کارتی براوە | ئەنوەر عەباسی | چیرۆک
.
دوایین جار کە دیتم هەر ئەم شەوی ڕابردووە بوو. هەڵبەت ئەوەش بڵێم کە من زۆربەی خەونەکان بە زمانی خۆم دەبینم. مەبەستم تەنیا ئەو وشانە نییە کە لەم خەونانەدا دێن و دەچن، بەڵکوو باسی فەزای گشتی و تێمای خەونەکان دەکەم. بەڵام نازانم بۆچی هەر جارێک کە ئەو دێتە خەونم هەموو شتێک هەڵدەگەڕێتەوە سەر زمانەکەی ئەو. ئەمە شتێکە کە من هەستی پێدەکەم و شتێک نییە کە بتوانم ڕوونکردنەوەی لەسەر بدەم و بەڵگاندنی بۆ بکەم. جارێکییان ئەمەم بە چاوە ش وت. چاوە لە ڕاستیدا ناوێکی دیکەی هەبوو بەڵام هەر لە منداڵییەوە بە هۆی ئەوەی کە چاوەکانی زۆر جوان بوون، هەمووان پێیان دەوت چاوە و ئەمە گوازرابووەوە بۆ منیش. خۆ من ئاگام لەم باسە نەبوو و لە منداڵییەوە ئەوم نەدەناسی و یەکەم جار هەر لەم ژوورە بچووکەی زینداندا دیتبووم، بەڵام هەر لە یەکەم بەرکەوتندا بە ”چاوە” ناویم هێنا. بڕوا دەکەن؟ نا! دەزانم دەڵێن نا، بەڵام خۆ ئێوە چاوەکانی ئەوتان نەدیوە. یان لە ڕاستیدا ئەگەر گرنگی بە زەمانی ڕستەکە بدەم دەبێ بڵێم: خۆ ئێوە چاوەکانی ئەوتان نەدیبوو!
دوایین جار کە دیتم هەر ئەم شەوی ڕابردووە بوو. هەڵبەت ئیتر چاوەم لە لا نییە هەتا خەونەکەمی بۆ بگێڕمەوە و ئەو بڵێ: ئەگەر لە خەوندا دەرەقەتی بێی، لە ڕاستیشدا دەرەقەتی دێی! لە ڕاستیدا من ئەم قسەیەم خستبووە دەمی چاوەوە. یەکەم جار کە خەونێکی خۆی بۆ گێڕامەوە. خەونی دیبوو کە لە ڕۆژی لە سێدارەداندا هەوڵ دەدا هەڵبێ و خۆی لە دەست جەلادەکان ڕزگار بکات، بەڵام بە هۆکارێک کە نەیدەزانی چی بوو، دوای چەند هەنگاو دەتوت لەسەر ترێدمیل هەڵدێ. هەرچی هەڵدەهات هەر لە جێگای خۆیدا بوو و زۆری پێنەچوو جەلادەکان گەشتبوونەوە سەری و گرتبوویان. من وتبووم: ئەگەر لە خەونتدا بتوانی کارێک بکەی، لە ڕاستیشدا دەتوانی. لەوە بەدوا هەموو شەوێک هەوڵی دەدا خەون ببینێ.
دوایین جار کە دیتم هەر ئەم شەوی ڕابردووە بوو. من ئەو قسەیەم لە کوێ هێنابوو؟ یەکەمجار کەڵە ئەم قسەی پێوتم. کەڵە ناوی خۆی شتێکی دیکە بوو بەڵام لە نێو هاوڕێ و ئاوەڵاندا لە هەمووان بەهێزتر بوو و نزیکەی هیچکەس دەرەقەتی نەدەهات و ئەم ناوەی پەیوەندییەکی بەم ڕەهەندەی کەسایەتیی ئەوەوە هەبوو. ”کەڵە” لە زمانی ئێمەدا بە واتای گای جەوانە. هەوڵ مەدەن ئەم وشەیە بڵێنەوە چون بە ئەگەری زۆر ناکام دەبن. دەبێ ”لام”ـەکەی بە خەستی و قەڵەو گۆ بکەن و ئەمە لە زمانی ئێوەدا باو نییە. نزیکەی هیچکەس. ئەم ”نزیکەی” یە کە بە شێوەیەکی نەباو لە ڕستەدا گونجاندوومە پەیوەندی بە کەسێکی دیکەوە بوو و ئەویش من بووم. من هێندەک جار لێی ڕادەسام و ئەگەرچی هەموو جارێک من لێدانی زۆرترم لەو دەخوارد هەتا ئەو لە من، بەڵام ئەم بەریەککەوتنانەمان هەر بەردەوام بوو. لە هەمان کاتدا پێکەوە هاوڕێیش بووین. سەیرە وایە؟ هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی کە پێتانوابێ سەیر نییە، کەواتە داوای ڕوونکردنەوەی زیاترم لێ ناکەن چونکە خۆشم ئەمە پشتڕاست دەکەمەوە. جارێکییان بۆم گێڕاوە کە لە خەونمدا لەگەڵ کەسێک شەڕم کردووە و ئەو لەو کاتەدا ئەم قسەیەی کرد: ”ئەگەر لە نێو خەوندا بتوانی لە کەسێک بدەی، لە ڕاستیشدا دەتوانی لێیبدەی”. دەی هەڵبەت بەوم نەوت کە لە خەونمدا لەگەڵ خۆیدا شەڕم کردبوو. پێویستی نەدەکرد. ڕەنگە خۆشی زانیبووی… . بەهەرحاڵ گرنگیش نییە. چون دوای ئەوە ئیتر قەت لەگەڵ ئەو نەبوو بە شەڕم. من لە خەونمدا لێم دابوو و ئەو خۆی پشتڕاستی کردبووەوە کە ئەگەر لە خەوندا لە کەسێک بدەی، لە ڕاستیشدا دەتوانی لێی بدەی. هەر ئەمە بەس بوو. لانیکەم بۆ ئەو کە هاوڕێم بوو و جگە لەو کێشانەی کە لە نێوان هەر دوو نەوجەوانێکی هاوڕێ لەوانەیە بێتە پێش، کێشەیەکی گەورەم لەگەڵی نەبوو و هیچ مافێکی منیشی پێشێل نەکردبوو… . ئێمە ئیتر قەت پێکەوە شەڕمان نەکرد، تەنانەت لە خەونیشدا!
دوایین جار کە دیتم هەر ئەم شەوی ڕابردووە بوو. بۆچی ئەوم بە ناوی بچووکەوە بانگ نەدەکرد؟ بۆچی نەمدەوت: هۆی عەلیە سیخن؟ یان بۆ وێنە نەمدەوت: هۆی عەلیە کەمتیار؟ کێ لە گەرمەی شەڕدا بەرانبەرەکەی بە پاشناو بانگ دەکات؟ ئەویش بە بێ هیچ پێشگر و پاشگرێک کە هەڵگری سووکایەتی بێت؟ من لەو کاتەدا ڕستەگەلێکم دەوت کە زۆربەیان بە پاشناوەکەی ئەو کۆتاییان پێدەهات: خامنەیی! ڕستەکانم وەبیر نایەتەوە بەڵام گومانم نییە کە ڕستەگەلێک بوون بۆ ئەوەی بۆ شەڕ هانی بدەم. هانی بدەم کە دەستی یەکەم بوەشێنێ. ئەم تایبەتمەندییەم لە منداڵییەوە هەبوو کە ڕێگە بدەم بەرانبەرەکەم یەکەم مشتم لێبدا. ئەمە پەیوەندییەکی بە مازوخیسم و شتی دەروونی لەم چەشنەوە نییە. ئەمە بۆ من زیاتر پەیوەندی بە مافەوە هەبوو. وەک بڵێی کاتێک یەکەم مشتم لێدەدرێ، مافی ئەوەم هەیە زرمە لە لایەنی بەرانبەرم هەستێنم و لێی بدەم، بە بێ ئەوەی کە هیچ ئازاری ویژدانێکم هەبێ. هەڵبەت هێندەک جار بیر دەکەمەوە کە ئەم خووە نابەجێیەم هۆکاری سەرەکی بوو کە دەرەقەتی کەڵە نەدەهاتم. مەودای نێوان مشتی یەکەم و مشتی پەنجاهەمی ئەو، کەمتر لە یەک چرکە بوو و لەو نێوانەدا منیش هێندەک جار فریا دەکەوتم مشتێکی تێکوتم. لەوە دەچێ ئەم قسەیەم هێندەک زێدەڕۆیی و درۆی تێدا بێ وانییە؟ وڵامەکەتان ئەرێنییە و دەی من لەمە تێدەگەم. بەڵام من هەستم بەمە دەکرد و ناتوانم بە هیچ بەڵگاندنێکی زانستی پشتڕاستی بکەمەوە. من بە وردی هەر ئاوا هەستم پێدەکرد کە باسم کرد.
دوایین جار کە دیتم هەر ئەم شەوی ڕابردووە بوو. ئەو پێشتر دەستی وەشاندبوو. لە هەموومانی دابوو. ڕەشەکوژیی کردبوو. بۆ دەبوو چاوەڕێ بم ئەو مشتی یەکەم بوەشێنێ؟ لەو چرکەیەدا تەنانەت بیرم لەوە کردوە کە ئەگەر ئەویش وەکوو کەڵە، مەودای یەکەم مشت و پەنجاهەمین مشتی تەنیا یەک چرکە بێت، چی؟ هەر لەو چرکەساتەدا خۆم بە نەحلەت کرد کە: ”حەدی چییە لەگەڵ کەڵە بەراورد بکرێ” و تەنانەت پێموایە ئەمەم هێنایە سەر زمانیش. دەتوت دەتوانێ بیرکردنەوەکانم بخوێنێتەوە. دیسان هەر لەو چرکەساتەدا هەستم کرد دەستەکانی من بەستراون بە شوێنێکەوە و دەستەکانی ئەو کراوەن. ئەو دەستە دەستکردەیم دیت کە لە ئاسنێکی سوورەوەبوو ساز کرابوو. دووبارەی دەکەمەوە؛ ئەو هەردووک دەستی کراوە بوون و من دەستەکانم لە شانەوە بەرەوخوار سڕ ببوون. ئەمە لانیکەم دەیەمین جار بوو کە ئەم خەونەم دەدیت. لە هەموو لانیکەم نۆ جارەکەی پێشوودا ئەو توانیبووی بەسەرمندا زاڵ بێت. لێدانێک لە گۆڕێدا نەبوو. تەنیا ئەم هەست بە سڕبوونی دەستەکانی خۆم و کراوەبوونی دەستەکانی ئەو منی تێکشکاندبوو و هەموو جارێک نوقمی ئارەقی خۆم، لە خەو ڕاچڵەکیبووم. من دوایین لە خەو ڕاچڵەکینی چاوەم لە بیرە. بە ئارامی و هەروا کە بزەیەکی لەسەر لێو بوو، جوڵەیەکی بچووکی کرد و لە خەو هەستا. تەنیا تۆزێک ئارەق بە نێوچاوانییەوە بوو.
دوایین جار کە دیتم هەر ئەم شەوی ڕابردووە بوو. ئەمجار چاوە دەڵێم. بەیانی شەوی دوایین ڕاچڵەکینی لە خەو، بۆ دوایین جار وتبووی: ئەگەر لە نێو خەوندا دەرەقەتی بێی، لە ڕاستیشدا دەرەقەتی دێی. پاشان بردیان و ئەو هەروا کە سروودی دەوت مەودای نێوان ژووری زیندان و ژووری سێدارەی بڕی. سروودێک کە تەنیا بە زمانی ئێمە دەوترێتەوە. من لەوێ نەبووم بەڵام دڵنیام لەسەر ڕوومەتی تەرمەکەشی بزەیەک نەخشێنراوە کە کارتی براوەی ئەو بوو. لە خەوندا بۆم گێڕاوە. ئەو بە هەیەجانەوە گوێی گرتبوو و چاوەکانی… چاوەکانی چەن جوان بوون. دەبوو بتاندیبا.
دوایین جارێک کە ئەو خەونەم دیت، دەستەکانم وەکوو هەمیشه سڕ ببوون و دەستەکانی ئەو کراوە بوون. دەبوو وەکوو هەمیشه دیسان لە خەو ڕاچڵەکێم. بەڵام هێندەک شتی هەستپێنەکراو گۆڕابوون. فەزای دیمەنەکە ئیتر نامۆ نەبوو… من تەنانەت ئەوم بە ناوی بچووکییەوە بانگ کرد. هەڵبەت لە مێشکمدا. بەڵام ئەو دەیتوانی بیرکردنەوەی من بخوێنێتەوە، کەواتە دەکرێ بوترێ کە بە دەنگی بەرز وتبووم. ئەمانەم بۆ چاوە گێڕاوە و پێم وت کە چۆن لە کۆتاییدا، شتێکم لە نێو دەستە سڕەکانمدا دیت کە ناتوانم شی بکەمەوە چی بوو، بەڵام دەزانم چی بوو. وەکوو پڵنگێک کە ناتوانێ پێناسەی ئاسک بۆ کەس شی بکاتەوە بەڵام کاتێک بیبینێ، دەزانێ دەبێ چی بکات. هەستم پێی کرد و بە ئەگەری زۆر هەتا ئێستا تێگەیشتوون کە نابێ بۆ هەموو شتێک داوای شیکردنەوە و بەڵگاندنم لێ بکەن.
شتێکی وەکوو کارتی براوە لە نێو دەستمدا بوو. دەستەکانم پێدەکەنین.