قەیسەر | ئەنوەر عەباسی (هەرەس) | چیرۆک

ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

 

لێرەدا بە دەنگی نووسەر گوێی لێ بگرە!

 

فەڕوخ ناوی فەڕوخ نەبوو بەڵام حەزی دەکرد بەو ناوە بانگی بکەن. بڵێ نەڵێی هێندەک شێتۆکە بوو کەچی حەزی نەدەکرد بە شێت بانگی بکەن. بەڵام مەگەر دەکرا؟ هەر کە لە کەسێکت دەپرسی فەڕوخ لە کوێیە؟ خێرا ئەیوت: کام فەڕوخ؟ فاروقە شێت ئەڵێی؟
هەمیشە لەسەر کۆڵان و لە بن سێبەرێک رادەوەستا و لە نێو دیوارەکاندا بۆ هێلانە هەنگەژاڵە دەگەڕا. ئەزانم ئەمانە مێشهەنگ نین و ئەمەش هەنگوێن نییە، بەڵام شیرینە ڕەئیس”. بە منی ئەوت ڕەئیس. لە دنیای ئەودا ئێمە، یانی من و ئەو ئەندامی باندێکی مافیایی بووین کە من سەرکردەی باندەکە بووم و ئەو دەستی ڕاستم. منیش ناوی ئەوم نابوو قەیسەر. هەم لە پاشناوەکەی خۆی نزیک بوو و هەم هەڵسووکەوت و وەفاکەی وەکوو کاراکتەری سەرەکی نێو فیلمی قەیسەر بوو.

ئێستا کە بیر لەو ساڵانە دەکەمەوە لەلام سەیرە، بۆ وای لێهات؟ بڕیار بوو قەیسەر تۆڵەی خوێنی براکەی بکاتەوە، کێ بیری دەکردەوە پێچەوانە دەربچێ و من وڵات بە وڵات و شار بە شار و کۆڵان بە کۆڵان بێم و بگەڕێم و نەهێڵم خوێنت لە غەریبیی و بێکەسیدا بەفیڕۆ بچێ هاروونی من!

ئەبێ ڕاستگۆ بم، ئەگەرچی خۆشم دەویست بەڵام شەرمیشم دەکرد لەگەڵی بگەڕێم. من خوێندکار بووم و وردە وردە بەشێوەی نهێنی کاری سیاسیم دەکرد و بەلای خۆمەوە شاعیری شارەکە بووم و زوو زوو دەبووم بە میوانی ژوورەکانی لێپرسینەوەی ئیتلاعات و ئەو گەنجێکی شەڕانیی و قۆشمە و لەخۆڕا بەدناو بوو کە تاونەتاوێک لەبەر شەڕ و شور دەکەوتە زیندانەوە. جاری وابوو چەندین مانگ یەکترمان نەدەدیت و من پێموادەبوو ئیتر هاوڕێیەتییەکەمان تەواو بووە، بەڵام هەمدیسان کاتێک چاوی پێم ئەکەوت دەبوو بە هەمان دەستی ڕاستی پێشوو.

ئێستا کە ساڵانێکە بۆ هەمیشە لەژێر خاک خەوتووی، هەست ئەکەم دەستی ڕاستم سڕ و بێهێزە.
فاڕووق هەمیشە لە بن سێبەر بوو و هەتا پێیبکرایە نەیدەهێشت خۆری لێبکەوێ. هەر کە دەچووە بەر خۆر، دەکرا لە سێبەرەکەیدا ببینی کە شتێک وەکوو چەقۆ چەقیوە بە سەریدا. ئەو لەم سێبەرەی خۆی دەترسا. نەیدەویست کەس سێبەرەکەی ببینێ.
چەند ساڵێک لەوە پێش و لە سەرەتای نەوجەوانیدا کوڕیژگەیەکی زۆر جوانکیلە بوو. کوڕێکی خڕوخۆڵ بە دوو چاوی زەق و روومەتی بێگەرد و سوور و سپی و قژی کاڵەوە. ئەگەرچی بزێو و تۆسن و دڕ بوو بەڵام تەمەنی کەمی و خۆنەپارێزییەکەی و کەمتەرخەمی بنەماڵە خستبوویە دۆخی مەترسییەوە.
رۆژێکییان کوڕەکەی عەلی قەسابی گەورە لاتی گەڕەک بە مەستی رێگای پێگرتبوو و کێشابوویە نێو ماڵێکی نیوەتەواو و ویستبووی پی دابکەنێ. ئەمیش خۆی نەدابوو بە دەستەوە و دەستی کردبووەوە. کوڕەکەی عەلی قەسابیش چەقۆیەکی سێ ئەڵماسی لێکێشابوو و لە بگرە و بەردەی دەستەویەخە بووندا بە هەموو هێزی خۆی چەقۆکەی چەقاندبوو بەسەری فاڕوقدا. کەس لەمەودوای چیرۆکی ئەو شەڕە نازانێ. تەنیا دیتبوویان کە فاڕوق بە چەقۆیەک کە تا نیوە چەقابوو بە سەریدا بەرەو ماڵەوە هەڵدەهات. فاڕووق قەت ئەم باسەی بۆ کەس نەگێڕایەوە و کەس نازانێ بە وردی چی ڕوویدا و ئەمانەش بە قسە و قسەلۆک بە من گەیشتبوو، بەڵام ساڵانێک بوو هەموو باسی سێبەرەکەی فاروقییان دەکرد. مرۆڤ بوونەوەرێکی خراپە، ئەتوانێ بە ئازاری خەڵکیتر پێبکەنێ و گاڵتەی پێ بکات. زۆرت ئەبیست لەنێو گەپ و گاڵتەدا پی بێژن: ”هەتیو سێبەرەکەت جوانە، نایگۆڕیتۆ؟” و ئەو ڕقی سێبەرەکەی بەوان دەڕشت.
لە نێو هاوتەمەنەکانی خۆماندا کەس دەرەقەت فاروق نەدەهات. لە هەموویانی دەدا. هەر ئەوەندە بوو بەلایدا تێپەڕیبای و هەستی کردبا خراپ سەیرت کردووە، سەرەتا وەکوو کەڵەشێر خۆی هەڵدەداشت بە سەر و گوێلاکتدا و دوایی لە دواوە پێتەوە دەنوسا و ئەگەر کەسێک خۆی ڕەق کردبا و بیکردایە بە شەڕ بە دڵنیاییەوە تێهەڵدانی دەخوارد. کە شتی وام دەبیستەوە دەنگم دەدا و لێی توڕە ئەبووم. قسەی لە من وەردەگرت بەڵام ئەیوت: ”دڵت بۆیان نەسووتێ ڕەئیس، گشتیان پیسن. مرۆڤ ئەگەر سواری نەبی، سوارت ئەبێ. مرۆڤ شتێکی پیسە ڕەئیس. لە دڵی خۆتەوە مەڕوانە”. و هەرکات چاوی منی دوور بدیایە لە کاری خۆی بەردەوام دەبوو. و من لە گەڕان بۆ چارەسەری فاڕووقدا، لە سەرەتای بیست و یەک ساڵیدا، ژنم پێ ناساند.
کۆتاییەکانی زمسان بوو، ئێوارەیەک لە وەرزش ئەگەڕامەوە کە لە مەیان هەڵۆ چاوم پێکەوت. پێکەوە سووڕێکمان خوارد و لە ناکاو کچێک چاوی گرتم، ئەم چاوگێڕانە بۆ خۆم نەبوو، من خۆم دۆستم هەبوو. بە دەرفەتم زانی. کچە دەموچاوێکی سادە و مێهرەبانی هەبوو و هێشتا ناشیرینییەکانی زەمانە ناشیرینی نەکردبوو. بەبێ ئەوەی فاڕووق بە خۆی بزانێ بەدوای کەوتین. دوای کەمێک ئەم دوکان و ئەو دوکان کردن کچە بە ئارامی خۆی کرد بە کۆڵانی موساییەکاندا و بەرەوخواری کردەوە. فاڕووق بێخەبەر لە هەموو دنیا خەریکی گێڕانەوەی بەسەرهاتێک بوو کە لە ناکاو وسکتم کرد و وتم ئەو کچە ئەبینی لە پێشمانەوە ئەڕوا؟ وتی دەی؟ وتم: هەر ئێستا ئەبێ بڕۆی قسەی تەکا بکەی. بە ڕووگرژییەوە وتی: ”کاکە… خۆت ئەزانی من کارم بە ژن نییە”. برۆم لێ هێنایە یەک و وتم: ”هەر ئێستە نەڕۆی و ئەو کچە ساز نەکەی، دەستی ڕاستم کە هیچ، چاوی ڕاستیشم بی دەرت دێنم”.
سەیرێکی کردم و کە دیتی زۆر پێداگرم بە نابەدڵی و ترسەوە چووە پێشەوە و کچەی ڕاگرت و قسەی لەگەڵ کرد. ئاگام لێبوو هەوڵی خۆی دا، بەڵام ناشارەزا بوو و کچە بۆی ڕانەوەستا. بە ترسێکەوە گەڕایەوە و وتی: ”بە گیان دایکم پیاو بوایە، ئەمکرد بە قوربان دەمەچەقۆیەک. وەحشی بوو. سەد قسەی ناخۆشی پێکردم دڵم نەهات هیچی پێ بێژم”. هەر لەوێدا چەقۆکەم لێسەند و خستمە گیرفانمەوە و سۆزم لێوەرگرت ئیتر قەت چەقۆ هەڵنەگرێت. و فاڕووق هەر ئەو ڕۆژە ئاشق بوو و تەواوی شەوانی سێ مانگەی بەهار بوو بە میوانی گەڕەکی مووساییەکان. ئەو شوێنەی تێیدا ژنی کەشف کرد و دوای سێ مانگ پێکەوە بوون، هەر لەوێشدا بۆ یەکەمجار دڵی شکا. ئەویش بە هۆی سێبەرەکەیەوە. خۆی پیشانی دابوو. کاتێک خۆشەویستترین کەست، دەست دەنێتە سەر خاڵی لاوازیت، جگە لە دڵشکان هیچیترت بۆ نامێنێتەوە. دڵشکانی فاڕووق بۆ شێواندنی شارێک بەس بوو بەڵام ئەو بێدەنگ بێدەنگ گەڕەکی مووساییەکانی جێهێشت و گەڕایەوە بۆ لای سێبەر و هەنگەژاڵەکانی.
بەم دواییانە هەنگەژاڵەکان خوویان پێ گرتبوو. لێی کۆ دەبوونەوە و بە گیانییەوە دەنووسان و کە بشچوایەتە بەر خۆر لە دەوری سەری کۆ دەبوونەوە و سێبەرەکەیان دەشێواند. وەکوو جنێوێک کە بەسەر دیوارێکەوە نووسرابێت و کەسێک نووسراوەیەکی تری بەسەرا بنووسێت و کەس نەتوانێ نە ئەوەی یەکەم بخوێنێتەوە نە ئەوەی دووهەم. جارێک پێی وتم؛ هەموو بوونەوەرێک دەتوانێ لە مرۆڤ باشتر بێت ڕەئیس، هەروا کە مرۆڤ دەتوانێ لە هەموو بوونەوەرێک خراپتر بێت.
هەموو ئەمانەم بیر دێتەوە بۆ ئەوەی بتوانم ئەو ڕۆژە بۆ خۆم وێنا بکەم. هەمیشە وردەکارییەکانی پێش ڕووداوێک، بۆ نرخاندنی ئەو ڕووداوە گرنگن.
