خوێندنەوەی رۆمانی “لاپەڕەکانی وارۆنا” نووسینی ڕەزا رۆستەمی

سۆران موحەمەدی – سەقز

.

یەکەم: داڕشتنی رۆمان وەکوو فۆڕم

    هەروا کە لە ناوی کتێبەکە دەرئەکەوێ فۆڕمی رۆمان لە گێڕانەوەی لاپەڕەکاندا دێتە ئاراوە، جا ئەو لاپەڕانە نامە بێت (ل ٤٥ تا ٤٨) یان هی ئەو دۆسیانە بن کە پەڕەکانی دێنە گۆ و نهێنی خۆیان دەردەخەن، ئەم ئەرەکە خراوەتە سەرشانی زێرەڤان کە لە کۆتایی ڕۆماندا دەڵێ: ل ۹۵ «دوای من کێ بەسەرهاتی ئەو بەڵگانە بخوێنێتەوە! تەواوی بەڵگە و ئازارەکانی ئەم شارە چاویان لە منە» هەنێ لە گرێ داستانییەکان بە یارمەتی (یوانا) دەکرێنەوە، یوانا کەسایەتیێکی ناو کتێبێکی زێرەڤانه کە لە کاتی سووتاندا دێتە زمانوو بە هەڵقرچاوی هەتا کۆتایی لەگەڵماندایە، یان پاک بوونەوەی نامە خەتکێشراوەکان بە سەیر کردنی زێرەڤان (ل٤٨) و قسەکردنی ئامێرە موسیقاکان وەکوو تەمبوور و پیانۆ، بەم چشنە رۆمان لە رئالیسمی جادوویی نزیک دەبێتەوە، زۆرجار یوانا وەک نوێنەری ئەقڵی جەماوەر قسە دەکات و بژاردەبێژیەکان لە رۆماندا بە ئەستۆ دەگرێ!

شوێن: شوێن لەم رومانەدا بە تایبەتی ناو نەبراوە، ئەتوانی هەر شوێنێکیی کوردستان بێت، چەندین هێما بۆ دۆزینەوەی شوێن لەم رۆمانە بەر چاو ئەکەوێ، وەک وڵاتی تەمبوورژەنان کە ئەکرێ دەڤەری کەلهۆڕ بێت، یان وەک هێنانی کلیسا و خاچ کێشان کە رەنگە بۆ لای دهۆکمان بەرێ و سوێند بە ئەهوورامەزدا و شەڕکردن لەگەڵ ئەهووراکان بیری زەردەشتیەکان لە هەولێرمان دەخاتەوە، ئەنجام گێڕانەوەی چیرۆکی حاجی و فڕدانی بەڵگەکان بۆ سەربان و قەزییەی مارەبەجاش! شاری سەقزمان وەبیر دێنێتەوە، سەرنج ڕاکێش ئەویە ناکرێ بە هیچ کام لەم شوێنانە پشت ئەستوور بین، هەر کات بۆی هەیە رووداو لە هەر شوێنێکی ئەم کوردستانە روو بدات و پابەند بە شارێک و شوێنێکی تایبەت نەبێ.

کات: کات لەم رۆمانە پچڕپچرە، هەڵبەت بەشێوەیێکی هێڵی نییە، رووداوەکان پاش و پێشیان پێ دەکری تاکوو ئەنجامی داستان خۆی نەدا بەدەستەوە و لە کۆتایی دا دەلکێن پێکەوە

بگێڕ: رۆمان بە بگێری سێهەم کەسی تاک واتە (بگێڕی هەمووشت زان) دەستپێدەکات، بۆ دەرباز بوون لەم تاک ڕەهەندییە یەکەم کەسی تاک واتە زێرەڤان جار جار دێتە ئاخافتن، ئاڵووگۆڕکێی بگێڕەوکان زۆر بەجوانی ئەنجام دراوە و خوێنەر تووشی سەرسامی ناکات، واتە لەو شوێنەی پێویست بە گۆڕێنی گۆشە نیگا و دەلاقەیێکی دیکە بووبێت نووسەر بە وردی بە بگێڕەوەکان جێگۆڕکێی کردووە و پانتایێ بەرینتری لە رووداوەکان خستوەتە بەر چاو.

زمان: رەنگە لاوازی ئەم رۆمانە زیاتر لە بەشی زماندا ببێ کە ئێمەیش زیاتر قسەی لە سەر دەکەین و لە پێشدا چەن نموونە لە شێوازە جۆربەجۆرەکانی رۆمانی کوردی دێنمەوە:

ئەگەر رۆمانەکانی بەختیار عەلی مان خوێندبێتەوە بە ڕوونی دیارە کە زمانێکی فەلسەفی خەست بە سەر تەواوی رۆماندا زاڵە و بێجگە لە زمانی بگێرەوە، زمانی ئاخافتنی کەسایەتیەکانیش هەر یەک شتە و لە مامۆستای زانکۆوە بگرە هەتا شێتی ناو نەخۆشخانەکان بە زمانێکی فەلسەفی دەدوێن، هەڵبەت کاتی خۆی لە خوێندنەوەی رۆمانی هەورەکانی دانیال دا بە چڕی باسم کردووە

ل٣٢٩ هەورەکانی دانیال – بەختیار عەلی

نەقیب: شەڕ بە زۆروو کەمی نییە، شەڕ بە ئیرادەی جەنگاوەرە، هێزێکی بچووک کە مەشقی تەواوی هەبێت و ئیرادەی شەڕی هەبێت باشترە لە هێزێکی گەورەی ناڕێک، زۆرجار هێز بە هۆی گەورەییەکەیەوە تێکدەشکێت، جگە لە مەشق و ئیرادە دوو گرینگترین شت لە جەنگدا زانیاری ورد و ناسینی دووژمنە. بە حەسرەتێکەوە سەیرم دەکات و منیش دەڵێم: ئێمە ئەوەمان نییە زانیاریمان کەمە، دوژمنیش ناناسین، لەم هەرێمەدا کەس کەس ناناسێت، ئەم میللەت و دیانەت و زمان و مەزهەبانە هەزاران ساڵە بەیەکەوە دەژین، بەڵام هەر غەریبین بەیەک. دەوەستێت و سەیرێکی چیاکان دەکات و دەڵێت…

لە رۆمانەکەنی عەتا نەهایی و شێرزاد حەسەندا، زمانی ئەو کتێبانە زمانی پێوەر و ئێستانداردی کوردییە کە کاتی خۆی کۆڕی زانیاری کورد جەختی لە سەر کردووە، واتە تەنانەت زمانی ئاخافتنی کەسایەتییەکان و دیالۆگیان هەر بەو زمانەیە و لای نەداوە، هەڵبەت لە قوتابخانەی رئالیسمدا لەوە زیاتر رچاو ناکرێ.

ل ١٩٦گرەوی بەختی هەڵاڵە – عەتا نەهایی

هەڵاڵە: ببوورە شێرزاد گیان من دەبێ بڕۆم، دەبێ بچم بۆ شوێنی کارەکەم، دەبێ بچم بۆ قوتابخانە… بۆ ماڵەوە،… بچم بە لای دەرسەکانمەوە…

شێرزاد دادەچڵەکی، تەنکەخمێک دەنیشتە سەر روومەتی ماندوو و نائومێدی و، دەیگوت؛ لانیکەم با رۆژێک پێکەوە بین، تۆ ئەو هەمووە خۆت بۆ من ماندوو دەکەیت و شوێن کارووبارم دەکەوی، لانیکەم فرسەتی ئەوەم بدەرێ بچینە شوێنێک و قاوەیێک پێکەوە بخۆینەوە.

ل٦٦ تەمی سەر خەرەند – شێرزاد حەسەن

هەمیشە هەڕەشەی لێ دەکردم کە ئەگەر مەڕێکی دیکەم هەڵدێرێ یان گورگ زەفەری پێ ببات باوکە هەڵمدەواسێ، هەموو جارێک غەمگینی دەکردم و دەیوت: واز لەم شیرینە بێنە… ئەم شیرینە شوو دەکا و تۆ هەر شوانی بەرغەلی، پەلە مەکە… شیرینی خۆت هەر پەیدا دەبێ.

نموونەی سێهەم رۆمانەکانی سراج بناگەر وەکوو چاوشارکێ و قولولولووە کە یەکسەر بە زمانی ناوچەی ئەردەڵان و سنە نووسراوە، واتە هەم زمانی بگێڕ و هەم زمانی کەسایەتییەکان بە زمانی سنەییە.

ل ١٠٠ قولولولوو – سراج بناگەر

یەک دەفحە هەڵپەڕیمە سەر خوەم و وەک گولەی وێڵ هاتمە خوارەو دەرچوومە بەردرگایان و تەقتەق نیشتم پێەو!  فەورەن سەیزا بە بۆخچەی بن دەسیەو لە بەر دەمما حازر بوو. وەلێ وەختێ چاوی پێم کەفت وتی: -ئەیەڕۆ حەیاتەکەم! تۆ لێرا چائەکەی؟  جا ئیشارەی کرد لە بۆخچەکەی بن دەسی  -وا دات لە درگا، وتم بەخوا کەسێ تواوی کردگەو هاتگنە شۆنم بچم خەڵاتی کەم. دەی کارەکەو چەس باوکەکەم، سەیفەت گەرەکە؟  -پرسیم: ها لە ماڵا؟  جواومی داوە: کوڕە نەوەڵا. دایک مردگ خەریک کرێکارییە. بۆچە نازانی؟  – وتم: بۆچە نە! وتم شایەد ئەمڕۆ بێکار بێت. دەی لاوە خواحافز!

نموونەی دوایی کارەکانی شارام قەوامیە وەکوو رۆمانەکانی سوهەیلا و بیربا،  بۆ نموونە لە رۆمانی بیربادا زمانی بگێڕەوە زمانی پێوەر و ئیستانداردی کوردیە، بەڵام بۆ هێنانە ئارای دەنگی دیکە دیالۆگەکان بە جیاوازییە زمانییەکان دێنە ئاخافتن و کاشی فرۆشی هەولێری بە زاراوەی دەشتی هەولێر قسە ئەکات، کەسایەتی سەرەکی زمانی قسەکردنی سنەییە و تەنانەت پێم وابێ شۆفێرەکەیش بە زمانی کەلهۆری و کرماشانی قسە ئەکات، خوێنەر خۆی لە بازنەی هەمەرەنگی زاراوە شیرین و جیاجیاکانی کوردستان دەبینێ و ئەو هەموو پچڕانە کاتی و شوێنەی ناو رۆمان لەگەڵ باروودۆخی ئاڵۆزی رۆماندا هاوتەریبە.

ل ٢٨٠ بیربا – شارام قەوامی

لەسەر دیجلە ئەنگووستەچاوێکە چاوچاو نابینێ لەو بەرەوە کۆشکەکانی سەدام کە ئێستا شوێنی حەوانەوەی ئامریکاییەکانە چراخانە، بە درێژایی دیجلەدا تا چاو هەتەر دەکا گڵۆپەو ئەگەشێتەوە، سالار شریتە عەرەبیەکە دەردێنێت و شریتێکی کوردی دائەنێ، -سالار  –بەرێ  –ئەو شریتە بگۆڕە، دیانا حەدادەکە دانێ  -بزر بووە نازانم لە کێندەرێم دانایە  -بەم نیو سەعاتە کوردایەتیمان پێ ناکرێ دیانا حەدادەکە دانێ  -ئەمە هەمیشە گوێ لە عەرەبی دەگرین، ئەو لۆ گوێ لە کوردی ناگری.  دەنگی ئاهەنگی موتزارتی موبایلەکەم دەناسمەوە، کابراخاسە -کابراخاس حاڵد چووینە؟  -خاسم هاینە کوو؟ئەحواڵ نیەپرسن.  –هایمنە ناو شار، دیریم تییمنەو. تۆ هایە کوو؟  -هامە ماڵ ڕەفیقێگم.  –شەو وەورە وەسید؟  -نیەزانم. بووسم؟  -دڵت توای هەر وەورە بووس.

لە رۆمانەکەی رەزا رۆستەمیدا لەگەڵ ئەوەی کە پێدا چونەوەی لە سەر کراوە، بەڵام زمانەکە یەکدەست نییە و لە هیچ کام لەو نموونانەی لە سەرەوە باسم کرد خۆی ناگرێتەوە، هەم زمانی بگێڕەوەی سەرەکی واتە سێهەم کەسی تاک ، هەم زۆربەی کەساییەتیەکان لە نێوان زمانی ناوچەی سەقز و زمانی پێوەردا ماونەتەوە و نازانن بە کامی بدوێن، وای لێ هاتووە لە یەک رستەدا هەم بگێرەوە و هەم کەسایەتییەکان لێیان شێواوە و ئەم دوو زاراوەیان تێکەڵ کردووە، دیارە زمانی نووسین جیاوازی زۆری لەگەڵ زمانی ئاخافتندا هەیە، بۆ ئەوەی کە دەنووسرێتەوە  و دەبێ لە پێشدا گەڵاڵەی بۆ دابین بکرێ کە بە چ شێوازێک دەمانەوێ بینووسین، ناکرێ ئەم شێوە دەربڕینانە تێکەڵ بکرێت، بەڵێ دەکرێ زمانی بگێڕ زمانی پێوەر بێت و زمانی کەسایەتییەکان زمانی خەڵکی ئاسایی، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، بەڵام کاتێ لە ناکاو لە مابەینی زمانی پێوەردا چەند وشەی ڕەسەنی ناوچەی سەقزی دێت خوێنەر تووشی پەشۆکان دەبێ، رەنگە منی سەقزی زۆر دانەچڵەکم بەڵام ئەم شێوە دەربڕینە لە دەقدا جێی خۆی نەگرتووە.  نموونەکان:

ل p و Q کەژاڵ و پیرەپیاو : ئەو پیاوانە ئێستا دێن بۆ ئێرە بووکەکەت لێ بستێنن. رەنگە دەنگی مامەیشت دەربێرن. بانگت ئەکەن. نەخەڵەتی وەڵام بەیتۆ. ئەگەر وتیان نوقڵیشیان بۆ هێناوی ورتەت لە دەمۆ نەیێت! – ئەگەر دەنگتان لێوە نەیێ ئێوارە جگە لە نوقڵ، کولێرەیشتان بۆ ئەسێنم لە زمانی کەژاڵەوە: گیان، کولێرە، باوکم هەموو رۆژێ بۆمانی دەکڕی. ئەو پیاوە وتی: نە بەقوربان مامەت نەهاتووە. خۆم ئێوارە نوقڵت بۆ دەکڕم. (کە ئەم دەکڕم- ئەسێنم – دەربێرێ زۆر زەق و بەرچاوە و لە دەقدا ناکۆکە، دیسان ئاماژە دەکەم زمانی محاورە و ئاخافتن لەگەڵ زمانی پێوەر جیاوازە، دەکرێ ئەم پیاوە یان ئەو منداڵە بە زاراوەی سەقزی قسە بکات، هەر وا کە لە نموونەی رۆمانی بیربادا هێنامەوە، بەڵام دەبێ تا کۆتایی بەو چەشنە بێت، ناکرێ هەر ئەو منداڵە لە یەک ڕستەی خوارتردا و هەر لە ناو ئەو دیالۆگەدا زمانی بگۆڕدرێت بۆ زمانی پێوەر، جیاوازی زمانی رۆمان لەگەڵ ژانرەکانی دیکە لە پاراو بوونی زماندایە)

دیالۆگ ل5 شێخ: هەر کاتێ ئەم جەحەنمیانە دەبینم دەکەومە لەرزین، ئەڵبەت بۆ ئەوەی لە ئەو ئاگرە رزگاری بێ دەبێ خۆی بە دڵ حەز بکا، کوڕی خۆم حەز دەکەی لەو ئاگرە رزگارت بێ؟

هەر ئەو شێخە هەر ئەو لاپەڕە : ئەم جەحەنەمیەتان بۆ ئێرە بۆ هاوردە؟ لایوەن لە بەر چاوما. بیوەن بیتۆپێنن. چەن ڕستە خوارتر: لە خوا بەزیاوبێ-  دیسان هاتە دەرێ – دەخوێنم…

ل ٤٥ دەبێ لێم خۆش بێ، لام وایە خەڵک ئەوەی لە دونیادا شک دەبەن، دەیانەوێ بیدەن و ئەو مەقامەی وا لە لایەن تۆوە پێم دراوە وە دەستی بێنن. هەمووی ئەم کەراماتەیش لە چاوی تۆوە دەبینم. گەر ئەو پیاو ئایینیەو لە سەر ڕێگەمدا دا نەدەنا نازانم ئێستا چارەنووسم چ دەبوو؟  هەر لەو لاپەڕە دا و سێ رەستە خوارتر: بەڵام قەت ناتوانن کڵاو بکەنە سەر من! ئەوەندە حەرامزاییم کردە و بینیمە، قەت ناتوانن فریوم بەن!  ئیتر ئەو زمانە پێوەرەی سەرەوە چۆن وەها گۆڕا نازانم!

ل ٧٠ و ٧١ ئەمڕۆ جەژنی لە دایک بوونتە. دەبێ خۆشیێکت پێ ببەخشم قەت لە بیرت نەچێتەوە مرۆڤ دەبێ لە ڕۆژی لەداییک بوونیدا ڕوو خۆش بێت! ئەویش لە بەرامبەر ئافرەتێک وا دەیهەوێ جەژنی شاهانەی بۆ بگێڕێت (زمانی پێوەر)– چەن ڕستە خوارتر: لە چی تۆرای وا نێو چاوانت لێم گرژ کردە؟ خۆ ئەوەی لە دەسم هاتووە بۆتم تەیار کردە.!!

رەنگە لەبەر ئەوەی زمانی دایکی نووسەر زاراوەی سەقزییە ئەم هەڵانە تا ڕادەیێک ئاسایی بێت کە هەڵبەت دەکرێ بۆ چاپی دووهەم بە بەسەرداچوونەوەیێکی جییدی دەق، زۆری دوورست ببێ.

هەڵبەت لە چەند شوێندا زمانی رۆمان لە زمانی شیعر نزییک بۆتەوە و هەناسەیێکی سووکی بەسەر ئەو هەموو رووداوە ناحەزەی ناو رۆمان دا کێشاوە و هیلاکی لە خوێنەر دوور خستۆتەوە و خامەی بە قووەتی نووسەر پیشان دەدات وەکوو لاپەڕەی 2 :

ئەو منداڵە دەستی کرد بە ژەنین، تەمبوورەکە چرۆی کرد و بوو بە باغی گول. گوڵەکان باڵیان لێ ڕوا، بوون بە پەپوولە. ئاسمانی شار پەپوولەباران بوو. هەر یەک و لە شوێنێ سەقام گیر بوون. یەکێ لە سەر قژی خاوی کچێ لە جێژواندا لەنگەری گرت. یەکێ لە سەر روومەتی کۆرپەیێ رەزا شیرین. لە سەر لێوی دایکێ لە کاتی خوێندنی لایلایە. یەکێ لە سەر قاپی عەکسێ… لە سەر تەختی سینگی گوڵ ئەسمەرێ. یەکێ لە سەر چاوی کوێری پیرەپیاوێکی چاوەڕوان.

ل ٢٤:

دەخولایەوە. دەخولانەوە. خشەی ئەو گەڵا زەردە وەریوانە، لەو خولانەوەدا ئاشقی دەکرد. سەری بەرە و ئاسمان هەڵبڕی بوو ئاسمانیش لە بازنەیێکدا دەخولایەوە، رێژنەی بارانیش لە سەر سەری دەخولایەوە و هەورەکان دەخولانەوە، سەرچڵی دارە پاییز لێدراوەکان دەخولانەوە. مێلۆدیای تەمبوورەکان دەخولانەوە. تەم و مژی دەمەو بەیان دەخولانەوە. گەڵا نیوە سەوز و نیوە زەردبووکان بە سەر سەریەوە دەخولانەوە. شەڵاڵەی ئارەق، تەڕایی باران بە سەر سیمایدا دەخولانەوە. هەنسکەهەنسکی ئەو سەرمەستییە لەو هەوادا، هەڵمی دەمی، پەڕەسێلکە کۆچریەکان، پارکی گشتی، کچی کراس زەرد لە سەر بایسیکڵ، لاستیکی بایسیکڵەکەی، سەدان بازنە لە ژێر پێیدا، هەر هەموویان دەخولانەوە. دەخولایەوە، دەخولایەوە دەخولایەوە دەخولایەوە دەخولا…

بەشی دووهەم، راڤەی دەق:

رۆمان بە کارەساتەوە دەپێدەکات، هەر لە ڕەستەی سێهەمی رۆماندا یەکەم شۆک دەدرێ بە خوێنەر و دەقی بێزراو بەسەریدا دەرووخێ: کافر تۆ بەسەر شووەکەتا، چلۆن توانیت لەگەڵ خەزوورەت بنووی؟

ئەم رووداوانە هەر لە سەرەتاوە قیزەونن هەتا کۆتایی، پێکهاتەی رووداوەکان لە چەن بەش پێک دێت: زۆربەی ژنانی ناو رۆمان دەسترێژیان پێ کراوە. یان بە زۆر و لە زینداندا، یان بە بچووکی و لە لایەن مێردە بە تەمەنەکانیاندا، یان تەنانەت لە لایەن کوڕکانیانەوە جا چ یاسای ئایین بێت چ بەدەم خەونەوە بووبێ!

زۆربەی منداڵەکان لە زیندان ئەتک دەکرێن و دەرزییان لێدەدرێ (رەنگە بە مادە هۆشبەرەکان) بەتایبەت منداڵی تەمبوورژەن (کە وای لێهات بێ ئەو دەرزییانە نەیدەتوانی بژی) ئیتر باسی هێلکەی کوڵاو با بمێنێ!

زۆربەی یان دەکرێ بڵێم تەواوی پیاوە ئایینیەکان فێڵبازن، یان وەک شێخێ تەماح دەکاتە بێوەژنان و ژنەحاجیان، یان پیلان دەگێڕن بە قسە و مۆعیزەکانیان.

تەمبوور لەم رۆمانەدا دەوری سەرەکی دەبینێت و تا کۆتایی رۆمان لەگەڵماندایە، تەمبوور هێمای ڕابوون و بەرخودان و رۆحی سەرکەشی مرۆڤی ناو رۆمانە.

کەشی تاریکی ناو رۆمان بیری دەقی ١٩٨٤جۆرج ئۆروێڵم دەخاتەوە کە هەموو شتێ لە ژێر چاودێریدایە و بەستێنی رۆمان ئیزنی هەڵمژینی هەوای تازە نادا.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە هۆکاری (لاپەڕەکان) لە گێڕانەوەی کارەسات چییە؟ ئەم ڕشانەوەی کوشتن و زیندان و ئەتک و خوێنە بەسەر خوێنەردا چ قازانجێکی هەیە؟ بۆچی دەبێ لاپەڕەکان لە کارەسات بردنی کەسایەتییەکان ئەوەندە زیادەرۆیی بکەن کە تەنانەت بۆ دابەزینی پلەی زێرەڤان، ژنی رەحمانی بێتاوان بکەنە قوربانی یان لە چیرۆکی کاشەریفی چاییچیدا، هەر بەو شێوە، وەک سۆزانیێک ژنەکەی بخەنە بەر چاو، ئەم هەمووە گێڕانەوەی تەجاوز و ئەتکە بۆ چی؟ ئەو هەموو باسی خیانەت و خوێن رشتنە چ پێوەستە؟ لە یەکەم وشەوە تا دوایین ڕستەکان لاپەڕەکان دەیانهەوێ بخوێندرێنەوە، دەچن بە گژی زێرەڤاندا لە دەس و پێی دەئاڵێن بەس بۆ ئەوەی دەروونیان ئاشکرا ببێ، ئەم قیرسیچمییەی بۆ چییە؟ لە وڵامدا دەکرێ بڵێن گێڕانەوەی کارەسات خۆی چەشنێ دەربازبوونە، هەڵڕشتنی بیرەوەری ناخۆش و دڵتەزێن دەبێتە هۆی ئارامی و سووکنایی رۆحی مرۆڤ، ئەوەی کە فڕۆید بە کاتاریزیس یان پاڵاوتنی دەروونی ناوی دەبات و جۆرێ پاک کردنەوەی نەستە، ژۆزێف بروێر بە خاوێن کردنەوەی دووکەڵکێشی دەروون نێوزەدی کردبوو. هەر ئەو کارەی دەروونناسان لە ژووری راوێژ دەیکەن، نووسەر لە زمانی لاپەڕەکانەوە دەیکات، نووسەر زۆر بە جوانی لە کۆتایی رۆماندا لە زمانی زێرەڤانەوە دەڵێ: (ئێوە نازانن کاتێ لە کۆڵان و شەقامەکان تێ ئەپەڕم لاپەڕەکان بە چ تامەزرۆییەک سەیرم ئەکەن. خۆ من هیچم لە دەس نایە بۆیان بکەم، تەنیا خوێندنەوەیان نەبێ. دەی غەدر نییە ئەوەیشیان لێ بستێنن. گەر ئەو دەرفەتەیشیان لێ بستێنن تۆق ئەکەن. ئێوە نازانن کاتێ بەسەرهاتی خۆیان دەگێڕنەوە چەن سووک ئەبن. حەز ئەکەن بدەن لە شەقەی باڵ و هەڵفڕن!) بەڕاستی وایە، یەکێ لە گەورەترین هۆکاری کێشە دەروونیەکان هەڵگرتنی بەتەنیایی کۆمەڵێ بیرەوەری ناخۆش و کارەساتە کە لە نەستی مرۆڤدا بوونەتە گرێیێکی سەرکوتکراو و ماونەتەوە و تووشی داڕمانی کردووە، بە گێڕانەوەی بەتایبەت لای کەسی لێهاتوو، وەک داگرتنی بارێکی قورس لەسەر شانی وایە، ئەرەستوو دەڵێ هونەر خۆی لە خۆیدا کاتاریزیسە و هەڵبەت زێدەتر لە تراژدێدا خۆی دەبینێتەوە، کاتاریزیس کۆتایی هێنانی ترسە و هاتنە گۆڕی بەزەییە، بەردەنگی تراژێدی لە سەرێکەوە ترسی تووشبوونی رووداوەکان، هاوشێوەی قارەمانی تراژێدی لێ دەنیشێت و لە سەرێ دیکەوە هەستێکی بەزەیی و هاودەردی بۆی هەیە، بەم پێیە ئەرەستوو کاتاریزیس لە هونەردا دەدۆزێتەوە، کە پێموابێ نووسەر بەم چەشنە ئامانجی خۆی پێکابێ.

هەڵبەت لە ڕۆماندا چەن فاکتی دیکەی بۆ خوێندنەوەی دەروونناسانە تێدایە وەکوو:

ل ٤٥ دا زۆر بە وردی نیشانەکانی مرۆڤێکی نەخۆشی دەروونی بە شێوەی تەداعی ئازاد پیشان ئەدات، بەتایبەت کاتێ ئاغامحەمەد لە نامەیێکدا هەموو داڵغەکانی زەینی خۆی دەخاتە ڕوو، بۆچوونەکانی، ئەو شتانەی بەردەوام دنەی دەدا ئەنجامی بدات، پاساودانەوە بۆ کارەکانی. من ئەم بەشەم پێ دەقێکی سەرکەوتووە.

رەنگە بە خوێندنەوەیێکی فرۆیدی بکرێ رووداوی لاپەڕەی ٨٠ بخوێندرێتەوە ئەوەی کە لە بەر یاسای ئایین، دایە رەزبار هێلە سوورەکانی تێپەڕاند و شووی کرد بە کوڕەکەی و نەیهێشت بزانێ ژنەکەی دایکیەتی،(ئێستا دایە رەزبار یەکێ لە پیرانی ئەو ئایینە پیرۆزەیە!!) بە داخەوە ئەم بەشەی رۆمان زۆر بە خێرایی بە سەریدا تێپەڕ دەبێ و کاری لەسەر نەکراوە، دەنا دەکرا بە پێی گرێی ئۆدیپ بخوێندرێتەوە،

یان ل ٨٧ کاتێ پیرەپیاوی زیندانی، چارەنووسی خۆی دەگێڕێتەوە، ئەوەی کە کورەکەی دایکی خۆی دەکاتە خەو و ئەتکی دەکاتو و سکی پڕ دەکات، بە خوێندنەوەی فڕۆیدی زینای مەحارەم دەکرێ شیکاری بکرێ بەڵام بەداخەوە دیسان زۆر بە خێرایی بە سەر ئەم رووداوەدا تێپەڕ دەبێ و رێگای خوێندنەوەی دەروونشیکارانە نادات، هەڵبەت جێی خۆیەتی بڵێم کە نووسەر ڕقی لە هەرکام لە کەسایەتییەکان بووبێ ناوی نەناوە و پێی گوتووە پیاوەکە، ئەو پیاوە…

هەرچەن دەکرێ خودی نووسەر واتە کاک رەزا رۆستەمی بە پێی رووداوەکانی ناو رۆمان رەوانکاوی بکرێ و قسەی زۆر لە سەر دەکرێ کە ئەمە کاتی خۆی دەوێ.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا