ئەو چیرۆکەی کە دەبێ بخوێنرێتەوە – ٣
چەن خوێندنەوە بۆ چیرۆکی سییەکانم لە نووسینی رەسووڵ موحەمەدی – خوێندنەوەی سێهەم
ساڵح سووزەنی
.
رەخنەی رەخنە؛
جوانیناسی… سەرکوت کردنی کەسایەتی دایک
پێویستە بە چاوێکی رەخنەگرانەوە بڕوانینە خوێندنەوەکانی پێشوو بۆ وەی ئەو خویندنەوانە بۆ گەیشتن بە یەقین/سەلماویی/ وەدوا بخەین و نەیانبەینە ئاستێ کە خوینەرانی دی بە دوا خوێندنەوەی بزانن لە سەر ئەو دەقە و خۆیان هەوڵی خویندنەوەی دیکەی بۆ بدەن؛
لە خوێندنەوەی یەکەم دا؛ باوەکوو گرینگی بە جوانیی ناسیی دەق دراوە، یەک لە گرینگترینەکانی جوانییناسیی دەقی لە بەر چاو نەگرتووە. بۆ وێنە چۆنیەتی نواندن و نیشاندان لە بری وەسفی رواڵەتی دیاردە و کەس و رووداوەکان … دیارە رەخنەگران زۆریان باس کردوە و من نامەوێ دووپاتیان بکەمەوە.. بەس گوتەیەکی چیخۆف دێنمەوە کە کاتی خۆی چیرۆکێکی خۆی بۆ تۆلستۆی خوێندۆتەوە و لە شوێنێکدا لەناکاو تۆلستۆی پێی گوتوە کە راوەستە و لە سەر ڕا ئەو وەسفەم بۆ وەخوێنە؛ چیخۆفیش بە قسەی دەکا و سەر لە نوێ ئەو بەشە دەخوێنیتەوە.. تۆلستۆی ئەڵێ بەو جۆرەی تۆ باسی تیشکی سۆپاکە و شوێنی کەسایەتی چیرۆکەکە دەکەی دەبێ ئەو کەسە دوو لووتی هەبێ.. واتە وەسف زۆر جار ناتوانێ بەراستی کەسەکە بناسێنێ و ئەرکی چیرۆکنووسە کە لە بری وەسفی زێدەرۆ، هەوڵی نیشاندانی هەبێ لە رێگەی زمان و ئەو گەمەیەی کە دەق ئەیەوێ بینوێنێ .. واتە لەبری ئەوەی دوولاپەرە باسی ئەوە بکا کە کەسایەتی ئاوا و ئاوەها شادە یان توورەیە رەنگە بە نیشاندانی وێنەیەک ئەو مەبەستە باشتر بپێکێ…
لە دەقی سییەکانمدا نووسەر باسی پەست بوونی باوکی لە رێگەی ” هەڵگڵۆفینی رۆژنامەکەی دەستی”یەوە نیشانداوە و ئەو توورە بوونەش لە رێگەی پرسیارەوە دەبا بە لای حاڵاتی دیکەد…
یان بڕواننە چۆنیەتی نیشاندانی وەهم و هرووژمی بیرەوەریەکان تەنیا بە نیشاندانی ئارەقخواردنەوەکەی، لە رێگەی منۆلۆگێکی شانۆییەوە؛ ” بەخوا ئەم ئارەقەش تامێکی ناخۆشی هەیە” بەو نیشاندانە خوێنەر چەندین گرێی نێو چیرۆکەکە دەکاتەوە و ئەزانێ کە سووژە لە چ دۆخ و کات شوێنێکدایە و بۆ هەنێ لە رووداوەکان لە وەهم ئەچن تا واقیع…؟ هەروەها لە کۆپلەیەکی کورت دا چۆن کەسایەتی دایکی، خۆشک و برا و زاوا و تەنانەت بەشدار بوان ” شاد” نیشان ئەدا بێ ئەوەی یەک دێڕ لە وەسفی ئەواندا بنووسێ؛
” جلی بووکێنی لەبەر کردووە و دەستی کردووەتە ملی زاواکەی… سەیر کە سەیر کە. تف لە ئێوەش و لە دایکتان (خۆشک و براکانی مەبەستە) پێتان ناخۆشە چش، دەچمە شاییەکە لە پێش چاوی زاوا زێڕینە و هەموو میوانەکانی، سییەکانم دەر دێنم و…”
بە کورتی ئەم چەشنە نیشاندانانە بە جێی وەسفی بێ هۆ یەک لە گرینگترین جوانییەکانی ئەو دەقەیە کە خوێندنە وەی یەکەم نەیپێکاوە یان بەس وەکوو کورتکردنەوە دژی درێژدادڕیی، کەوتۆتە پشت پەردە… .
ئینجا لەو خوێندنەوەدا هیچ ئاماژەیەک بە چۆنییەتی داڕشتنی کەسەکان نەکراوە کە یەک لە گرینگییەکانی جوانییناسی دەقە؛ لە سییەکانم دا کەسەکان هەموویان لە شەپۆلانی زێهنی دژەقارەمانی چیرۆکەکەوە بە بێ ناو هاتوونەتە ئارا و هیچ جەختێ لە سەر ناوی کەس نیە و بەو حاڵەش هەست ئەکەی ئەیانناسی؛ باوکێ کە لەسەر موبل دانیشتووە و بە روڵەت رۆژنامە ئەخوێنێتەوە و هەڵیئەگڵۆفێ.. دایکێ کە خۆشحاڵە و هەڵئەپەڕێ و خۆشک و برا و زاوا و بەشداربووانی شاییەکە لەبەرەی ئەودان… . ئەم کەسایەتییانە لەو کورتە چیرۆکەدا هیچیان لە حاڵەتی وەستاو و بێ کارکرد داا نین و هیچیان بێ جێ نەهاتوونەتە ئاراوە.
.
لە خوێندنەوەی دووهەمیشدا، خوێنەر ‘ئەمئەوەیی’ خۆی لەگەڵ کەسایەتی نیشان داوە بێ ئەوەی لەو خوێندنەوەدا باس لە چۆنیەتی دابڕانیی سووژە لەدایک (لانیکەم لە هەمان رێگە و مێتۆدی لاکانییەوە) بکا و هەوڵ بدا ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی کە ئاماژەی پێ کردووە شی بکاتەوە.
بۆیە خوێنەری چالاک لە رێوە تێدەگا کە لە رێگەی زمانەوە، کەسایەتی دایک، نەک هەر سەرکۆنە دەکرێ بەڵکوو سڕاوەتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هۆ کاریی هەموو کێشە دەرەکیی و دەروونییەکانی سووژە (گێڕەوە) دایکیەتی. بەڵام خوێنەر لە رێگەی خوێندنەوەی دووهەمەوە ئەوەند باوکی مەزن نواندوە کە سووژەیشی پێ داپۆشیوە، چ بگا بەوەی دایک وەک کەسایەتی سەرەکی ئەو چیرۆکە زێهنییەدا بناسێنێ. هەر بۆیە لە خوێندنەوەی چوارەمداهەوڵ ئەدەم بە پێی وتاری “وڵاتی تابۆ” واتە وتارێک کە هەمان چیرۆکنووس دوای نووسینی ئەو چیرۆکە بڵاوی کردۆتەوە، خوێندنەوەی دووهەمی پێ دەوڵەمەندتر یان سەرکوت بکەم… .
ماویەتی…