سەفەر لە دەمەوئێوارەدا – فەوزیە سوڵتان بەگی / چیرۆک

فەوزیە سوڵتان بەگی

.

دوایین جار کە سواری شەمەندەفەر بووم، ئێوارێیەکی فێنکی هاوین بوو. پێشتر ژنە فاڵگرەکە پێی کوتبووم” قەت دەمەوئێواران سەفەر مەکە!”
من پێکەنی بووم و کوتبووم: خودا دەکات سەفەر دێتە رێ با تەنگی نوێژی شێوانیش بێت.
لە بیرمە ئەو ئێوارێیە زۆر دڵتەنگ بووم، بە لای هەرچییەکدا دەڕۆیشتم و چاوم بە هەر چییەک دەکەوت کوڵی گریانم هەڵدەستا، وەک ئەوەی ئەمە دوایین سەفەر و دوایین دیدار بێت. چەند چار لەبەر درگای حەوشەوە بەو هەمۆ پێپلیکانەدا هەڵگەڕامەوە سەرێ چوومەوە ژوورێ و هاتمەوە دەرێ، وەک ئەوەی شتێکم لە بیر چوبێت یان حەزم کردبێت لانیکەم کەسێک تا بەر درگا بەڕێی کردبایەم  و قاپێ ئاوی بە دوامدا رشتبایە.
جاری جاران بوایە، ئەم کۆڵانە هەر جمەی دەهات لە قریوەی منداڵ و هەرای میوەفرۆش و قاقای ژنان، کەچی ئەمڕۆ لە کۆخەکۆخی پشت دیواری ماڵەکان زیاتر هیچ سیریوەیەک نایات.
لە راستەشەقامی نزیک ماڵی خۆمان چاوەڕوانی تاکسی راوەستام، لێرەش هەر پەپوو دەخوێنێ، تاک و تەرا دووکان کراونەتەوە ئەویش هەر ئەو دووکانانەی خواردەمەنی دەفرۆشن. جار جار تاکسییەک بەتاڵ یان نیوە بەتاڵ بە بێ  وازی بەلامدا رەت دەبێ.  ئاخری تاکسییەک بۆم رادەگرێ لە ڕسەندەڵی پشتەوە دادەنیشم و خێرا دەڵێم: بێ زەحمەت دەچمە ویستگەی شەمەندەفەر. نێوچاوانی تێک دەنێ و لە بەر خۆیەوە دەبۆڵێنێ:” بەم پەتا و نەخۆشییە بگەمە ئەوپەڕی دنیا!.

لە ژێر ئەو دەمامکەدا پشووم سوار و هەناسەم تەنگ بووە ناشوێرم بکۆخم دڵنیام هەر لە سەر چەقی ئەم رێگایە دام دەبەزێنێ.

لە وێستگە سواری واگۆنی شومارە ۷ کوپەی ژمارە۳

 دەبم و لە شوێنی دیاریکراوی خۆم بە دەستکێش و دەمامک و کتێبێک کە لە هەموو کاتێک و هەموو شوێنێکدا بە دەستمەوەیە دادەنیشم. عادەتمە لە سەفەردا چ بە ماشێن بێ چ بە فڕۆکە و چ شەمەندەفەر یان لە دنیای خەیاڵاتدا دەخولێمەوە یان کتێب دەخوێنمەوە. کەچی ئەمڕۆ ئەوەندە وەڕەزم تاقەتم نییە بیر لە هیچ شتێک بکەمەوە، پەشیمانیشم لە هەمووی ئەو کتێبانەی تا ئەمڕۆ خوێندووم نەتەوە و خۆم پێوە خڵافاندوون. دەڵێم پاڵ بدەمەوە و سەرخەوێک بشکێنم، کەچی جولە جول و ورتە ورتی ژن و مێردە بە ساڵا چووەکەی پەنامەوە ناهێڵێ. ئەوەندە بێ ئۆقرەن وەک ئەوەی لە سەر سکڵی سوور دانیشتبێتن. ژنە بە دم فرمێسک رژتنەوە لە بن لێوەوە هەر دوعا دەکا و دەپاڕێتەوە، کابراش جار جار  یەر دەباتە بن گۆی و شتێک دەڵێ ژنە خرابتر وەک مەنجەڵ دەکوڵێ.
کەسێکی فزوول و بە قسەوباس نیم بەڵام پێم خۆشە لە خەمی ئەم ژن و مێردە تێبگەم.
خۆمیان لێ نزیکتر دەکەمەوە، ژنە وەک ئەوەی لە خودای بوێ پرێسکەی دڵی بۆ کەسێک بکاتەوە رووم تێدەکا و دەڵێ:”ئەرێ خانم گیان! تۆ پێت وایە کەسێکی بێ تاوان لە سێدارە بدرێ؟ دەڵێم: نازانم، دیسان دەڵێ:” تۆ پێت وایە منداڵێکی ژێر ۱٨ ساڵ ئێعدام بکرێ؟ دیسان دەڵێم: نازانم.
ئەمجار بە لەحنێکی تەوساویەوە دەڵێ “تۆ چویەتە زانکۆ؟ چیت خوێندووە؟”
دەڵێم :”ئا یاسام خوێندووە”
بە دڵشکاوییەوە دەستی هەڵپێکا و چاوی بڕییە عەرزی.
وادیار بوو کوڕە چکۆلەکەیان لە کاتی گەڕانەوە لە قوتابخانە بە سەر خۆپیشاندانەکەی سەرماوەزی پاردا دەکەوێ و ئیتر لە گەڵ دەیان منداڵ و مێرمنداڵی دیکە راپێچی بەندیخانە و بێ سەروشوێنی دەکرێ، ئێستاش دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک دایک و باب ئاگادار کراون بچن بۆ دوا دیدار و ئەگەر خودا لە دڵیان بنێ رەنگە تەرمەکەشیان پێ بدەنەوە.
پەشیمان بوومەوە لە وڵامەکەی خۆم، بریا بم کوتبایە نا! بریا بم کوتبایە لە هیچ کۆیەکی دنیا منداڵی ژێر ۱٨ ساڵ لە سێدارە نادرێ! بریا بە درۆش بوایە دڵخۆشیم دابایەوە.
هۆشم دەچێتە لای کتێبەکەی دەستم، کایە بە لاپەڕەکانی دەکەم، تاقەتی خوێندنەوەیم نییە. پێم خۆشە ئەو لاپەڕانەی نەم خوێندوونەتەوە رەت بکەم و زوو بگمە کۆتایی.

لە بەشی کۆتاییدا شار لە قەرەنتینە دایە ئەو لە سەر مۆبلەکە جێ خۆش دەکات بە جۆرێک ئیتر گوشییەکە بە دەستیەوە تەکان نەخوات و دەنگی پچڕ پچر نەبێت. بە دەستی چەپی لووتی دەخورێنێ، سەر قامکەکانی بۆنی جگەرەی لێدێ هەڵی دمژێ سییەکانی پڕ دەبن لە دووکەڵی جگەرەیەکی نامۆ.
بۆنی جۆری جگەرەکان لێک ناکاتەوە.ئاخەر خۆی قەت جگەرە ناکێشێ و ئەگەر دووکەڵی جگەرەشی بە سەردا بچێ خێرا دەکەوێتە کۆخەکۆخ.
جارێک لە وێنەیەکدا دیتبووی موبایلەکەی و پاکەتێ جگەرە بە رەنگێکی سووری ئاڵ کە بە خەتێ رەشی ئینگلیسی لە سەری نووسرابوو winston بە دەستەوەیە و روو بە دووربین بزەی دێت. چەند جار حەزی کردبوو هیچ نەبێ دەنکێ جگەرەی winston بکڕێ و تامەکەی تاقی کاتەوە بەڵام ترسابوو، ترسابوو فێر بێت، ترسا بوو سییەکانی هەو بکەن وئیتر هەر بکۆخێ و بکۆخێ، ترسابوو ئەوەندە بکۆخێ لەت لەت سییەکانی بە دەم کۆخینەوە هەڵوەرێن و ئیتر فریای ئەوە نەکەوێ بۆ جارێکیش بێت هەناسە دووکەڵاوییەکانی ئەو هەڵمژێت.

ـ ئەوە بۆ دەکۆخی؟ سەرمات بووە؟ دەبەس لەم جگەریە بکێشە نەفەس بڕاوی کردووی! دەڵێم… خودا نەخواستە زمانم لاڵ بێت لەم پەتا پیسەت نەگرتبێت. دەڵێن هەموو دنیای تەنیوەتەوە

دڵی نەهات بۆی بگێرێتەوە جیرانەکەی رووبەروویان بە سەری خێزان تووش بوون و براون بۆ قەرەنتینە، 

باسی ئەوەشی نەکرد دوێنێ نا پێرێ دووان لە هاوکارە تووش بووەکانی بەم ویرووسە لە نەخۆشخانە تەواو بوون، دڵی نەهات بڵێ هەر لە نەخۆشخانەوە شارداری بردنی تەسلیم بە خاکی کردن بێ یاسین و بێ  تەڵقین و بێ پرسە و سەرەخۆشی.

 ـ گوێت لێمە؟ کوتم دمەوێ شتێکت پێ بڵێم ،دان بە گوناحێکی کەبیرەدا  بنێم. ئەم رۆژانە هەموو خەڵک باس لە ئاخر زەمان دەکەن، باس لە دونیا خراب بوون دەکەن، باس لەوە دەکەن گوناحێکی گەورە زەوی داگرتووە.دەڵێن ئەم خەڵکە تاوانی ئەو گوناحە دەدەنەوە.

دڵی نەهات بڵێ: مخابن لێرە نابی بۆ دواجار چاوەکانم لێک بنێی و بڵێی:” گوڵم تا بانگت نەکەم هەڵیان نەهێنی!!”
یەک، دوو، سێ…
لە یەکەوە تا دە دەژمێرێ
یازدە، دوازدە، سێزدە… تا بیست دەژمێرێ
بیست و یەک، بیست و دوو، بیست و سێ… تا سی دەژمێرێ
دەنگێک لە گوێچکەیدا دەزرینگێتەوە” واااارەەە “
چاو هەڵدێنێ رێشکە و پێشکە دەکەن.
ئەلۆ، گوێت لێمە؟ دەمەوێ پێت بڵێم ئەو گوناحە منم، منێک کە بەم درەنگ وەختە دڵم بڕیوەتە دوکەڵی جگەرەکەی تۆ! بەم درەنگ وەختە کە تەنیا ئەستێرەیەکیش بە ئاسمانەوە ورشەی نایات.
ئەلۆ گوێت لێمە؟
دڵی نەهات بڵێ خۆزگە لێرە بوایەی و بۆ دواجار دوگمەی سیخمەکەت بترازاندبایەم و هەناوت پڕ کردبایەم لە کافوور.
کتێبەکە بە قەرا کێوێک قورسایی خستۆتە سەر دەستەکانم هەناسەم توند دەبێت و هەردووک چاوم لە ژێڵا دێن،
وشەکان بە بەر چاومەوە دەمامکیان  لێداوە و کۆخە کۆخ بە دەوری سێدارەیەک کە ئەویش دەمامکی لێداوە و تەرمی تازە لاوێکی ژێر هەژدە ساڵ بە چاوی بەستراوەوە بە نێو قەدێوە جۆلانەی دێت، هەڵبەز دابەزیانە. 
دەمامکەکەم لێ دەکەمەوە لە کۆخە کۆخ و سیخەسیخ زیاتر هیچ سریوەیەکی دیکە نایات.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا