بێ خەیاڵییەکانمان باش | کەیوان قادری | شێعر

کەیوان قادری

له ترسا به خۆما ترسام و
زه‌ویش لە منا بەربووە ناو دیاسپۆرا خۆشەکەی خۆی
بێ خەیاڵ
بێ خەیاڵ
زەوی زۆر جار ئەترازێت و لەتر ئەدات بە ئێوارەکانیا
ئێوارەیەک منیش

تەنیا تۆزێک پاییزم شک ئەبرد با بردی
ساعەتی ترسانەوە بوو بە پاییز و‌
تووشی پێنج شەممە بوونی با
تووشی، ئەی عەشقێکی شەرقی لە دیاسپۆرا خۆشەکەت،
منیش، ئەی باڵەکانمان ئاسمان
ئەی بێ باڵندەییەکانمان زەوی و
بە هەموو باڵەکانمانەوە
بێ خەیاڵ بێ خەیاڵ
ئاسمان، ئاسمان
ئاسمان لەق بووین بە خۆمانەوە و ڕشانەوەتر لە زەوی
شەوێک بێ خەیاڵتر لە زەوی له ترسا به خۆما ترسام و وەک زەوی
ئەم شەقامە لە منا خۆی وون کرد
ئەم شەقامە لە منا خۆی ئەڕشێنێتەوە
ئەم شەقامە لەم شەقامە ڕۆژێک وونم بکا بە خۆمەوە و
بە دزی شارەوانی شارێکی تابلۆ تابلۆ تابلۆ
تابلۆ بووم و باڵندەیەکیشم هێنایە ناو شیعرێکی لە خۆم لەتر تر
زه‌ویش هەر لە منا بەر ئەبۆوە ناو دیاسپۆرا خۆشەکەی خۆی

هەر شەقام و شارێک وون ئەبێ بە باڵ بوون و باڵ باڵ
هەر وەباڵ بوون و
فڕینیش فت
(بێ خەیاڵ با ئەم شیعرەش لە ئێوارەی خۆیەوە لەتر بدات و
پیاوێکی بێ باڵ لە سەرەتای شەڕەفی سەتڵە زباڵەکانەوە
دەستم پێ بکا و لە هەموومان بێ خەیاڵترە)

پیاوێک پیاوەتیتان سەڵەوات و سەتڵێکی زباڵە
پیاوێک پیاوەتیتانی ترسا بە خۆیەوە
پیاوێکی تەڕ وا باڵەکانتان
دەستی پێ ئەکا و دەستی پیا ئەکا و
_ دەستم پیا بکەن و بمدەن بە دیوارێکەوە، سیاسی
_ بە بۆیاخێکی سیاسی بە دیوارەوە پیاوبووین و بێ خەیاڵ

دەی ژنێکیشم هێناوەتە ناو ئەم شیعرە
ژنێک لە سەرەتای پیاوەتیتانەوە برسی
دەستم پێ ئەکا
_ ئەم شەقامەتان لە بیر کردبوو
_ من بووم کە یەکەم جار پێش تفەنگەکانتان و باڵەکانتان
_ بێ خەیاڵی خۆم و زەوی بووم
_ ئەی میز بە زەویمان و بە بووکەواریمانا میز
_ بە جلی ژێرەوە کوردەواریم بوون و
_ سەتڵی زباڵەی دوێنێ شەوتانم و کاندۆم
_ ئەم شەقامەتان لە بیر کردبوو
_ ئەم شەقامە
_ ئەم شەقامە
_ من بووم کە یەکەم جار پێش تفەنگ
_ شاعیرێکم هێنایە ناو ئەم شەقامە لە بیرکراوەی شیعرێکەوە
من و شاعیرێک لە شەقامێکی بیرکراوی گشتی
وا بە دزی شارەوانی شارێکی تابلۆ چای ئەخۆنەوە
بە دزی تابلۆکانی نیشتمانی نەگبەت و نێئون بۆ یەک ئەخۆنەوە
بە دزی خۆیانیشەوە عاشق ئەبن
قسەی سێکسی و سیاسی و سەتڵی زباڵە دەکەن
قسەی دارەکانی پارکێکی گشتی ئەکەن
ئەم شەقامە کە من بۆ یەکەم جار
بە دزی شارەوانی شارێکی تابلۆ
هێنامە ناو پیاوەکانەوە
بوو بە قەدەغە و شیعرێک و ژنێک لەم شیعرە
بوو بە شیعرێک وا ئێوارەکانی پێ بژمێری

هیچ ئێوارە قەدەغەکان و دارەکانی پارکێکی گشتیت ژماردووە؟
مەژمێرە
مەژمێرە
ژنەکان کەم ئەبنەوە
ژنەکان کەم ئەبنەوە
ژنەکان کەم ئەبنەوە
ژنەکان گڵۆپ گڵۆپ و دار دار و شیعر شیعر
تەواو ئەبن، سفر
سفر سفر
دیاسپۆرا خۆشەکە دەستمان پێ ئەکا

من مەرگم بە دوای خۆما دەکێشا
مەرگ خۆی بە دوای خۆیا دەکێشا
زەوی منی بە دوای خۆما دەکێشا و نەمدەناسی
مەرگ هە ئێرەیی بوو و تەنیا من غەریب بووم
مەرگ هەر بە دوای عەشقێک لە دیاسپۆرا خۆشەکەی خۆی
بە دوو قامکی قەدەغە
لە سەر سینگی سامسۆنگی ژنێکی لایک کراو
نزیک نزیک و لەمس
نزیک و وەهم

بزانە وا ترساوی بە خۆتا و
لەمست پێ ئەکەن بە دوو قامک
لەمست پێ ئەکەن، پیاوانە و تابلۆ
زه‌ویش با هەر لە منا بەر بێتەوە ناو دیاسپۆرا خۆشەکەی خۆی
بێ خەیاڵ
بێ خەیاڵ
پیاوێکی بێ باڵ
لە سەرەتای شەڕەفی سەتڵە زباڵەکانەوە دەستم پێ بکا و
لە هەموومان بێ خەیاڵترە
بێ خەیاڵ
بێ خەیاڵ
شوستە و چای و ئێوارەییەکانمان و نۆستالۆژیای ئەگەرەکانیشمان

باڵەکانمانتان باش
بێ خەیاڵیەکانمان باش
تەنیاییەکانمان باش

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا