“دەنگ” لە گۆڕستاندا

خوێندنەوەی چیرۆکی گۆڕستان لە نووسینی خەبات ڕەسووڵی

شەهلا دەباغی

با سەرەتا چیرۆکەکە بخوێنینەوە:


گۆڕستان، ٢٣ی نومبری ٢٠١٦
من گوتم: ئەگەر بێ بۆ خۆم دەیکوژم. لەڕێوە ملی دەگرم و بەم عەرزەی دادەدەم و تا هەناسەی لێ نەبڕم بەری نادەم. نا…. نا ئاوا زووش نابێ بمرێ. گوریسێک لە ملی دەکەم و بەدوای خۆمدا رایدەکێشم تا دەخنکێ و لاشەی هەپروون بە هەپروون دەبێ.
من گوتم: ئەی ئەگەر نەهات؟ کێ دەڵێ پاش بیست ساڵ زیندان هەڵدەستێ و دێ بۆ ئێرە؟ خۆ بە خۆشی پێی خۆش بێ، کوڕەکانی ناهێڵن. تازە هەرچی بووە، بووە. شەیتان بە نەحلەت بکە و سەرت بەردەوە و ژیانی خۆت بکە. نایا بە تەما مەبە.
من گوتم: ئەو کات منداڵ بووم، دەی خۆ ئێستا منداڵ نیم. ئەو نایا من دەچم.
من گوتم: وەڵڵا لەتوپەتت دەکەن. هەر سەگەکانی بەردەرکەیانت تێ بەردەن بەسە.
من گوتم: باشە ئەو دینم گاوانە بۆ بەریاندا؟ بۆ وەک سەگ نەیان تۆپاند؟
من گوتم: دەی دوای ڕاپەڕین کەس لە زیندان نەما هەموو بەربوون، ئەویش هاتۆتەوە.
من گوتم: خۆ منیش نەیکوژم مامەکانم هەر دەیکوژن.
من گوتم: وەڵلا هیچ گونیشیان پێی ناچێ. تۆ ئەو کات منداڵ بووی، ئەوان پیاوی ژن و منداڵدار بوون. بیانویستبوایە بیکوژن هەر ئەو کات دەیانکوشت.
من گوتم: نا فریا نەکەوتن حکوومەت زوو هات و گرتیان.
من گوتم: خۆت فریو دەدەی. تا گرتیان سێ رۆژ وەک کەڵەگا لە نێو ئاواییدا خولاوە و قەڵسەی گێڕا. چما پیاو هەبوو بڵێ پشت چاوت برۆیە.
من گوتم: باشە من چ بکەم؟ بیکوژم دەمکوژنەوە، نەیکوژم ئەی خوێنی باوکم کێ تۆڵەی بکاتەوە؟
من گوتم: بیست ساڵ زیندان تۆڵەی خوێنی باوکتە. ئەو کە گیرا جحێڵ بوو. ئێستا هەموو سەروڕدێنی سپی بووە.
من گوتم: نەیکوژم حەیام دەچێ. دەڵێن کوڕەکەی پیاو نەبوو، تۆڵەی خوێنی بابی بکاتەوە.
من گوتم: کێ وادەڵێ؟
من گوتم: خەڵک.
من گوتم: کێ؟
من گوتم: خەڵک، دەروجیران. خزمەکان. چووزانم ئەوەی ئاگای لەم باسەیە.
من گوتم: دەی ئەگەر کوشتت و تۆیان کوشتەوە دوایە، ئەو خەڵکە دێن منداڵەکانت بە خێو بکەن؟
من گوتم: من چۆن گەورە بووم، منداڵەکانیشم هەروا گەورە دەبن.
من گوتم: تۆ لە قوون دەرکەی ماڵان گەورە بووی. دایکت دوای مردنی باوکت شووی کردەوە و تۆ مایەوە و ئاوارەیی.
من گوتم: باشە تۆ دەڵێی من چ بکەم؟
من گوتم: من هیچ ناڵێـم. تۆ دەبێ بڕیار بدەی.
من گوتم: ئەو دێ و داوای گەردن ئازادی دەکات. من دەڵێـم بڕۆ لەو دێیەدا نەتبینمەوە و ملت بشکێنە دەچی بۆ کوێ بچۆ.
من گوتم: ئەی ئەگەر وای نەکرد؟ دەیکوژی؟
من گوتم: نا ئەگەر بیکوژم دوایە دەمکوژنەوە.
چیرۆکی گۆڕستان لە زمان تاکێک/ من باسی قەتڵێک دەکا کە بەر لە بیست ساڵ ڕوویداوە. بابی “من” پێش ڕاپەڕین کوژراوە. بکوژ بیست ساڵ لە زیندان بووە و ئێستا سەر و ڕدێن سپی ئازادکراوە. “من” ئێستا لە مۆنۆلۆگێکدا لەگەڵ “خۆ”ی لە گفتدایە و لەگەڵ خودی خۆی کەوتۆتە نیقاش و سەروبەری هەستەکانی خۆی لێک‌دەداتەوە. crisis/ قەیرانێک کە چنگی بەسەر خوددا گرتووە نە بێ‌باوکی بیست ساڵەیە، نە باری قورسی”شەڕەف و تۆڵەهەستاندنەوە” کە کوڕان دەبێ “تۆڵە”ی بابەکان بە “خوێن” یا بە “خوێن‌ڕشتن”ێکی دیکە بستێننەوە دەنا لە لایەن خەڵکەوە “بێشەڕف” دەناسرێن. قەیرانی خود لە ناو گۆڕستان دا نە خودی سوژە/قەتڵەکەیە، نە مێژووی بیست ساڵە. ئەوەی لە دەقی گۆڕستان دا گرینگە “دەنگ”ەکانن. من/بابکوژراو دەبێتە “دەنگ”ێک بۆ بەشانۆکێشانی قەیرانی دەروونی “خود” خۆی.
دەنگەکانی ناو ئەم دەقە لە ڕاستیدا بریتین لە سێ دەنگی سەرەکی و دەنگێکی شاراوە:
دەنگی “من”ی یەکەم،
دەنگی “خود”ێک کە لەگەڵ تاک لەشەڕدایە، دەنگی “من”ـی دووهەم،
دەنگی “ترس”،
دەنگی شاراوەی کۆمەڵگا و خەڵک، کام خەڵک، هەمان خەڵک کە ڕەنگە خۆیان ئامادە نەبن بە دەست بردن بۆ قەتڵ ژیانی خۆیان تێک‌بدەن، بەڵام بەردەوام چاوەڕوانن کەسانی دیکە لەکەی نەنگ بە قەتڵ و خوێن‌ڕشتنێکی دیکە پاک کەنەوە و زنجیرەی قەتڵەکان بۆ سەقامگیربوونی کولتوورێک بەردەوام بێ.
لە ڕێگای مۆنۆلۆگی نێوان تاک و خودی دەروون، کە شکڵی دیالۆگێک بەخۆوە دەگرێ و لە نێوان خەتەکانی دەقدا چیرۆکێک دەخوێنینەوە: بابێک دەکوژرێ و منداڵێک دوای ئەوەی بابی کوژراوە و دایکی شوو دەکاتەوە، بە سەختی و لەقوون دەرکان گەورە دەبێ و ئێستا قاتڵی بابی گەڕاوەتەوە و “من”/تاک دەبێ بڕیار بدا کە بکوژێت و بچێتە زیندان یا ڕەنگە لە شەڕی دەستەویەخەدا بکوژرێتەوە. سەردێڕی چیرۆکەکەش، گۆڕستان، هەر ئاماژەیە بە ئەوە کە لە هەر حاڵەتدا بڕیارێکی هەڵە ڕەنگە بە گۆڕستان کۆتایی بێ. چ گۆڕستانی ڕاستی و چ زیندان.
لە گۆڕستان دا ئەوە “دەنگی خود/ دەروون”ە کە بەردەوام بۆچوونەکانی “من”ی یەکەم دێنێتە ژێر پرسیار و لە ڕێگای گفت، شک و گومان لەلای دروست دەکا و بەمجۆرە دەبێتە ڕێنوێن، بەڵام گرینگتر لە ئەم دوو دەنگە ئێمە لە ڕێگای دەنگی ئەوان گوێمان لە دەنگێکی بەهێزتر، دەنگی “ترس”ـە. دەنگی ترس لە پانتایی و قوڵایی ڕستەکانی ئەو دەقەدا تانووپۆی گێڕانەوەکەی داگیردەکا. ترس لە قسە و باسی خەڵک، ترس لە کوشتنی ئینسانێکی دیکە، ترس لە مردن و کوژرانی ئیحتیمالی و ترس لە دووبارە بێ باوک بوونی منداڵێکی دیکە کە لەقوون دەرکان گەورە بێ، ترس لە ناڕوونی و ناچاری، و ترس لە داهاتوو. سەرئەنجام ئەو هەموو ترسە تاک دەباتە ئەو نوقتەیە کە بڕیار بدا و بڵێ: “نا ئەگەر بیکوژم دوایە دەمکوژنەوە”.
لە ڕاستیدا ترس تێمای سەرەکییە بۆ ئەوە نووسەر قارەمان بکاتە دژە قارەمان. لە ئەدەبیاتی نەتەوەیەک کە بەردەوام “کۆ” بڕیاردەرە، باسکردنی تابۆکان و دڵەڕاوکێی تاک یەک لەوان ترس ڕەنگە پرسۆناژ لە قارەمانێتی بخا و بیکاتە “ناخۆشەویست”. تاک/خود بە باسکردن لە ترسی دەروونی خۆی، پێش بە قارەمان بوونی تاکی خۆی دەگرێ: قارەمان هەم بە مانای کلیشەیی لە ڕوانگەی خەڵكێک کە چاوەڕوانە هەنگاو بنێ و خوێن بڕێژێ و هەم لە ڕوانگەی ئەدەبی کلاسیک کە پاڵەوان دەبێ نەترسانە هەڵسووکەوت بکا تا خۆشەویست و ئەبەدی بێ.
سەرەڕای ئەوە ڕەسووڵی داهێنەری دەنگ/پرسۆناژێکە کە خەریکە باس لە تابۆکان/ترسەکانی دەروونی خۆی بۆ خوێنەر دەکا. ترس لە گۆڕستان دا مەیدانێکی زۆر زیاتر لە تۆڵە و شەڕەف لەنێو دەقدا داگیردەکا. هەربۆیە دەکرێ وشەی “گۆڕستان” خودی ترس لە خەڵک بێ کە تەریکت بکەن و بێشەڕەف چاوت لێبکەن.
دەنگی تاک، خود و ترس وەها لەناو دەقدا تێکەڵاو و هاوکاتن کە خوێنەر بۆ خوێندنی زیاتر ڕادەکێشن تا بزانێ سەرئەنجام چ بڕیارێک دەدرێ، ئایا ترسەکانی ڕەوا و ئینسانی تاک سەردەکەون یا دەنگی دەرەکی خەڵک کە چاوەڕوانیان لە تاک هەیە خوێن بڕێژێ؟
لە لای خەبات ڕەسووڵی نووسەری دەیان چیرۆکی دیکە باسکردنی تابۆکان شتێکی تازە نییە و بەردەوام ترسەکانی ئینسان، لاوازی و تایبەتمەندییەکان تاک ناوک و ناوەرۆکی چیرۆکەکانن. ئایا تاکەکان بڕیار دەدەن نێوکی خۆیان لە نۆڕمەکانی باڵادەستی کۆمەڵگا ببڕن یا هێژمۆنی کولتوور بەسەر تاکدا دەشکێ؟ ڕەسووڵی لە ڕێگای دەقی ئەدەبییەوە پردێک ساز دەکا بۆ باسکردن لە سەر قووڵترین زامەکانی تاک کاتێک دەکەونە دژایەتی نۆڕمەکانی کۆمەڵگا. جار هەیە باسی پیاوێکمان بۆ دەکا کە دەیتوانی ئاشقی ژنێکی خۆفرۆش با(١) و جار هەیە باسی کوڕێک کە پێخۆشە کچ بێ(٢) و دایکی پەرێشان دەکا.
دیارە وەک زۆربەی نووسەرانی پیاو، نەستی پیاوانەی ڕەسووڵی لە هێندێک ڕستەدا بە سەر “هۆشیاری جێندێری‌”دا زاڵ دەبێ، بەڵام دەکرێ هەمان ڕستە وەک “ڕاستی کۆمەڵایەتی”یش باس بکرێن بێ ئەوە باوەڕی خودی نووسەر بن. بە شێوەیەکی گشتی ئەوەی لە لای ڕەسووڵی‌ گرینگە نووسینەوەی بەسەرهاتەکان چ خەیاڵی و چ ڕاستییە، تا لە ڕێگای دیالۆگ لەگەڵ خوێنەر پرسیار دروست بکا و تاک بتوانێ بەسەر دڵەڕاوکێی خۆیدا زاڵ ‌بێ و لە سەر ژیان و جەستەی خۆی بڕیاربدا، یا هەر نەبێ شک بکا لە نۆڕمەکانی دەوروبەر.
هەربۆیە گۆڕستان بە گۆڕستان کۆتایی نایە بەڵکو تاک بڕیار دەدا نە بکوژێ و نە بکوژرێت. ئەقڵ و تاکی پڕ لە ترس لە ڕێگای پرسیار و شکەکانی خودی دەروونەوە بڕیاری نەهایی دەدەن. لێرەدا ڕۆڵی نووسەر وەک ڕووناکبیرێک کە دەیەوێ کاریگەری لە سەر خوێنەر و کۆمەڵگا دابنێ دەردەکەوێ.
١. منیش وەک داپیرە
“… لەو رۆژەوەی دراوسێیەکەی سەرەوەمان پێی گوتووم داپیرە بە جحێڵی لەشفرۆش بووە جار جارە بیر لە داپیرە دەکەمەوە. جاری وایە بە چاوی کڕیار سەیری دەکەم. کڕێارێک کە لە ڕابردوودا دەیتوانی لە گەڵ لەشفرۆشێک ڕابوێرێ، لە ڕابردوودا عاشقی لەشفرۆشێک بێ. داپیرە هەموو کات بێ دەنگە و هەر سەیری هیچ دەکات. لەوانەیە بیر لەو پیاوانە بکاتەوە کە لە گەڵیان بووە، ئەگەر رۆژنامەنووس بوایەم پێم خۆش بوو بە بیانوویەک چاوپێكەتنی لە گەڵ بکەم، بیوگرافینووسیش بوایەم ژیاننامەکەیم دەنووسییەوە، ئەگەر دەرهێنەری سینەماش بوایەم ژیاننامەی داپیرەم دەکردە فیلم، بەڵام من هیچیان نیم. هەڵدەستمە سەرپێ و لە کونی دەرکەوە چاوێک لە داپیرە دەکەم. هەر وا ڕەق لە سەر کورسییەکەی دانیشتووە و زەق زەق چاو لە هیچ دەکات.” ٢ی ئاپریل ٢٠١٦، دیواری فەیسبووکی خەبات ڕەسووڵی.
٢. لەچکەیەکی سووری گوڵ زەرد، ١٠ی ئاگۆستی ٢٠١٥، دیواری فەیسبووکی خەبات ڕەسووڵی.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا