دیدار لەگەڵ ئارام حاجی | چاوپێکەوتن
لەم دیدارەی ئەمجارەماندا لە ڕێگەی هاوکارمان بابانی شەن ـەوە ڕۆیشتووینەتە لای کاک ئارام حاجی شاعیر و ڕۆژنامەنووسی ئەدەبیی، و چەن باسێکمان وروژاندووە و بە تایبەت لەبارەی پەیوەندی نێوان شیعر و کولتووریی کوردی و ڕۆڵی فیستیڤاڵەکان لە دەرخستنی دەقی داهێنارانەوە قسەمان کردووە و هاوکات لەبارەی ئەزموونی ئەدەبیی خۆی و تایبەتمەندیی دەقە شیعرییەکانی لەگەڵی دواوین.
بابانی شەن:
ئەو خاسیەت و تایبەتمەندییەی شیعری ئارام حاجی جودا دەکاتەوە لە شیعری شاعیرانی تر چییە ؟ بۆ نموونە گۆڕانکاریی بەردەوام، موفرەداتی نووسین ،خەیاڵ ..تاد وەک ئەوەی دیارە هەر شاعیرێک دونیای تایبەتی شیعری خۆی هەیە، تایبەتمەندیی شیعرەکانی تۆ چییە؟
ئارام حاجی:
لە ڕاستیدا وەڵامی ئەم پرسیارە ڕوویەکی نەختێ قایمی گەرەکە، چونکە ناچارمدەکەیت باسی خۆم بکەم، ئەمەیش ناسازە بەلامەوە. بەهەرحاڵ بە کورتی هەندێ شت دەخەمەڕوو، کە خوێنەر و ئامادەبووان چاوەر(شاهید)ی ئەو چەند شتەن.
سەرەتا وایدەبینم هەندێك لە مەڕ بابەتی جیاوازیی بدوێم لەوانیتردا، ئەوجا بێمەوە سەر ئەزموونی ئەدەبیی خۆم، ئاوا ئیتر هەندێ ئاسوودەتر ئەتوانم بۆت بدوێم.
بە بێگومان ئافراندنی جیاوازیی تەنها یەک ڕێگەی نییە. بۆ نموونە نووسەر هەیە بە هۆی ئازەراکەیەوە، دەقەکانی تایبەتمەندیی و جیاوازیی وەردەگرێت، هەیە بە هۆی ڕوانین و دنیابینییەکەیەوە بۆ شتێك، هەیشە گرنگدان بە ڕەگەزێکی تایبەت، کە بووەتە ڕەگەزی زاڵ، دەقەکانی تایبەتمەندیی و جیاوازیی وەردەگرێت، هەیە بە هۆی پیشەکەیەوە وەریدەگرێت. هەیشە بە هۆی دۆخێکی دەروونیی هەمیشەییەوە وەریدەگرێت. ….
بۆ نموونە ئەوەی لە جۆری یەکەمە وەک کاک “حسەین لەتیف”، کە لە ناو دەقەکانیدا هەموو سەردەمی مناڵیی و لاوێتییەکەی، جەنگ بێبەشیی کردووە لە تایبەتمەندییەکانی ئەو تەمەنەی؛ بۆیە ئازارێکی بەردەوام، کە جەنگ بۆی بڕیوەتەوە بە ڕوونی بە دەقەکانییەوە دیارە و جیاوازیی کردووە. ئەوەی لە جۆری دووەمە وەک کاک “دلاوەر قەرەداغی” کاتێ دەقەکانی دەخوێنیتەوە هەست بە سەوزایی و فێنکی دەکەیت، بەوپێیەی پانتاییەکی زۆر لە ڕەگەزەکانی ژینگە دەبینیت لە دەقەکانیدا. بگرە دەگاتە ئاستێک، کە لێکۆڵەرێکی وەک مامۆستا “عەبدووڵا تاهیر بەرزنجی” بە شاعیریی سەوز ناوی دەبات. لە جۆری سێهەم وەک کاک “تەڵعەت تاهیر”، کە وێنەی کردووە بە ڕەگەزی زاڵی ناو دەقەکانی، بە جۆرێک هەست دەکەیت سەیریی ئەلبوومێک دەکەیت، نەک دەقێک دەخوێنیتەوە. لە جۆری چوارەم وەك “سابیر هاکا” کە دەقەکانی ئاوێنەی نیشاندانی پیشەکەیەتی. لە جۆری پێنجەم وەک جەنەراڵی پاییز (حەمە عومەر عوسمان)، کە نامۆییە دەروونییەکەی تەواو دەقەکانی جیاواز کردووە و هەستەکەی مرۆڤێک لەناو ئەم دەقانەدا دەژی، کە هیچ شوێنێک بۆ ئەو شوێنێکی ئارام نییە. تەنانەت حەمە عومەر لە ژیانی خۆیشدا ئەورووپایشی بینی، بەڵام نامۆییەکەی نەڕەوییەوە.
بێگومان هەموو شاعیرەکان هەوڵی جیاکردنەوەی دەنگی خۆیان دەدەن لەبەرانبەر نووسەرانی هاوسەردمی خۆیان دا، بەڵام ئەوەی پێیاندەکرێت ئەو جیاوازییە بئافرێنن یاخود نا، ئەوەیان بابەتێکی دیکەیە. سەبارەت بە خۆیشم لە ساڵی دووهەزار و بیستویەکەوە، ڕوونتر بڵێم لە دوای کۆمەڵە شیعری ”پێکێ گریمانە” بە تەواوەتی هەوڵی جیاکردنەوەی خۆمم داوە، بۆ ئەمە بەڵگەم هەیە. لە ساڵی ٢٠٢٢ کاتێك خولی هەشتەمی فیستڤاڵی گوڵەهەنار کرا، پاشی فیستیڤاڵەکە هاوڕێی نووسەرم کاک دڵزار حەسەن بابەتێکی نووسی، کە گوایە بەشێکی زۆری شیعرەکان دەچوونەوە سەریەک، بەوەی دەقەکان هەندێ خەمی زاتی و ئەو بێتاقەتییانەبوون، کە دەکرێ هەموومان پێیدا بڕۆین. بەڵام کاک دڵزار ئاماژەی بەوەدا، کە دەقی “مرۆڤی سوێر”ی ئارام حاجی، بە تەواوەتی جیاوزبوو لە دەقەکانی تر، چ وەک تێما چ وەك کارکردن لە ڕەگەزەکانی تری. هەر بۆ دڵنیایی ئێستەیش گۆڤارەکە ماوە، بۆ دڵنیابوون. هاوکات وتارەکەی کاک دڵزاریش بەردەستە. پێموابێ هەر ئەو جیاوازییەیش وایکرد، لە دوای فیستیڤاڵەکە بۆ هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی وەرگێڕدرا، لە لایەن کاک بەکر دەروێش و خاتوو ڕەیان جەلیل. گەر نموونەیەکی تریش بهێنمەوە، لە فیستیڤاڵی لەتیف هەڵمەت ساڵی ٢٠٢١، دوو دەقی جیاوازی تێدابوو یەکیان هی هاوڕێی شاعیرم کاک ئەکرەم هەواس بوو، ئەوی تر دەقی “نان بۆ من و شەراب بۆ هۆڵدەرلین”ی من بوو. تێیدا باسی نانمان کردبوو، من بە دیدێکی فیکریییەوە و هەواسیش بە دیدێکی کۆمەڵایەتیانە.
جگە لەو دوو نموونەی سەرەوە، هەر ئەوەی، کە ماوەی پێنج ساڵە وەستاوم هیچ بڵاوکراوەیەکی شیعرییم نییە، بە هۆکاری ئەوەیە دەمەوێ ئەو جیاوازییە بئافرێنم. هەر ئەوەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، کە دەقی من بە کەمی دەبینرێت، هەر ئەوە هۆکارەکەیەتی، هەر ئەوەی لە فیستیڤاڵەکان دوورکەوتوومەتەوە، هەر ئەوە هۆکارەکەیەتی..تاد. ئیتر لەو دەقانەیشی کە نووسیومە، ئەگەر ڕۆژێك بڵاوم کردنەوە شتێک بۆ خوێنەران هەر دیناو (کەشف) دەبێت، کە جیاوازییم ئافراندووە بەراورد بە هاوسەردەمەکانم یاخود نا. هەروەها باوەڕێکی ڕێژەییم تا ئاستێکی فرە بەو قسەیەی “ڕیکۆر”یش هەیە، کە ئێژێت: مۆدی ئەوە نەماوە چی دەگێڕیتەوە، ئەوە گرنگە چۆن دەیگێڕیتەوە”.
زیاتر جەخت لە مەبەستەکەم دەکەمەوە، ئەوەی کە هەوڵی بۆ دەدەم، کە جیاواز تیایدا دەرکەوم، پاشی ئەوەی ئەو تێما ئەو بابەتە، کە لە مندا دەبێتە جێگەی مشتومڕ و لە ناوخۆمدا پێوەی سەرقاڵ دەبم، دێم خەیاڵم لە سەر ئەوە چڕ دەکەمەوە گۆشەیەك بدۆزمەوە(گۆشە نیگایەکی دەگمەن و ورد) کە دەگمەن بێ تاڕادەی نەبینین و کەم پەیپێبراو. ئیتر هەوڵدەدەم ئا لەوێوە من ڕستی شیعریی خۆم دادەمەزرێنم.
سەرباری ئەمانەیش، کە بۆچوونی خۆم بوون لەمەڕ خۆم، بەهایەکی ئەوتۆی نییە. دیسان لە کۆتاییدا ئەوە بۆ ئایندە جێدەهێڵم، من هەوڵی جیاوازییم داوە، ئاخۆ پێمکراوە یان نا، ئەوە با بۆ خوێنەر بمێنێت.
بابانی شەن:
ئایا ڕاستە لێرەو لەوێ دەڵێن کورد گەلێکی دژە ئەدەب و هونەر و تا ڕادەیەک ژیاندۆست نییە؟
ئارام حاجی:
بریا ئەم پرسیارە نووسەرێک بیکردایە یاخود دەرفەتی هاتووچوونی پرسیار هەبوایە لە نێوانماندا بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی بەردەوام و درێژمان بکردایەت لەمبارەوە. بەڵام هەرچی بێت، هەوڵدەدەم لای خۆمەوە بابەتەکە بۆ ئاخێوەران ڕۆشن بکەمەوە بە خێرایی
بابان گیان مرۆڤ کاتێک دژە هونەر و ئەدەب دەبێت، کە ژینگە و سروشتەکەی تاکدەنگ و تاكڕەنگبێت. بۆ نموونە ئەشێ ئەم قسەیە بۆ عەرەبستانی سعودی ڕاستبێت بەو پێیەی ڕێژەی گەرمی و بیابان زۆرینەی ژیانی ئەو وڵاتەی پێکهێناوە، بەڵام بۆ کورد بە بێگومان هەڵەیە، بەڵکو هونەر بە شیعریشەوە قوڵ دەدات لەناوماندا.
تۆ چیا-ت هەیە، گردت هەیە، دۆڵت هەیە، بانت هەیە، پێدەشتت هەیە، دەشتت هەیە، هەر بۆخۆت دەیان باڵندەی جیاوازت بینیوە. سەدان جۆر دارت بینیوە نەک چەند جۆرێك. کانی-ت هەیە کارێزت هەیە، ڕووبارت هەیە، بیرت هەیە. ئینجا تۆ لەو شارەی خۆت لە دوازدە مانگدا چوارجۆر وزە بەرت دەکەوێت هی چوار وەرزەکەیە. لە جلی پیاواندا چۆغەت هەیە شەواڵ و ژێرچۆغە و پشتوێن و فەقیانە و پووزەوانە و کوڵەباڵ ..تاد. لە جلی ژناندا، کراس و ژێرکراس و هاوەڵکراس و هێلەک و کەوا و سەڵتە ..تاد. جا بە ڕەنگی جودا و ئاڵواڵا. وە تاکی کوردیش پەروەردەی ناو ئەم ژینگە ئاڵ و واڵایە. ئەی دەکرێ لە ژینگەیەکی فرەدەنگی فرەڕەنگدا مرۆڤێک دروستببێت دژە هونەر و ئەدەب و تاکدەنگ و تاکڕەنگ بێت؟
بەڵام دیسان بنۆڕە بە ڕێژەیەکی زۆر لە ناو وڵاتانی عەرەبدا جلی پیاوان سپییە و ژنان ڕەشە و هاوکات سەرتاخوار یەک پارچەیە ئەوەی دیارە. بە واتایەکی دیکە تاک ڕەنگی تێدایە (هەرچەند لە ڕووی زانستییەوە سپی و ڕەش بەڕەنگ دانانرێت)
با بێینەوە سەر ئەدەب، کە بابەتی نێوان من و تۆیە. تۆ دایکت هیچ پەروەردەیەکی هونەری نەخوێندووە و بە دوو یان سێ شێوە لایلایە دەزانێت و بۆیشی کردوویت، بە تێکستی تایبەتی خۆیشییەوە، بە نموونە (بەندی دڵەکەم ڕۆڵەی شیرینم- لەنێو خەویشدا مەرگت نەبینم). هەر ئەم ژنە دەچێتە ناو پرسە(تەعزێ)یەکەوە و گوێی لە ژنێک دەبێت لە تەنیشتییەوە “سەروبۆر” بۆ مردووەکە دێنێتەوە و بە تێکست و ئاوازی تایبەتەوە، مردووەکە دەلاوێنێتەوە: ( تاڵێ لە زوڵفت نەخستە مشتم- جەرگمت بڕی تا پێی ببەستم). هەر ئەم ژنە تازە منداڵی بووە و کەسێک دەدات لە منداڵەکەی، ژنەیش بە تێکست و ئاوازی تایبەتەوە بە منداڵەکەی دەڵێت: ( کێ لێیداوی بە چەچی- بزنی بمرێ لە پەچی). هەروەها لەم دەڤەرەی ئێمە کاتێك کەسێک هاوڕێیەکی دەمرێت، لەبەر بێتاقەتی لەبەر خۆیەوە دەڵێت: ( ڕەفیقانم ڕووی خۆم وە جا مەنم- کەلاوە کۆنە بوویە مەسکەنم).
هەروەها لەکاتی وەرزی دروێنەکرداندا بەهەروەزی بە شێوەی ڕیز، پیاوان دەوەستن و بە دەم گۆرانییەوە خەریکی ئیشی دروێنەکردن دەبن و ئەم تێکستە دەڵێنەوە بە ئاوازی تایبەتەوە (هە دروونە دروونە دروونە- دەسکی داسم بەروونە). داس ئەو کەرەستەیە، کە دروێنەکەی پێدەکرێت و دەسکەکەیشی کە بەدەستەوە دەگیرێت لە داری بەڕوو بۆی سازکراوە، بەگوێرەی تێکستەکەبێت.
ئەم نموونانەی هێنامەوە هی خەڵکە سادە و کۆمەڵایەتی و داپیران و باپیرانی ئێمەن، کە پڕن لە ئەدەبدۆستی و هونەر دۆستی و ژیاندۆستی، ئیتر بۆ ئێمەی پەروەردەی دەستی ئەمانە، دژە هونەر و ئەدەبین؟
بۆیە لە مێژوودا، ئێمە گەلێکی هونەری و ئەدەبین، بەڵام ئەوەی خەریکە ئاوەکە لیخن دەکات ئەو لێشاوەیە لە بیریی توندڕەوی، کە تەمەنەکەی سێ دەیەیە نەک بووبێت بە مێژوو.
ئەگەر زیاتر پێداگرم بکەیت ئەوا دەڵێم کورد تەنانەت شەڕەکانیشی بە هونەرەوە نمایش دەکات نەک بینووسێت.
تەماشای ئەم نموونەیە بکە لە هەڵپەڕکێی (سێ پێیی)، کە جۆرێک هەڵپەڕکێی ئێمەیە. ئەوانەی هەڵدەپەڕن قۆڵ لە قۆڵی یەک دەکەن یان دەستی یەک تووند دەگرن و ڕیز دەبەستن، کە ئەمە ئاماژەیە بۆ یەکگرتن لەبەرانبەر دوژمندا. هەروەها هەر لەم هەڵپەڕکێیەدا ڕۆشتنەپێش و گەڕانەوە هەیە بە واتای هێرشبردن و کشانەوە و شکست دێت، پاشان کۆتاجار دەچنە پێشە و قاچ دەکوتن بە زەویدا، ئەمەیش بە واتای ئەوەدێ دوژمنمان شکاند و خستمانە ژێرپێمانەوە. هەروەها کەسێک لە یەکەمەوەیە ناوی سەرچۆپییە، دەست بادەدات و سەما بە پەڕۆکەی دەستی دەکات، کە ئاماژەیە بۆ سەرکەوتن و ئازادبوون.
هاوکات کەسێکیش لە کۆتاییەوەیە، کە کەمتر جێگۆڕکێ دەکات و جێگەی خۆی نادات بە کەس، ئاماژەیە بە هێزی پشتیوانی و خۆڕاگری و پشتگیریکردنی ئەوانەی پێشەوەی خۆی، ئەمە بە گاوان-ی ناودێر دەکرێت و ئاماژەکانی بریتین لە متمانە و خۆڕاگریی و جێ چۆڵنەکردن.
هەروەها هەموو کایەکانی ئێمە تێکستی تایبەت بە خۆی هەیە و بە ئاوازی تایبەت دەوترێتەوە. بۆ نموونە لە ناو کاری ئاژەڵداریدا، شوان بە کۆمەڵێ دێڕ گوزارشت لە دۆخی ڕانە مەڕەکەی دەکات، بە نموونە (ڕانەکەم ڕایدا دای لە قەتارە- زڕڕەی زەنگەکەی مێ کوڕە چارە) یاخود (ڕانەکەم ڕایدا دای لە قەتارە- خوایە چەند خۆشە ئاوی مەتارە) مەتارە ئەو دەبیەیە، کە بە لاقەدی شوانەکەوەیە و ئاوی تێدایە. تا ئێرە بەسە بۆ وەڵامی پرسیارەکەت، یان زیاتر ببێژم؟
بابانی شەن:
پێموابێ وڵامەکەت ڕوون بێت. شیعر تاکو کوێ هاودەمی و هاوخەمی مرۆڤ دەکات؟ یان با بڵێین تاکوێ هاودەم و هاوخەمی تۆ بووە؟
ئارام حاجی:
سەرەتا سوپاست دەکەم بۆ ئەو پرسیارە جوان و پێویستە، ئەمە پرسیارێکە دەتوانێت خزمەت بکات بە ئەدەب. هەروەتر وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر هەڵدەگرێت و کات و نووسینی توولانی دەوێت. بەڵام هەوڵدەدەم باییی دیدارەکە وەڵامت بدەمەوە و باسی ئەوە بکەم شیعر تاکو کوێ هاودەم و هاوخەمی مرۆڤ بووە نەک ئارام، چونکە بەوجۆرە خۆیشم دەگرێتەوە کە لە پێڕی مرۆڤم.
قسەیەکی باو هەیە لەو کاتەدا دەکرێت، کە ئەگەر شتێک دوایی نەیەت، ئێژن: بنی لە ئاوادایە. دەتوانین ئەم دەربڕینە بخەینە خزمەت دیدارەکەمانەوە و بێژین: شیعریش، بنی لە مرۆڤدایە. لە ڕاستیدا مادەم داهێنەری شیعر مرۆڤە کەواتە لەوەتی هەیە خزمەتی بە مرۆڤ و نامرۆڤیش کردووە. بە واتایەکی دیکە مرۆڤ لە کوێدا پێویستی بووە، شیعریی بەکار بردووە. بەڵام ئەویش بە پێی دۆخ و سەردەمەکان ئەرکی شیعر گۆڕاوە. هەوڵدەدەم بە خێرایی هەندێکیان دەستنیشان بکەم، هەروەها خۆیشم ببوێرم لەو دەقە مەنهەجی و سواوەی کە وەک هەمیشە لای پلاتۆن ئەرکی شیعر سوود و چێژ و لای ئەرەستۆ چێژ و وزە غەریزەییەکان و لای فرۆید چەپاندنە دەروونییەکان و یان بە پێی ڕێبازە ئەدەبییەکان بڵێم لای ڕۆمانتیک هێزی گوزارشت کردن و لای پەڕناس هونەر لەپێناو هونەر و بنیاتنانی ئیستاتیکا و لە هاوچەرخدا دۆخە دەروونی و کۆمەلایەتییەکان..تاد. نا ئەمە ناکەم.
بێگومان دیاریکردنی ئارستە بۆ شیعر بە ڕوویەکدا کارێکی فرە مەترسیدارە، چونکە تۆ لەوکاتەدا خەریکی پێناسە دانانی بۆ کایەیەک، کە فرەبۆچوون هەڵدەگرێت نەک پێناسە بۆکردن. هەر خودی پێناسەکە قەتیسکردنی شیعرە. بۆیە زیاتر سەیری مێژووەکە دەکەین و ئەرک دیاریی دەکەین.
وای بۆ دەچم سەرەتاکانی شیعر بە پەسنکردن دەستیپێکردووە، ئەمەیش کاتێک بووە کە ژیانی مرۆڤ ژیانێکی سەرەتاییانە بووە، بۆ ئەمەیش مرۆڤ بە گوێرەی دۆخەکە چ شادی یان خەمگینی بووبێت، پێوسیتی بەوە هەبوو میتا زمانێک بەکار ببات جیاواز لەو زمانەی کە ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی لەپشتەوەیە. دەشێت پەسنی ئەسپێک، سرووشتێک، کچێک، دەڤەرێک، یان لەدەستدانی ئەمانە..تاد، بووبێت، شیعریی بۆ بەکاربردبێت. پاشان کە مرۆڤ کۆمەڵگە و زمان و ڕەنگ و دەنگی جوداتر دەناسێت جگە لە گرووپەکەی خۆی، ئیتر شیعریش ئەرکی دەگۆڕێت و دەشێت بۆ بڵندکردنەوەی ئیرادەی بەرەکەی خۆی لەبەرانبەر بەرەکەی تردا بەکاریی بردبێت، یاخود لە دۆخێکی ترسئامێزدا بۆ شاردنەوەی نهێنییەك بووبێت لە ناو ئەو زمانە بانکۆمەڵایەتییەدا. لە قۆناغێکی تردا وەک دەزگایەکی کاری پێکراوە بۆ شەڕی نووسین بە نووسین و دەنگ بە دەنگ، یاخود فریودانی ئەوی تر. لەگەڵ ئەم نموونانەدا ئیتر وادەخوازێت شیعر گۆڕانکاریی بەسەردابێت لە هەموو ڕەگەزەکانیدا، ئەمەیش بەها بە شیعر دەبەخشێت و وای لێدێ لە دەربڕینەوە ببێت بە کایەیەک لە کایەکانی ژیان وەک چۆن مرۆڤ پێویستی بەکایەکانی ترە. بۆیە ئەم حەوجێیە بە شیعر وادەکات لەناو دەربارەکاندا، بەتایبەت لەناو نەتەوەی عەرەب دەربار بێ شاعیر نەبووە، وەک چۆن چەک و جبەخانە و میوانخانە و سەرۆک دیوان و فەرماندە و لەشکر هەبووە، ئاوا دەربار شاعیریشیی گەرەکبووە. پاشان دەگاتە جێیەک ئەرکی پەروەردەیی پێدەسپێردرێت و پاشان ئەرکی زانستی، پاشان ئەرکی سیاسی، ئاینی، تا دەگاتە ئەمڕۆ کە دەقەکان زیاتر بوون بە دەرخەریی گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و بابەتە کەسییەکان.
لەهەموو ئەمانەدا هەم ئەرکی شیعر دەرکەوت، هەم ناچار مرۆڤ گۆڕانکاریی لە شیعردا کرد، چونکە شیعر پێویستی بوو بۆی. بەڵام هەموو ئەم ئەرکانەی خستنییە ئەستۆی شیعر لەجێگەی خۆیدا بوو؟ بە بێگومان نەخێر، چونکە شیعریی لەو فرە ڕەهەندییە دادەڕنی کردی بە قوربانی پەیامێک، یان یاسایەکی ڕێزمانی، یان کۆمەڵێ قسەی ڕەق، یان کۆمەڵێ کڕوزانەوە، بەگشتی شیعر لەو ڕستە زمانییە دادەڕنرا و دەبوو بە قوربانی بابەتێك. تەنانەت بەمەوە نەوەستا هەندێ تەسەوری هەڵەی لای خەڵک و خوێنەری شیعر درووستکرد کە زۆر هەڵەبوو، بۆ نموونە شیعر بۆ پارەت بۆ پەیدا ناکات؟ بۆ شۆڕش سەرناخات؟ بۆ شۆڕش دروست ناکات، ژیانت خۆش ناکات؟
تا گەیشتە جێگەیەک کە بەشێکی زۆر بە ئێستەیشەوە ڕقیان لە شیعر دەبێتەوە، کە بۆچی ئەوە و ئەوەیان بۆ ناکات؟ تەنانەت ئەمە گەیشتە جێگەیەک کە نووسەرێکی بەناوبانگی وەک “بین لێرنەر” کتێبێکی بەناوبانگی نووسیی بەناوی “ڕق لە شیعر” کە پاڵنەری نووسینی ئەم کتێبە، ئەو تەسەورە هەڵانە بوو ئەو ئەرکە هەڵانەبوو کە خرایە ئەستۆی شیعر. کە بۆخۆم هەندێ وتارم وەرگێڕاوە لەبارەی ئەم کتێبەوە و لە ئایندەدا بڵاو دەبنەوە. لێرنەر پێی وایە کارێکی نابەجێیە کە شیعر بۆ جیهانت بۆ ڕزگار ناکات، بۆ شۆڕشت بۆ هەڵناگیرسێنێت لەم سەردەمەدا، کە سەردەمی شۆڕش بەسەرچووە، بۆ پەرجوو نا ئافرێنێت؟، بەڵکو لێرنەر پێیوایە مرۆڤ لەم جیهانەدا ڕێبوارە و شیعریش هاوڕێگەیەتی لەم ڕێگەدا، نەک بەرپرسیاربێت لە گۆڕینی جیهان و پەرجوو ئافراندن. ئەرکەکەی هاوڕێیەتی مرۆڤە نەک بەرپرسبێت.
هەروەك لەبەرایدا وتم فرە هەڵدەگرێت ئەم بابەتە و ئەمەیش دیدارە، ناچارم پەیوەستبم بە کاتی خوێنەر و پانتایی پەڕەکانەوە کە بۆمت دیاریی کردووە.
بابانی شەن:
وەک دیارە ساڵانە فیستیڤاڵی ئەدەبی زۆر دەکرێ و بەردەوام پرسیار دەربارەیان دەکرێ .لێرە بەشێوازێکی تر دەپرسم لە جەنابتان ،بەرهەمی ئەو فیستیڤاڵانە کە لەم دوایانەدا دەنگی نوێ و جدی تێیدا دەرکەوتوون پێت وایە قۆناغێکی تر لەسەر دەستی ئەو دەنگە نوێ و گەنجانە بێتە کایەوە ،واتا بەهۆی فیستیڤاڵەکانەوە دروست ببێ؟
ئارام حاجی:
هەرلەخۆیدا ئەم پرسیارە دوو لایەن لە خۆی دەگرێت، یەکێکیان باسکردنی فیستیڤاڵ و گرنگی فیستیڤاڵە، ئەوی تریش داهێنا و هێنانە کایەیی قۆناغی نوێی ئەدەبییە.
سەرەتا شیعری ڕەسەن و داهێنەرانە، لە دەرەوەی فیستیڤاڵیش هەر بوونی هەیە، لە دەرەوەی فیستیڤاڵیش هەر شیعرە و پێداویستییە هزرییەکانی مرۆڤ پڕدەکاتەوە. بەڵام فیستیڤاڵ فاکتەر و زەمینەسازیی دەکات بۆ ئەوەی دەقەکە نەک هەنگاوێك بەڵکو بازێکی زیاتر بدات بۆ ئەوەی چاوەکان بهێنێتە سەرخۆی، زەمینەسازی دەکات و دەبێت بە سەکۆیەکی بەرزتر تاوەکوو زیاتر ببینرێت و بخوێنرێتەوە، لەبری ئەوەی تاک تاک شیعرەکە بچێتە ناو خوێنەرەوە. بەڵکو وادەکات کۆمەڵێک تاک بەیەکەوە بچنەوە خزمەتی دەقەکە. وە ئەو کۆمەڵە تاکەیش تەنها خوێنەری تێدا نییە بەڵکو لێکۆڵەر و کەسی بە ئەزموون و شاعیری داهێنەری تێدا. بەکورتی ئەمە گرنگیی فیستیڤاڵەکان بوو.
لایەنی دووەم ئایا قۆناغیی نوێ لەسەر دەستی بەشداربوانی ئەم فیستیڤاڵانە هاتووەتە کایەوە؟
بۆ ئەمەیشیان دەبێ سەرەتا ئاماژە بە چەند شتێك بدەم، ئەویش درووست بوونی قۆناغی نوێ نزیکەی دوو بۆ سێ دەیەی ئەوێت ئەوجا ڕۆشن دەبێتەوە کە ئایا قۆناغی نوێ هاتووەتە پێش؟ ئایا تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغە چین؟ جیاوازیی چی لە قۆناغی پێشخۆی؟ وەک وتم ئەمامە هەموو نزیکەی دوو بۆ سێ دەیەی دەوێت، ئەی لەبەرانبەریشدا تەمەنی فیستیڤاڵەکانی باشووریش هەر نزیکەی دوو بۆ سێ دەیەیە، ئەسڵەن پازدە ساڵێکە بە چڕی فیستیڤاڵەکان دەرکەوتوون، تاکو تەرا هەیانە تەمەنیان لەسەروو بیست ساڵدایە.
بەڵام ئەم هۆیانەی سەرەوە ڕێگرییمان لێناکات هەندێ ئاماژە بخەینەڕوو، کە ئاماژەی دەرکەوتنی قۆناغی نوێ لەسەر دەستی نەوەی پاش دووهەزار کە نەوەی فیستیڤاڵەکانن دەردەخەن. لەو ئاماژانەی کە دەرکەوتوون لەناو دەقەکاندا سەرف شیعر نین بەڵکوو ڕیتمێک لە گێڕانەوە لەناو دەقەکاندا هەیە، بە نموونە وەک دەقەکانی بەشدار سامی و سرووشت نەوزاد و ئەمیر ئەمین و پێشەنگ شێرزاد و دیار سۆفی و سۆران عومەر و ئیسماعیل سابیر و هێمن قوربانی و شوان تۆفیق و غەمگین بۆڵی.. تاد.
هەروەها سیمایەکی تر لەدەقی ئەم قۆناغە نوێیەدا هەمیشە قەلەقیی و بێتاقەتی و کاڵبوونەوە و نەمانی ئینتیما کۆمەڵایەتی و ئایینییاکان بەتەواوەتی لەناو دەقەکاندا دیارە. هەروەها شیعرەکان زیاتر تاکێتی پێوە دیارە لە گوزارشتکردندا نەک دەستەکۆیی، بە واتایەکی تر ڕوونکردنەوەی خودە زیاتر نەک ئێمە یان ئەوان. هەروەها جۆرێك لە هەڵهێنانەوە و ڕشانەوەی زەمەنێکی ناخۆش و وەڕەزکەر و نائارام خۆی دەرخستووە لەناو ئەم دەقانەدا، هەروەتر دەقەکان زیاتر گەڕاونەتەوە بۆ ئاوڕدانەوە لە جەنگ و دواندنی جەنگ و لێکەوتەی مەینەتییەکانی جەنگ، چوونکە بیرمان نەچێت ئەم دوو دەیە زیاتر لە چەند جەنگێکی ناوچەیی و دەرەناوچەیی تێیدا ڕوویدا و ئەمەیش لەناو دەقەکاندا دیارە، بە دەقی خۆیشمەوە. بگرە کەسیان نییە بە کورتیشبێ باسی جەنگیان نەکردبێت. واوەتریش بێینەوە دەقەکان بێتاقەتی و دەرووننادرووستی و هیلاکییەکی مرۆڤی ئەوڕۆ نیشان دەدەن، هیلاکییەکی دەروونی. هەروەها کۆچی گەنجان و شاعیران تێیدا بۆ ئەورووپا سیمایەکی ترییەتی.
لە ڕووی مەعریفیشەوە نووسەرانی ئەم نەوەیە بە شاعیر و لێکۆڵەر و وەرگێڕییەوە زۆر باشن، ئەمەیش قسەی گیرفانم نییە بەڵکە خۆم دیدارم لەگەڵ زۆرێکیان کردووە و ئەمە دیارە لێمەوە، هۆیەکەیشی ئەوەیە لەو ڕووەوە گەشبەختن کە کاری چاپ و بڵاوکردنەوە لەم دوودەیەدا باشترە و بەهۆی وەرگێڕان و شاشەکانەوە دەستیان بە زۆر شت گەیشتووە بۆ سەرچاوەی مەعریفی خۆیان.
ئەمانەی ئاماژەم پێدان سیمای دیاری دەقی ئەم نەوەیەن کە نەوەی پاش دووهەزار(فیستیڤاڵەکان)ن. دەزانم ئەم قۆناغە تەواو ڕوون نەبووەتەوە و هێشتان لە دۆخی ئەزموونیدان، دەکرێ جگە لەمانەی کە گوتم، ئاوا نزیکەی دەیەیەکی تر یان کەمتر، هەندێ شتی تری ئەم نەوەیە دەربکەوێت. با ئەوەیش بڵێم کەمجارێك فیستڤاڵەکان نایپێکن لە دیاریکردنی دەقی داهێنەرانەدا( وەک وتم بەکەمی).
بابانی شەن:
بۆچی مرۆڤ شیعر بنووسێت، گرنگی نووسینی شیعر لە چیدایە؟
ئارام حاجی:
لەم پرسیارەدا دەبێت ئاماژەیەك بە پرسیاری سێیەم بدەمەوە. لەسەرەوەدا ئاماژەم بەوەدا کە شیعر ئەشێ لەبەرایی مێژوودا جۆرێك لە دەربڕینی هەستی گوزارشتکردن و خۆ بەتاڵکردنەوە و یان بۆ سەرگەرمی مەجلیس و بەسەربردنی هەندێ کات و سات بووبێت بۆ مرۆڤ. بەڵام بەهۆی ئاتاجی مرۆڤ بە شیعر، وایکردووە شیعر گۆڕانی بەسەردابێت و بووبێت بە کایەیەک لە کایەکانی ژیان. هۆی تریشی ئەوەی بۆ شیعر دەنووسێت، بۆ ئەوەی دەگەڕێنمەوە هەر فاکتەرێك ئیشی تایبەتی خۆی دەکات. بۆ نموونە نیگار کێشێک تا جێگەیەک دەتوانێت بە تابلۆ ئەوەی دەیەوێت، بینەخشێنێت و لە تابلۆیەکدا بەرهەمی بهێنێت. ئەشێ مامۆستایەک تا جێگەیەکە لە ڕێگەی زانستەمرۆڤایەتییەکانەوە دەتوانی کار بەو زانستە بکات، دوکاندارێك دەتوانێت بە پیشەکەی تا جێیەگەیەک بتوانێت کاری خۆی بکات. بەڵام هەندێ بابەتی دیکە بە دەقی ئەدەبی و لەناویاندا بە شیعر دەکرێت و بەوانی تر ناکرێت، بۆیە پەنادەباتە بەر شیعر. جوانترین بەڵگەیش ئەوەیە کە شیعر سەربە هیچ پسپۆڕییەك نییە و هەموو خاوەن پیشەکان شاعیریان تێدا هەڵدەکەوێت، یان دەبنە خوێنەری جدی شیعر بۆ پڕکردنەوەی ئەوەی بە کایەکانی تر ناکرێت. هەیشیانە هەر دەستی پێناگات و ئەو بەشەی ژیانیان بە بەتاڵی دەمێنێتەوە.
هەروەها جۆرە تەسەورێک دروستبووە، کە شیعر بە ئیش تێداکردن ناودێردەکات. ئەوەندە شیعر بە ئیشتیاکردن و دەستکاریکردن دەناسێنێ نەک بە شتی تر. بۆیە ئەمەیش وادەکات شیعر لەو قۆناغە بەراییە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی پێویستی و بەکایەبوون. ئیتر مرۆڤ وەک چۆن لە ڕێگەی بیناسازیی و نیگارکێشان و مامۆستایی و پارێزەرایەتی و میکانیکییەوە بەشداریدەکات لە چێکردنی ژیان، ئاوایش هەیە بە نووسینی شیعر کە زەرورەتە، بەشداری لە ژیان دەکات. بەشداری لە ژیان دەکات بە دروستکردنی پرسیارە وجوودییەکان، بە پێشبینیکردن، بە دروستکردنی یادەوەری بۆ مرۆڤ، بۆ دروستکردنی تاکێتی، بۆ ڕەواندنەوەی تەمی سەر حەقیقەتەکان، بۆ زاوزێی زمان، بۆ هەڵگرتنی کولتووری نەتەوە لە خۆیدا…تاد.