دوایین شەوی مینا
تێکۆشەر خالید
.
خۆی بە لاوە هیچ نەبوو، تەنانەت ئاوڕدانەوەیشی نەبوو، ئەوەی کاتێک بۆ دەرکەوتبوو کە زانیبووی کوڕێکە لە بەرگی کچاندا. ئەو ڕۆژە کۆتاڕۆژی بوو ڕووی دەرەوەی ماڵەوە ببینێت. «هەست بە تاریکییەکی بێئەندازە سامناک دەکەم» ئەوەی چەند جار بە من وتبوو. تەنیا ڕووناکاییی ژوورەکەی، ئەو پەنجەرەیە بوو. پەنجەرەکەیشی وەکو دەرکەیەکی داخراو دەهاتە بەرچاو. لەوێوە بەنیازی تەماشاکردنی هیچ شوێنێک نەبوو. هەموومان دەمانزانی هەرگیز خەیاڵی ڕاکردنی نییە، جگە لە ڕێحانە؛ ئەویش دایکێکی خراپ نەبوو، ئەوەندەی ترسی لە شکاندنی شکۆی ماڵەکەی بوو. دەترسا تێکەڵ ببێت و ببینرێت و ئاشکرا بێت. بەو هەموو قەڵەوییەوە و بە چاوە بادامییەکەیەوە، زیت و گورجوگۆڵ بوو، چەند مانگێک بوو ڕێی پێ دابوو، هیچ نەبێت لە پەنجەرەکەوە دونیا ببینێت.
پەنجەرەکە، چەند سەربان و هەورەبان و ئەوەی دەمایەوە بەبێ ئاسمان، شاخی عاشقانی لێوە دیار بوو. مینا تا ڕۆژێک بەر لە مردنیشی ئاسمانی نەبینی. ئەو ئاسمانەی هیچ بەهار و هاوینێک پەڵەهەورێکیشت پێوە نەدەبینی. بەردەوام ڕوون و شینێکی ئارامکەرەوە، شەوانیشی پڕپڕ لە ئەستێرە، کە جگە لە شاخەکە تەواوی سەربانی ماڵەکانی ڕووناک دەکردەوە.
مینا سەرەتا وای دەزانی، دونیا هەر ئەو چەند ماڵەیە کە خۆیان داوە بە قەدپاڵی ئەم شاخەوە، من فێری نووسین و خوێندنەوەم کرد، پاشان کتێبە کۆن و تۆزلێنیشتووەکانی باوکمم بۆ دەبردە ژوورەکەی؛ ئەوە چاوی کردەوە. ئەوەم پێ خراپ بوو، یان ڕێحانە ئەوەی بە لاوە خراپ بوو. تەنانەت شکاندنی وەسێتەکەی باوکیشم لە دڵم دەرنەدەچوو، کە نەدەبوو دەرکەی ئەو ژوورەی تا پەنجاساڵیی تەمەنم بکەمەوە. بەهەرحاڵ ئەوە چیرۆکێکی ترە. دوو شەو بەر لە مردنەکەی، هەموو نامەکانی مینام خوێندەوە. بەردەوام نامەی بۆ دیوە کوڕانەکەی خۆی دەنووسی، بۆ ئەو کەسەی لەوانەیە کچ بێت لە بەرگی کوڕاندا، خەیاڵی ئەوەی دەکرد لەگەڵ کەسێکی پێچەوانەی خۆی هاوسەرگیری بکات، دڵنیا بووم لەوەی هەرگیز ئارەزووی ئەوەی نەبوو هاوسەرگیری بکات، ئەوەی لە پێناو شکۆی خێزانەکەیدا دەویست.
ڕێحانە هەموو هەینییەک بۆ نوێژی نیوەڕۆ دەچووە بەشی ژنانی مزگەوتی مەلای گەورە، مینا هەموو هەینییەک کاتی گریانی بوو، لەبەر چاوی هیچ کەسێکدا نەدەگریا، لە بنمیچی ژوورەکەی دەڕوانی و دەگریا، بەردەوام دەرکەکەیشی بە نیوەکراوەیی پێوە دەدا. ئەوەی بە لاوە گرنگ نەبوو، بەڵام نەیدەهێشت هیچ کەس هەست بە لاوازییەکەی بکات. من ئەو شەوەم هەرگیز لە بیر ناچێتەوە؛ چاوی لەسەرم لا نەدەبرد، وەک گورگێکی پیر کە هێشتا ورە و ئازایەتی تێدا بەدی دەکرێت. سەیری ناو چاوەکانی دەکردم، تەواوی کۆتایییەکانی بێدەنگ بوو، چاوەکانی لەبەر تریفەی مانگەشەو دەبریسکانەوە.
لە بوونی میواندا، سفرەکەی ڕادەخست و چێشتەکەی تێ دەکرد. ئارەزووی لەو کارە نەبوو، بەڵام بۆ شاردنەوەی ئەوەی کە کوڕێکە لە پێست و شێوەی کچانەدا، ناچار دەبوو سفرەکەیش پاک بکاتەوە. خۆی دەیوت «بە هاتنەوەی ئێوارانی باوکم و بێزارییە لەڕادەبەدەرەکەیدا، دەمزانی کە کاری پیاوان چەند قورس و بێزارکەرە، بەڵام بە ڕاستی کاری کچان لە ماڵەوە، وێرانکەرتر لەوەیە کە دەربارەی قسەت بۆ بکەم.»
ڕێحانە بە دزییەوە، بێگومان بە دزی منیشەوە کە کوڕی بووم، بەردەوام چەند قەد پەڕۆی لەسەر سنگی دادەنا و بە پارچەپەڕۆیەک دەیبەست، چونکە خۆی کەمێک مەمکی هەبوو، ئەمە بۆ مینا تەواو بێمانا بوو، بەڵام ڕێحانە سوور بوو لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەو بە تەواوەتی لە کچ بچێت. بگرە هەموو هۆش و بیری لای ئەوە بوو کە دیوە کوڕانەکەی بشارێتەوە. لەو بارەیەوە گلەیی لێی نەبوو، هەرجار لە حەمام دەهاتە دەرەوە، ئەو کارەی بۆ دەکرد، زۆریش دەگریا. مینا لەبەر چاوی ئەو هیچ شتێکی نەدەکرد، تەنیا نیوەڕانی ڕۆژانی هەینیش دەگریا. پێم وا بوو کە لەوانەیە خۆی وا پێی خۆش بێت. بەڵام ئەو هیچ شتێکی پێ خۆش نەبوو.
چونکە میوانێکی زۆرمان هەبوو، کەمێک درەنگ چوومە جێگاوە، بەڵام زۆر زوو خەو بردمیەوە. سبەی درەنگ لە خەو هەستام، مینا هەڵیستاندم. «کاکە… براکەم… هەستە، دەرەوە پڕ بووە لە دەنگەدەنگ، دەرگایە، دایە لە ماڵەوە نییە… کاکە هەستە…»
بە چاوی نیوەکراوەوە، فرمێسکی چاوەکانی مینام بینی، بەسەر سەرمەوە بوو، وەک نەوڕەسێک کە لە بۆسەی ڕاوچییەکانی ئاگەدار و وریا بێت، بۆ یەکەمجار هەستم دەکرد کە دەیەوێت بەڕاستی لە ماڵ هەڵبێت. ڕاپەڕیم و جلەکانم لەبەر کرد، یەکەمجاری بوو من ببینێت بە ڕووتی، پێشتر هەرگیز هیچ کاتێک نەهاتبووە ژوورەکەی من… لەشم مچوڕکەیەکی سەیری پێدا هات. نەمدەویست ئەوە بزانێت. بەڵام کار لە کار ترازا بوو… دەستەکانی بە دەمییەوە گرت و ڕایکردە دەرەوە… بانگم کرد… هیچ وەڵامێکم نەبیست… شپرزە بووم، بە خواروخێچی قۆپچەی کراسەکەمم داخست و پانتۆڵەکەم هەڵکێشا و چوومە بەردەرگا؛ تەنیا خەیاڵیشم لای ئەوە بوو کە مینا یەکەم کەسی ئەم ژیانە نەفرەتییەی منە؛ ئەو یەکەم کەسە کە دەزانێت من بە پێچەوانەی ئەوەوە کچێکم لە پێستێکی کوڕانەدا… ئەو کاتە لە دڵی خۆمدا، هەرچیی نەفرەتم لە خۆم و مینا و ژیانە بێماناکەم دەکرد، بە لامەوە کەم بوو.
دەرکەم کردەوە و مەلا جەمیل، نوێژخوێنی مزگەوتی مەلای گەورە، بەبێ سڵاو پێی وتم «ئەو خوشکەت بهێنەرە دەرەوە، دەبێت بەردباران بکرێت، لەوەتەی ئەو گومڕایە لەناوماندایە، دڵۆپێک باران نەباریوە، ڕەحمەتی خودای گەورەمان لێ گیراوەتەوە…» زۆرێک لەو قسانەی کرد، بەڕاستی ئاگام لە هەموو قسەکانی نەبوو. بێ ورتە چوومەوە ژوورەوە، بەبێ ئەوەی دەرکەکە دابخەم. ئەوە دڵنیایی پێ دان کە من بە خۆم و میناوە دێمەوە دەرەوە…
چوومە ژوورەکەی باوکم و تفەنگەکەم توند بە دەستەوە گرت. کارێک کە دەبێت من بیکەم بەر لە گەیشتنەوەی دایکم، بڵاوەپێکردنیانە. بۆ چەند خولەکێک ئاگام لەوە نەما کە مینا لە سەرەوە خەریکی چییە. چوومە بەردەرکە و میلی تفەنگەکەم هێنایەوە. پاڵم دایەوە بە دەرکەکەوە و جگەرەیەکم داگیرساند. مەلا جەمیل ویستی بێتە پێشەوە، فیشەکێکم نا بە ئاسمانەوە و ددانەکانم جیڕ کردنەوە… وردەوردە خەڵکەکە بڵاوەیان لێ کرد، هەرچەند ژاوەژاو و وشەڕستەی نێرەمووک، جنۆکەیە، خوا بە نەعلەتی کردووە، دەبێت بکوژرێت… وەک برووسکە لە سەرمی دەدا، بەڵام بێدەنگ بووم و نەمدەتوانی هیچ کاردانەوەیەکم هەبێت، دڵنیا بووم کە شەو دێنەوە، ئەوە تەنیا بیرکردنەوەی من بوو. ئاگام لە ئاشکرابوونی خۆم و حاڵی ئەو چرکەیەی خوشکەکەم نەما. چونکە دەبوو درەنگتر لە پیاوان، ژنان بێنە دەرەوە. ڕێحانە درەنگتر هاتەوە ماڵەوە.
دەموچاوی گرژ بووبوو. «دەبێت هەر ئەمشەو کارەکە تەواو بکەیت…» ڕێحانە ئەمەی لە دەم هاتە دەرەوە و چووە ژوورەکەی خۆیەوە. کەمجار لە دەمم دەهاتە دەرەوە، بە دایە بانگی بکەم؛ بە دایە بانگم کرد، بەڵام بێوەڵام بوو. دایکێکی خراپ نەبوو، زۆر چاودێریی منی نەدەکرد، بەڵکو گرنگیی زیاتری بە مینا دەدا. منێک بە تەنکەڕیش و سمێڵێکەوە و تازە تفەنگبەدەستیش بووم، سەبارەت بە من، لە خەم ڕەخسابوو. دەبوو هەر ئەمشەو کارەکە تەواو بکەم، دەمزانی ئەگەر ئەوە نەکەم، هەر ئەمشەو دێن و ڕێحانە و منیشی پێوە دەکوژن، ئەوەی کە وەکو من کێشەی جەستەیی هەبوو، بەس نەبوو، تۆمەتی زۆرتریان بۆ درووست کردبوو. تۆمەتبەخیشنەوەش لەم شوێنە دوورەدەستە، بێگومان لە تاوان کەمتر نییە، بگرە خودی تۆمەتبار، تاوانباریشە و سزاکەی بەردبارانکردن و کوشتنە.
تفەنگەکەم کردە شانم و بانگی مینام کرد، بێوەڵام بوو.
چوومە ژوورەوە، لەسەر تەختەخەوەکەی دانیشتبوو، هەرگیز ئەوەندە جوان نەمبینیبوو. چاوەکانی دەبریسکانەوە. بزەیەکی شیرین کە زیاتر خەمگینی دەکردیت؛ کەوتبووە سەر لێوەکانی. جلی دەرەوەی نەبوو، یان من هەرگیز بەو جلانەوە نەمبینیبوو. بەبێ ئەوەی هیچ بڵێت، هەستا و باوەشێکی پێدا کردم. چاوەڕوان بووم، بپاڕێتەوە؛ یان هیچ نەبێت بکەوێتە سەرئەژنۆ و دەست بە گریان بکات.
عەزیەکەی کەمێک هەڵکرد و بۆ یەکەمین جار، پەنجەرەکەی کردەوە. سەیرێکی دەرەوە و ڕووناکییە کزەکانی ماڵەکانی کرد. هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و بەبێ ئەوەی سەیری من بکات، لە دەرکەی پشتەوە، کە زیاتر دەرکەیەکی نهێنی بوو، چووە دەرەوە. من پێم وا نەبوو، ئەو دەرکە نهێنییە بۆ ئەو ئەوەندە ئاشکرا و ڕوون بێت. بەڵام تێگەیشتبووم لەوەی کە ڕاکردن لە مردنیش بۆ ئەو، کارێکی بێمانا بوو. ئەو بەردەوام هەستی بە تاریکییەکی بێئەندازە سامناک دەکرد، بۆ منیش دونیا هەر ئەوە بوو، تاریک و سامناک و بێمانا. تەنیا شتێک کە من هەستم پێ دەکرد، پێم وا بوو، مەمکە-لە-پەڕۆ-درووستکراوەکانی دڵخۆشی دەکردن، دەستی لێ دەدان و لە بەردەم ئاوێنەکەدا، جاروبار خۆی با دەدا.
بەبێ ئاوڕدانەوە، کەوتینە ڕێ، دڵنیا بووم لەوەی ئەگەر ئاوڕ بدەمەوە، دایکم دەبینم، کە دەگریا، بەڵام ئەوە کاتێک مینای لە باوەش کرد، تەواو قوڕگی پڕ بووبوو لە گریان. دڵنیا بووم کاتێک ئێمە بەجێمان هێشت، لە ژوورەوە دەگریا.
زوو زوو لە تاریکییەکەدا لێم ون دەبوو، پەلی دەکوتا و دەکەوت. چاوی بە هەموو شوێنێکدا دەگێڕا. واقوڕماو و بێسرتە. هەستم دەکرد جگە لە قاچەکانی، کە بە شاخەکەدا سەر نەدەکەوت، بەهێزترین کەسی ناو دونیا نەفرەتییەکەی ئێمە بوو. مینا بە پێیەکانی خۆی، بەبێ ئەوەی هیچ بڵێت، بەرەو مەرگی خۆی هەنگاوی دەنا. زیاتر لە جاران بیرم دەکەوتەوە، لە ماڵەکەدا، چەند پێویستم پێی بوو، ئەو هەموو چاودێرییەی من بۆ ئەو، تەنیا لە خۆشویستنمەوە بوو. بەڵام ئەو هیچ شتێکی بۆ گرنگ نەبوو.
سپیدارەکانمان تێپەڕاندبوو. لە دێ دوور کەوتبووینەوە، لە دوورەوە دەنگی خەڵکی و هەراوزەنا دەهات. بەڵام ئێمە لەناو گژوگیاکاندا لەچاو ون بووبووین. شوێنێکی ئارام بوو، هەرچەندە نائارامییەکانی ئێمەی نەدەڕەواندەوە. کەمێک چاوەڕێم کرد و مینام پێش خۆم خست. بەبێ ئاوڕدانەوە، بە هەنگاوە لێبڕاوەکانی، دەچەمایەوە و هەڵدەستایەوە و ڕێی دەکرد. فرمێسک بەری چاوی گرتم. بەر لەوەی فیشکەکە بتەقێنم، پەشیمان بووم. بەڵام تەقاندم و نام بە میناوە. کەمێک وەستام، پاشان چوومە لایەوە، دانیشتم. تەنکەئارەقێک هەموو گیانمی داپۆشی. لەو کاتەشدا دڵنیا بووم، کە نایەوێت هیچ بڵێت. تەنیا وشەیەک، لەژێر لێوەکانییەوە، کە بە ئاستەم تێیگەیشتم… «عومەر…»
لەسەر گیا شێدارەکە پاڵ کەوتبوو، دەتگوت بە جارێک هەموو گەرمیی لەشی دەردەچێت، قوڵپی خوێن و هەڵاوێک لەناو سکییەوە هەڵدەچوو.. گوللـەکە کوناودەری کردبوو. چاوەکانی لەبەر تریفەی مانگەشەو دەبریسکانەوە. دەمبینی کە بزەی سەر لێوەکانی هەر ماون، ڕووخساری لە جاران ڕوونتر و جوانتر دەردەکەوت. سەیری دەکردم، پاشان چاوەکانی لە سەیرکردنی من هەڵگرتن و بەبێ ترووکاندن، تەماشای ئاسمانیان دەکرد، وەکو ئەوەی کە بڵێت هەرگیز لێی تێر نابێت. خوێنەکەی تێکەڵی خاکەکە بوو، چنگێکی لە گیا شێدارەکە گیر کرد و لە جووڵە کەوت.
بە تەنیشت میناوە ڕاکشام، هەستم بە شێداریی گیاکەی بن خۆم و کزەیەکی سارد کرد، چاوەکانم لێک نان و گوێم لە دەنگێک بوو، کە لە دوورەوە بەرەبەرە نزیک دەبووەوە.
«وەرن، دڵنیا بن لەم ڕێگەیەوە ڕۆیشتوون، بەم نزیکانە دەیاندۆزینەوە..».