دایکی تووتکان
سلێمان دڵسۆز
.
هەست دەکەم ژوورەکە هەوای تێدا نەماوە. پەنجەرەکە دەکەمەوە. کەچی لە جیاتی هەوای تازە، بۆگەنێکی پیس خۆی بە ژوورێدا دەکا.
ماوەیەک لەمەوپێش سەگێکی بەرەڵا لە کۆڵانەکەی خوارەوە، لە کەلاوەیەکدا ترەکیبوو. چوار تووتکەی کوڵکنی سپی و ڕەشی ژیکەڵەی ببوون. جیرانەکان خواردن و ئاویان دە قاپدا بۆ لە قەراغ ڕێگاکە دادەنان. کە بە پەنایاندا دەڕۆیشتین ڕایاندەکرد و خۆیان لە ژێر دەوەناندا دەشاردەوە. دوایی هەر کە ئێمە تێدەپەڕین دووبارە دەهاتنەوە سەر ڕێگاکە. یەکێک لە تووتکەکان نەخۆش بوو و ڕۆژێک بە بۆنەکەیڕا زانیمان مردووە. سێ ڕۆژ بوو کەلاکەکەی لەوێ کەوتبوو، کەس لە خۆیڕا نەدەدی فڕێی بدا.
دەچمە ژێرخانەکە. تەلیسێکی بەتاڵی کۆمۆر دەردەهێنم. پێمەڕەکەش دەست دەدەمێ. نازدار،هاوسەرم، جووتێک دەستکێشی کۆن و دوو ماسکی پارچەییم دەداتێ. یەک بۆ خۆم، یەک بۆ لاوە. بەڵام وا دیارە ئەو لە ماڵ نییە. نەشمیل، هاوسەری لاوە دەڵێ:
“دەیجا من یارمەتیت دەدەم.”
دەپرسم: “بێزت دێ؟”
دەڵێ: “چار نییە.”
تەلیس و دەستکێشەکان دەدەم بە ئەو. بۆخۆم پێمەڕە دەدەمە ژێر کەلاکی تووتکەکە. زۆر هەڵمساوە و مێش و مەگەز تێی وەرووکاون. هیچ وەک ئەو تووتکەیە ناچێ کە تا حەوتوویەک لەمەوبەر لە نێو ئەو زەمەند و شیناوەردەدا هەڵبەز دابەزی بوو. چەند جار هەڵیدەگرم، ئەو لە سەر پێمەڕەکەوە دەخزێتە خوار. هەر چۆنێک بێ لە تەلیسەکەی دەخەم. جەمیلە هەر زوو زارکی تەلیسەکە گرێ دەدا. دەستکێشەکان دە دەست دەکەم و، تەلیسەکەی لێوەردەگرم. زبڵدانە کانزاییە گەورەکان دوو کۆڵان ئەولاتر، لە سیلەی دیوارێکی لای مزگەوت داندراون. هەرچەند دە لاقان وەردێنم نایگەمێ. بە دەستە ئازادەکەم تێلی نێو ماسکەکەم بە لووتمەوە دەکوشم. بەو حاڵەشەوە وەختە قڕ بم. دواجار دەگەمە زبڵدانەکان. تەلیسەکە و ئینجا دەستکێشەکانیش حەوا دەدەم و بە پەلە دەگەڕێمەوە. دوای ئەوەی کەمێک واوە دێم، ماسکەکە لە دەموچاوم هەڵدەماڵم، ئینجا دەزانم لە هەموو ئەو ماوەیەدا ئاوی زارم قووت نەداوە. لەگەڵ تف ڕۆدەکەم، هێڵنجم دێ؛ بەڵام ناڕشێمەوە.
تا دێمەوە ژنەکان خۆیان هەڵکردووە و شوێنی تووتکەکە و پێمەڕەکەشیان شوردۆتەوە. ئاواش دڵیان لە پێمەڕەکە خاوێن نابێتەوە. بۆئەوەی “بیسمیل”ی بکەن هێندێک خاکی پێ هەڵدەقەنن.
ڕۆژیا، کچی نەشمیل و لاوە، دەپرسێ: “کاکە سێمانی تووتەکەت چ لێ کرد؟”
ڕۆژیا نزیک دوو ساڵی تەمەنە. بە ‘کاکە سێمانی’ نێوم دەبا. دەڵێم: “فڕێم دا”.
دەپرسێ: “دەگەڵ کێ؟”
من کە نازانم بۆچی ئەو پرسیارە دەکا چاو لە چاوە کونجکۆڵەکانی دەبڕم و دەڵێم: “بەتەنێ.”
ئێستا من و ئەو گەیشتووینە بەر پیرە دەرگا. نازدار و نەشمیل لە دوایەن و قسەیان لێ خۆش هاتوون. ڕۆژیا بە مستەکۆڵە وەردەگەڕێتە دەرگا دارینەکە و هاوار دەکا: “پەدە، پەدە، بیکەوە.”
دەنگی پەرەنگ کچە نۆ ساڵانەکەم، لە حەوشەڕا دێ کە دەڵێ: “پاڵی پێوە بنێ، دانەخراوە.” ڕۆژیا دە پێش مندا دەچێتە ژوور. نازداریش بە دوای مندا دێتەوە حەوشە بەڵام جەمیلە چۆتەوە ماڵی خۆیان. پەرەنگ ڕۆژیا سواری جۆلانە دەکا. جۆلانەکە کە بە دارتووەکەی حەوشەوە هەڵمانواسیوە جێ دانیشتنێکی خۆشمان بە تەختە بۆ ساز کردووە و ڕۆژیا کەیفی پێدێ.
ڕۆژیا و نازدار و پەرەنگ کردوویانەتە قریوە و هەرا. نازدار بە قسەکانی ڕۆژیا پێدەکەنێ، شڵپ شڵپ ماچی دەکا و دەڵێ: “ئەتۆ بڕۆی جا ئێمە چ بکەین، ڕۆژیا؟”
ڕۆژیا زۆر بە جیدی دەڵێ: “نازانم.” کە ز’یەکەی لە بەینی ‘س’ و ‘ز’ بێژ دەکا.
دوایی دەڵێ: “بە تەیالە دەلۆین بۆ نۆلێژێ.”
نانی دەدەنێ. من لە سەر کورسیلەیەک دانیشتووم و چێژ لە تەماشای نانخواردنی ڕۆژیا وەردەگرم. لە کاتێکدا هێشتا گووپی پر لە هێلکەوڕۆنی سوورە دێتە لام. لەسەر کۆشی خۆمی دادەنێم و ماچی دەکەم. توند دەستم دە ملی دەکا و بە خۆیەوەم دەگوشێ. ئەو دەستە بچووکانەی لە دەوری ملم و بۆنی خۆشی پرچە زەرد و نەرمەکەی هەستی هاوڕێیەتییەکی ئاسمانیم پێ دەبەخشن. دوایی لەپڕ بانگی دایکی دەکا: “دایە! دایە!”
نازدار دەڵێ: “ڕاوەستە با بچم لە سەر دیواری ڕا بانگی بکەم. پاش کەمێک، نەشمیل دێت و ڕۆژیا دەباتەوە. زۆری پێناچێ یەکێک لە دەرگا دەدا. بە شێوەی لێدانەکەیڕا دەزانین خۆمانەیە. (بە ئاڵقەڕێزەکە لێدەدا). نازدار دەچێ دەرگا دەکاتەوە. نەشمیلە گەڕاوەتەوە. پێکەوە غار دەدەن و بە سەر شوورەی کورتی حەوشەکەدا لە کۆڵان دەڕوانن.
بە لەحنێکی پڕ لە بەزەیی ژنانەوە چەند جار دەڵێن: “حەک چاوم کوێر بێ!”
دەڵێم: “چ بووە؟”
دەڵێن: “دایکی تووتکەکە گەڕاوەتەوە و بۆن بە جێی کەلاکیەوە دەکا”.