دەمکوژێنیتەوە بۆ ئەوەی دابگیرسێم!

کەژاڵ ئەحمەد

.

ئەمە چ سەردەمێکە وا
هیچ کەس؛ فوو لە پشکۆ ناکات
بۆئەوەی بگەشێتەوە؟!
تۆ شایەد بە و ببینە چۆن ….
هەموو فوویان لەپەنگری دڵم دەکرد
بەو نیازەی بکوژێتەوە!

ڕەژوو ببینە چەند مۆن و تاریکە
ئاگر ببینە چەند گەشە ؛ چەند خۆشە
لە هەردووکیاندا ژیاوم!
ئەوەی دەستی بۆ بردبم ڕەش بووە !
ئەوەی نزیک بووبێتەوە لێم ؛ سووتاوە!
ئەی خەیاڵی هەمیشەیی و ڕۆح لەلام
من لە ئەزەلەوە
هەر درەختێکی تەنیام!
بە مەبەستی کوژانەوەشم بێت؛ وەرە…
فوویەکم لێبکە؛
وەکو چۆن فوو؛ لە پەپوولەی پایز دەکرێت
هەروەک چۆن مۆمی تەمەن و لەدایکبوون؛
بە گۆرانییەکی شادەوە
خامۆش دەکرێت!

فووم لێبکە وەک ناردنی فاتیحا
بۆ گیانی پاکی شەهیدێک؛
لە لێوی دایکییەوە.
وەک فووکردن
لە دڵی چایەکی گەرم
یان لە پەنجەی سوتاوی مناڵێک ؛فووبکە
لە خۆڵی نیشتووی سەر ڕەفەی
ڕابردووم و دواتر ئێستام.
دەمەوێت پێببم و
پێیەکانم بنێمە ناو زەمەنێکی جیاوازەوە؛
بمکوژێنەرەوە بۆ ئەوەی دابگیرسێم!

تەپ و گڕ ببینە و بزانە
هیچ کەس فوو لە چاوی ناکات
بەنیازی ڕوون بوونەوە؛
هیچ کەس ئاگرێک پێناکات
لەپێناوی ئاگر خۆیدا!
خۆم ئەزانم ؛کەنازانم
ئەوکاتانەی؛
ڕێگەم لێدەگریت بۆئەوەی ڕێگەکەم واڵا بێت!
خۆشت دەوێم؛هەتا نەبم بە خەڵووز
‌یان نەبم بە
گۆچانی دەستی داربڕێک؛
لەناو گڕی تەنوورێکدا؛ هەڵمدەگریتەوە و دەمکەیت
بە سەرەبزووت!

ئەی خەیاڵی هەمیشەیی و ڕۆح لەلام
هیچ کەس فوو لە پشکۆ ناکات
بۆئەوەی بگەشێتەوە
بەڵام لەوەی تۆ دڵنیام؛
دەمکوژێنیتەوە بۆ ئەوەی دابگیرسێم.

ئەگەر منیش لێرە نەمام
بەسکڵ بڵێ نازنەکات!
ئەو بە گوڕی؛ لەناوبردنی وا گەرمە
بە هەوڵی خەفەکردنی؛ زیندووە
بە حوکمی ئەڤین زیندانە!
بە پەرەنگ بڵێ عومرێکە؛ چاوم لێیە
بە شەرمی ڕوومەتی خەمە
سوور هەڵگەڕاوەکانیەوە جوانە!

2020- سلێمانی

٭ سکڵ و پەنگر و پشکۆ و پەڕەنگ یەک مانایان هەیە.
*تەپ و گڕ لەکاتی داگیرساندنی تەنووری ناندا دروست دەبێت.
*سەرەبزوت ئەو دارەیە کە بەشێکی داگیرساوە و بووە بە پشکۆ و سەرەکەی تری ئاگری نە گەشتووەتێ و بۆ تێکدانی پشکۆداگیرساوەکان بەکار دەهێنرێت.

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا