ئاناڕشیزمی زمانیی له شێعردا
ساڵح سووزه‌نی
.
” چرخ بر هم زنم ار غیر مرادم گردد”
“جیهان ئه‌شێوێنم گەر به مورادی دڵم نه‌سووڕێ” حافز
به‌ر له‌وه‌ی بچینه ناو باسه‌که‌وه با سه‌ره‌تا چه‌ند کورته ده‌ق بخوێنینه‌وه؛
” ئه‌م عه‌شقه‌ش فت باریی..
سوێندمان پێ ده‌برژان..
شێعرمان پێ نهدهخڵهتاوان..
فت نازنم یانی چی”
شاعيريان گوتووە
درێـــــــــــــــــژ بێتەوە نە پان
« تا ئەو کاتەی سەری ئەدا لە شتێ نەرم»
وا هه‌ست ئه‌که‌ین هه‌موو یاسا و رێساکانی شێعریی پێشوو رووخاون و زمانێکی دیکه هاتووه…
با ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیی به‌رهه‌ڵست بوونه‌وه‌یه، دژ به زمانی پێشوو به چه‌شنه ئانارشیسمێک ناودێر بکه‌ین که به‌دوای ئازادی ره‌های زمانی تاکدا ئاماده‌ی هه‌موو وێرانکارییه‌که.. ناخۆشه ده‌ی! به‌ڵام کێ له جیهانی واقیعدا توانی پێش به ئانارشیست و سوسیال رۆلۆسیۆنێرهکان بگرێ.. ئه‌وانیش خۆیان به شۆڕشگێرترینهکان ده‌زانی و مشت و مڕیان له گه‌ڵ ماڕکس ده‌کرد… باوه‌کوو له مێژووی ده‌سه‌ڵات په‌روه‌ر و به‌ده‌ست سه‌رکه‌وتوان و ده‌سه‌ڵات داره‌کان نووسراودا، ناویان به‌خراپه ده‌رچوو.. به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه دواجار له‌سه‌ر ده‌ستی که‌سانێکی دیکه و به‌شێوازێکی دیکه‌وه دێنهوهنا زمان و گه‌مه‌یه‌کی دیکه ئه‌مجاره‌یان له ناو زماندا ده‌ست پێده‌که‌ن.
ریشه‌ی یۆنانی ئاناڕشیسسم به مانای بێ حوکمڕان دێت.. و ئاوه‌ها پێناسه‌کراوه؛
” سیسته‌میکی ئه‌ندیشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه که ئامانجه‌که‌ی هێنانه‌دیی گۆڕانکاریی بنچینه‌ییه‌کانن له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا.. به‌تایبه‌ت گۆڕینی حکوومه‌تی ده‌سه‌ڵاتگه‌را به یه‌کێک له شێوه‌کانی هاوکاریی ناحکوومه‌تی له نێوان تاکه ئازاده‌کاندا.. “خاڵی هاوبه‌شی زۆربه‌ی ئانارشیستهکانه.. ئاناڕشیسته‌کان به‌س له قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ئازادییدا زێده ره‌ویی ده‌که‌ن….. و هه‌نێکیان کاریی ویرانگهرانه به کاریی(شۆڕشگێڕانه) و داهێنان ده‌زانن به‌ڵام بۆ وێنه (تۆلستۆی ئانارشیسم بوو و به‌س دژیی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بوو…)
هانری ئارڤۆن له کتێی “قوتابخانه‌ی ئانارشیسم” دا دوو سه‌رچاوه و چاوگ بۆ ئه‌و قوتابخانه‌یه دیاریی ده‌کا؛
ئهلف، قوتابخانه‌ی ره‌سه‌نایه‌تی تاکی فه‌ڕه‌نسی ( ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوون که؛ مافی هه‌میشه‌یی و ره‌های مرۆڤ گرینگتره له هه‌ر رێکخراوه‌یه‌کی سیاسی …
کاتی خۆی “هۆبز” گوتی؛ مرۆڤ بۆته گورگی مرۆڤ و … ده‌وڵه‌ت بۆ کۆتاییهێنان به‌و دۆخه دێته سازبوون به‌و پێیه، یه‌که‌م په‌یامی ده‌وڵه‌ت بریتییه له ده‌سته‌به‌رکردن و پاراستنی ئازادییه‌کانی تاک، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و کاره ناکا… و بۆیه ئانارشیسته‌کان دوژمنایه‌تی خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت راده‌گه‌یه‌نن.
ب، ئایدیالیزمی ئاڵمانی؛ که به هاتنی هێگل ده‌گاته تروپکی خۆی… به بڕوای هێگل، خود و بابه‌ت له‌ناو رووح(ایده)دا یه‌ک ده‌گرن … “ئایده‌ی ره‌ها شتێکهله ئه‌نجامی به‌ئاگابوونی پله به پله‌ی رووحه فانییه‌کان دێته دی…”7 ئه‌م بۆچوونه له لایه‌ن فوئێرباخ و مارکسه‌وه ده‌بێ به ره‌هایی مرۆڤ و ره‌هایی پرۆلیتار … و له‌لایه‌کی دیکه‌وه (لای شتێرنه‌ر) ده‌بێ به “من”ی ره‌سه‌ن و تاک و دواتر له فه‌لسه‌فه‌ی پرۆدۆ‌ن و باکۆنیندا، ئه‌و منه تاکه، دژی هه‌موو ‘له خۆنامۆ بوونه‌کان” ڕاده‌وه‌ستێ .. ئه‌وان گرینگ‌ترین فاکته‌ری له‌خۆنامۆبوون” به ده‌وڵه‌ت ده‌ناسینن و له‌گه‌ڵی به شه‌ڕ دێن.. “ئه‌بێ دژی هه‌موو ئه‌و شتانه هه‌وڵ بده‌ین که بوونه‌ته کۆسب له به‌رده‌م گه‌شه‌ی تاکدا” (به‌م قسانه‌دا له نزیکایه‌تی مارکسیسم و ئانارشیسم ده‌گه‌ین)
پرۆدۆ‌ن و باکۆنین بناخه‌دانه‌رانی فه‌لسه‌فه‌ی ئانارشیسم بوون.. به‌ڵام پێش له‌وانیش که‌سانێکی وه‌ک گۆدڤین و شتاینێر ئاوه‌که‌یان بۆ ڕشتبوون
گۆدڤین(w.godvin1756-1836) کاتی خۆی گوتی؛ “حکووومه‌ت ئه‌و ئامێره بێ به‌زه‌ییه‌یه که تاکه هۆکاریی هه‌میشه‌یی به‌دکارییه‌کانی ئاده‌میزاده.. به هیچ شتێک چاره‌سه‌ر ناکرێ مه‌گه‌ر به له‌نێوبردن و تێکدانی ته‌واوی12… ئه‌و وه‌ک ئه‌فلاتوون باوه‌ڕی به سازکردنی ئه‌خلاق له رێگه‌ی په‌روه‌رده‌وه هه‌بوو و لایوابوو ” هاودهستییهک له نێوان ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نداره‌کانی سه‌رمایه‌داردا هه‌یه بۆ دژایه‌تی تاکه ئازاده‌کان… ” ئه‌و دێــموکراسی …. پێ باشه و به یه‌کێک له چاره‌سه‌ریه‌کانی ده‌زانێ و ئه‌ڵێ؛ “مافی حوکمڕانی نه هی زاناکانه نه هی نه‌زانه‌کان.. نه هی بۆرژوایه نه‌هی پرۆلتێر..
ماکس شتێرنێر؛ stirner 1856-1806 ؛رۆژنامه‌وانێکی ئاڵمانی بوو و ساڵی 1845 کتێبی
“تاک و داراییه‌که‌ی” بڵاو ده‌کاته‌وه.. و ئه‌ڵێ؛ “هیچ شتێک گرینگتر و پێشتر له من(وه‌ک تاکێک) بوونی نیه ..من دژی هه‌موو جۆره ده‌وڵه‌تێک (هه‌رچه‌ند دێموکراتیش بێ) شه‌ڕی خۆم راده‌گه‌یه‌نم. ده‌بێ خۆم له چنگ هه‌موو شته”پیرۆز”ه‌کان رزگار بکه‌م.. ده‌وڵه‌ت و من.. ئه‌و دوانه دژی یه‌کترن… خوا ، ویژدان، ئه‌رک، یاسا.. درۆگهلێکن که ته‌واو گه‌وجیان کردووین.. سڵاو بۆ خۆشبه‌ختی هه‌موان، یانی به‌دبه‌ختی بۆ من… ئه‌وه‌ی بۆ من به راستی دروسته، ره‌نگه بۆ ئه‌وانی دی دروست نه‌بێ ئه‌وه کیشه‌ی ئه‌وانه.. با داکۆکی له‌خۆیان بکه‌ن ن…” ئه‌و ئانارشیستێکی تامه‌زرۆی ئاگر و خوێن و ویرانکاریی بوو …باوه‌ڕیی به منێکی خودبونیاد و دوور له هه‌موو پێش مه‌رجه‌کان و گۆرانی ده‌وڵه‌ت بوو…. دوڵه‌ت ئیراده‌ی تاک ده‌خاته لاوه یان ده‌ری ده‌کا یان له‌ناوی ده‌بات..” (ئانارشیسم . دمستهفا ره‌حیمی ل 22)
پییه‌ر ژۆزێف پرۆدۆ‌ن 1865- 1809 proudhon
ساڵی 1844 له پاریس کۆڕێکی بێوێنه بۆ مارکس، پرۆدۆ‌ن و هێرتسۆن وه‌ک سێ که‌سی ئاشقی ئازادیی و دادگه‌ریی- ئاشقی ئازادی و شۆڕش- ئاشقی ئه‌ده‌بیات پێک دێ و زێده‌تر ده‌که‌وێته به‌ر چاو و دواتر له نامه‌که‌ی پرۆدۆندا بۆ مارکس( ل 25 هه‌مان سه‌رچاوه) جیاوازیی بۆچوونه‌کانی ئاشکراتر ده‌بێ.. پرۆدۆ‌ن له په‌خشان و دارشتندا ده‌بێته جێی په‌سه‌ندیی بۆدلێر و فلۆبه‌ر و هۆگۆ .. ئه و خولیای دادگه‌رییه و ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ندارێتی وه‌ک دزیی ده‌بینێ… و لای وایه که “کۆمۆنیسم” ده‌رکی ئازادیی تاک ناکا.. و بهئسکلێتی(داڕشتی پێشه‌یی) تهلاریی ده‌سه‌ڵاتی ره‌وای ده‌بینێ.. دواتر ” کتێبی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ژاریی” ده‌نووسێ و مارکس به ته‌وسه‌وه به کتێبی”فه‌قیریی فه‌لسه‌فه ” وه‌ڵامی ئه‌داته‌وه.. و ئه‌مه کۆتایی دیالۆگی ئانارشیسم و مارکسیسمه تا ساڵی 1968 و شۆڕشی خوێندکاریی فه‌ڕانسه . پرۆدۆ‌ن لای وایه که، خاوه‌ندارێتی ده‌بێ هه‌موان بگرێته‌وه.. و گرینگی زۆر به ئابووری ی ی ده‌دا و … پێی وایه؛” ره‌سه‌نایه‌تی تاک بناخه‌ی یه‌که‌می مرۆڤایه‌تییه و ره‌سه‌نایه‌تی کۆمه‌ڵ”یش ته‌واو که‌ریه‌تی..” (ل 34 هه‌مان سه‌رچاوه)
میخاییل باکۆنین bakounine 1814- 1876
” هه‌موو بنه‌ماکانی بێدادیی وێران بکه‌ن، به‌رابه‌ریی ئابووریی و کۆمه‌لایه‌تی پێکه‌وه دابین بکه‌ن. به‌س به پێی ئه‌و تێزه‌یه که ئازادیی ، ئه‌خلاق و مرۆڤایه‌تی … سه‌رهه‌ڵدێنێ و په‌ره ده‌سێنێ”
هێنانه کایه‌ی ئه‌خلاقی نوێ له هه‌ر روویه‌که‌وه بیری لێ بکه‌یته‌وه،.. پێویستی به ههڵگیرسانیی شۆڕشێکی (کۆمه‌ڵایه‌تی)نوێیه
کاری داڕشتنی تیورییه‌کانی شۆڕش بده‌نه ده‌ست که‌سانی دی.. باخۆمان به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو تێوهچین(تێکه‌ڵ به واقیعه‌کان بین)
داد و هاوار بۆ ئه‌و کاته‌ی شۆڕش پشت له ئامانجی تاکه‌کانی مرۆڤ ده‌کات …
داد1 بۆ ئه‌و شۆڕشه‌ی به بیانووی به‌رده‌وام بوونیه‌وه خیانه‌ت له خه‌ڵک ده‌کا.. هۆشتان بێ!
“ئامانجی باش یه‌که‌مین ئیلهامبه‌خشی گیانی وێرانکارانه‌یه..”
” یه‌که‌مین گورزهکانتان بوه‌شێنن. ببن به سه‌ر مه‌شق.. ده‌بێ بوێر و به جه‌رگ بن..”
“ته‌نیا ئازادیی، یاسای ئازادیی ده‌نووسێ”
” ئه‌و قسه‌یه‌ی که به بیانووی پشتیوانی کردن له ئازادیی زه‌ره‌ر له ئازادیی بگهیهیهنین ، مه‌ترسیداره‌و بێمانایشه.. بۆ وه‌ی ئه‌خلاق جگه له ئازادیی هیچ سه‌رچاوه و ئامانج و بابه‌تێکی دیکه‌ی نیه”
به‌م پێشه‌کیی یه‌وه له‌سه‌ر مێژووی ئانارشیسمی کۆمه‌ڵایه‌تی .. (بۆ ئه‌و دۆستانه‌ی هه‌موو شتێکی ئه‌م دنیایه له پێوهدیی له‌گه‌ڵ مێژوو و و دیارده‌کانی دیکه‌ی ده‌ور و به‌ر ده‌بینن) ده‌مهه‌وێ بازێک بده‌م بۆ ساڵی 1977 و رۆژی 17ی ژانوویه .. “ئیمبێرتۆ ئێکۆ” ده‌ڵێ:
” ئه‌و رۆژه “رۆلان بارت” تازه ببوه مامۆستای نیشانه‌ناسی ئه‌ده‌بیی له “کۆلێژدۆفرانس” و یه‌که‌م وانه‌ی ده‌گوته‌وه. وانه‌یه‌ک که رۆژنامه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه زۆریان باس لێکرد ودواتریش له بڵاوکراوه‌ی “سوی” به شێوه‌یه‌کی رازاوه به‌ناوی “وانه” بڵاو کرایه‌وه. ئه‌و وتاره کراوه به سێ به‌شه‌وه؛ به‌شی یه‌که‌م له‌سه‌ر زمانه، به‌شی دووهه‌م سه‌باره‌ت به کارکردیی ئه‌ده‌به له پێوه‌ندیی له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی زماندا و به‌شی سێهه‌م سه‌باره‌ت به نیشانه‌ناسیی ئه‌ده‌بییه… با وه‌کوو هه‌ر سێ به‌شی باسه‌که‌ی بارت گرینگی تایبه‌تی هه‌یه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌باسه‌که‌ی ئێمه‌وه پێوهندیدارتره پێناسه‌ی بارته له ده‌سه‌ڵات له پێوهدیی له گه‌ڵ زماندا.. ئه‌و رۆژه بارت بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به “فۆکۆ” بکا (بۆ وه‌ی ماوه‌یه‌ک له کۆلێژ به‌رپرسی فۆکۆ بووه) له ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێناسه‌کانی فۆکۆ و بنجامین لی وۆرڤ دا.. قسه‌ده‌کا… بارت ئه‌ڵێ: ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات سازده‌کا هێزیی ئاخاوتن نیه، به‌ڵکوو شێوازێکی قسه‌کردنه که له ناو سیسته‌می ریساکاندا، که هه‌مان زمان بێ، رچیاگه(سههۆڵینهبووه).. ئه‌و دڵێ:
“زمان به زۆر شت ناچارمان ده‌کا… زمان به هۆی پێکهاته‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌مانخاته ناو پێوه‌ندیگه‌لی له‌خۆنامۆ بوونانه‌وه(ئلیناسیۆن) ئاخاوتن یانی مل که‌ج کردن .. زمان ده‌سه‌ڵاتێکی دواکه‌وتوانه(ارتجاعی)یه که بۆته باو..
” با له‌وه‌ش تپهڕێنم، زمان نه دواکه‌وتووه و نه نوێخواز ، به‌ڵکوو له یه‌ک وشه‌دا”فاشیست”ه بۆ وه‌ی فاشیسم پێش به ئاخاوتن ناگرێ، به‌ڵکوو ناچارت ده‌کا به قسه‌کردن”..
“ئیکۆ” ده‌ڵێ ئه‌م قسه‌یه‌ی بارت زۆرترین شهڕهقهڵهمی دوای ساڵی 1977 به‌دواه بووه.. ئه‌و ده‌ڵی: دوای ئه‌و قسانه ئیتر سه‌یر نیه ئه‌گه‌ر بڵێێن؛
“زمان ده‌سه‌ڵاته بۆ وه‌ی ناچارم ده‌کا کلیشه(چوارچێوه)گه‌لێ پێشترسازکراو(ته‌نانه‌ت وشه و دێڕه‌کان)به‌کار بهێنم و ئه‌وه‌ند پێکهاته‌یه‌کی پته‌وی(محتوم)ی هه‌یه که ئیزن به ئێمه‌ی عه‌بدی خۆی نادا لێی بینه ده‌ره‌وه یان لێی ئازاد بین.. بۆ وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی زمانه‌وه هیچ نیه”…
چۆن بتوانین به پێی ئه‌و ئاماژه‌یه‌ی که بارت سه‌باره‌ت به شانۆنامه‌ی “ده‌رکه‌ی به‌ستراو”ی سارتێر ده‌یکا، خۆمان ئازاد بکه‌ین؟ به فێڵ کردن لێی(تقلب) ده‌توانین فێڵ له زمان بکه‌ین. بارت به‌و گه‌مه نادروست، به‌ڵام رزگارییده‌ره ده‌ڵێ”ئه‌ده‌بیات”
واته مرۆڤ به‌س له رێگه‌ی ئه‌ده‌بیات و هونه‌ره‌وه ده‌توانێ دژی ده‌سه‌ڵاته ره‌نگاڵه‌کان، که به‌س له رێگه‌ی زمانه‌وه داسه‌پاون، بێته‌وه…
“ئێکۆ” ده‌ڵێ: “هه‌ر له‌وێوه ده‌گه‌ینه گه‌ڵاڵه‌ی وته‌زایه‌کی ئه‌ده‌بی له ده‌قدا، واته گه‌مه‌ی وشه و گه‌مه به وشه.. بارت لای وایه ئه‌ده‌بیات کاری به گوزارهگهل پێشتر سازکراو نیه به‌ڵکوو ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر گه‌مه‌ی بێژه‌ر و نووسه‌ر له گه‌ڵ خوێنه‌ردا.. نوسه‌ره که سه‌رنجراکێشیی وشه‌کان که‌شف ده‌کا .. ئه‌ده‌ب باش ده‌زانێ که ده‌سه‌ڵاتی زمان ده‌توانێ سه‌رله‌نوێ زاڵ ببێته‌وه.. هه‌ر بۆیه زۆرجار له‌قسه‌ی خۆی ده‌کشێته‌وه و ته‌نانه‌ت به‌ره‌نگاریی ده‌بێته‌وه و سه‌رله‌نوێ په‌سه‌ندی ده‌کاته‌وه… و به زمان چه‌وریی هه‌ڵوێستی خۆی ده‌گۆڕێ.. نیشانه‌کان ناسڕێته‌وه به‌لکوو گه‌مه‌یان پێده‌کا..وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره که ئه‌ده‌بیات به له‌ونێک ئازادکردنی ده‌سه‌ڵاتی زمانه یان نا؟ پێوه‌نده به سروشتی ده‌سه‌ڵاته‌وه و.. ئێکۆ ده‌ڵێ: که “بارتیش خۆی له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌دزێته‌وه و ناراسته‌وخۆ بۆچوونه‌کانی “فۆکۆ”شی ده‌کاته‌وه.. بۆ وه‌ی ئه‌و چه‌مکه‌ی فۆکۆ له ده‌سه‌ڵات نواندوویه‌تی تا هه‌نووکه جێی باوهڕترینه ..
فۆکۆ لای وایه ده‌سه‌ڵات به‌س سه‌رکوتکردن و قه‌ده‌غه‌کردن نیه به‌ڵکوو هاندان بۆ ده‌ربڕین و به‌رهه‌مهێنانی مهعریفهیشه.. ئینجا هه‌ر به‌و جۆره‌ی بارتیش ئاماژه‌ی پێده‌کا؛ یه‌ک پارچهنیه … و
نامهه‌وێ لێره‌دا بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر پێناسه‌کانی فۆکۆ له ده‌سه‌ڵات به‌س ده‌بێ بڵیم؛ “ده‌سه‌ڵات ئه‌و شته‌یه که زمان‌ناسان به گشتی “زمان”ی پێده‌ڵێن و به دڵنیاییه‌وه زمان زاڵم و ملهوڕه بۆ وه‌ی به‌س به بیانووی ئه‌وه‌ی که، بۆ وێنه ئه‌م دیڕه ” من چۆنێکم ده‌وێ” بێ مانایه، ئیزنی ئه‌وه‌م ناداتێ بیڵێم… هه‌ڵبه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسا و رێساکانی زمان راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه په‌سه‌ند کراوه ..ره‌نگه هه‌مووکه‌س هه‌وڵی به‌ره‌نگاریکردن بدا به‌ڵام به‌گشتی قهبووڵیدهکا و قازانجی خۆی لهوهدادهبینێ که لای وابێ خه‌ڵکیش قه‌بووڵیان کردوه
ئێکۆ ده‌ڵێ؛” نازانم بتوانم بڵێم که زمان به‌له‌ونێک نواندنی ده‌سه‌ڵاته یان نا به‌ڵام به دڵنیایی یه‌وه ده‌زانم که چوارچێوه‌ی سه‌ره‌کی ده‌سه‌ڵاته و ئه‌توانم بڵێم که؛ زمان سه‌ره‌کترین ده‌زگای(دامه‌زراوه‌ی)نیشانه‌ناسییه و به گوته‌ی نیشانهناسه رووسیه‌کان سیسته‌می نموونه‌سازیی سه‌ره‌تاییه.. و چواچێوه‌یه‌ک بۆ سیسته‌مه‌کانی دیکه‌ی نیشانه‌ناسییه له کولتووره جیاوازه‌کاندا، که وه‌ک ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه (سیسته‌می نموونه‌سازیی دواجارینه) داده‌مه‌زرێ…” +
ئه‌گه‌ر زمان به نواندنی ده‌سه‌ڵات بزانین و شێعر به هه‌وڵدان بۆ ده‌رچوون له بازنه‌ی زمانی به‌ده‌سه‌ڵات بوو، ئاشکرایه ئانارشیسمی شاعیرانه(زمانی هونه‌ریی) به‌شێک بووه له ئه‌رکه‌کانی ره‌وتی به‌ره‌وپێشچووی زمانی هونه‌ر له درێژایی مێژوودا؛ کێ ناڵێ به‌ربه‌ره‌کانێی قوتابخانه‌کانی رۆمانتیک(دژی کلاسیسیسم) ناتۆرالیسم و ریالیسم دژی (رۆمانتیک) سووریالیسم(دژی هه‌موویان) درێژه پێدانی هه‌مان ئانارشیسمی زمانیی –نیشانه‌یی نیه له مێژووی هونه‌ردا… هربێرت رید(ئانارشیسمی ناسراو) له کتێبی “ئانارشیسم ، سیاسته‌تی شاعیرانه” دا ده‌ڵێ؛ “من ئانارشیسم له گه‌ڵ سورریالیسم، هیزی فام(تێگه‌یشتن)له گه‌ڵ هێزی خیاڵ و ئه‌رک له‌گه‌ڵ ئازادییدا دێنمه هاوسه‌نگی..” ئه‌و هه‌موو شۆڕشه‌کانی مێژوو وه‌ک ئانارشیسمی شاعیرانه ده‌بینێ بۆ گه‌یشتن به یۆتۆپیای ناو خه‌ونه‌کانی مرۆڤ؛ ” چێژ وه‌گرتن و تێگه‌یشتنی ئانارشیسمی ژیان له ناو رێک و پێکێتی هه‌مان ژیاندا” ئه‌مه‌یه پارادۆکسی ئانارشیسم که له شێعریش دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه. وه‌ک شیرکێشانی ئانارشیستانهی نیچه دژی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی زمانیی فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوا …. نازانم مه‌به‌سته‌که‌م پێکاوه یان نا ا ا ا… ؟
دادا و سوورریالیسم؛
“جوان وه‌ک ژوانی به هه‌ڵکه‌وتی چه‌رخی دروومان و چه‌تر(په‌ڕه‌شووت) له‌سه‌ر مێزی ته‌شریح” لۆتره ئاموون
ئاندره بێرتۆن کاتی خۆی له وتوێژێکدا له‌گه‌ڵ “ئاندرهپارینۆ” دا ده‌ڵێ؛ “ساڵه‌کانی 1930 تا 1931 ئێمه به تووڕه‌ییه‌کی زێده‌تر له هه‌رکاتی دی، دژی ته‌بایی له‌گه‌ڵ “کۆ” ده‌ستماندایه شۆڕش و به ئیراده‌یه‌کی قاییمه‌وه بووینه دژی کۆمه‌ڵ. به‌راستی له سیسته‌می به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌م جیهانه بێزار بووین و… به تایبه‌ت رقمان بوو له هه‌موو ئه‌وشتانه‌ی که به‌ناوی داب و نه‌ریته‌وه ببوونه موقه‌دده‌س(پیرۆز) لێمان،شتی وه‌ک بنه‌ماڵه، وڵات، ئایین و ته‌نانه‌ت کار و شه‌ره‌ف و ئه‌و شتانه (به‌مانای ئهورۆژینهی ئه‌و چه‌مکانه..) لامان وابوو. ئه‌وانه‌یان کردبووه ئاڵایه‌ک که، به‌سه‌ر کۆمه‌ڵێ شتی ناحه‌ز و دزێوه‌وه هه‌ڵیانداوه… هێشتا ئه‌و هه‌موو قوربانیانه‌ی (به‌رده‌م خوداکانی)شه‌ڕمان له بیر نهچۆبۆوه… به‌گشتی و به کورتی؛ ئێمه له قۆناخێکدا، له‌به‌رانبه‌ر جیهانێکدا، که هه‌وڵی بێ رێزی کردنی ئه‌دا له‌سه‌رمان هه‌مان شێوازمان هه‌ڵبژارد..” (بڕواننه کتێبی چاره‌نووسی سوورریالیسم، وتوێژ له‌گه‌ڵ ئاندره بێرتۆن)
ئه‌مه بوو ئه‌و به‌رهه‌ڵستکارییه ئانارشیستیانهی دادا و سوورریالیسم دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زمانیه‌ی که دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی سه‌پابوو و هۆگرانی ئه‌ده‌بی جیهان حه‌تم ئاشنای درێژه‌ی ره‌وته‌که‌یان هه‌ن و ده‌زانن که که‌سانی وه‌ک رمبۆ- ئاراگۆن، برتۆن ، ئارتۆر،مارسێل لووشان، پول ئالوار و زۆرێ دیکه له هونه‌رمه‌ندانی سه‌ر به‌و رێبازه هونه‌رییه، چۆن و چه‌ند له خزمه‌ت گه‌شه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری جیهانیدا بوونه .. ئایا ئێستا دوای تێپه‌ڕینی چه‌ندین ده‌هه‌ی کاتیی ئه‌و هه‌وڵانه به ره‌وتی ئانارشیسمی هونه‌ریی ناناسن؟
2
ئه‌ده‌بی کوردی و ئانارشیسمی زمان
ره‌نگه بهڕههڵستکاریی زمانیی له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا بگه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌قی مه‌حوی و ئه‌و به‌کارهێنانه نائاساییانه‌ی ئه‌و دژبه رێک و پێکیی رێزمانیی ده‌قی پیش خۆی؛
“واعیز له‌من بڵێ به‌نه‌زه‌ر ته‌عنه که‌م بدا
دینی بوتانه دینی من ئه‌و مه‌زهه‌بی زه‌هه‌ب”
“به‌رپێی ئه‌وم به مێزه‌ره‌وه سهرکهنا وتی
مه‌حوی ته‌مایه بمخهڵهتێنێ به تووری پووت”
“واعیزم پرسی یه‌کێ مه‌ستانه جوابی دامه‌وه…
وهعظی چی سهرلنگه ده‌ستاڕێ کڕه‌ی ده‌ستاڕی هات”
“مه‌حوی به (موتوا)وه که له مردن ببی نه‌جات
رۆیاندنت (به‌مانای رۆیشتن!!)له‌پیشه له پێشا وه‌ره بڕۆ..
له ئه‌حبابی قه‌دیمی به‌زمی ئولفه‌ت ماوهتهن دووتهن..
یه‌کی په‌روانه هه‌مده‌رده یه‌کێ بولبول که هه‌م فه‌رده
“له مه‌کری ئه‌م عه‌جووزه و سێحری دیوی نه‌فس ئه‌من مه‌حوی
په‌نا ده‌گرم به زاتی ئه‌قده‌سی بێچوونی نادیوه 290
“قامه‌ت نه‌مام و پشتی وه‌کوو مێو و رۆنی نه‌رم
چه‌وتاوه (چه‌میوه‌ته‌وه!!) ره‌ق هه‌ڵاتووه وه‌ک چه‌وته مێوی پیر.. 239
“نسبه‌ت بدرێ حوور و په‌ری گه‌ر به له‌یه‌ک چوون
بالیده ده‌بن(ده‌فڕن) تا ده‌گه‌نه ئه‌وجی له‌خۆ چوون 244
“بڕوانه سووتنم وه‌ره بڕواکه من نه‌مام
په‌روانه‌م ئیترم نیه په‌روا که من نه‌مام 213
“دڵم بێ تایه ئهحوالم خراپه
هه‌تا تۆمی دڵ ئارام و دڵ ئارا.. “
ده‌بینن که مه‌حوی چۆن دژی رێزمانی باو بوێرانه وێرانکاریی ده‌کا و جوانکاریی ده‌خولقێنێ….
من پێشتر له وتاری “نالی و یارییه زمانیه‌کانی ویتگونشتاین”دا باسی ئهنارشێسمی وه‌رگرتم به ته‌سه‌لی کردوه و نامهه‌وێ لێره‌دا دووپاتی بکه‌مه‌وه(بڕواننه کتێبی “نالی و خوێندنهوهنوێکانی سه‌رده‌م” چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری رووناکبیریی ئێل به‌گی جاف له سلێمانی) به‌س ئه‌مه‌وێ به کورتی ئاماژه بکه‌م،به، به‌کار هێنانی زمانی سۆران ی به‌رانبه‌ر به زمانی بهدهسهڵاتبووی گۆران و چه‌ند زمانیی بوونی ده‌قه‌کانی (فارس و تورک و عه‌ره‌ب هه‌ر سێم به ده‌فته‌ر گرتووه…) بۆ وه‌ی ئانارشیسمی زمانی شاعیرانه لای نالی بناسین…
ئانارشیسمی زمانیی “گۆران” و “سواره ئیلخانی زاده” دژ به کلیشه‌یی بوونی زمانی ئه‌ده‌بی کلاسیکی، له‌وه ئاشکرا تره که بمانهه‌وێ روونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنووسین .. به‌س پێویسته بگوترێ له هاتنه‌ئارای شێعری نوێی کوردی به‌ولاوه ره‌وتی ئانارشیسمی زمانیی خێراییه‌کی زێده‌تر به‌خۆوه ده‌بینێ و (قژ و چاوی ره‌ش ده‌بێ به قژی زه‌رد و چاوی شین). یانێ جۆره بچڕانێکی جوانیناسانه و ته‌نانه‌ت مه‌عریفه‌ناسانه دێته ئارا) و هه‌وڵی شکاندنی کووله‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتی باو ئه‌درێ؛ بڕواننه ئانارشیسمی زمانیی ئه‌وکاتی ده‌قی کوردی بۆ رووخاندنی ته‌لاره‌کانی کۆن؛
“ئه‌م کوولهکانه ئه‌شکێنم
ئه‌مه باوه‌ڕی منه…
پهرهسگاکان ئه‌ڕووخێنم..
وشه‌کانی ئامێته‌ی ره‌گی زه‌وی ده‌که‌م..
که‌س له زمانم تێناگات.. په‌نجه‌ره ژه‌نگاویه‌کان ئه‌وه‌رێنم” له‌تیف هه‌ڵمه‌ت.
هه‌رچه‌ند ئه‌م ئانارشیسمه به‌س له دروشم‌دا ده‌مێنێته‌وه و “یاخی ده‌بین یاخی دهبینهکهی” له‌تیف هه‌ڵمه‌ت هه‌رگیز ناوێرێ وه‌کوو زمان وێرانکاریی بکاو له زمانی باو ده‌رچێ، به‌ڵام ئه‌وه نیشاندانی رێگابوو و دواتر ئه‌و رێگایه رێبوارانی خۆی ده‌دۆزێته‌وه ..
له مه‌ودایه‌کی کورتی کاتی‌دا(به رێژه‌ی گۆرانکارییه‌کانی پێشوو) له روانگه و کفرییه‌وه ده‌گاته ده‌قی فۆرمالیست- سوورریالیسمهکانی هه‌ولێر و ده‌قی که‌سانی وه‌ک ..
ئەنوەر مەسیفی .. عەباس عەبدوڵا یوسف.. نەوزاد رەفعەت .. کەریم دەشتی.. هاشم سەراج وفه‌رهاد پیرباڵ و …. که به ئاشکرا نامۆبوونی زمانیی لهدهقهکانیاندا خۆ ده‌نوینێ؛
مێشكم لێوانلێوه له جوانى دڵم له مانا
نه‌هاتى شه‌خته‌ى شینى شیعر بشكێنین
ماچ ده‌نكه ئهسپرینێكى نارنجییه” هاشم سه‌راج
…ئه‌م ره‌وته که ده‌گاته رۆژهه‌ڵات پێوه‌ند ده‌بێ به پرۆژهشێعرییهکهی “داکار”و ره‌وتی شێعریی جیاواز که خوازیاریی گۆڕانکاریی بنهرهتیین له شێعری کوردی‌دا و وه‌کوو ده‌ق سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر “شێعره‌سات”(ساڵح سووزه‌نی ) و دواتر شینترین به‌تاڵی یوونس ره‌زایی .. (شێعری شێت).. ده‌قه‌کانی بێهزاد کوردستانی،براییم ئەحمەدی نیا، رهزاعهلیپوور، پەرویز زەبیح غوڵامی، ساماڵ ،ره‌وف مه‌حموودپوور له شێعری هه‌ورامیدا و دواتر چه‌ند شاعیرێکی گه‌نجتر که خۆیان وه‌ک به‌ره‌ی چوار ده‌ناسێنن و به‌رچاوترینیان به‌ڕێزان؛، “که‌ماڵ ئه‌مینی” و “حه‌مه‌ی موهففهقی” و شوعیب میرزایی ه. و دواتر شاعیرانی دیکەشیان دێتەپاڵ..
ئانارشیسمی زمانیی وه‌ک نموونه‌ی یه‌که‌م( له به‌شی یه‌که‌می شێعرهساتدا) به‌هۆی لادان له ریساگهل رێزمانیی، بچڕ بچڕ بوون، دواخستن و هه‌ڵاتن له‌ده‌ست مانا‌و پێکهاته‌ی باو لێره‌دا وه‌ک ده‌ق دێنینه‌وه؛
” ئه‌گه‌ر شێتی چاوی سه‌رما بردووی رۆح و به‌زمی ئه‌ستێره هه‌مووی مۆسیقای شه‌وانه..
ره‌نگه به‌سه‌ر ته‌می / “جن جن”يوی سه‌رم / هه‌زار جار و بار به ئێَواران / بفروَشنم ئاشقترين
من باڕشهی.. ههشم / هةموو رۆژانێ به شه‌و / ره‌نگه پاییز ته‌می جن جنی / شه وانم بفروَشتوێنيَ
به‌زمی.. ره‌نگه.. / باش‌ترين ئاشق ؟
شێعره‌سات یه‌که‌م ئه‌زموونی شێعرییه که به‌مانای راستیی وشه له ناوزمان دا “کووله‌کان ده‌شکێنێ” و ئه‌و شێوازه، تا هه‌نووکه‌ش بۆته رێبازێکی نوێترخوازانه له ده‌قی شێعریی نوێترخوازان/ جیاواز، شێت، بەرەی چوار/ و هه‌موو ئه‌و دۆستانه‌ی دیکه که، هه‌رکام به شێوه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌وڵیاندا له نۆرمی زمانی باو ده‌رچن؛
” شاعیرم تا ویشکه ساڵی هه‌میشه/ تاکوو دڵۆپه‌ی تینوێتی بۆ که‌ربه‌لا…. که من بم- مه‌سیحێک عاشقی هه‌میشه‌ی خاچی سوور/ که من بم مێژوویه‌ک بۆ دڕک و ته‌نیایی..” شێعرێک به په‌راوێزی مێژووه‌وه(یوونس)
“له بیرم بێ که خه‌وتم/ ده‌سته‌کانم بکوژێنمه‌وه../ کچه‌کان زوو هه‌ڵکه‌م..”
“کێوێکمان داکوتا..”
“له یه‌که‌وه تا من بژمێره/ تۆیش ئه‌زانی چه‌نێ که‌مم”
“وابزانن من باران.. ته‌ڵاخانم بارانم که..”
ئیسپانیا یانی گا… بیست لۆرکا هه‌ر یانی ئیسپانیا”
“رۆژنامه که‌ی پیاوه” قاڵییه‌ک ده‌ناسم….
شیری بازاڕی بێ درگا
حه‌یای رووته و
فریام “ناکه‌وێت”ه ڕێ
رێم رووتی رووته و به هه‌رچی ده‌رناکه‌وێ..“
“من عەیب نیم
عەیب خیلقەتە کە درێژە
غەیری منیش خۆ زانیبووی
مرۆڤ درێژە و خڕ نییە
درێژیش تەواوبوونی لێوە سەهلە“ چ عاده‌تێکی خراپه- بێهزاد کوردستانی
” تا سێوترین وهسووهسهکانی پشیله
من وازم له هه‌رچی نارنجی
ئاسمان به ده‌مانچه‌ی ئاو
نه‌رم
<< خووساوە باران و خرپن بەراز! >> براییم ئه‌حمه‌دی نیا…
“پێ ساراوه / هۆره ڕاو وێش / به چهمکاڵا یا وه نۆره حه‌شر…” ره‌وف مه‌حموودپوور
له وتاری “له گه‌ڵ شه‌پۆله‌کانی شێعری نوێی کوردی‌دا وه‌کوو فورم و زمان و چۆنیه‌تی هه‌وڵدان بۆ ده‌رچوون له زمانی بهدهسهڵاتبووی شێعری پێشوو ، باسی ئه‌م شه‌پۆله شێعره‌م کردوه و دووپاتی ناکه‌مه‌وه، به‌س ده‌ڵێم له‌م ده‌قانه‌دا وزه‌یه‌کی ئانارشێستانه ده‌بینرێ بۆ به‌رده‌وامیی نوێخوازیی و هه‌ر بۆیه من ئه‌م هه‌وڵه نوێیانه به نوێترخوازیی پێناسه ده‌که‌م و لام وایه ئانارشیسم له زمانی هونه‌ردا به‌راستی ئه‌و ئه‌رکه‌ی وهئهستۆبووه بۆ هه‌رچی نوێترکهدنهوهی ده‌قه‌کان، فۆرم و ماناکان بۆ هه‌لاتن له ده‌ست وه‌ستان و رزان، تاکده‌نگی بوونی شێعری پێشوو و فڕین به‌ره‌و هه‌رچی زێده‌تر گه‌شه‌پێدانی ده‌قی کوردی و دڵنیام ئه‌و رێبازه له ناو زمان و ئه‌ده‌بدا به‌رده‌وامه…
——
سه‌رچاوه‌کان؛
جۆرج ڤۆدکۆک – ئانارشیسم، هورمز عه‌بدوڵڵایی، نشر آمین – تاران
ئانارشیسم – د. مسته‌فا ره‌حیمی – وه‌رگێڕانی رێباز مسته‌فا، سلێمانی 2002
ئیمبرتۆ ئیکۆ – زمان، ده‌سه‌ڵات، هێز – وه‌رگێڕانی بابک سید حسینی
رۆلان بارت – از اثر تا متن – ت ، مراد فرهادپور
هربرت رید – آنارشیسم، سیاست شاعرانه ت. حسین چاوشیان نشر اختران ل 172
آندره برتۆن – سرگذشت سوررئالیسم- ت. عبدالله کوثری- نشر نی،1383 ل 97
+ – هایدگر و نیچه این حکم کانتی را که انسان سرچشمه همه چیز است واژگون کردند و انسان را محصور در زبان معرفی کردند. هایدگر عقیده داشت که ما محصور در زبان هستیم و زبان نمی تواند دلالتی بر واقعیت خارج از خود داشته باشد. اگر واقعیت را رده ای خارج از زبان بدانیم، راهی برای شناخت آن نخواهیم داشت. واقعیت، جز واژه ای درون زبان نیست و همچون هر مفهوم دیگری توانایی خروج از محدوده زبان را ندارد. آدمی درون زبان جاریست …
.
1388 ـ سەقز