چاپی شاماران لە باڵای کتێبدا | هاوچەرخ

هاوچەرخ

ئەفسانەی شاماران بە هەوڵی نووسەرێکی کورد ئافرێنراوەتەوە و بە تازەیی وەکوو کتێبێکی سەربەخۆ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم ئەفسانەیە کە لە چیرۆکە هەرەکۆنەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانە هەتا ئێستا زیاتر بە شێوەی زارەکیی یان بە شێوەیەکی زۆر سنووردار و لە چەن لاپەڕەیەکدا و بەبێ هیچ وردەکارییەک لەبەردەست بوو. بەڵام ئێستا ئەنوەر عەباسی (هەرەس) ئەم چیرۆکە ئەفسانەییەی ئافراندووەتەوە و لە باڵای کتێبێکی ٩٥ لاپەڕەییدا دایڕشتووەتەوە و وەکوو خۆی ئاماژەی پێ کردووە تایبەتمەندیی ئوستوورەیی بە شاماران بەخشیوە.

نووسەری ئەم بەرهەمە لە هەژماری فەیسبووکی خۆی ئاوا ئەم هەواڵەی ڕاگەیاندووە:

”ئەمڕۆ دوای چەندین مانگ چاوەڕوانیی کتێبی شاماران لە شاری ستۆکهۆڵم لەژێر چاپ هاتە دەرەوە.
لەم کتێبەدا چیرۆکی شامارانم ئافراندووەتەوە و بە چەشنێک دامڕشتووە کە چیرۆکێکی ئوستوورەیی تەواو و کامڵی لێ ساز بێت.
لە گێڕانەوەی مندا شاماران خواژنی زانایی و جیهانی ژێرزەوییە و تاماسپ گەنجێکی کوردە کە لەگەڵ ئەم خواژنە هەندێک قۆناغ دەبڕێ.
گێڕانەوەی من تایبەتمەندییەکانی قەڵەمی منیشی پێوەیە و هەر بەم پێیە گێڕانەوەیەکی جیاواز بەڵام هاوکات وەفادار بە بنەما گشتییەکانی چیرۆکەکەیە.”

ئەو هەروەها لە بەشێک لە پێشەکیی کتێبەکەدا نووسیویەتی:

”هیوادارم ئەم هەوڵەی من ببێ بە هەوێنێک بۆ ئەوەی ئاوڕی ڕژد لەم چیرۆکە ئوستوورەییە بدرێتەوە و کوردستانیان وەکوو پێویستە لێی خودی دەرکەون و بیرمەندانی گەل لە بوارە جیاوازەکاندا کاری لەسەر بکەن. گەلی بێ ئەفسانە و ئوستوورە و قارەمان، گەلێک کە ئاگرێکی هاوبەشی نەبێ هەموو لە دەوری کۆ بنەوە، گەلێکی پەرتەوازە دەمێنێتەوە.”

ئەم کتێبە لە لایەن وەشانخانەی کتێبی ئەرزان لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید چاپ و بڵاو بووەتەوە و بڕیارە بەمزوانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش چاپ و بڵاو بێتەوە.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا