دیدارێکی ئەدەبی لەگەڵ سەردار نۆڕی | چاوپێکەوتن | ئارام حاجی


ئا: ئارام حاجی

.

سەردار نۆڕێ (سەردار حەمید خورشید)، شاعیر و شێوەکار و هایکۆنووسی کوردستانی، ساڵی ١٩٨٥ لە شاری کەلار لە دایک بووە و هەر لەم شارەیش دەژی.

بەڕێوەبەری “یانەی هایکوی کوردی‌” و بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری “هایکیست”‌ـە.

خاوەنی دوو کتێبی چاپکراوه بە ناوەکانی:

  • پۆرترێتی ئەندێشەکانی فڕین- شیعر۲۰۱٤
  • کەوتنەخوارەوەی مەراق-دیوانی هایکو ۲۰۱۹

سەردار نۆڕی ئێستا مامۆستای “پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی کفری”ـیە. لە درێژەدا بەشێک لە دیمانەیەکی هاوکارمان ئارام حاجی لەگەڵ کاک سەردار دەخوێننەوە.

ئارام حاجی: جوینەوە و دووبارەکردنەوەی هەناسە شیعرییەکانی پێشووتر، وادەکات نووسەر بکات بە پیشەوەری دەق، نەك ئافرێنەری دەق. بەڕای ئێوە، ئێستا لە باشوور، هایکو لە کام قۆناغەیاندایە؟   

سەردار نۆڕێ: ئەگەر وابێت، کەوایە لە دنیادا زۆربەی نووسەرەکان پیشەوەری دەقن و کەمتر ئافرێنەرن، چونکە تەنانەت داهێنەرەکانیش گشت بەرهەمەکانیان داهێنان نین. هەروەها سەرەڕای هەندێ جوینەوە، وەکئەوەی کە لە هەموو ژانرەکاندا هەیە و سوودیان لە ژانرەکانی تر بینیووە، بۆ نموونە چەندان تێکستی شیعریی بەرز هەن کە لە هەناوی ڕۆمانێک یان بیرۆکەی چیرۆکێکی پێش خۆیانەوە و یان ڕووداوێکەوە کە پێشتریش لەسەری نووسراوە و …هتد وەرگیراون. یان هەمان کات یانیش لە کاتی جیاوازدا کەسانێک/نووسەرانێک هەریەکەو بە ژانرێکی جیاواز.. بابەتێک، باسێک، تێمایەک و ڕووداوێکی کردووەتە بەرهەمێکی ئەدەبی، چ شیعر بێت یان چیرۆک یان ڕۆمان و شانۆنامەش… جا ئاگایان لە یەکتری هەبووبێت یان نا، ئەمەیان باسێکی ترە.

 بێگومان، لەناو هایکونووسانی کوردیشدا، ڕۆژانە لێرەولەوێ بەر دەقی داهێنەرانە دەکەوین، بەڵام هایکویش وەک ژانرێکی ئەدەبی (هەرچەندە لای خۆمان زیاتر وەک فۆرمێکی شیعریی ناوی دەهێنرێت) “ئاوێزان بە شیعر و پەخشان و فەلسەفە و تێڕامان/میدیتەیشن” لە تەنیشت ژانرەکانی ترەوە؛ دەیەوێت ئیشی خۆی تێیاندا بکات. گەرەکێتی لە گۆشەیەکی ترەوە بۆیان بڕوانێت، بە خۆگوشین و بەکارهێنانی کەمترین وشە و دەربڕین.. گوزارشت و وێنای شتەکان (هەر لە سرووشت بە ڕەگەزەکانییەوە “وەک هایکوی کلاسیک ‘کە ئێستاش بەدیدی نوێوە دەنووسرێت’ و خۆشەویستی و عیشق و جەنگ و ئاشتی و جوانی و دزێوی و بوون و نەبوون و گەردوون و شار و شەقام و پرۆلیتاری و ڕەخنەی سەرمایەداری و مرۆڤدۆستی و میهرەمانی و ڕۆمانتیک و ئیرۆتیک و پۆرنۆگرافیک و تەنز و ساتیر و …هتد) بکاتەوە و قسەی خۆی هەبێت. بەڵام هایکو جیاوازە لە ژانرەکانی تر (شیعر/قەسیدە و تێکستی واڵا و چیرۆک و ڕۆمان و شانۆنامە و…) مەودای ئیش‌تیاکردنی هەر فرە کەمە و هێندە پانتاییت پێ نادات تا بە ئارەزووی خۆت ئەسپی دەربڕین و گوزارشتکردنتی تێدا تاوبدەیت.

   ئەمانەش پاساوهێنانەوە نین، بەڵکوو لە ئەنجامی خوێندنەوە و بۆدەرکەوتنەوەیە. گەییشتنە بە دەرئەنجامێک کە نزیکەی هەموو شتێک پێشتر وتراوە، ئیتر تۆ دێی بە تەکنیکێکی تر کە گۆشەی بینینی خۆتە یانیش پێتوایە نوێیە و تاڕادەیەک پێشتر بەری‌نەکەوتووی، دەنووسیت/دەنووسیتەوە. ئەگینا مەگەر هیچ نەنووسین و نەڵێین و بۆخۆمان لێی‌دانیشین، چونکە هەموو شتێک لە دونیادا بەجۆرێک لەجۆرەکان جوینەوەیە و دەقئاوێزانە.. چ لە ئەدەبدا بێت و چ لە هونەرەکانیشدا (ئەوەش بە تیۆر سەلمێنراوە. “هەروەها جوینەوەش لقێکە لە دەقئاوێزان.”) بەڵام بە تێکەڵکردنی کۆمەڵێک لە بەرهەمەکانی پێشوو کە دەیانخوێنینەوە و دەیانبینین و بەریاندەکەوین. وەک دەڵێن “شێر خۆی هیچ نییە، ئەو هەموو ئاژەڵانەی کە دەیانخوات؛ دەیکاتە شێر”.

وەک دەبینین لە دونیادا سەدان و هەزاران دەق/تێکست بە ژانرە جیاجیاکان لەسەر هەریەکە لەوانەی سەروە باسم کردوون و هی تریش؛ (یانیش لە یەک کاتدا هەندێکیان لە ناو دەقێکدا هەن) نووسراون و لەداهاتووشدا هەر دەنووسرێنەوە. کەم‌تازۆریش دەچنەوە سەر یەکتری، بەڵام هەندێکیان زیاتر ئاشکران و ئەوانی تریش پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی وردتر هەیە، تا ڕەگ‌و ڕەچەڵەکیان بدۆزرێنەوە، کە دەچنەوە سەریان و سەرچاوەی ئاوخواردنەوەکەن بۆیان. هەروەها هەندێکیان تەکنیکی جیاوازیشیان تێدایە، کە بەجۆرێک دەیانکاتە دەقی داهێنەرانە. هەر لەم بارەیەوە، تەنانەت چەندان ناونیشانی دووبارە و سێ بارە و زیاتریش لە کتێبەکانی دونیادا هەن، یان بە گۆڕانکاریی بچووکەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا لە کوردستان هایکو لە قۆناغی ئەزموونگەرییدایە. گشت ئەوانەی چ لە ساڵانی ڕابردوودا و چ لەئێستاشدا دەنووسرێن، ڕاستە بۆ ئێستاکە نوێن و حازر بەدەستن، بەڵام لە داهاتوودا وەک کلاسیکیان لێ‌دێت “لێرەدا کلاسیک بەمانای بەرهەم و نووسراوەکانی پێشوو دێت”. بەوەی کە داهاتوو ڕابردووی ئێستایە. 

دەکرێ باوەڕ بەوە بهێنین کە بیست تا سی ساڵی تر، بەدەگمەن دەبینی شیعری درێژ و قەسیدە بنووسرێت. (وەک‌چۆن چیرۆک کورتەچیرۆک و کورتیلەچیرۆکیشی لێ کەوتەوە) بۆ شیعریش.. نزیکەی هەمووی دەبێتە شیعری کورت و چەند دێڕیی تا دەگاتە شێوەی هایکو و هەروەها هایکونووسینیش زیاتر برەوی پێدەدرێت و زۆرێک هایکو دەنووسن. چونکە هایکو بەتەواوی دەچێتە نێو خوێنەرانەوە و باشتر و ئاسانتر لەچاو ئێسا لێی تێدەگەن. ئەوەش کە لەئێستاوە خەریکە دەچێتە ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە و ڕاپۆرت و سیمیناری لەبارەوە دەکرێ و هەروەها توێژینەوەی دەرچوونی بەکالۆریۆس و ماستنەرنامەی لێ‌دەهێنرێت، زیاتر مژدەی ئەوە دەدات کە داهاتووی پرشندار دەبێت لەناو ئەدەبی کوردییدا. لەئێستاشدا هەرچی هایکو بنووسرێت و لەسەر هایکو بنووسرێت، دەبێتە سەرچاوە بۆ داهاتووی هایکوی کوردی.

هایکو هەر لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە.. کاریگەریی بەرچاوی کردووەتە سەر شیعر و ئەدەبیاتی ئینگلیزی و بووەتە یەکێک لە هۆکارەکانی درووستبوونی “بزووتنەوەی ئیمەیژیزم” لە شیعری ئینگلیزیدا، ئەوەش بە کاریگەریی هەردوو تایبەتمەندیی “وێنەگەرایی و کورتبڕیی” کە (ئێزرا پاوەند) ڕابەرایەتیی کردوون. هەروەها “بەرەی بیت” کە بزووتنەوەیەکی هونەری و ئەدەبیی بوون لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لە ئەمریکا سەریان‌هەڵدا، بەڵام زیاتر بەشێوەی نێونەتەوەیی مانەوە، لەناو ئەمانەشدا “جاک کرواک” لە هایکونووسیندا دەرکەوتووترینیانە…

ئارام حاجی: هایکو؛ جۆرێکە لە وێنەگرتنی ئەو دیمەنانەی دەیانبینین لە ڕێگەیی چاوەوە. ئایا تۆ لە کوردستان بیت و باسی ڕۆخی دەریا و ڕۆبۆت بکەیت؛ هایکویەکی باشی لێ بەرهەم دێت؟بە واتایەکی تر، شتانێک لە خەیاڵدا وێنەبگری و نەتدیبێتن، هایکویەکی پەسەندی لێ بەرهەم دێت؟  

سەدار نۆڕێ: ئەو باسەی تۆ لەبارەی هایکو دەیڵێی، زۆر کلاسیکە. چونکە بەدرێژایی ساڵان هایکو تەنانەت لە ژاپۆنیشدا و لە جیهانیشدا.. گۆڕانکاریی فرەی بەسەردا هێنراوە. بەهەمان شێوەی گشت ژانرەکانی تری ئەدەب (لە شیعر و چیرۆک و ڕۆمانیش…). لەبەرئەوەی هایکویش وەک ئەوان تێکەڵ بە زمانی شیعری و خەیاڵی شیعری و هەندێک ڕەگەزی تریش بووەتەوە. هەرچەندە تا بەئێستاش دەگات، هەر لەو جۆرانەی هایکو بەشێوەی بینینی دیمەنەکان؛ هەر دەنووسرێت. بەتایبەتیی کاتێک کەسێک لە سەرەتاکانی هایکونووسیندا بێت، پێیدەڵێین؛ هەوڵبدات دیمەن و وێنەی بینراو بکات بە وشە و هایکویان لێ بەرهەم‌بهێنێت. بەڵام لە قۆناغەکانی دواتردا، کە بەتەواوی دەستوپەنجەی لەگەڵ هایکونووسیندا نەرم بوو، ئیتر هەم خۆی پێی‌وایە پێویستە بگۆڕێ و  هەم ئێمەش (گەر لەو کەسانە بێت کە لەڕێگەی “یانەی هایکوی کوردی”یەوە، هاتبێتە ناوەوە و لەگەڵ هەندێ ڕێنماییەکانی ئێمەدا بەپێی قۆناغ دەستی‌پێکردبێت…) داوای گۆڕانکاریی لێدەکەین. بەڵام بینینی دیمەن “هەر دیمەنێک لەهەرکوێی ئەم دونیایە بێت” لە ئەمڕۆدا کە جیهان بووەتە گوندێک و لەڕێگەی شاشەیەکەوە دەکرێ هەموو شتێکت لەبەردەستدا بێت و ڕۆژانە و بەردەوامیش بەر شتگەلێکی سەیر و نامۆیش دەکەوین، زۆر ئاسان و ئاسایی بووەتەوە کە ببێتە سەرچاوە و ئیلهامی نووسین بۆت، لە هەر ژانرێکدا بێت.. بە هایکویشەوە. یان کە لە کتێب و سەرچاوەکاندا لەبەرەیانەوە دەخوێنینتەوە، بەجۆرێک پێیان ئاشنا دەبیت، کە وەک هەستی بەرکەوتن و تێکەڵبوونت لێ دێ لەگەڵیاندا. هەربۆیه هەندێ جار بەم هۆیەوە هایکونووسە ئەزمووندارەکانیش لەوەدان کە دیمەنەکان بەردەست نەبن و دەقیشی بۆ نووسن. چونکە وەک وتم ڕەگەزەکانی هایکونووسین و مەرجەکانی و تایبەتمەندییەکانیشی.. وەک هەر ژانرێکی تر؛ گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. بەدڵنیاییەوە لە داهاتووتریشدا گۆڕانکاریی زیاتریشی بەسەردا دێ. لە هەموو سەردەمێکیشدا هەردەم دەقگەلێکی جوان و پەسەند و داهێنەرانە و بەرچاو بەرهەم دێن…

ئارام حاجی: بەڕای تۆ بۆ نووسینی دەقێك، مەرجە سەرتا شاعیر بزانێت لە کوێوە دەستپێبکات؟ یان بیرۆکە و کڵێشە ئامادە بکات؟ بە واتایەکی تر، تۆ خۆت دەدەیتە دەست دەق، یان دەق دەدەیتە دەست خۆت؟ 

سەردار نۆڕێ: لە ژیانی نووسینی مندا، هەردوو ئەزموون و شێوازەکە هەبووە و هەیە. پێموایه لای نزیکەی گشت شاعیرانی تریش هەروەها بێت. چونکە نووسین لە دەقێک بۆ دەقێکی تر جیاوازە. هەندێ دەق هەن بە سەریەکەوە دەنووسرێن، ئەمانە کەمتر درێژن یان لە شێوەی پۆستەردا دەنووسرێن، تەنانەت هەندێک جار لە کات و شوێنێکیشدا چەند پۆستەرێکیان لێ دەنووسرێت. لەبەرئەوەی بە شێوەیەک یا بڵێین لە دۆخێکدا درووستدەبن و دەنووسرێن، کە نزیکەی هەموو شتێکیان حازرە و تۆیش گەرموگوڕی لەسەریان. مەگەر چۆنها پێوست بکات دواتر و لە کاتێکی تردا؛ پێش بڵاوکردنەوە بێت یاخود پێش چاپکردنیان، سەیرێکی تریان بکەیتەوە، تا دڵنیابیتەوە لەوەی جوانن. 

هەروەها بڕێ دەقیش هەن بە دەستی خۆت نییە، ماوەی زیاتریان گەرەک بۆ نووسین، بە حوکمی ئەوەی ئیش‌تیاکردنیان دەوێت و دەبێت ناوەناوە بچیتەوە سەریان؛ تا بزانی چییان بۆ زیاد دەکەیت و چیشیان لێ لادەدەیت. یانیش شوێنی هەندێ ڕستەی دەگۆڕیت، یاخود بڕێ لە وشەکانی دەگۆڕی بە وشەی تری هاومانا بێت یان بەهێزتر بێت لەوانەی پشوو. جا زۆر جار بۆ نووسینی ئەم جۆرە دەقانە، من  عادەتەن کۆمەڵێک سەرەقەڵمی ڕۆژانەم هەنە، کە لە کات‌و ساتی جیاجیا و لێرەولەوێ نووسیوومن، کە نزیک لە یەکن و پێوەست بە یەکەوەن، دەقێکی وەهایان لێ چێ‌دەکرێت. چونکە لەو ماوانەدا، بەزۆری لە کەڵکەڵەی ئەوەدایت دەربڕین و ڕستەی باش و بەهێز و کەرەستەی گونجا و بۆ دەقەکە کۆبکەیتەوە و بنووسیت.

 بۆ نموونە؛ دەقگەلێکم هەن بە چەند مانگ تا ساڵێک ئیشم تێیاندا کردووە. هەروەها دەقیشم هەیە دوو ساڵ کارم تێیدا کردووە، وەک دەقی (فەلسەفەی عیشق دەچێتەوە سەر فیراق) لە ساڵی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ نووسیوومە. ئەم دەقە درێژترین دەقی منە، لە ناو کتێبی (پۆرترێتی ئەندێشەکانی فڕین)دایە. کتێبەکەم ساڵی ٢٠١٤ چاپ بووە. بەڵام مەرج نییە ئەم دوو ساڵە بەردەوام بووبێتم لە کارکردن تێیدا. بەڵکوو زیاتر ئەوەیە هەستدەکەیت جارێ ماوێتی و ئەوەی دەتەوێ بینووسیت، هێشا کامڵ نەبووە و دڵت ئاوی پێ ناخواتەوە. تا دەگەیتە ئەوەی تەنانەت دەستکاریی تۆپۆگرافیای دەقەکەیش دەکەیت، تا پێت بکرێت هەوڵ‌دەدەیت گشت پارچە جیاجیاکان و جومگەکانی بخەیتەوە شوێنی درووستی خۆیان و لە دەقەکە ڕازی بیت.

 جا سەیر لەوەدایە، دوای ساڵانێک بۆ هەندێ دەقت، هێشتا پێتوایە دەکرا دەقەکە باشتریش بنووسرێت یان وەکئەوەی هەست بکەی جارێ هەر ماوێتی. هەندێ دەقیش هەن، هەرکاتێ سەیریان دەکەیتەوە، دەڵێی هیچ زیادکردن و کەمکردنێک هەڵناگرن و هەر دەبێت وابێت کە کاتی خۆی نووسراوە.

بەڵام ئەم ئەزموونە بۆ نووسینی هایکو وانییە. چونکە هایکو دەقێکی زۆر کورت و پوخت و چڕە، کە بە چەند وشەیەک لە سێ ڕستەی کورتدا دەینووسین. زۆرجار بەتەواوەتی لەلات گەڵاڵە دەبێت و تۆیش دەینووسیتەوە. مەگەر هەندێ دەق پێویست بکات کاتێکی تر دیسان بچیتەوە سەری، تا بتەوێت جوانتر و کامڵتر و بەهێزتری بکەیت. ئەوەش زۆر ناخایەنێت.

ئیتر هەندێ دەقیش هەن تا تەواو دەبن، خەوت تێکدەدات، خواردنت لێ دەشێوێنێت و…هتد.

ئارام حاجی: بەدەر لە هونەری شیعر، سەروکارت لەگەڵ هونەری شێوەکاری -نیگارکێشان-یشدا هەیە و بووەتە پیشە بۆت، بە حوکمی ئەوەی کەسێکیت کە هونەرت بە ئەکادیمی خوێندوە و مامۆستای بوارەکەیشی. ئەم دوو هونەرە (شیعر و شێوەکاری) جیاوازیی و لێکچوویشیان هەیە. لە ڕووە جوداکەیانەوە کامیان زیاتر توانیوویانە گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەی خەڵکیدا دروست بکەن؟ کامیان زیاتر بوونەتە وێنەنمایی ئازاری تاکی کورد و بۆ؟

سەردار نۆڕێ: هەردوو ئەدەب و هونەر (کە شیعریش لەگەڵیاندایە) پێکەوە، شانبەشانی یەکتری کاریگەریی بەرچاویان هەبووە و هەیە، لە بەرەو پێشەوەچوون و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بە سەر خەڵک و تاکە کەسیشدا، چ ئاستی ناوخۆی بێت یان نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییش. بڕوانین ڕۆمانی (دایک)ی (مەکسیم گۆرکی) بووەتە ڕێگەخۆشکەر و هۆکار بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئۆکتۆر. هەروەها لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین ڕۆمانی “ژانی گەل”ی “ئیبراهیم ئەحمەد”، وێنەنمای ژان و ئازاری کوردە لە ساڵانی سەرەتای سییەکانی سەدەی بیستەمدا و چەند ڕۆمانێکی تریش لە ساڵانی دواتردا. هەمان کات شاعیرانی کورد، لە هەموو ئەو ڕووداوانەی بەسەر کورددا هاتوون و گشت ئەو تاوانانەی دەرهەق بە کورد کراون و بە سەر کورددا هێنراون، بە شیعر لەسەری نووسیوویانە و بەشدارییان هەیە، لە ئەدەبی کوردیشدا چەندان شیعر بۆ ئەوانە نووسراون و بوون بە وێنەنما. جا لەبەرئەوەی ئەدەبیاتی کوردی شیعر تێدا پشکی شێری بەرکەوتووە و مێژوویەکی دوورتریشی هەیە، بۆیه هەر لە کۆنەوە شیعر زیاتر لە هونەری شێوەکاری؛ ئەو کاریگەرییانەی هەبووە لەسەر کۆمەڵگەی کوردی. چونکە هونەری شێوەکاری لە کوردستاندا، مێژوویەکی تازەی هەیە کە سەد ساڵێک تێپەڕ ناکات. (لێرەدا مەبەستم ئەوەیە کە هونەر بەشێوەی هۆشیاریی و ئاگایی و مەعریفی کاریگەریی درووست بکات).

بەوەی کە “سەدەی بیست” سەدەی گۆڕانکارییەکانە، هەم لە جیهاندا و هەم بۆ کوردیش لەچوارچێوەی عێراقدا (لە ڕووی گۆڕانکاریی ئەدەبی و هونەری و کۆمەڵایەتییەوە، کە تێیدا شیعری کوردی قۆناغی کلاسیک جێدەهێڵێ و ڕۆمانتیک و ڕیالیزم و گرووپەکان “ڕوانگە و کفری” درووستدەبن)، دیارە “سەدەی بیست”  وەک سەدەى گۆڕانکاریی، بەهۆی دوو جەنگە جیهانییەکەوە و چەندان جەنگی تریش، کە هەر لەم سەدەیەدا لە نێوان وڵاتان و لەناوخۆی وڵاتاندا کراون و هەڵگیرساون. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی و دروستبوونی چەندان دەوڵەت هەر لە سەدەی بێستەمدا، گۆڕانکاریی زۆریان هێنا بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوورتریشدا. گشت ئەمانەش کاریگەرییان هەبوو لە ڕووی خەباتی سیاسی و ئەدەبی و هونەرییشەوە. بۆیە وەک هونەری شێوەکاریی کوردی، لەو ڕووەوە دەڵێم؛ لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە، ئەوەی هەبووە لەسەرەتاوە، چەند کەسێک بوونە لێرەولەوێ؛ بەشێوەی هاوی (خۆڕسک) و بێ کاریگەری خەریکی هونەری شێوەکاری بوونە. ئیتر لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکاندا کۆمەڵێک خوێندکاری کورد ڕوو دەکەنە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغداد (کە لە ناوەڕاستی چلەکاندا دامەزراوە)، ئەمەش بۆ هونەری کوردی بە سستیی بە ڕێوە چووە. پاشان ئەو کەسانە کە دێنەوە، وەک مامۆستای هونەر دەستدەکەنە وانەوتنەوە و فێرکاری و خولی هاوینە بۆ پێگەیاندنی فێرخوازان و…هتد. تا لە ساڵی ١٩٨٠ پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی دادەمەزرێ و سەرەتایەکی جدی و دڵخۆشکەر بۆ هونەری کوردی (لە باشوور) دەستپێدەکاتەوە و کاروانەکە وەک هیوابەخش بەردەوام دەبێت تا ئێستا. ئێ ئەمانەش لەچاو مێژووی شیعری کوردیدا زۆر نوێیە، بۆیە گەر هێشتا نەیتوانیبێت بە باشی وێنەنمایی و نماییندەی کۆمەڵگەی کوردی و خەم‌و ناسۆر و ئازارەکانی کورد بێت، بۆ نەبوونی مێژوویەکی قووڵی هونەریمان دەگەڕێتەوە، کە لەچاو مێژووی هونەری ئەوروپادا کە بە لانیکەم نزیک بە هەزار ساڵ دەبێت (بە هەموو ڕێباز و قوتابخانەکانییەوە)، ئەوەی ئێمە هەر هیچ نییە. 

هەرچەندە لەم سی ساڵەی دواییەدا هەندێک هونەرمەندی شێوەکاری کورد؛ چ لە ناوەوەی وڵات بێت و چ لە دەرەوەش، هەوڵی باشیان داوە لە ڕێی تابلۆ و پەیکەر و کارە هونەرییەکانیانەوە.. لەسەر کولتووری کوردی و ئازارەکانی کورد؛ کاری بەرچاویان کردووە. کە دەکرێت بڵێین؛ شانبەشانی شیعر و دەقە ئەدەبییەکان ڕۆیشتوون. هەروەها سەردەمێکی تریش لە هونەری شێوەکاریی، لە دامەزراندن و درووستبوونی ئەکادیمیای هونەرەجوانەکانی سلێمانی و هەولێرەوە دەست‌پێدەکات، لەگەڵ دامەزراندنی چەند پەیمانگەیەکی تری هونەرەجوانەکان لە شارو شارۆچکەکانی تری کوردستان. ئیتر چەند شەپۆلێک شێوەکار؛ لە نیگارکێش و پەیکەرساز پێدەگەن، بە هونەرەکەیان گوزارشت دەکەن لە دۆخە جیاوازەکان و ڕووداوکانی بەسەر کوردداهاتوو و تاوانەکانی دەرهەق بە کورد و…هتد. ئەمەش مێژوویەکی نوێیە و بەتایبەتیی دەکەوێتە کۆتاییەکانی سەدەی بیست و سەرەتاکانی سەدەی بیست‌ویەکەم؛ تا بە ئێستا دەگات. 

  شتێکیش جێی داخە بیڵێم.. ئەوەیە کە هێشتا کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ هونەری شێوەکاریدا بە باشی ڕانەهاتووە و لای زۆربەی بە چاوێکی تر سەیر دەکرێت، ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، لەوانەش کاریگەریی ئایینی ئیسلام لەسەر کومەڵگە… لەگەڵ ئەوەشدا.. بەشێکی ئەو زۆربەی خەڵکە، لەگەڵ شیعریشدا بەینی باشیان نییە، بەتایبەتیی شیعرگەلێک کە تابووشکێنیی تێدا بێت. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا، هێشتا شیعر کاریگەری زیاترە و باشتر چووەتە ناو کۆمەڵگەوە.

   لە لایەکی تریشەوە وەک خۆت وتت؛ لایەنی لێکچوون لەنێوان شیعر و تابلۆشدا هەیە، بەڵێ، بێگومان، هەم لە جیهانیشدا و هەم لە ناو کورد و نەتەوەکانی دەوروبەریشدا، چەندان دەقی شیعری بوون بە ئیلهام و سرووش بۆ چەندان تابلۆ و کاری هونەریی تریش لە هونەرەکان. هەروەها تابلۆ و پەیکەر و بەرهەمە هونەرییەکانیش بوون بە ئیلهامی چەندان دەقی شیعر و چیرۆک و ڕۆمانیش…

بەدەر لە شیعر، با ئەوەش بڵێم، لەم ساڵانەی دواییەدا، چەند ڕۆماننووسێک زیاتر هەوڵیان داوە کاری زیاتر لەسەر کەسایەتییە دیارەکان (لە سیاسی و شۆڕشگێڕ و ئەدیب و شاعیرەکان) ـی نێو مێژووی کورد بکەن، لە ڕێگەی گێڕانەوەوە خەڵقیان‌بکەنەوە و جیاواز لە کاری مێژوونووسەکان، بە فۆرمێکی تر و گۆشەو دیدگایەکی تر؛بیانخەنەوە بەردیدەی خوێنەران و ئەدەبدۆستان. هەروەها لەم شێوازەی گێڕانەوە ئەدەبییە؛ ساڵانێکە لەناو نووسەرانی عەرەب و فارسیشدا؛ کاریان لەسەرکراوە و دەکرێت.


پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا