ئەو مردووانەی کە تەلەفون دەکەن
شوعەیب میرزایی
.
بەیانی کە لە خەو هەستام زەنگم بۆ بێهزاد دا وتم : بێهزاد دوێشەو مەحمووم بینی ئەیوت خەریکم تەڵاقی ئەدەم نا وتی خەریکە تەڵاق ئەسێنێ.
وتی : شێت بووگی هەتیم؟ مەحموو دووساڵە ژنی تەڵاق داگە.
وتم : بێهزاد هەڵە ئەکەی دوێشەو خۆم مەحمووم بینی. بێ هیچ وڵامێ تەلەفونەکەی لەسەر داخستم.
بە پەلە خۆم کۆکردەوە و دامه دەرەوە, کۆڵان بە کۆڵان و خیابان بە خیابان بە دووی مەحمووا ئەگەڕام شار دوایی هات و مەحمووم نەدۆزیەوە, خۆمم گەیاندە دووکانەکەی رێبوار, ناهمێیانە وژنی شەکەتیم دادا و سیگارێکم چاخ کرد.
وتم: یانێ چی؟ ئەی باشە مەحموو لەم شارە چوارخیابانه چۆن نادۆزرێتەوە؟
-: وتی کام مەحموو خاڵۆ؟
-: وتم نایناسی, هەرئەوە کە خەریکە ژنەکەی تەڵاق بات نا ئەوە یا بێهزاد ئەیژێ دووساڵە ژنەکەی تەڵاق داگە … نازانم
وتی :- خاڵۆ! خاڵۆ شێت بووگی؟
وتم : بۆچە!؟
وتی : مەگەر “بێهزاد” دووساڵ پێش نەمردووە ؟
خڕۆشام، شێت بووم، هاوارم کرد، دام لە دارو دیوار یانێ چی؟ من چیم بەسەر هاتووە؟ ئێوە چیتان بەسەر هاتووە؟
من ئەمڕۆ خۆم تەک بێهزادا قسەم کرد دوێنێش خۆم مەحمووم دیت وتی خەریکم تەڵاقی ئەدەم, نا وتی خەریکە تەڵاق ئەسێنێ…
دەی بۆ هیچ نایژی؟ رێبوار! رێبوار.
بۆ وڵامم نادەیتەوە لە گەڵ تۆمە رێبوارررر
تۆزێ کە هێورەو بوومەوە تماشایەکی بنمیچەکەم کرد و هاتەوە بیرم کە من دووسالی ڕێکه مردووم.