سێدارەیەکی برسییت، ڕۆحی منت گەرەکە | نەهرۆ جەرجیس

نەهرۆ جەرجیس

 

مەغریبێک لە دڵتەنگیدا، دەڕوێم.
لە سەربانى ماڵەکەتان ئاوا دەبم،
جادەکان دەکوژم و کاتژمێر دوو؛ بەکاتی باران،
کە شەیدای ماچکردنی کێڵگەی برینی تەنیاییمە.
ئاگرى دەشتی ڕۆحم دەکوژێنمەوە.
بەسەر کێڵگەی لەشتدا دەبمە بارانێکی قاچاخ و،
لەگەڵ ئاوێنەیەکى شکاودا،
پرچی شارستانى دادەهێنم.
فرمێسکى ئاوێنەشکاوەکە،
دەمکاتە کۆڵبەری چیاکانی هیوا.

لە قووڵاییی دەماری ڕووبارێکدا؛
خێمەیەک بۆ ماسییە هیلاکەکان هەڵدەدەم.
وشەکانم پۆل پۆل،
لە ئوتێلی چاوەکانی بێ ئۆقرەیی دەنیشنەوە.
ڕستەکانم لە تریفەدا، لە چرایەکی خەوتوودا،
دەژیێنمەوە و وەک منداڵ سەرپێ دەکەونەوە.
لەسەر کەشتی ژیان، ئاڵای چاوەکانت هەڵدەدەم.
ئەم ڕووناکییە تاڵە دەخزێتەوە سینەی بێزاری.
دواجار هەینییەک؛ چەمى عومرم، وشک دەکا و
دێوانەییم دەبێتە میرات.
کوێرەوەریم؛ لە دەراوی یادەوەری بزر دەبێت.

بڕێک تیشکی خەوتوو، لەگەڵ خۆم دەبەمە سەفەر،
وەک جانتا، بە دەستەکانم هەڵیان دەگرم.
لە شەوێکی سارددا؛ سترانی بێ وەفایی دەدرووم.
بە پشکۆی دوورییت، خۆم گەمارۆ دەدەم.
بەدوای سێبەری فرمێسکێکی سەوز،
کە گەڕیدەیە لە ناخمدا.
قوڵ قوڵ، سەرگەردان…
لە ناخی گریان هێلانە دەکەم.
کە تاریکی هێڵنجی دا،
سێبەرێکی پەشێو لەدایکبوو.
لە شووشەیەکی بێ ناسنامە و قەرەج،
نیوەشەوێک؛ ژیان دیل دەکەم،
تۆوی پرسیارێکی ئەستوور،
لەنێو مشتێک خوێن جێدەهێڵم؛
“بەفر چۆن وەک هەورى باوکى سەرسپی بوو؛
لە هەڕەتى لاوی، دەیویست بە گەنجى بگاتە زەوی،
هێزى دڵى، نیشانى باخ بدات.”

لە ژیان تۆراوم،
ئەو بە هەر کوچەیەک گوزەر بکات؛
ئەو شوێنە بە تف سواق دەدەم!
لەوە خراپترم، خەڵکی شار دەیانویست.
لەوە خراپترم، کە دەیزانن.
گومڕا دەبم و لە قەڵای تەنیایی،
گۆرانیی چاوەڕوانی دەچڕم.
نامۆیی؛ لە باڵم دەتکێ.
زامێکی قووڵ، لە ئەستێرەی ناخم دادەگیرسێنێت.
دەبمە سەربازێکی تەمبەڵ.
لەنێو وەهمێکی ئاڵۆز لەدایک دەبمەوە و،
سەنگەر لە ڕابردووم دەگرم.
بەدوای وردە دڵخۆشییەکان کە ئازارێکی دێرینن،
خۆیان لەپشت کراسی ژەنگدا شاردۆتەوە،
لە هەورێکی خەست دەچن.
بێ چارەی چارەیەک دەبم!

لەگەڵ ئەو خۆزگانەی ڕۆیشتن و نەهاتنەوە،
بەدەم نووسینەوەی دوادێڕی نەهامەتییەکان،
تەرمی کۆڵانە ساردەکانم، لە نامەیەکدا دەنێژم.

بە یەقینەوە، سوێند بە فەرامۆشی دەخۆم!
ئەم ئاژاوەیە دەکوژێنمەوە و دەڵێم:
“سێدارەیەکی برسییت، ڕۆحی منت گەرەکە.
لە تەمومژیی زەردەپەڕێک،
تریفەی گۆرانییەکت مژدەی نوێبوونەوە دەچنێت.
وەک پەنجەرە هەمیشە لە چاوەڕوانیتدا دەبم.
لەگەڵ شنەبایەک ڕێکدەکەوم،
هەواڵی نەهاتنت بە درەختەکان ڕابگەیەنێت.
ڕووناکییەکیش باڵ دەگرێت و،
هەواڵێک له خۆزگە سەرگەردانەکانم،
ئەو خۆزگانەی بەقەد دەستپێک و کۆتاییی تاریکی؛
ڕەش و فرەوانن، ڕادەگەیەنێت.”

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا