”باوکم شقارتەفرۆشێکی تاریکە” چاپ و بڵاو کرایەوە!

هاوچەرخ

باوکم شقارتە فرۆشێکی تاریکە” تازەترین بەرهەمی شاعیری هاوچەرخ شوعەیب میرزائی لە لایەن ناوەندی ڕەهەند ـەوە چاپ و بڵاو کرایەوە. لە پێشەکی ئەم کتێبەدا هاتووە:

چرکە چرکە کارەسات، لە شەڕی ئاو و نەوتەوە بگرە تا شەڕی نان و شەڕی بەفر، شەڕی هەوا و شەڕی خاک. لە تەنیایی بەتاڵەوە تا دیسفۆریا (ئێسڤێنسن)، دڵەڕاوکێ لە بێ هیوایی و بێ دەرەتانی. 
تاکی سەردەم هاوکات کە خەمۆک بە دەروونێکی  لەرزۆک و بێ دەسەڵات لە سووچی خۆیا داخراوە، پڕە لە تووڕەیی، تەباهی و دابڕان. ئەم تاکە، دەنگی خەمۆکە، نیگای غەمگین و ڕوانینی لێڵ و ناهۆمێدە. ئەم تاکە کە هەر چرکەیەک لە ژیانی ڕۆژانەی پڕە لە کۆمەڵێ کارەسات چۆن ئەگێڕدرێتەوە؟!
تاکی  دەستکردی مەسرەف و کۆیلەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تاکی گیرۆدەی  عەوداڵی زەینی (پیتر بێرگێر)، تاکی  سەردەمی خۆشەویستییە کاتی و کورتەکان،  تاکی  دابڕان لە خۆی و هەموو کەس و  هەموو شوێن. تاکی بێ شوێن و چەوساوەی  دەستی  زلهێزی دەسەڵاتی سەرمایە، تاکی سەردەمی چەمکە لە مانا سڕاوەکان.  تاکی  بێ چەمک، بێ وشە، بێ دەنگ بێ ڕوانین…  ئەو  تاکەی، پەرتکراوەتە ناو خۆیەوە و هەر چرکە بیر لە هەزاران شت ئەکاتەوە و لە هیچیش بیر ناکاتەوە. ئەو تاکەی کە ناعیلاج  ئەیەوێ لە ڕێگەی دونیای مێتافۆرسەوە لە ڕێگەی دونیا ساختەکانەوە، بەشێ لە ئاواتەکانی بەدی بێنێت.
ژیان و دۆخی ئەم تاکە، چۆن و بە چی ئەگێڕدرێتەوە ؟!
بە ڕۆمان، بە شێعری درێژ، بە نۆڤێلێت، بە نیگارکێشی، بە سینەما، بە شانۆ، بە… نازانم.
ئەوەی بەردەنگی شێعری من بووبێت دیارە من بە نووسینی شێعری درێژی چەن فۆرمی و چەند دەنگی و چەند ساخت _ زمانی و چەند فەزایی و چەندەکانیتر و هەروەها کۆمەڵێ تەکنیکی فۆرمسازی وەک ئێرۆتیسمی زمانی و لۆمپەنیسمی زمانی و…  دەناسێت و ئێستا و لێرا لەم کتێبە بۆ یەکەم جار کۆمەڵێ کورتە شێعر ئەخوێنێتەوە کە هەڵبژاردەیەکە لە ئەزموونی کورتەشێعرەکانی من لە ساڵی (۱۳۸۸) (2009) تا (۱۴۰۰) (2021).
دیارە شێعر نووسین بە مانا پۆئێتیکییەکەی کارێکی زۆر دژوارە و داهێنان دژوارترین و گرینگترین  کاری هونەرمەندە و پێم وایە شێعری کورت نووسین دژوارییەکی تریشی پێ زیاد دەکات.
هاوکات ئەبێ داهێنەر بیت و شتێکی تازەت نووسیبێت و هاوکات لە مەجالێکی زۆر کورتتدا ئەبێ هەموو ئەوانەش لە نووسینەکەتا رووبدات. واتە هەم هەڵگری بارێکی ئەستەتیکی تازەتر بێت و هەم داهێنەرانە بێت و هەم  بتوانێ گێڕەوەری ئەو هەموو کارەساتە تاکەکەسی و هەروەها کۆمەڵایەتییە بێت .
باوکم شقارتە فرۆشێکی تاریکە، ئەو هەوڵەیە کە تێیدا ویستوومە بەشێکی زۆر لەو فاکتۆرانەی کە ئاماژەم پێکردووە ڕووی دابێت -یان درووستەکەی ئەوەیە- هەوڵمداوە ئەوەی کە لە مندا وەک شاعیرێک ڕوویداوە بیخەمە بەر دەستی خوێنەران.
ئەم کتێبە هەڵبژاردەیەکە لە کۆی شێعرە کورتەکانی من لەو دوازدە ساڵەدا. وەک لە کتێبەکەشدا دیارە ئەزموونی ئەم جۆرە لە فۆرم و جوانیناسی ئەگەڕێتەوە بۆ  سەردەمی چاپی کتێبی «کراسێ نەماوە دووریتی تیا نەگریم»  (2011)، کە دواهەمین شێعری ئەو کتێبە لە دەستپێکی ئەم کتێبە تازەیەدا هاتووە و ڕەنگە بەشێکی شێعرەکانیشتان زۆر پێشتر لە تایبەتنامەی دێڕ (2011) و هەنگاو و پێگە کۆمەڵایەتییەکان وەک هاوچەرخ و ئاوانگاردەکان و… خوێندبێتەوە. بە هەر حاڵ وەک هەمیشە هیوادارم ئەو هەوڵانە توانیبێتی بەشێ لە ڕوومەتی ژیانی تاکی ئەم سەردەمە بە جوانیناسی و فۆرم و ساخت-زمانێکی  تازەترەوە بگێڕێتەوە.

باوکم شقارتەفرۆشێکی تاریکە” ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەستی خوێنەران و هۆگرانی شێعردایە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا