریەکیان، بووە قاو و قریشک و زریکەی ژن و منداڵی.
تێمتریواند و ڕاپەڕیمە دەرێ.
-دختۆر؛ بگە فریاد و شین و زاریمان!
-چیە چی، چ بووە؟
سەمیر گووتی: مارێکی دوو مەتر خۆی تێ خزاندە ژوورێ. هەر یەکەو لە دوو سێ مەتری درێژی مارەکەی کەمتریان نە دەگووت.
سەری گۆڵان و بەری گۆڵان، لە گەڵ قلیشانەوەی زریکە و بابەڕۆی، هەمووی قڕقژان و داگەڕانە پێش ماڵە دۆمی. لە ماری دوو مەتر و سێ مەتری، ئەستورایی هێندەی ڕانی، چوومە ژوورێ، لێی بە خۆ کەوتم.
لە دیوی دەرەوەی پەنجەرەی هەڵایان لێ کردم ئەوەتە. مارەی فەلامەرزم دیت، هێندەی دوو بستی،ئەستوراییشی بە قەد قامکی قون شۆری. مارێکی بۆرکەی جنجڕ.
کەجە کەونتەرم ڕاکێشا بنەبانێ، بوتڵە فۆدگایەک دیار بوو لێی قوزەڵقۆرت کراوە، لە سەرێ داندرا بوو.
مارە شڵپ خزی، تاوم دایێ، خۆی لە پەنا غازی مۆڵ دا. لە بەر بۆری نەم دیت.
سامی وەک فیلان، فجوقی کرد و داری خستە سەر ڕوحی.
یەک جێ پێیەکم لە سەری ناو توڵخاندمەوە.
بووە یەک هۆسە و سەیران و سەفا، لە فەتحی قودس و مەکەش هێندە خۆشی دەرنەبڕاوە.
لەوێڕا، قەپۆزی سەمیر و ماڵە دۆمم لە خۆرێ وەردا و شکۆ و دەبدەبەیان بە بن دەست و پێم کەوت.
ئەو ڕۆژگار و بابەیان مرد، بە ڕبەی جاران لێی بخوڕن.
کەلاکی ماری ئەژدەریان هینا دەرێ، سەمیر و مێردی خڕێ، تکا و پاڕانەوەیان کرد ڕسمێکی بگرن، ڕسمیان گرت.
گووتم: ئەوە بۆ فەیسبوکتانە؟
گووتیان: بەڵێ.
گووتم: ئێوە شێری چنگ بە خوێنن، بۆ کوشتنی ماران دەبێ لە هاوار و دەنگان بچن.
چاویان دانووساند، متەقیان لێ دەر نەهات.
چەند ڕۆژێک بوو، حەسەن کلکی قیت کردبۆوە و لە سەر پشتی دانا بوو.
دەستەودامان، پەککم کەوتبوو لە باس و هەواڵ.
حەسەن بە پڕتاو و توندی لە من ئاودیو بوو، تاوم دایێ بیگەمێ، ئەو زوو خۆی خەلاس کرد و لە دەرگای ئاودیوو بوو، دەستم بەر بوو.
حەسەن قاتێکی کوردی، سورکەی سپی پاتۆکەی بۆزی لەبەر بوو، بەرین و فش. دوو حەسەن ی دیکەی دەچووە ناوێ.
خرتەی سمێڵانی دەهات. ئەو سەر و پرچەی هەڵدابۆوە سەرێ، دەتگووت گا لێستویەتەوە.
زۆری قەد و بادانی پشتێن و باریکی و ڕیویلەیی ناوقەدی.
دەستەقڕێژی سەر ڕوومەت و ددانی گڕنی گرنی.
دیمەنێک بوو، دەیگووت: گۆتەڵی ناو دەغڵ و دانیە.
لەو هاتوو چوونەی بە سەر ئیش داگەڕانە، هەلم ڕەخساند و خۆم خێواندێ.
-ها حەسەن چ باسە؟
-بوکی دەگوازینەوە.
زەردەی ڕۆژێ، دوو شڕە مازدەی بە باق و بریقی چراخان، ورشی کۆڵانێیان کرد.
یەک مێگەلە ژن و منداڵ، ڕەشکە و بەشکەی بۆر و بدی دابەزین.
ژن و کچۆڵە پارچەلەکان، هێندەیان مەکیاج لە خۆ هەڵسوو بوو، هەموویان قەشاویژ ببوون.
ئەوەی زۆرم پێ سەیر و سەمەرە بوو، ژنێکی ڕەشی مەیلە و بە لای قاوەیی، زۆر درێژ و باریکەلەیان لە گەڵ بوو.
دەستە جلکێکی ئاودامانی شۆڕو پان و پۆڕی پرتەقاڵی لە بەر، تەقەڵ و داو دوورمانی لە ڕەنگەکەی نافڕەجاتر.
وەکو گرم و هۆڕی بوران، بە شریقە و گرمە گرم، چووە ژوورێ.
لە کێی حەسەن ی سەر بەردە زورگ، دەنگ و بەرو باسم پێ ڕا بگەیێنی؟
با بڕێک بە وردی، بڕۆینە سەر سەرە باس و لاباسی ”خڕێ” و پیاوەکەی.
ئەگەر بە ڕاست و ڕەوانیت دەوێت، خڕێ هۆش و دەماغی هەر هی منداڵێکی گێلۆکەی پێنج شەش ساڵان بوو.
لەوانەبوو کە خودا لە ناو هەموو دروستکراوانی خۆی، هەندێک دروستکراو دەکاتە نموونە بۆ سوپاسگوزاری خەڵکی. خڕێ لەو نموونانە بوو.
لایەنگیری نەکەم، خودا هەڵناگرێ پیاوەکەشی هیچی لە سەر خڕێ نەبوو. لە خڕێش بەرەو ژێرتر بوو، بەستە زمانەی.
درەنگانێک، پاشی کووتە بە کووتە و قسە دەرهێنان لە حەسەنی، ئەوجە زانیم:
خڕێ خوشکی سەمیریە.
ئەو کورۆکە پوتە و دەغەڵە، ڕۆژێ هاموشۆی ماڵی سەمیری دەکات، ئەو نازدارە، مێردی خڕێی گەردەن کێلیە.
سەحەر و سەوسەنی هاوگیانی یەک، ئێستا خڕێ دشیانە.
قەوچە و قەڕاسی ئەو ماڵە بێ سەروبەرەی، هەمووی لە بن جڵەوڕستی خڕێی شەدەلار دایە.
ڕۆژانە کردبوومە خوو، شەڕەکانیانم دەژمارد.
شەڕەکان هەموو ڕۆژێ چەندبارە دەبوون، بەم جۆرەی خوارێ:
1-خڕێ زریکەی لە سەوسەنی هەستاند.
2-سەحەر و خڕێ، دەستیان لە قژیلکی یەک نا، هێندەی تربوونە سینەمای کۆڵانێ.
3-مێردەکەی بەرجیغێکی دار بەڕۆی پێیە، لە پشتی دەرگای هاواری لێ بڵند دەبێتەوە: کچێ خڕێ، ئەو دەرگایەی بکەوە.
4-خڕێ بە پێخواسی دڕی دەرێی دا، سەمیر دەو لە قوون لە دووای بوو، لە لای ماڵی سێوەی سەلیمی گرتی.
5-حەسەن و خڕێ، خڕێ و کاڵێ، سوکە شەڕ و قونە شەڕەکانی هەر لێی گەڕێ.
لە هەموو ئەو زانیاری و داتایانە، حەسەن کۆمەک و دەستبارم بوو. ڕۆڵی بە نادیدە ناقرسێ.
با لێی گەڕێین و وچان و بێنێک بدەین لە باس و خواسی خڕێی داو دەڵینگ ترشاو.
بچینە ناو ژیانی بژوێن و زەمەندی پڕ لە دڕک و بەردەلانی وشک و برینگی ماڵە دۆمەکەی.
ئەو ژیان و ژین کردنەی ئەوان ڕایان دەتەقاند، هەمان ئەو خەت و ڕێچکەی باپیرانیان بوو کە لە مێژساڵە کێشاویانە.
ئەوان بە موو، هێندەی ئیمانی جوێەک، لەو خەتەی لاقیان بە خواری دانەناوە.
ئەو خانووەی ئەوان تێیدابوون، کونەسەگ بوو، تەنگە بەر و تەسک و تریسک.
دەم و جەم نەبوو بێ پسانەوە و تفە دەست، سێ چوار شڕە مازدەی عەنتیکە و پەنتیکەی شڕو شەق سەریان بە دەرگا و قونیان لە کۆڵانێ نابوو.
زۆر هامووشۆی یەکتریان دەکرد، بە کۆزو کۆتان و ژنەوە دەهاتن و دەڕۆیشتن.
ژن و پیاو و منداڵ، پێکڕا قسەیان دەکرد، لووک لووک لووک لووک، لە سەر یەک به بێ بێن و پشوو، کەس نۆبەتی کەسی نەدەدا.
قسەو باسیان،هات و هاوار بوو و دەنگیان وەک گرمە گرمی بەهاران، بەو زمان و بن زارە ڕەق و شەقە.
میر و مەردی مێرانم دەویست لە حەفت خەوی غەفەڵەت قیت نەبێتەوە.
هەموو دەمێکی خودای کێشە و بەرەیان بوو. لە ناو یەک دەسوڕان و سوڕە سوڕیان بوو.
دوو بە تەلەفۆنی، یەک پڕتاو، بە شڕە مازدەی حیز، بە چاو چوقانێک فڕی و گووم بوو.
ئێستاش لەو ساڵەی بەریوانکەرم نەدیت، هەمووی چەقوی دەسوی.
لە بەر خزە خزی مزەخەی، خوستم لە خۆم دەبڕی بزانم چ باسە.
دەیانگووت: بە هەر شەش تەڵاقم.
زۆری هەرە زۆریان، دوو ژن و ماڵیان هەبوو. ژن و پیاو چ ژن و پیاو هەبوون دەتگووت مەیموونن.
ئەو دۆییە، هەر قابیلی ئەو دۆ دانەیە، خۆشیان ڕووت و قووت بکەنەوە، وا دەزانم ژنم.
ئەوان لە شەڕ و چەقە و مەنگەنەی خۆیان نەدەکەوت. شەڕی گەورەیان دەخستە پاشی دوانزدەی شەوێ. تا بەرە بەیان هەر جەقرە لوولانێیان بوو.
بیژیە گەلی دۆمان بە کۆڵانێ وەردەبوون، وەکوو قەل و داڵاشی دادەنەورانەوە و کونی چاویان دەردەهێناین.
لە نێوانی هەر بەینێک، ساتمە و سەرە سمکت لە دوا بڕایان دەکرد.
حەسەن، شاییکەر و سەرچۆپیگێڕی ئەو گۆبەند و هەراو زنەی بوو.
حەسەن، وەها غالا و و قاڵ ببۆوە، لە پێستی گات بدابا ڕۆژانە سبەینێ و ئێوارێ، ڕمب و هۆڕی حەفت سواری لە سەر پشتی جلیت بازیان بکردبا، تۆزی سمی سوارانی لە خۆی دادەتەکاند.
لە بن سەری منداڵەکانی خوێند بوو و ببووینە چل و ملی بن دەستی منداڵە زگ دڕای دۆمان.
زوو زوو دەرگا دەکوترا: توخودا دختۆر، برسیمانە!
ڕۆژێک و دوو نەبوو. دادەی ئەوە پێمان فێر بوونە، چاک لاق و لینگیان لە سەر ملمان ئاڵاندووە. درەنگ پێکەوتم، سەری هەوران و بنی گەوران، لە بن سەری حەسەنۆکیە.
لە پەنایەکی، حەسەنم بڕ کرد لە ڕەوەی سەگەلی: وەرە حەسەن دادگایی دامەزرێنین.
-حەسەن خراپەتم هەیە؟
-نا.
-حەسەن؛دوژمنی بابە کوشتەتم؟
-نا.
-حەسەن؛دەستت بە سەری داناهێنم؟ ناتلاوێنمەوە وەکوو منداڵەکانی خۆم؟
با.
-ئەدی حەسەن بۆ وەها بە بووکمان دەبەی؟ حەسەن، سەر بڵند بکە و خودای ببینە. خەتا و سوچ لە خۆمانە، بە قونی خۆمان فێر کردی. دەزانی کاریتە و کۆڵەگەی ئارامی و خۆڕاگریمان ڕما. خۆت حوکم بدە؛ چ حوکمێک دەدەی؟
-دختۆر: تۆبە.
-بڕۆ گوم بە بەخشمی. وەکو ڕۆژان لموزم لێت خوار ناکەم. لە دەرگای بانگم لێت کرد، وەرە خواردن و پێخۆری خۆت و کاڵێی ببە.
چاویشم لەوەی نیە بە دوو پارووە نانی چاوبەست و چاو بەرەو ژێرت بکەم.
سەرە سوڕکەم گرتبوو. بۆ داو دەرمانی، پیرو کەترە و کەنەفتێکیان نەبوو.
لە تۆغیان و هەڕەتی بەهاری تەمەن بوون. پیر پیرەکەیان، لە دەورو بەری 35 ساڵان بوو.
سبەینان دەهاتمە دەرێ کۆڵان سواق درا بوو. جێ جێ شەڵپەگووی زەلامانی قیت و قنج، سەرە دیقانێی دەکرد.
گوو هەر وا کزر سێبەرۆکەی کردوە و هێندەی کارە کۆرپەیەک دەبێ.
لە بنی شەڕی چار شەو چار ڕۆژەت لێ کرد با. کافر بابانە، دەی دەی شەو قوتی دەدات، ئەدی ڕۆژ نابێتەوە؟
شەوێک خۆم گرت، چاک بۆی دانووسام. دەبینم منداڵێکی ڕیقەی زگ کوشرای، لە سەر جینجکان، دەلینگی لێ وێکهێناوەتەوە و نقە نقیەتی.
بۆی چووم، خۆشی سر نەکرد، هێندە ڕووقایم بوو.
-خۆت کۆ کەوە، گەڵ و قونت لەو گۆڕەیە. ڕووم لەولای کردووە، دەی زوو، ڕەبی دۆ دانەت بدڕێ.
خۆشی شێلوو نەکرد، لێیگەڕام تا گووی مێرە قنجیەکەی کرد.
وەری بکەڕێمێ و دای بدوورم، ئێستا دەڵێن خۆی هێناوەتە ڕێزی ئەو منداڵە دۆمەی. لێی گەرام و گووەکەی لە پێش دەمان بەجێهێشت.
ئەو بەرو باسەی لە دۆمانم پێ گەیشتبوو، خۆزگەم بەوان دەخواست. بریا لە بریایەکی خودای با، ئەمنیش منداڵە دۆم و قەرەجێک بام.
لە دەوران و چەرخی منداڵی و هەرزەیی، ئەو بەر و خواسانەم بە دوو چاوم بینی بوو.
ڕۆژێک ژنە دۆمێکی سپیکەلەی خڕو پڕ، دەم و چاو و چەناگە و دەست و مەچەک کوتراو، هاتە کۆڵانێ.
پێشتریش ڕۆژانە دەرگا بە دەرگا، دەرگا بێری نەدەکرد، هەمووی دەسویی.
بە بۆن و بەرامەی بەخت گرتنەوە و تڕو تەشقەڵە، توێ توێی لە ژن گەلی کرد. ژنەی دۆم لە گەڵ کەڕەسیسەی ژنان و لێ خڕ بوونەوەیان، لە چاوان بزر ببوو.
بەزم و تەپکە و داوێکی دامەزراند، بە داوی دەرزی، لە پەنجەو قامکی دەیهێنا و دەیبرد، بە تاق و فیقی.
-ئەتۆ، پیاوەکەت وا، فڵانە ژنی ئامۆزات بە ناوی فڵانی.
-کۆرە بم چۆنی زانی!
-ئەتوو، تۆ لە بەر چاوی مێردت ڕەش کراوی، فڵان بە ناوی فڵان حەز حەزۆکە و سەرەدیقەی لە گەڵ دەکات.
خوا هەڵناگرێ، ناوی کەسەکان و زنجیرەی خزمایەتیەکەی هەمووی بە ڕاستی هەڵ دەدا.
وەڵڵاهی؛هەتا ئەو ساڵانەش زۆر جار لە پەناو پەسیوان تووشم بە تووشی دەبوو. زۆر پیرو قنابۆوە، لە سەر ئەو حاڵەش دەمناسیەوە.
ماڵە دۆمی دراوسێی منیش، تەنها بەهرە و هونەرکاریان ئەوە بوو توخم و تۆی دۆمانن، هیچیان لە باردا نەبوو.
ئۆخەیش؛ تیرۆگ و تەشی، ددان لێنانەوە، وەستایی لە هەموو هوردە و پوردەی ڕۆژانە.
چم دەوێ لە خۆم خەنیێ، دۆم وا لە پێش دەمانە، بە یەک جاری حەساینەوە.
ڕۆژێک گەڕاینەوە ماڵێ. تاکەک لە نەعلی خێزانم دیار نەمابوو. بگەڕێ بسوڕێ، شل و کووت بووین. نەعل نەبووە و هەر نیە.
گووتم: چی دیکە لێی مەگەڕێ! چۆن لێم ڕوونە خودای ژوور سەرم تاقانە و بە تەنهایە، ئەوهاش ڕوونە لێم تاکە نەعلت ماڵە دۆم بردویتیان.
نووشتە و جادووش بە تاکە نەعلی ژنان یەکاویەک و بەکارە.
ماوەیەک هەستم لە خۆم ڕادەگرت بزانم خۆم و خێزانم یەکترمان لە بەر چاوی ڕەش دەبێ؟
ڕۆژ بە ڕۆژم بەڕێ دەکرد، خێزانم لە بەر چاوم چ نەبووە دێو و گورگ. زوخاو و تاڵاوی ڕەشم هەڵهێنا. هیوا بڕاو بووم ئەو زیقەت و زیقنەی، هەرا و هۆریای ماڵە دۆمەی کزر ببێ.
ڕۆژێ بە ڕۆژێ گێژە لوولکەی فلیم و گۆنگەرەیان لە سەر ماڵ و کۆڵانێ دەسوڕاوە.
خودایە؛ ئەو دەرگاو بانە مۆڕی لێ بدرێ، دوعا و ئاهو نزولە کاری لێ نەدەکردن.
جار جارە بە گژیاندا دەهاتم و دەم شێلان، بە قسە و دەنگ دانی بڵند و تووند. هەر ئەو دەقەیە بوو، شەرم و ڕوو لە خوێنیان نەبوو. بەو شەڕە چەقەیە ئەسکوم لە دیزەی بەتاڵ وەر دەدا.
بەزم و ڕەزمی منداڵبوونی سەحەر و بەمێردانی خڕێ گووتنی خۆشی لێ هەڵدەکڕێ، لێی دەگەڕێم، بۆ ڕووانین و چاوی خوێنەر.
ڕۆژێک خڕێ هۆلە هۆلی بوو بەو دەنگە گەورەو خۆشەی، بانگ و فیغانی لە حەسەنی دەکرد.
-حەسەن بیکە خاتری خوای، خڕێ ئەو شین و شەپۆڕە و بابەڕۆیەی لە چییە؟
گووتی: دختۆر، بۆ ئەزبەری وا دەکات.
شین دامەزراندنێکی خڕێ بە 250دیناری ئەزبەری ببڕێتەوە، یەک فووە.
ناردم کڕدراو گڕم و هۆڕم بڕاندەوە.
خڕێ مێشکی بەس تەپاڵەی تێدابوو، لای وابوو جوانی و قەد زراڤیەکەی، پابەست و ئاشوفتەی کردووم.
ئێوارەکەی سۆندەی ئاوێی هێنا و ئەو بەروو دەرگایەی، هەموو کردە قوڕ و چرپاو.
گووتم: داکەکەی داکم، ئەو گۆڕەت کاول کرد، ئەو ئاوەی ببەوە ژوورێ.
گووتی: بە تەمام پێش دەرگەی ئێوەش بشۆم و پێ دابێم هەتا خوارێ.
گووتم: ڕەبی قەلبت ساغ بی، کچێ ئەگەر ئەتوو نەبی، ئەو کۆڵانە گا بە گونەوەی دەخوا.
گووتی: ئەرێ وەڵڵا هەر ئەمن بەو جۆگە و بانەی ڕادەگەم، کەس خۆی لێ ناکاتە ساحێبی.
گووتم:جکچی بابی خۆتی،جخودا ئاوڕی لێ داینەوە بە بوونی تۆ.
دەماغی هێندە سز بوو، دەقریتاوە لە کەیف و خۆشی قسە بە پلار و تانەکانم.
خێزانم لە بن دەرگای خۆی لێ گرتبووم: ووەرە ژورێ.
ئەو قسە گەرم و گوڕانەت لە گەڵ خڕێ لە چیە؟
قسەکانم توانج و تیرن.
توخوا؟ خڕێی دۆم و مێشک پووچ توانجی دەزانی؟
قسەی خێزانم ڕاست دەرچوو. گووتی: خڕێ بە دڵداری و بەزمەکەی لێک داوەتەوە.
سێ ڕۆژێک پاشی ئەو گوفت و لوفتە، خڕێ ڕۆیشتە بەغدایێ. لەو چەند ڕۆژەی، خڕێ وردە نازو کریشمەی سەقەت و سقوتی بۆ بەڕێ دەکردم.
لێرە،پەڕەی ئەو باسە دادەدەمەوە، چونکە ئەگەر پێیدا بێم، لە هەر هەستان و دانیشتنێکیان، باس و قسەیەکی زۆری لە سەرە.
لە نووسینی ماڵە دۆمەکە، لە ناو زریکە و بەزمی سێ منداڵی ورد و پڕ ئەرک و قون گرانی، زۆر هیلاکی و دەردەسەریم خوارد.
بەڵام کە تۆی خوێنەر پێت چاک و باش بوون، دەحەسێمەوە. ئەگەر پێشت شتی توڕەهات و ناپێویست بوو، هەر مەمنوونتم.
چونکە هەر لەو نووسینە توڕەهات و بێ کەلکانە، تازە دەق و مۆرم پێوە گرتووە.
ئەم چیرۆکە بە بنزاریی هەولێریی نووسراوە.