بیرەوەری چاویلکەیەک | نەهرۆ جەرجیس | شێعر
نەهرۆ جەرجیس
لە ژاوەژاوی تەمی بەیانییەکدا
پەنابەرێک یادەوەرییەکانی خۆی
لەسەر زەمینی گۆرانییەکی لەخاچدراو دەسووتێنێت
منیش نادڵنیایی بەنێومدا گوزەر دەکات و
تەنیایی گەرووم ئاوەدان دەکاتەوە
ڕەنگە شارێکی کپ لەنێو ناخم خۆی حەشاردابێت
ڕۆیشتن پیاسەیەکم بیردەخاتەوە
کە دوا ورتە ورتی زەردەپەڕی
لە ئامێزیی لێ کەوتە خوارەوە
پیاسەیەک بیری چرپەیەکی دەکرد
کە سۆراغی ئازیزێکی بێت
بەرلەوەی بکوژرێت هاواری کرد:
ــ “ڕووناکی و شەقام
بێ شنەی با تەنیان
فرمێسک و چاو
بێ دڵڕەقی
ئاسمان و دەریا
بێ نەورەس
کورسی و هەناسە
بێ هاودەمێک”
ــ “تەنیان
ئەوانەی چاویلکەکەیان تەڵخ بووەو
چاوەڕێی شەقامێکن ئازیزێکیان سەوز ناکات
ئەوانەی بەهۆی ماچێکەوە ژیان جێیاندەهێڵێت
ئەوانەی وەفایەکی گەزە لێدراو
دەکەنە ملوانکەی پشیلەیەک
ئەوانەی نەخشەیەکی دڕاو بیابانیان پێشکەش دەکات
ئەوانەی تۆپی ئومێد هەڵدەدەنە دڵێکی تر
ئەوانەی چرایەکی تاریک لە تاریکیەکی بێ چرا دەدۆزنەوە”
چی دەبینم؟
کاتێک ڕەگی خەمگینی
لەماڵیژگەی هەتاو
خۆی ون دەکات
کاتێک چاویلکەکەم
ئەدرێسی خودا دەدڕێنێت و
ڕازی نابێت هەڵوەرین
داوەتی گەڵا بکات و
کچێکی ڕەشتاڵە
بەسەرخۆشی لاوکی فڕینی بۆ بچڕێت
ئایینی من خەونێکی بەدە
بێهوودە لەسەر تەرمی کورسییەک
چرۆ دەکات
باڵی شیعرم دەکاتەوە
جۆگەلە و دارستان و بیابان
لەچاوی تەنیایی دەدۆزێتەوە
ئەو ڕێگایانە ئاشکرا دەکات
کە هەرگیز چرایەکیان لێ نەتکاوەو
وەسیەتی نەهاتنیان نەنووسیوەو
هەنگاویی هەوریان نەژماردووەو
تەنیاییان ڕووناک نەکردووە
کورسیەکی بێ قاچ
لەتەنیایی تاقە دارێک دەڕوانێت
ڕووتە و هەور ژوانی لەگەڵ بەستووەو
دەریاچەکەی دراوسێی
دوا ماچییان دەچرکێنێ و
هەواڵی گەیشتنی خۆشەویستی و بەهار
بەگوێی ماسیەکی ئاشتیخواز دەچرپێنێ
شەوێکی ون
دەستی بەخوێنی ئێوارە سوورە
دەماری ملی بڕیوەو
پەڕەسێلکەکان چاوڕەوانی گزنگن
هەقی مریەم بسەنرێتەوە
دێوانەکان بەچاویلکەیەکی تۆزاوی
لەدامێنی یادەوەرییەکی چڵکن
چیرۆکی کوژرانی ڕووناکی
بۆیەک دەگێڕنەوە
لە ڕۆخی کوخێکی جێهێڵدراو
ناسنامەی گۆرانیەک لەژێر سووتاوی
وشەی ماڵئاوایی دەدۆزمەوەو
هەست دەکەم تەنیایی لێرەوە بۆیەکەم جار ڕوابێت
لێرەوە دەستی بەخوێنی هەزاران دڵ سوور بووبێت و
نامەی سەد و ئەوەندە جێژوانەی بەبەتاڵی
دابێتە دەست خودا