کوڕی با | دابان عەتار | چیرۆک

دابان عەتار

(بەڕۆحی دایکم پێشکەشە کە هێشتا نەمتوانیوە لەبارەیەوە بنووسم)

 

(هووو با دووتاڵ پرچی لە ڕوومەتم دەخشاند و ختووکەی لووتمی دەدا… بەڵام خۆ تاڵێک پرچم پێوە نەبوو تا بایەک لەگۆڕێ بێ و ختووکەیەک لەسەر پێستێکی ڕزیوەوە پەخشبێ… لووت ئەوڕۆژە کەوتە نێوچاڵەوە کە بایەک ختووکەی نەدا وووو هووو هووروژمی با خانەخانە دەمبا و دەمبا لەجەرگەی تاریکاییدا بەسەر گۆڕەکاندا دەمخشێنێ و بەر کێلەکان دەکەوم و ووو…)
تاتی تاتی تاتی دابۆ بەخێرهاتی سەرەتای سەفەری مەرگم بوو، هەمووان هەوڵیان دەدا و باڵیان دەگرتم و وشەکانیان سەتان و هەزاران بارە دەکردەوە و دەتریقانەوە بە لێوجووڵاندنێکی سادەم…

تاتی تاتی هۆدا بەخێرهاتی، ئەوەچی بوو زەمان بۆ ئاوا لێم سووڕا؟ هۆدا بۆچی هاوسەنگیت لەدەست دا و هاوسەنگیم نەما؟ بۆ بە تاتی تاتی باقی ژیانت لێ بڕوا؟ هۆ هۆدا؟ ئەو گرێیە لە کوێوە هات و لە کوێ ڕوا؟
(تا قامی قیامەت تا تینی داڕزین لەبەرهەتاوی گەرمدا تا توانەوەی بەفر دڵۆپ قەنەی پێستمی دا و خزا، خشەخش گەڵا تێکەڵی ها و هووە و لوورەی با…)
تاتی تاتی هۆدا بەخێرهاتی، ئەوەچی بوو زەمان بۆ ئاوا لێم سووڕا؟ هۆدا بۆچی هاوسەنگیت لەدەست دا و هاوسەنگیم نەما؟ بۆ بە تاتی تاتی باقی ژیانت لێ بڕوا؟ هۆ هۆدا؟ ئەو گرێیە لە کوێوە هات و لە کوێ ڕوا؟ ئەی چی بوو لە من شێوا و لە ڕستەدا گوزەرا؟ تا هوو تا ها تا هەتا بای ڕەش لە دێری من ترازا…

(هووو شەو بەچاومدا کوێرایی دێنێت، پێڵوم گرانایی دێنێتە چاومەوە مێشوولەیەک لەسەر برژانگەکانمدا دەنیشێتەوە و دەنگێک بە گوێمدا بەردەبیتەوە ناوەوەی گوێی ناوەڕاستی دونیای سەرم وووو )
نینۆکم دەکرۆشت، دایکم دەیگۆڕیم، دەترسام، دەمویست بگریم، دایک ماچی دەکردم و هانی دەدام کە بەردەوام بم، ئەوڕۆژە تا قوتابخانە بردمی، دەگریام! تا ناو پۆل لەگەڵم هات،دەگریام! لەسەر ڕەحلەکە لەگەڵم دانیشت، دەگریام! خۆم لە پەنای شاردەوە ، دەگریام لچکی کراسەکەیم خستبووە نێو دەمم و دەمجوو، دەگریام!
کوڕی خۆم تۆ لێرە بە تا وانەکە تەواودەبێت،دەگریام! منیش لەدەرەوە چاوەڕێت دەکەم هیییی هیییی، دەگریام ناا،نااا!

(هیییی هییی هیی نا دایە نا جێم مەهێڵە!
تەنیام مەکە هوووو ڕەشەبا هاوار هاواری ئێمەی لەگەڵ یەک تێکەڵ دەکرد و لووور لوور بەنێو کێلەکان وەردەبوو. فرمێسک باڵی لێک دەدا و بەهەوادا دەکەوتە سەما و دەگریا و دەگریا هەموو هوووو گریان و تێکچڕژا ئاه و ناڵە و شەوەزەنگ و لوورەی ڕەشەبا و ناڵەی تەلقینی مەلا، ئەڵا بڵێ ئەڵا رەوان بە وەک خوڕە و با…)
سەرم دەخستە نێو مەمکی و بەبۆن و بەرامەی قەرەنفڵ و مێخەک و ئارەقەی ئارام دەبوومەوە و خەو دەیبردمەوە و ئارام ئارام خەون لەنێو سەرمدا شەپۆلی دەدا و دەدا…

(هوو هوو هوو خەو دەمباتەوە سەر توولەڕێیەک و توولەیەک دەوەڕێ. من تەنیام و دڵخۆش دەبم بە هاودەمی حەپەیەکی نێو شەوەزەنگ. دڵۆپێک بەردەبیتەوە سەر کڵاشەکەم و من گوێ بۆ بارانی
بەهار ڕادەگرم، بەڵام کوا گوێ و کوا دەنگ لە ناوەوەی لاشەیەکی ڕزیوی وەک مندا؟ ها؟ ها؟ ها؟ )
ها؟ داکم بۆ وا دەکا؟ ژان گرتوویەتی؟ لەگەڵ باوکمدا لەمسەری حەوشە بۆ ئەوسەری حەوشە لەمسەر بۆ ئەوسەر، دایکم دەیقیژاند و باوکم دەستی هەڵدەگڵۆفی و دەستی بۆ ئاسمان بەرزدەکردەوە، هۆ خوایەهۆ نەجاتی دە! نەجات! منیش دڵم بۆ دایکم هەڵدەقرچا و لەگەڵ هاواری ئەودا گریان قوڕگمی بەرنەدەدا و نەدەدا…

(بارانی بەهار بۆنی گڵی تەڕم بیردەهێنێتەوە، شەونمیش ئارەقەی گەردنی گەردوون دەبێتە هاڵاوی هەڵمی پێستێکی شێداری پڕ بۆن و بەرامە، پێستم وردەوەدە بۆگەن دەکا و بۆنی گڵی تەڕم لێ تێک دەدا…)
برام هات و جێی من لەق و جێگای لە تەنیشت دایکمەوە ڕاخرا، منیش شەوان بە کزۆڵەیی گینگڵم دەدا و خەو لەچاوانم نەدەزا، پێکەنینەکانی لەدایکبوون و شایی هاتنی منداڵێکی تر وەک دووپشک بەسەری منییەوە دا…
(هووو دووپشک وا بەسەر جەستەی ساردوسڕمدا دەڕوا و و دەڕوا. بۆگەنی تەرمی هاوڕێ و دوژمنانم لەبن کلکی دووپشکەوە بەنێو کونی لووتمدا دەڕوا و دەڕوا و دەڕوا، لووتێک هەناسەی پێدا نەڕوا، لووتە؟ ئەوەتا نایدا و نایدا و نایدا ووووو)

غارم دەدا، بەردەبوومەوە و سەرم دەشکا، دەستم دەشکا، دایکم بە گریانەوە بەسینگی خۆیەوەی دەگووشیم و لە ناو جەرگەی شەوەزەنگا ئێشکگر و دەم بە نزا دەگریا و دەگریا و دەگریا…

(هووو هەمیشە وام لە کۆت بەندا هەتا گوولەکە لەسەر سینگمدا چزا و خوێنم لە قوڕگی شەوەزەنگ کرا ها ها ها)
کەوتمە تکا و تکا و تکا، هۆدا کچێ هۆدا بەس ئەمشەو لە لای من بنوو خوا (بەو بۆن و بەرامە و سۆزە) شیفام دەدا، شیفای دا پەرجوو ئاسا.

(هووو شەو ئاوا بووو هووو خۆر لە کەلـدا سەری دەرهێناو و تابلۆی سەتان تەرم لەو دۆڵەدا بێنەوا با لە پێستیان دەخشا و دیم یاری بە پەرچەمی هەندێکیان دەکا…)
هاوار هاوار گڕنەم لە هەوریەکەی دا، بە لووتممەوە نا بۆن و بەرامەی دایکم سێبووریمی دا و خانە خانە تا مێشکم بۆرژا و ئارام ئارام خەو لە چاوانم زا و لە باوەشی خەیاڵیدا دەلای لا دە لای لا…

(ها؟ ها؟ ها؟ من لەمێژە خوێنم دەڕژا و دەژیام وەلێ بەردەوام دەڕژا و دەڕژا و ئازار بەناخمدا دەچزا و دەچزا و دەچزا، ئەوشەوە کۆتا گوللـــەبوو بەسینگمەوە جزا و دوا دڵۆپی ئازاربوو سووری خستە دەمی شەوەزەنگەوە و ڕژا و ڕژا و ڕژا هووو هاااا)
تا ژنیشم هێنا پاشی ئەوەش هەر لە باوەشی هۆدادا دڵم دادەکەوا، کوا سۆزی کوا؟ ئەوڕۆژەی دکتۆرەکە بێویژدانانە دەدوا خەنجەر لە ناوەڕاستی دڵم چەقا و خوێنم ڕژا و ڕژا و ڕژا…

(با لە پێستی دەمووچاومی دەدا و خوێن لە سینگمەوە دەتکا و بەدەم باکەوە خلۆردەبووەوە و لە تاریکیدا لە چاومدا دیار نەدەما)

گرێیەک لە لەناوەوەی پشتەسەریدا تاریکی لێ دەتکا و هاوسەنگی ئەو و ژیانی منیشی تێکدا و زەنگی بێ نەوایی منی لێ دا و لێ دا و لێ دا هۆ هۆدا هۆ…

(ئایا دەتوانم بەردەوامی بدەم بەدەم با دا؟ حەپەی سەگ و پاسدار و هەزاران خەیاڵ لەنێو سەری مندا لەچرکەیەکدا وەک گرێیەکی پیس ڕوا)
کۆڵبەری و سەختی و بەفر و باران و تۆف، خۆشاردنەوە و قەلەقی و خۆف، دەرهێنانی پاروو لە دەمی شێردا، راکەڕاک و ژاوەژاوی هەموو دونیا، چۆکیان پێم دا نەهێنا…
(ڕام دەکرد، ڕا ڕا ڕا، ڕایان دەکرد ڕا ڕا ڕا، بە دوامدا، چارم نەما، کۆڵم فڕێدا و وەک وووو با بەسووکەڵەیی گیفڕکێکی ترم دا، حەپەیان تێکەڵی قەتران بەگوێمدا دەچزا، لەمن ڕاکە و لەوان بیا بیا، لەشەو لوورە و تاریکایی لە بەفر ساردی و کفن لەتابلۆیەک دەنەخشا…)

بەهۆی گرێیەکی چەند ملیمی بوو ژیان و خەو و خۆراک لە چاوان و بەدەنی دایکم دا دەتۆرا و وەک مۆرانە بەڵام بەسەر و ددانی ئەژدیها تەمەنی دەخورا. پەرێشانتر بوو و بووین لە هاژوهوژی ڕەشترین با هەیهو هەیهو لەناو سەری مندا ترسی لە دەستدانی هۆدا چۆن زا و هەموو شتێکمی لووش دا.

(بەڵام بوو، وەک چۆن سەری من وردە وردە لە زە ویدا ڕوا و مار مێروو خش خش بەسەر تەرمەکەمەوە، بۆنی باران شێ دەخاتە جەستە. خۆڵ ڕزینی منە لەنێو سڕبوونی بەفر و شێدا…)

دکتۆر گیان تخوا، شتێک بڵێ، هیوا هەیە هیوا؟. هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و چاوی لە ئاسۆدا ڕوا، بەداخەوە ئیدی نەما، چاوەڕێکەن خودا ئامانەتەکەتان ببا…
نا نابێ نا!

(ڕووداو چزانە بە داخدا، ماڵم خرا لە نێو ئەم بەستەڵەکەدا سوور بەسەر سپیدا سپی بەسەر سەربازی ناندا نەکرا، گوورگ لەنێو بۆن و بەرامەی سپی و سووری تێکەڵەمدا کەوتە سەما و سەگ دەوەڕا، جەلادانی سنوور گەیشتنە سەر تەرمەکەم و بە تفێک و جنێوێک تابلۆی هیلاکیم ڕسوا کرا، وەلێ ئەو ڕۆژە ئاڵای ریسوایی لەسەر وڵاتی مندا هەڵکرا کە هۆدا، هۆ هۆدا ، هۆدێ، هۆدا بۆ کوێ لە شەقەی باڵت دا، (سبر کن )، هذا ابن ریسوا، لەهەر سنوورێک لێم گووزەرا کەرامەتم بەدەستی ناکەسانەوە ڕژێندرا… تک چک تک چک تک چک، کات چک، خوێن تک، کات و خوێن لێم دەبا و دەڕوا… سەگەکانی سنوور گەیشتنە سەرم و حەپەیان بەلای گوێمدا چزا ڕۆحم ڕژایە شەوە و خوێنم بەسەر بەفرەکەدا پڕژا )

تەلەفۆن ئای تەلەفۆن چەند ترسناکی لە نیوەشەودا، هەرکات زەنگ لێی دا، دڵ دادەخورپا، هەتا رۆژێک ئەوەی دەبووا ڕووی دا، ئاسۆم بەسەر مەملەکەتی دڵمدا ڕما و ئەستێرەم یەک یەک کوژانەوە و خۆرم وەک تۆپێکی تەقیو شەق لێ درا. سینگ قانگ درا، تۆز و خۆڵی بیابان بوون لە ناخەوە شەپۆلی دا…

هەبوو نەبوو حیکایەتی با هەبوو، هووو هو… وَهُوَ ٱلَّذِى يُرْسِلُ ٱلرِّيَٰحَ بُشْرًۢا، مووژدە بێ بووی بەخۆڵ و لەگەڵ بادا کەوتیە سەما، شێتانەتر لە گفەی با، خۆشتر لە خووڕە و ڕەهاتر لە بێکۆتا حیکایەتی كَذَٰلِكَ نُخْرِجُ ٱلْمَوْتَىٰ، هیوایە هیوا، گێڕانەوەکانی کوڕی با و وَنُقِرُّ فِى ٱلْأَرْحَامِ مَا نَشَآءُ. بەدیهێنانە لە خەیاڵدانی کەسێکی نا مرد و دا دا دا وە وە وە كَذَٰلِكَ نُخْرِجُ ٱلْمَوْتَىٰ! گەلەگورگی برسی بەلەزەتەوە گۆشتمیان بادا، عافێتیان بێ برسییەتی ڕێیەکی لە هاریدا ، با ئەوان تێربن من چی بکەم لە لاشەی خەڵتانی خوێن و سڕ لە ناو بەفردا؟
جەستەم: لەوێ لەسەر سنوور داڕزا، بوو بەخۆڵ و لە هەوادا، بەرهەڵدا کرا، كَذَٰلِكَ يُحْيِي اللَّهُ الْمَوْتَىٰ…

جەستەم : كَرَمَادٍ اشْتَدَّتْ بِهِ الرِّيحُ فِي يَوْمٍ عَاصِفٍ…
ئەوەی خورا خورا لە پاشماوەیاندا بوومە خۆڵ و لەگەڵ زریانی بەفردا کەوتمە سەما،

تا با زیاتر بەئاسماندا هەلهەلەی کێشا إِنِّي لَأَجِدُ رِيحَ دایکم، گەردەکانم بۆنی گەردی خۆڵی دایکمیان دەکرد و وَٱبْيَضَّتْ عَيْنَاهُ مِنَ ٱلْحُزْنِ م نەما و وەرگەڕا، لەئاسماندا دەست لە ملانێ گەردم لە باوەشی گەردی ئەودا دەلاوا فَٱرْتَدَّ بَصِيرًا… هۆ هۆدا هۆدا هۆدا هُدًى لِّلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَىٰ…
لەگەڵ باڵندەکاندا لە شەقەی باڵمان دا، بەسەر زەمینی مرۆڤاندا فڕین فڕین بەبێ هەودا. هووو ووو لەگەڵ گیڤە حیکایەتمان دەگەیشتە ئەوسەری دونیا، ئەوەی وێنەی لەبەردەمماندا ڕوا کارەسات و خۆشی هیوا، شکان برین دەوا هەموویان تۆمارکرا. سەرم لە باوەشی ئەودا دەلاوا، سەری لەسەر شانم دەڕازا، تا ئەبەد تابلۆی ویساڵ بووە دەرئاسای
فَٱرْتَدَّ بَصِيرًا… پێکڤە فڕین فَٱرْتَدَّ بَصِيرًا، پێکەوە فڕین
فَٱرْتَدَّ بَصِيرًا…

دلهی/نەخۆشخانەی پراتیکشا
٢٠٢٢

پیشاندانی زۆرتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دکمه بازگشت به بالا