دوانیوەڕۆی رۆژێکی گەرمی هاوین بوو. لەو رۆژانە وا تاو پشتێنەکەی بۆ شەڕ توند دەکا و بەڕاستی دەست دەوەشێنێ. لە سەربان خۆم دابووە بن سێبەرێک و شێعری هەوری شەرواڵ لە پێی مایاکۆڤسکیم ئەخوێندەوە.
ئەگەر بتەوێ لە نەرمیش نەرمتر ئەبمەوە. پیاو، نا؟ بۆ تۆ ئەبم بە هەوری شەرواڵ لەپێ.
سەرم هەڵێنا دیتم فاروق هاتووەتە نێوەڕاستی کۆڵان راوەستاوە. لێمەوە دوور بوو بەڵام دەمتوانی هەست بکەم دۆخەکە ئاسایی نییە. جۆرێک وەستابوو دەتوت بریندارە. لە دڵی دام لێیان دابێ. لە ناکاو ترس نیشتە گیانم چەقۆیان لێ وەشاندبێ. خۆم بە نەحلەت کرد بۆچی چەقۆکەیم پێ نەداوەتەوە. لە چرکەساتێکدا هەزار بیرم بە خەیاڵدا هات. هەتا لە جێگەی خۆم هەستام فاڕووق کەوتە سەر ئەژنۆ. سەری هەڵهێنابوو و چاوی بڕیبووە نێو چاوانی تاو و هەردوو دەستی مشت کردبوو. هەوری شەرواڵ لەپێ نەبووم ئیتر. لە ئاڵووگۆڕێکی ناکاودا وەکوو پڵنگی چنگ بەخوێن لە سەربانەوە بازم دایە خوارەوە و بەرەو لای چووم. هیچ ئاسەواری خوێنم نەدی، بۆیە پشووم هاتەوە سەرخۆم. لێی چوومە پێش بەڵام دەستم بۆی نەبرد. بەوە قەڵس بوو کەسێک دەست لە گیانی بدات. دەمتوانی دەمارەکانی نێو چاوی ببینم کە چۆن ئەستوور بوون. چاوی هێندە سوور بوون کە رەشی دەکردەوە. لە گوێیەکانییەوە دەنگی وزەوزی هەنگەژاڵە دەهات. وزەوزی هەزاران هەنگەژاڵە.
ئەو جیرانانەی کە لە پەنجەرەی ماڵەکانییانەوە ئەو دیمەنەیان دیتبوو دوایی دەیانگێڕاوە کە لە نێوان فاروق و ئاسماندا شتێک هەبوو کە ناتوانن بە هیچ وشەیەک وەسفی بکەن. شتێک وەکوو هیچ شتێک. ئەگەر ئەوانیش ئەمەیان نەگێڕایەتەوە، بڕوام بە چاوەکانی خۆم نەدەکرد.
کەم کەم چاوەکانی تەواو رەش هەڵگەڕان. دەنگی هەنگەژاڵە لە هەموو شوێنێکەوە دەهات. جیرانەکان بۆ سەیر کردن هاتبوونە بەر درگاکانییان.
لە ناکاو دنیا تاریک داهات. ئەوەندە تاریک بوو کە هەستم دەکرد دەتوانم گووپی تاریکی بگرم. خەڵک پەشۆکابوون بەڵام زۆری نەخایاند کە دیسانەوە رووناکایی گەڕایەوە. تەنانەت رووناکتر لە جارانیش. فاروق لەو ناوەدا پێکەنین کە چی بێژم، پیرانی کردبوو. خەڵک بە سەرسووڕمانەوە سەیری یەکترییان دەکرد. فاروق هەستایەوە سەر پێ و بۆ چەن ساتێک بێدەنگ بوو و سەیرێکی زەوی بەرپێی و سەیرێکی ئاسمانی کرد و دیسانەوە دەستی کردەوە بە پێکەنین. منیش پێکەنین گرتمی. هێندەک لە جیرانەکان لە بەر خۆیانەوە ئایەتولکورسییان دەوتەوە.
فاروق لە نێوەڕاستی کۆڵان و لەبەر تیشکی خۆردا بوو بەڵام… بەڵام ئیتر سێبەری نەبوو.

 

 

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا