ئەرتەمیتا | کەنعان حاتەم موراد | ئاشتی کەمال | ئەدەبی جیهان

کەنعان حاتەم موراد

لە عەرەبییەوە: ئاشتی کەمال

 

 لە پەراوێزی تۆنە شەپۆلاوییەکانتدا 

 وەک دەروازەیەک بە ڕووتدا 

 لە (ناو دومان)

 بەربەستەکانی تینوێتی دەبڕم

 بانگێک بانگێک

 لە ڕێگاکەمە بەرەو لای تۆ

 وەک تیرێک دەلەرزم

 هەوا دوای هەوا دەپۆشم

 لە تەنیشتەکانەوە ترافیکە سەوزەکان

 لە دڵی مندا هەزار سواڵکەر

 لەو ترافیکانە سواڵ دەکەن

 تۆ منت بینی

کە بە شێوەیەکی غەمگین دەگریام

 وەک ستوونە ژەنگاوییەکانی گوندەکەم

 کاتێک کە تەوژمی با بەناویاندا تێدەپەڕێت،

 هەر وەکو وان،

 قاچم لە قووڵاییدا نوقم بووە.

 بگەڕێوە ئەی خاتوونە کارێزییەکە

 لەوەتەی ڕایەخی با تێکچووە

 من بە نیشتمانێک گرێچنت دەکەم و

 خاک ڕادەخەم

 من گمەگمی ئەڵوەنم 

 من حیلەی پردەکەم

 کە لە لامان وەستا بخواتەوە

  مێگەلەکانیش بە جێیان هێشت

 کۆچی تۆ حاجی لەقلەقەکانی خستە گومان

 کە وەرزەکان گۆڕاون

 بۆیە منارەی (خەلیفە)یان جێهێشت،

 وەکو هاوین بڵێسەی گرتووە

 کێوە خۆڵەمێشییەکانی خانەقین،

بەر لە نەورۆز بە دوو ماچ.

 

 من تۆم بینی

 لە سەر جادەی شەو،

سروودەکانتی دەوتەوە

وەک وەڵامێک بۆ سوار-ی زەوی-

 مەوداکان بەرز دەبنەوە

 

من تۆم بینی

 بە ڕۆژمێری خدری زیندوو گەمە دەکەیت

 بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژەکانی ببنە یەکشەم

کە لا دەکاتەوە

جگە لە گۆڕەکان هیچی تر لە دەوروبەری خۆی نابینێتەوە

 هەروا، چاوەڕوانییت هەڵمدەواسێت

 بەسەر دیواری ڕۆژانەمەوە

 ڕۆژمێرێکی کۆچییم،

بۆ وادەی گوڵەکان بەکەڵک نایە.

 بارانیش بۆ من گرینگ نییە

 نیوەڕۆیەکی ئاب جێمدەهێڵێت

 

وەکو دووچەرخەیەکی هەتیو

لەسەر شۆستەی گۆڕستانەکە

 وەک لافاوێکی تووڕە

لەرزینم لەبەردەم دەرگای خودادا دەنگ دەداتەوە

دیوارەکانی پەڵاوی دەبن

 بە خەنەی هەناسەم. پێکەنینە تۆزاوییەکانی فریشتەکان

بە لوتکە هەمیشە بەفراوییەکانەوە دەلکێن

دەنگ دانەوەیەکی ساردی لێ دێتەوە.

 

درۆیان لەگەڵ کردم 

کاتێک پێیان ڕاگەیاندم کە لە بنی جامەکەدا خۆت حەشارداوە 

ئەوەتا، تا کۆتاییەکەی دەنۆشم،

لە هێڵنجێکت زێدەتر هیچێکی تر نادۆزمەوە.

 

لە بازاڕە تارەکەی تۆ، جزدانەکەم ون کرد 

وێنەکەتی تێدایە 

بۆیە زانییم کە ناگەڕێیتەوە.

لە وڵاتی ئێمەدا کەسێک نییە 

وڵاتێک بگەڕێنێتەوە.

 

تۆ منت بینی 

کە بە سەر ڕێکەوتێکدا هەنگاو دەنێم و

ڕێگاکانم کراوەن 

چاوپێکەوتنەکانم لە گەڵ تۆ قووت دەدات 

بۆیە لە هەموو نائومێدییەکدا سەرسوڕمانەکەم

دەگەڕێنمەوە گیرفانی خۆم. 

 

مەوداکان خۆیان لە سەرمدا دەچەقێنن 

نە ملم دەتوانێت هەنگاوێکی تر هەڵگرێت 

وە نە دەتوانم بەبێ سەر بگەڕێمەوە.

بانگەوازەکانی سبەی 

وەک دەنگی دارستانە دوورەکە،

مێروویەکی فارسیشە 

نازانم گوێی بۆ ڕاگرم

 

تۆ منت بینی،

کاتێک برژانگە گەشتییەکانم بە سەرگردەكانت کەوتنە خوارەوە 

فرمێسکەکانم لێ خزا 

کاتێکیش دەستەکانم بۆ خاکەکەت درێژ کرد تاوەکو هەستم،

پەنجەکانم بە چاوەکانمدا چەقین. 

 

ئەی تەزبیحەکانی زمانم 

کەی بانگم دەکەیت  تاوەکو ڕۆحم لە دەستی خۆم ئازاد بکەم و 

ببێت بە باڵندەیەک لە ئاسمانی تۆ

 

من دەستی ڕاستی وەرزێڕەکە بووم و

بەبێ گۆرانی هەورەکان 

بۆماننەبوو چەپڵە لێبدەین. 

 

من تۆم بینی 

لەودیو پەنجەرەی شەوەوە 

وەکو مانگێک بە تەنیا بگری،

ئاوا لە چاوەکانتەوە پارچەکانی تاریکی دەکەوتنە خوارەوە،

وەک قەلە بریندارەکان.

 

تۆم بینی 

لەسەر تەختی ئامادەنەبوون 

یاریی ڕۆڵگێڕانی ناتەواو هەبوو 

کۆچکردووان وەک نهێنییەک جێیان هێشت 

کەرەواڵەکان* دەیانچرپاند 

 

تۆ منت بینی 

کە زەردەخەنەیەکت بۆ ئامادە دەکەم 

لە کەناری ئەڵوەن.

سەرەوەی بەردەکان دەشێلم

کاتێک دوایین وێنەکانی کۆچ دەگەڕێنێتەوە و

سندوقە ڕەشەکەیشی دەشکێنێت.

 

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا